جاروبار له‌ڕێی موتابه‌عه‌کردنی که‌می خۆم بۆ میدیای
قه‌ره‌باڵخی کوردی و به‌هۆی چه‌ند هاوڕێیه‌کمه‌وه،
سه‌رنجم بۆ خوێندنه‌وه‌ی بڕێک هه‌واڵی چالاکی شانۆیی
له کوردستان ڕاده‌کێشرێت که ده‌قه
وه‌رگێڕدراوه‌کانی منیان نمایش کردووه، ئه‌وه‌ی
سه‌یره که نه‌ک هه‌ر ده‌رهێنه‌ر و ستافی کاره‌کانیان
پرسیان به خۆم یان به ده‌زگای په‌خشی شانۆنامه‌که
نه‌کردووه، به‌ڵکو له‌وه‌ش بێ باکانه‌تر ناوی منیان
وه‌ک وه‌رگێڕ و خاوه‌نی دووه‌می کاره‌که له تایتڵ و
هه‌واڵ و چاوپێکه‌وتنه‌کانیاندا سڕیوه‌ته‌وه، نه‌ک
هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵکو بڕێ جار ناوی شانۆنامه‌کانیشان
گۆڕیون و به ناوی تره‌وه نمایشیان کردوون. ئه‌و
هاوڕێیانه‌ی له نزیکه‌وه ده‌مناسن، ده‌زانن که من
به درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵه که‌مه‌ی کارکردنم له
بواری نووسین و کاری وه‌رگێڕاندا، به‌دوای ناو و
ناوهێنانه‌وه نه‌بووم و هه‌میشه له وه‌زعی
ئاوهادا بێده‌نگیم لێکردووه و له حه‌قی خۆم و به‌ری
شه‌ونخوونیی و ماندوویی خۆم خۆش بووم... به‌ڵام
ئه‌مه‌ی ئێستا سه‌رنجی ده‌ده‌م و زوو زوو دووباره
ده‌بێته‌وه، پێموایه ته‌نها له‌بیرکردنی ناوێک یان
هه‌ڵه‌یه‌کی خۆیان گوته‌نی ته‌کنیکی نییه، به‌ڵکو
شتێکی ئه‌نقه‌ست و ماکێکی تری ئه‌و په‌تای
پاشاگه‌ردانیی و فڕکان فڕکان و گه‌نده‌ڵییه‌یه که
ساڵانێکی زۆره دونیای ئێمه‌ی به‌ره‌و داوه‌شان
بردووه. کاکی ده‌رهێنه‌ر له بڵاوکردنه‌وه‌ی
هه‌واڵ و چاوپێکه‌وتنه (ڕۆژنامه‌وان) ییه‌کانیدا، زۆر
به په‌رۆشه‌وه ناوی فڵان و فیسار ده‌هێنێ که
هاوکاری ماددیان کردووه ( وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و پارانه
هی ئه‌و به‌ڕێزانه خۆیان بێ و له کیسه و گیرفانی
خۆیانه‌وه هاتبێته ده‌ر ) که‌چی پێی حه‌یفه ناوی
وه‌رگێڕی کاره‌که‌ی به زاردا بێت! ناخۆشتر له‌وه‌ش
ئه‌وه‌یه که‌سێک شتی وا بکا که خۆی مامۆستای شانۆ
بێت و به‌ده‌ر له‌وه‌ی که ده‌بێ له بواری کاره‌که‌ی
خۆیدا پسپۆڕ بێت، ده‌شبێ پێداگۆگ و په‌روه‌رده‌کاری
نه‌وه‌کان بێت.
زۆر به داوای لێبوردنه‌وه له خوێنه‌رانی به‌ڕێز و
له تیپه شانۆییه‌کان و له‌و ده‌زگایانه‌ی که ئه‌و
کتێبانه‌میان چاپکردوون، ناچارم لێره‌دا و له‌میانه‌ی
ئه‌م کورته ڕوونکردنه‌وه‌یه‌وه ڕایگه‌یه‌نم که
له‌مه‌ولا قاییل نابم هیچ تیپ و گروپ و که‌سێک، بێ پرس
و ڕه‌زامه‌ندی خۆم به‌لای نمایشاندنی ئه‌و کارانه‌دا
بچێت که ناوی منیان وه‌ک وه‌رگێڕ و ئاماده‌کار به
سه‌ره‌وه‌یه.
رێز و سڵاوی زۆرم
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
23/5/2010
|