نامه‌یه‌ك بۆ به‌هه‌شت:
بگات به‌ ده‌ستی كاكه‌ ( سه‌رده‌شت عوسمان )
 

  

ئارێز سمكۆ ( دهام )



سڵاو و رێز ئازیزم كاكی برا سه‌رده‌شت...
ده‌ستپێك ده‌بێ‌ بڵێم پله‌ی به‌رزی شه‌هاده‌تت و نازناوی شه‌هیدی قه‌ڵه‌مت پیرۆز، ئاخر خۆت گوته‌نی مردنێك له‌ پێناو میلله‌ته‌كه‌م شانازییه‌، بشبوووره‌ ره‌نگه‌ دره‌نگ بێت بۆ ناردنی ئه‌م نامه‌یه‌م، هه‌رگیزیش ئه‌م نامه‌یه‌م به‌ موناسه‌بات تێمه‌گه‌ چونكه‌ كار وابڕوات به‌ بۆنه‌كان ڕاناگه‌ین، ده‌مویست شیعریشت بۆ بنووسم یان ڕاستتر شیعر گه‌ره‌كی بوو بۆ خاتری تۆ بمنووسێته‌وه‌ به‌ڵام كوا ده‌هێڵن تامی شیعر بكه‌ین، كوا بوار ماوه‌ خه‌یاڵ بكه‌ین و فانتازیا بنووسینه‌وه‌، ده‌زانم تۆ ئێستا زۆر بێكاتی و سه‌رقاڵیت و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ كاره‌كانت ڕایی ده‌كه‌یت، دڵنیاشم قه‌ت ده‌ستبه‌رداری هه‌واڵپرسینی ئه‌م نیشتمانه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌شی نابیت دیاره‌ ئه‌مه‌ش كاتێكی زۆری پێویسته‌ و تۆش ده‌بێ‌ به‌ كاره‌كانت رابگه‌یت، لێ‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ ده‌بێ‌ بۆتی روون بكه‌مه‌وه‌ و پێت بڵێم دوای تۆ زۆر شت روویدا، هه‌موو هاوڕێ هاوپیشه‌ هه‌ولێرییه‌كانت له‌لایه‌ن براده‌ر و خزمانیانه‌وه‌ گله‌یان لێ‌ ده‌كرێت، هه‌موویان پێمان ده‌ڵێن واز بێنن و چیتان له‌م سه‌ر ئێشییه‌ با شتێكتان به‌سه‌ر نه‌هێنن.
براگیان هه‌موومان بۆت نیگه‌ران بووین به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانمان ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ تۆ ئێستا به‌ سه‌دان كه‌سی فزوڵی بۆته‌ هاوڕێت بۆیه‌ ده‌بێ‌ له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌نده‌ی سه‌یرت به‌ تیرۆكردنی خۆت بێت، ئه‌وه‌نده‌ش سه‌یرت به‌وه‌ بێت هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌یه‌ بۆ له‌ دوای تیرۆركردنت بوونته‌ خه‌مخۆرت، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی تۆ ده‌تخستنه‌ ژێر پرسیاری جیدی و دواجار به‌رانبه‌ر تۆ و میلله‌ته‌كه‌ت شه‌رمه‌زار ده‌بوون ئێستا بوونه‌ته‌ پارێزه‌ر و برای گیانت، به‌ڕاستی سه‌یره‌ برا بكوژه‌كانت خه‌میشت بۆ بخۆن و نیگه‌رانیشبن، ئاخر دێن بۆ پرسه‌ت و سه‌رخۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ت و هه‌ڤاڵانیشت ده‌كه‌ن، به‌وه‌ش واز ناهێنن به‌ڵكو رووداوی تیرۆركردنه‌كه‌ت ده‌شێوێنن تا كه‌س گومانیان لێ‌ نه‌كات، لێ‌ خه‌مت نه‌بێ‌ بۆ هه‌موومان روونه‌ با خۆیان بكه‌ن به‌ ئه‌ستێره‌ی سیویلیش هه‌ر ده‌یانناسینه‌وه‌ و ده‌یانبینین.
