سـه‌رده‌شـتـكـوژان

  

ئاری عوسمان خه‌یات

arikhayat@yahoo.com

 

جــا مه‌گه‌ر من ئیشوكارم نه‌بێ به‌س به‌ دیار ئه‌م ته‌له‌فزیۆنه‌ حیزه‌وه‌ دانیشم و بزانم ڕۆژانه‌ له‌م وڵاته‌یا، كام مه‌لا له‌ مزگه‌وته‌وه‌ به‌ كام كێ قسه‌ ئه‌كا و چ نه‌گبه‌تێكیش به‌ فیشه‌كێك یان دووان، ژیانی بۆ هه‌زارو حه‌وت سه‌د ساڵی تر، هه‌روا عه‌دم و خه‌سار ئه‌كرێ.. بۆیه‌ به‌رله‌وه‌ی ده‌ ڕۆژی ته‌واوی به‌سه‌ر بیستنی هه‌واڵی تیرۆركردنی (سه‌رده‌شت)ی خوێندكاری زانكۆ و ڕۆژنامه‌نووسدا تێپه‌ڕبێ، من هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌ هه‌مووتانی ڕاده‌گه‌یه‌نم، له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و تا نازانم چ كه‌ی، هه‌ر ڕووداوێكی تری له‌و چه‌شنه‌ ڕوویدا، ئیتر له‌ فشه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌وه‌ تاوه‌كو حیزفرسه‌تییه‌كی دیكه‌ی له‌مجۆره‌ی سه‌رده‌شتی پێفه‌وتێنرا، ئه‌وا هیچ ده‌نگێك له‌ منه‌وه‌ نابیستن، هه‌روه‌ك چۆن كه‌م كه‌میش ده‌نگم لێوه‌ دێ!! ئه‌مه‌ش له‌به‌ر سێ هۆكار:
1. هه‌ر به‌ ته‌بیعه‌تی حاڵ حه‌زم به‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ نییه‌، جارجاره‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌كان نه‌بێ.
2. هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ خاڵی یه‌كه‌مه‌وه‌، زۆرجاران ده‌نگی تڕی ناوه‌ختی مرۆڤێك، وه‌حشییه‌تی قابیلم ده‌رهه‌ق به‌ هابیل، بۆ ئیسپات ئه‌كات، ئیتر ئێوه‌ش فه‌رموون بیر بكه‌نه‌وه‌، له‌ دڕنده‌یی سه‌رانسه‌ر مرۆڤایه‌تی ده‌رهه‌ق به‌ یه‌كدی.. چ زوڵوماتێكت خوڵقادووه‌ باری ته‌عالا !!
3. ئه‌توانن جارێكی تر، دێڕی یه‌كه‌می ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌.

