نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و گشتی له‌ كوردستان

  

ئه‌نوه‌ر.س. مه‌سیفی




وه‌ك هه‌موومان ده‌زانین نه‌خۆشخانه‌ جێگه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت و هاوكاری ته‌ندروستییه‌ به‌و نه‌خۆشانه‌ی رووی تیده‌كه‌ن به‌بێ جیاوازی، تاكو پێش ڕاپه‌رین سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ كوردستان و عێراق به‌گشتی ته‌نیا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كراو حكومه‌تیش به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی خزمه‌تی ته‌ندروستی پێشكه‌ش به‌هاوڵاتیان ده‌كرد. به‌ڵام دوای راپه‌رین هه‌ندێ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت له‌ لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ دامه‌زران به‌مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تی زیاتر به‌هاوڵاتیان و قازانجكردن.
له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری نه‌خۆشخانه‌كان نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تن و له‌ ژێر چاودێری توندی حكومه‌تدان و نه‌خۆشخانه‌كان به‌رپرسن له‌ پێشكه‌شكردنی باشترین یارمه‌تی ته‌ندروستی به‌ هاوڵاتیان به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ك. هاوڵاتیش له‌رێگه‌ی بیمه‌ی ته‌ندروستی بیمه‌كراون كه‌ ئه‌ویش مه‌بله‌غێكی پاره‌ی مانگانه‌یه‌ ده‌درێته‌ كۆمپانیاكانی بیمه‌. زۆر جار حكومه‌ت یارمه‌تی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌دات به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و هێنانی ئامێری نوێی ته‌ندروستی.
له‌ رۆژگاری ئه‌مرۆی كوردستان، دوو سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ كوردستان هه‌یه‌، یه‌كێكیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و ئه‌وه‌ی تریشیان له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌ گشتییه‌كان چاره‌سه‌ركردن و پێشكه‌شكردنی هاوكاری ته‌ندروستی به‌خۆراییه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كان به‌پاره‌ن.
ئه‌وه‌ی هانیدام بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ناسیاوێكمان تووشی (جه‌ڵته‌ی دڵ)هاتبوو، سه‌ره‌تا بردیانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی هه‌ولێر و له‌وێ فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تاییان پێشكه‌ش كردبوو تا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان هاتبوو له‌به‌شی بوژانه‌وه‌ی دڵ خه‌واندبوویان و بۆیان كردبوو، دوای سێ رۆژ نه‌خۆشه‌كه‌مان تاده‌هات خراپتر ده‌بوو، به‌ڵام له‌ ئامێری چاودێری دڵ هه‌مووشته‌كان زۆر ئاسایی بوون، كاتێك پرسیاریان له‌ دكتۆره‌كان كرد، گوتیان ئه‌و ئامێری چاودێریه‌ كار ناكات!
ناسیاوه‌كانم له‌سه‌ر راسپارده‌ی دكتۆرێك بڕیاریاندا نه‌خۆشه‌كه‌یان بگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی دڵ له‌ هه‌ولێرو ئه‌وه‌بوو ئه‌وانیش به‌ په‌له‌ گه‌یاندیانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی دڵ ، له‌وێ یه‌كسه‌ر پشكنینیان بۆ ئه‌نجامدا، ده‌ركه‌وت فشاری خوێنی زۆر به‌رز ببووه‌وه‌و شه‌كره‌شی به‌رزببووه‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ ده‌ستان كرد به‌ یارمه‌تی دانی نه‌خۆش و چاره‌سه‌ركردنی به‌ پێشكه‌وتووترین ئامێری ته‌ندروستی سه‌رده‌م و پاشانیش قه‌سته‌ره‌ی دڵیان بۆ كرد، بۆ زانینی هۆی (جه‌ڵته‌ی دڵ)ی نه‌خۆشه‌كه‌، به‌راستی زۆر به‌باشی یارمه‌تی نه‌خۆشه‌كه‌یاندا، ئه‌گه‌ر بێت و نه‌بردرایه‌ته‌ ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستده‌دا.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان توانای دارییان نه‌بووایه‌، خۆ نه‌یانده‌توانی بیبنه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌، ئاخۆ ده‌بێت رۆژانه‌ چه‌ند هه‌ژاری ئه‌م وڵاته‌، گیان له‌ده‌ست بده‌ن و نه‌توانن یارمه‌تی ته‌ندروستی وه‌ربگرن، ئه‌رێ ده‌بێت كه‌ی حكومه‌ت ئامێری ته‌ندروستی پێشكه‌وتو بۆ نه‌خۆشخانه‌ گشتییه‌كان بێنێت و یارمه‌تی ته‌واوی هاوڵاتیانی كوردستان بده‌ن، یاخود بیر له‌ سیسته‌مێك بكه‌نه‌وه‌ كه‌وا خه‌ڵكی هه‌ژاریش بتوانێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كانیش بتوانن چاره‌سه‌ر بكرێن.
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت راستیه‌كانی بۆ ده‌ركه‌وێت با سه‌ردانێكی یه‌كه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی دڵی نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری هه‌ولێر بكات و پاشانیش سه‌ردانێكی نه‌خۆشخانه‌ی دڵ بكات، ئه‌وكات ده‌زانێت ئامێره‌كانی چاودێری له‌م دوو نه‌خۆشخانه‌یه‌ و خزمه‌تگوزاری چ جیاوازیه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه‌.

masifi_77@yahoo.com

 

           

 

06/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com