له‌ده‌روازه‌ی کۆنگره‌ی یه‌کێتی ‌دا ..
کێشه‌ی زۆر کادیری ..
 

  

دڵشاد تاقانه‌



پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی کۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌‌ که‌رنه‌ڤاڵێکی هه‌مه‌ڕه‌نگی ئاڵوواڵابوو له‌ڕێژه‌ی تێکه‌ڵه‌ی به‌شداری و په‌رۆشی بۆ یه‌کێتی ، داهێنانێکی نوێ ی ڕێکخراوه‌یی و مێژووێکی بینراوی سه‌یری دۆست و دوژمن حه‌په‌سێن بوو . سه‌ره‌ڕای مه‌رجه‌ سه‌خته‌کان هه‌روه‌ها هه‌موو که‌موکوڕیه‌کان پڕ له‌کێشمه‌ کێشمی پێشبڕکێ و چه‌ندوچوونی ڕاوبۆچوون ، ڕه‌خنه‌ ، پێشنیاری ئه‌گه‌ره‌کانه‌ ده‌کرێ وه‌ک پڕۆسه‌یه‌کی ئه‌رێنی بیخه‌مڵێنین . پیرۆزه‌ له‌وانه‌ی بوون به‌ئه‌ندامی کۆنگره‌ و تکام وایه‌ له‌وێ ئه‌و پرسه‌ دیده‌بگرن : ئایا یه‌کێتی پێویستی به‌و‌ هه‌موو ژماره‌ زۆره‌ ئه‌ندام و کادیره‌ی ئێستای هه‌یه‌‌ ؟ ئه‌گه‌ر پێویستی پێ ی هه‌یه‌ له‌وێ چاره‌سه‌رێکمان بۆ بدۆزنه‌وه‌ به‌خانه‌نشینی ‌یا کردنمان به‌ئه‌ندامی شانازی بۆنه‌کان ‌مافی ده‌نگدان و خۆ پاڵاوتنمان نه‌بێ ! یانیش ڕێکخراوێکمان بۆ بکه‌نه‌وه‌ له‌وێدا کاوێژی زانیاریه‌کانی خۆمان بۆ خۆمان بکه‌ین و که‌سیش گوێمان لێ ڕانه‌گرێ . ئه‌گه‌ر یه‌کێتی پێویستی پێمان نی یه‌ و هه‌ر حیزبی تازه‌کارانه‌ با ئازادمان که‌ن بچینه‌وه‌ ماڵی خۆمان یا ڕێگه‌یه‌کی ترمان نیشان ده‌ن چۆنتان پێ باش بوو خۆ تازه‌ قه‌ده‌ری ئێمه‌ له‌ده‌ستی ئێوه‌یه‌ . سه‌یره‌که‌‌ ئه‌وه‌یه‌‌ ئێمه‌ نه‌به‌که‌ڵکی پلینیۆمی ڕابردوو هاتین و نه‌ئێستاش به‌که‌ڵی کۆنگره‌ دێین ! وابزانم هه‌رده‌بێ له‌به‌رخۆمانه‌وه‌ ئه‌و گۆرانیه‌ بۆ به‌ختی خۆمان بڵێین: ئه‌ی گوڵم ڕوو له‌کوێ که‌م هیچ په‌نای دیکه‌م نی یه‌ ؟ ده‌رێن قسه‌ قسه‌ی ڕاده‌کێشی .. باشه‌ گه‌ر براده‌رێک به‌شداری پلینیۆمی کردبێ ئه‌وه‌ی پێ ی بێ له‌وێ هه‌ڵی ‌ڕشتبێ ئێستا ده‌چێته‌ ‌کۆنگره‌ چی پێ ماوه‌ ؟ چی ده‌کا و چی ده‌ڵێ ئایا پاشنیاری تریشی هه‌یه‌ ! بۆ هه‌ر ده‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی هه‌بێ له‌هه‌موو دیزه‌یه‌ک ئه‌سکو بێ ؟ پۆزسیۆنه‌ به‌رپرسیه‌که‌ی له‌خزمه‌تی هه‌ڵبژاردنی خۆیدابێ و ئه‌ندامانی ژێر ده‌ستی یه‌ک و دووی لێ نه‌که‌ن ئه‌گه‌ر هیچیش نه‌زانێ له‌پرسه‌ چاره‌نوس سازه‌کان ؟‌ تکایه‌ بڕیارێک بده‌ن بۆ داهاتوو له‌به‌ر زۆری و په‌رۆشی هه‌مووان ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی به‌شداری پلینیۆم ده‌که‌ن با جارێکی تر خۆیان هه‌ڵنه‌بژێرنه‌وه‌ ڕێ به‌هه‌ڤاڵه‌کانی تر بده‌ن بچنه‌ کۆنگره‌ یاپێچه‌وانه‌که‌ی به‌ڵکو ئێمه‌مان ئاسایی پشتگوی نه‌خرێن و هه‌ست به‌پێویستی بوونی خۆیان بکه‌ن .