سه‌پاندنی سزای له‌ سێداره‌دان به‌سه‌ر 62 زیندانیدا له‌ لایه‌ن حکومه‌تی عیراقییه‌وه‌
شاڵاوێکی تره‌ بۆ تۆقاندنی زیاتری خه‌ڵک!
 

  

 


 
له‌ شاڵاوێکی تری حکومه‌تی عیراقی بۆ به‌رێوه‌بردنی سزای له‌ سێداره‌دان و دروستکردنی که‌شی تۆقاندن دژ به‌ خه‌لکی عیراق، سه‌رۆکی پۆلیسی پاریزگای ئه‌نبار بهاء القیسي له‌ لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامه‌ی "الصباح" که‌ له‌ ژماره‌ی 1965ی رۆژی 19/5/2010 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاند که‌ دادگای باڵای فیدراڵی له‌ پاریزگای ئه‌نبار بریاری سزای له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌ر 62 زیندانیدا سه‌پاندوه‌ و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی حوکمی له‌ سیداره‌دانه‌که‌ به‌ سه‌ریاندا جێبه‌جێبکرێت.
ئه‌م شه‌پۆلی له‌ سێداره‌دانه‌ش به‌ پێی یاسای دژه‌ تیرۆر و له‌ژێر بیانووی ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌ و تیرۆردا ده‌رکراون و گوایا ده‌یانه‌وێ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ به‌ر به‌ تیرۆر و ته‌قینه‌وه‌کان بگرن. به‌ڵام ئێستا بۆ هه‌موو که‌س رۆشنه‌ و به‌ڵگه ‌و رووداوه‌کان ئه‌وه‌یان سه‌لماندوه‌ که‌ زه‌مینه‌و هۆکاری نائارامی و تیرۆر و ته‌قینه‌وه‌کان بوونی هیزه‌ داگیرکه‌ره‌کان و خودی کێشمه‌کێشم و شه‌ری تایفی و مه‌زهه‌بی و قه‌ومی نێوان حیزب و گروپ و هێزه‌ به‌شداربووه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنان و گرتنی ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازی زیاتر له‌ یه‌کتر، نه‌ک چه‌ند که‌سانێک که‌ رۆشن نییه‌ به‌پێێ کام بڕیار و یاسای زیندان و ستانداردی لیکۆلێنه‌وه و به‌ڵگه‌ ده‌ستگیرکراوون و ئه‌م تاوانانه‌یان به‌سه‌ردا ساغکراوه‌ته‌وه‌‌. له‌ کاتێکدا چه‌ندین راپۆرت و لێکۆلینه‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ریکخراوه جیهانی و ناوخۆییه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی داکۆکیکه‌ر له‌ مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌وه‌یان نیشانداوه‌ که‌ ئه‌م تاوانانه‌ به‌زۆر و له‌ژێر باری فشار و هه‌ره‌شه‌و ئه‌شکه‌نجه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و زیندانیانه‌دا ساغده‌کرێته‌وه‌.
هه‌ر بۆیه‌ بریاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌وون و دژی مرۆڤایه‌تییه‌ به‌م ژماره‌ زۆره‌ وه‌ک کۆمه‌ڵ کوژییه‌ک ته‌نها له‌ یه‌ک پارێزگادا، نه‌ک هه‌ر زه‌مینه‌ی کوشتن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ زیاتر به‌رهه‌م دینێت و په‌ره‌یپێده‌دات، به‌ڵکو له‌ هه‌مانکاتیشدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیشاندانی ناوه‌رۆک و مه‌به‌ستی سیاسی حکومه‌ته‌ بۆ زاڵکردنی هه‌رچی زیاتری فه‌زای ترس و تۆقاندن‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و خه‌ڵکدا. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵهێنانه‌ به‌ره‌و ره‌سمیه‌ت دان و ئاسایکردنه‌وه‌ی به‌کارهێنانی سزای له‌ سێداره‌دانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر نه‌یارانی سیاسیدا به‌بیانووی تیرۆر و ته‌قینه‌وه‌ و تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌ سه‌رانی رژێمی پێشوو وه‌ک دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌مان پیشه‌ی رژێمه‌کانی پێشتر.
هه‌ربۆیه‌ ئیمه‌ به‌ تووندی ئیدانه‌ی ئه‌م بریاره‌ ده‌که‌ین و دوا له‌ حکومه‌تی عێراقی ده‌که‌ین که‌ ده‌ستبه‌جێ بریاری له‌ سێداره‌دانی ئه‌م 62 زیندانییه‌ رابگرێت و هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه.
له‌ هه‌مان کاتدا بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌لکی ئازادیخواز و رۆشنبیران و که‌سایه‌تیه‌کان و حیزب و ریکخراوه‌ و لایه‌نه‌کانی لایه‌نگر له‌ مافه‌کانی مرۆڤ له‌ده‌ره‌وه‌ وناوه‌وه‌ی ووڵات ده‌که‌ین که‌ ئه‌م بریاره‌‌ دژی مرۆڤایه‌تییه‌ ئیدانه‌ بکه‌ن و داوای رگرتنی بکه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌موو پێکه‌وه‌ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ک که‌ ئیمانی هه‌یه‌ ناره‌زایه‌تی ده‌ربرین و هه‌وڵ وناره‌زایه‌تییه‌کانمان یه‌کبخه‌ین له‌ پێناو به‌رێخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی به‌هێز بۆ ناچارکردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و هه‌رێمی کوردستان که‌ سزای له‌ سێداره‌دان له‌ یاسا و ده‌ستووردا قه‌ده‌غه‌بکرێت.
سه‌نته‌ری دژی له‌ سێداره‌دان
20/5/2010

 

           

 

22/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com