چاك له‌ بیرم نه‌ماوه‌ له‌ چ رۆژێك بوو یه‌كتریمان ناسی، ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم هێشتا نه‌مان ده‌زانی دونیا ئه‌وه‌نده‌ جه‌نجاڵ و په‌نهان و پڕ له‌ نه‌هێنییه‌، هێشتا به‌ خه‌مه‌ گه‌وره‌كان ئاشنا نه‌ببووین، دوای زه‌مه‌نێك دابڕان قه‌ده‌ری ئه‌م میلله‌ته‌ منی له‌ (دهام)كرد به‌ (ئارێز)، تۆی له‌ (سه‌رده‌شت) كرد به‌ (سه‌رۆ و ده‌شتی)، ئێمه‌ نه‌مانویست بنووسین ئێمه‌ هه‌وڵی خۆ ده‌رخستنمان نه‌بوو، ئه‌م خه‌مه‌ گه‌ورانه‌ ئێمه‌یان ده‌رخست، ئه‌م هه‌موو نیگه‌رانییه‌ قه‌ڵه‌می له‌ناو ده‌سته‌كانماندا به‌ گه‌ڕ خست، ئێمه‌ ویستمان له‌ ناو مێژوودا ئیشێك بكه‌ین بۆ ئه‌م میلله‌ته‌ كه‌چی مێژوو ئێمه‌ی له‌ نێو خۆیدا توانده‌وه‌ و په‌راوێزی خستین و به‌ نیگه‌رانیه‌كانی سپاردین، ببوره‌ ئیدی ره‌وتی ژیان ده‌ڕوا و چاوه‌ڕێی كه‌سمان ناكات.
بیرمه‌ سه‌رده‌شتی برا، له‌ باخچه‌كه‌ی كۆلیژی زمان كه‌ من و تۆ چه‌ند هاوڕێیه‌كی تر باسمان له‌ نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌م نیشتیمانه‌ ده‌كرد، باسمان له‌ جگه‌رگۆشه‌ بێنازه‌كه‌ی په‌شێو ده‌كرد باسمان له‌و قات و قوڕیه‌ بێتامه‌ی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ و خۆزگه‌مان ده‌خواست رۆژێك بكوژانی ته‌یره‌كه‌ی سه‌ر مناره‌ی مزگه‌وتی خانه‌قا دادگایی بكرانایه‌، تۆ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بێئومێدانه‌ پێمت وت: ئه‌وه‌نده‌ ده‌م به‌ ره‌خنه‌ مه‌به‌ برا بۆ هه‌ولێر چی بۆ نه‌كراوه‌ ئه‌و هه‌موو دار خورماییان له‌سه‌ر شه‌قامی شه‌ستی چاندووه‌! ئه‌وڕۆ سبه‌كی ده‌یكه‌نه‌ ده‌سته‌خوشكی دوبی، دوایش برا با ئه‌و پیاو چاكانه‌ی خۆمان (پخت) نه‌كه‌ن، لێ‌ قه‌ده‌ر وای ویست و جه‌لاده‌كانیش ماڵیان نه‌شێوێ‌ تۆیان زوو فڕاند ئه‌وان نه‌یان ده‌زانی تۆ سه‌دان پڕۆژه‌ت بۆ ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ پێییه‌، هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌كرد تۆ ئه‌م وڵاته‌ت چه‌ند خۆش ده‌وێت و ئاماده‌ نه‌بوویت شاره‌كه‌ی خۆت بۆ بكوژه‌كانت چۆڵ بكه‌یت، نه‌یانتوانی له‌وه‌ بگه‌ن تۆ په‌پوله‌یه‌كیت و به‌ شیله‌ی هزرت گه‌ره‌كته‌ هه‌نگوینی سه‌رفرازی بۆ كوڕان و كچانی ئه‌م گه‌له‌ی خۆت به‌رهه‌م بهێنیت، ده‌زانم به‌لای تۆوه‌ گرینگ نییه‌ تیرۆركرای، ده‌زانم ئازار به‌وه‌ ده‌خۆیت ئه‌وان له‌ خه‌یاڵ تێناگه‌ن و سزای خه‌یاڵپڵاوانیش ده‌ده‌ن، باش ئه‌وه‌ ده‌زانم تۆ زوو زوو له‌ بكوژانت خۆش ده‌بیت، تۆ ناته‌وێ‌ چیتر مه‌رگی جه‌لاده‌تی كۆتره‌كان ببینیت، تۆ له‌وه‌ پاكتر بوویت رقت له‌ ئینسان بێت، چونكه‌ تۆ هه‌ستت به‌وه‌ ده‌كرد ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی جه‌لاد