‌ ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌کانی چوونه‌ کۆنگره‌ش هه‌ر سه‌رله‌قان و چه‌پڵه‌ لێدانه‌ ! بۆجارێکی تر ده‌مه‌وێ ڕای بگه‌یه‌نم خۆ منیش باش ده‌زانم چه‌پڵه‌ لێده‌م بۆ دڵنیایی و سه‌لماندن به‌منداڵی چونکه‌ تاقانه‌بووم هه‌موو داوایه‌کم جێ به‌جێ ده‌کرا دوو جووت کۆتره‌م هه‌بوو جووتێکیان ڕه‌شی قه‌ترانی چاوسپی نه‌جه‌فی و جووته‌که‌ی تر دندوک گچکه‌ی وه‌لفه‌ی سپی سپی هه‌ر هه‌موویان پێ به‌توک و شه‌قه‌ی باڵیشیان ڕۆژه‌ ڕێیه‌ک ده‌ڕۆیی له‌کۆتربازه‌کان باشتر شه‌قه‌ی چه‌پڵه‌م دێ .
نه‌بڕایه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرین ؟
ئه‌وه‌ گازه‌نده‌یه‌کی زۆرگۆتراوه‌ی بێ ئه‌رزشه‌ ، خۆ ئێمه‌ هار یا شێت نه‌ببووین ملی ده‌شت و کێومان گرتبێ به‌ر هه‌وای ساردکه‌ره‌وه‌ی شار ، ئاوی ته‌زی و کاره‌بامان پێ نه‌که‌وتبێ ؟ عاشقی شه‌ونخونی ، سارد و سه‌رما هاوڕێ دێوودررنج ببوبین تا ببینه‌ په‌ند وه‌ک له‌شه‌وێکی ئه‌نگوسته‌چاوا ده‌ڵێن: ئه‌مشه‌و شه‌وی پێشمه‌رگه‌یه‌ . نازانین تاوانمان چی بوو ؟ ئه‌وێ ڕۆژی هه‌موومان له‌ڕێکخستن و زیندانیان ملمان له‌چه‌قۆ تیژه‌کانی به‌عسیان ده‌خشاند و لاشه‌مان جێ شه‌ق و بۆکسی جاش و ئه‌من و عه‌سکه‌ران بوو ، ئێمه‌ی‌ ڕۆمانسی سیاسی خولیای کوردایه‌تی خه‌ونی ئازادی و سه‌رکه‌وتنمان ده‌دیت وامان بیر ده‌کرده‌وه‌ ئه‌هایه‌که‌ و حوکمه‌تی به‌عس ده‌ڕووخێنین لای به‌عسیه‌کانیش ( خۆش وه‌له‌د نه‌بووین ) وه‌ک کۆمه‌ڵێ هه‌ڤاڵی عه‌زیزی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ؟ وازمان له‌خوێندن ده‌هێنا تانه‌بین به‌جه‌یشی شه‌عبی گه‌ر واژۆمان کردبا بۆ ‌حیزبی به‌عس ده‌ پله‌ له‌کۆی نمره‌کانمان بۆ زیاد ده‌کرا وه‌ک ( ئیتحاد ته‌له‌به‌ ) ده‌ناسراین و له‌باشترین کۆلێج وه‌رده‌گیراین نه‌مان کرد . خۆ تاوان نه‌بوو له‌زۆره‌های بۆنه‌کانی به‌عسیان ڕۆژی له‌دایک بوونی سه‌ید ئه‌لڕه‌ئیس و ڕۆژی پارێزگا به‌شدار نه‌بووین ؟ وازمان له‌مۆزیک و هونه‌ر ده‌هێنا تا نه‌چینه‌ ژێر دروشمه‌کانی که‌ له‌سه‌ر شانۆ ده‌نوسرا : ( ئومه‌ عه‌ڕه‌بیه‌ واحیده‌ ذاتو ‌لڕساله‌ خالیده‌ ) ئه‌وانه‌ و زۆری تر له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانمان به‌سه‌رمان ده‌هات که‌چی ئه‌مڕۆ به‌سه‌رکێشیه‌کی شیتانه‌ بۆمان ده‌نوسرێ و ژماره‌یه‌کی گرانی نه‌خوێندراوه‌ین ! دو‌عای دوابڕانمان ده‌که‌ن ؟


Dlshadtakana@yahoo.com


 

           

 

24/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com