ده‌ی كه‌واتا ئه‌و هۆكارانه‌ چیین، كه‌ پاڵیان به‌ عاره‌بانه‌ی ویژدانمه‌وه‌ نا، تا ئه‌م ده‌نگه‌م، لێوه‌ ده‌رچێ؟!
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ن:
1. شه‌ش حه‌وتێك نابێ له‌سه‌ر دكتۆر فه‌رهاد و گۆڤاری وێران شێڕاندمان، له‌وه‌ی بابه‌ ئه‌وه‌ كه‌ی ڕه‌وای حه‌قه‌، ئه‌و مه‌لایانه‌ له‌سه‌ر چیرۆك و شیعر، هه‌رای هۆمه‌ره‌ كوێریان ناوه‌ته‌وه‌، كه‌چی له‌ پڕێكا ده‌نگی (تڕ)ێكی ناوه‌ختی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی، دایچڵه‌كاندین و دیسانه‌وه‌ وه‌حشه‌تی قابیلمان بیر كه‌وته‌وه‌و له‌وێشه‌وه‌ ئه‌م زوڵماته‌ی خواوه‌ند ئه‌فراندوویه‌تی، به‌رچاوی ویژدانی تاریك و لێڵ كردین.. ئه‌م زوڵماته‌ چییه‌ تۆ خوڵقاندووته‌، باری ئیلاهی !!
2. هه‌ر وه‌ك یه‌كه‌م وایه‌.
3. به‌خۆمم گوت: حه‌ی خۆ ئه‌گه‌ر بمه‌وێ بزانم له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراقی فیدراڵدا، قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان چ باسییانه‌؟ ئه‌وا له‌وه‌ی دكتۆر فه‌رهادیش گه‌ن و گه‌نتر و گه‌نترینیش هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ له‌وه‌ختێكا بوو، كه‌ هه‌ستم به‌ هاوڕییه‌تی نێوان عه‌قڵی هه‌ڕه‌شه‌ و عه‌قڵی تیرۆر كرد، چونكه‌ هه‌روه‌ی یه‌كه‌میانه‌ ڕێ بۆ هه‌وه‌ی دووه‌میان ته‌خت و خۆش، ساز و ئاماده‌ ئه‌كات، بێئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌كان: چه‌پ و ڕاست، توند و میان، ڕیشدار یان كۆسه‌، هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ هه‌بێ.. یه‌عنی مه‌رج نییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ عه‌مامه‌ی ناچێته‌ دڵه‌وه‌، یان ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبه‌ستێ، ئه‌وه‌ی كه‌ لینین ئه‌په‌رستێ و ئه‌وه‌ی كه‌پوی ماركسی پێ جوان نییه‌، ئیدی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مانه‌، ڕێگه‌خۆشكه‌ر نه‌بن بۆ تاوانی كوشتن.. ئه‌ی مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ په‌ندی پێشینان نییه‌، ئه‌فه‌موێ: (الارهاب لا دین له‌).
ئیتر چی بكه‌ین؟ چی بڵێین؟ من و ئه‌م قسه‌ قۆڕانه‌، چیمان له‌ ده‌ست دێ؟ چما به‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی فێرن به‌ كوشتنی سه‌رده‌شته‌كان، كۆتاییه‌ك به‌م تراژیدیایه‌ دێ، كه‌ تازه‌ تازه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنێتی له‌ وڵاته‌كه‌ی مندا؟
سه‌رده‌شتكوژان.. ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌شته‌كان ده‌فڕێنن و سه‌رنگومیان ده‌كه‌ن و دوایی له‌شه‌رمانا، عه‌ینه‌ن قابیل، نازانن چ له‌ جه‌سته‌كه‌ براكه‌ی خۆیان بكه‌ن، ده‌چن له‌ (موصڵ)، كه‌ ئه‌كبه‌ر واحێد ناوێرێ له‌گه‌ڵ كۆرسی سروودی مناڵانیشدا بڵێ: "ئه‌م شوێنــه‌ شوێنی كورده‌ (تر لم)، جێــی قــاره‌مان و مه‌رده‌ (تررر لممم)!! ئا له‌وێ له‌ موصڵ، گوناح گوناح ته‌رمه‌كه‌ی فڕی ئه‌ده‌ن و دوای نازانم چه‌ن ڕۆژ، ویژدانی حیزانه‌ی من و هه‌ركێ وه‌ك من بیر ده‌كاته‌وه‌، بریندار ئه‌بێ.. ویژدانێك، كه‌ هه‌میشه‌و له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕوا.. ویژدانێك، كه‌ هه‌رگیز و تا ئه‌به‌د ئه‌م ته‌بیعه‌تی بازه‌ڕقه‌به‌ستن و فیچقه‌كردنی خوێنه‌ی پێ ته‌رك ناكرێ!
گوو به‌وانه‌ی ویژدانیان نییه‌..
گوو به‌وانه‌ی سه‌رده‌شتكوژن..
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌میش بێت.. باشه‌.

تێبینی/
بۆ زانینی مانای وشه‌كانی (ئه‌كبه‌ر واحێد، سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م، سه‌رده‌شتكوژ، ئه‌لئیڕهاب، بازه‌ڕقه‌و فیچقه‌ و..هتد)، بڕوانه‌ جزمی چل و هه‌شته‌می هه‌نبانه‌ بۆرینه‌ !!

10/5/2010
كفری

 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com