به‌رهه‌مده‌هێنێت پڕه‌ له‌ نایه‌كسانی و نا دادی، باش واقیعی ئه‌م جڤاكه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندبوو بۆیه‌ دڵنیام هیچت له‌ دڵ نه‌مایه‌ و ئێستا ده‌ته‌وێ‌ هه‌نگاوه‌كانت ده‌ست پێبكه‌یته‌وه‌، برا چاك ده‌زانم ئه‌گه‌ر بۆشت باس نه‌كه‌م تۆ هه‌ر پێی ده‌زانی، ئێستا تۆ بوویته‌ باشترین كه‌رسته‌ی موزایه‌ده‌كردن و بازرگانی به‌ خوێنت ده‌كرێت، به‌ داخه‌وه‌ كاكه‌ سه‌رده‌شت هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ نیگه‌ران بووین به‌ هه‌واڵی تیرۆركردنت به‌م شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ به‌ڵام دڵنیام ئێستا تۆ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ت دێت چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تۆی لێیت دووره‌ و ده‌ستی مرۆڤكوژه‌كانیان ناگاتێ‌، ئاخر دڵنیام به‌هه‌شت كه‌سانی دوو ڕوو به‌خۆوه‌ ناگرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شاشه‌كان وه‌ك كۆتری ئاشتی خۆیان نمایش ده‌كه‌ن و، له‌ ژێره‌وه‌ش هه‌زران پیلان بۆ سڕینه‌وه‌ی خه‌یاڵ و بیروڕای جیاواز و هونه‌ر و ئه‌ندێشه‌ی جوان و هزری ئازادمان داده‌ڕێژن، سه‌یره‌ برا سه‌یر له‌ناو شارێكی ئه‌مین وه‌ك به‌رپرسانمان ناوزه‌ندی ده‌كه‌ن، سه‌رباری به‌هه‌ده‌ر رۆیشتنی سه‌دان هه‌زار دۆلار بۆ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان كه‌چی تۆ ده‌به‌ن و دوای ئه‌وه‌ی به‌ده‌یان بازگه‌تدا ده‌په‌ڕێننه‌وه‌ له‌ شارێكی تر تیرۆرت ده‌كه‌ن، بریا وایان نه‌كردایه‌ هاوڕێ‌ نازانم چۆن ده‌ستیان چووه‌ خوێنت تۆ بڵێت ئه‌م بكوژانه‌ ئیحساسیان نه‌بێ‌، نازانم چۆن ده‌توانن تۆ بڵیت خۆیان منداڵیان نه‌بێت ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ نه‌زانن كه‌ جه‌رگسوتاوكردنی دایك و باوك چه‌نده‌ به‌ ئازاره‌، ببوره‌ برا ره‌نگه‌ زیاد له‌ پێویست كاتتم گرتبێت، به‌ڵام دڵنیابه‌ تۆ له‌ هه‌موومان ئاسووده‌ تریت، ئاخر تۆ خۆت رات وابوو له‌ پێناو ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌م هۆشیار بكه‌مه‌وه‌ سه‌رم پێشكه‌ش ده‌كه‌م، بنوو هاوڕێ‌ تۆ دڵخۆشترین ئینسانی كوردیت چونكه‌ نه‌تتوانی زارت ببه‌ستی و ده‌ست به‌ شه‌بقه‌ی بێباكیته‌وه‌ بگریت نه‌وه‌ك بای مه‌رگی نا وه‌خت بێت و راپێچت بكات.
سه‌رم ئێشاندیت هه‌ر به‌ خۆشی بژیت و سه‌ركه‌وتوو بیت
تێببنی: برا په‌له‌ش مه‌كه‌ هه‌ر كاتێك ئه‌م لیژنه‌یه‌ كاره‌كه‌ی خۆیان ته‌واو كرد، نامه‌ت بۆ ده‌نووسم و ناوی بكوژه‌كانیشت پێ ده‌ڵێم، هاوكات كه‌ وێنه‌ی ئاهه‌نگی ده‌رچوونه‌كه‌شت هاته‌وه‌ بۆتی ده‌نێرم.
له‌گه‌ڵ رێزدا....
برات: ئارێز سمكۆ _ هه‌ولێر.
2010/05/10



 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com