مرۆڤێك ناوی له‌ناواندا نییه

  

ئیدریس عه‌لی




به‌هۆی بوونی چه‌ند وه‌رگێڕێكه‌وه‌، پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ سه‌رپێ‌ ده‌كه‌وێت و كتێبخانه‌كانمان به‌ شاكاری ئه‌ده‌بی جیهانی ئاوه‌دان ده‌كرێنه‌وه‌، سه‌باح ئیسماعیل یه‌كێكه‌ له‌و وه‌رگێڕكارانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانیویه‌تی شوێنده‌ستی خۆی له‌پانتایی ئه‌ده‌بیدا دیاریبكات و ده‌ورو نه‌خشی هه‌بێت.
پێشتر له‌ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی هه‌ردوو رۆمانی ( باڵه‌خانه‌ی یه‌عقوبیان‌و شیكاگۆ) وه‌ تواناو سه‌لیقه‌و ئاستی هونه‌ری و شاره‌زایی ( سه‌باح ئیسماعیل) مان بینی و هه‌رزوو به‌هۆی ئه‌و ورده‌كاریه‌ زمانه‌وانیه‌ی له‌ پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانی ئه‌و رۆمانانه‌دا ده‌ریخست توانی متمانه‌ی خوێنه‌ر به‌ده‌ست بێنێت، چونكه‌ ئه‌و جگه‌ له‌وه‌ی به‌وریایی و مه‌عریفه‌وه‌ جۆری بابه‌ته‌كان ده‌ستنیشانده‌كات، هاوكات حیسابێكی زۆریش بۆ چێژ و تێگه‌یشتنی خوێنه‌ری كورد ده‌كات و ئه‌و جۆره‌ ده‌قانه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ له‌ره‌هه‌ندێك له‌ره‌هه‌نده‌كانه‌وه‌ نزیكن له‌سرووشتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌وه‌.
له‌ماوه‌ی پێشووشدا به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌رگێڕی ناوبراو رۆمانێكی رۆمانووسی جه‌زائیری ( واسینی ئه‌لئه‌عه‌رج) ی به‌ناوی ( مرۆڤێك ناوی له‌ناو ناواندا نییه‌) سه‌ركه‌وتوانه‌ وه‌رگێڕایه‌ سه‌رزمانی كوردی و له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاراسه‌وه‌ چاپ و بلاوكرایه‌وه‌.
به‌گشتی ئه‌م رۆمانه‌ له‌رووی ته‌كنیكه‌وه‌ ئاستێكی به‌رزی هه‌یه‌و به‌سرووشتی ووداوه‌كان له‌وجۆره‌ تێكستانه‌یه‌ كه‌ گرێ و مانا و ره‌هه‌نده‌كانی به‌ ئاسانی خۆیان ناده‌ن به‌ده‌ست خوێنه‌ره‌وه‌، به‌جۆرێكی تر ئه‌م رۆمانه‌ خوێنه‌ر ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسارێتییه‌كی گه‌وره‌وه‌ به‌وه‌ی له‌ساتی خوێندنه‌وه‌یدا خوێنه‌ر ناچار ده‌كات به‌ته‌ركیزو وریاییه‌كی زیاتره‌وه‌ شوێن رووداوه‌كان بكه‌وێت، ره‌گه‌زی گێڕانه‌وه‌ و كات و شوێن له‌م رۆمانه‌دا به‌جۆرێك تێكه‌ڵ به‌ ره‌وتی رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان بوون،كه‌ مه‌گه‌ر ته‌نها له‌قودره‌تی داهێنه‌ره‌ گه‌وركاندا بێت مه‌ودایه‌ك بۆ تێگه‌یشتنی قوڵی خوێنه‌ر بهێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی درك به‌ دنیای شاراوه‌ی تێكسته‌كه‌ بكه‌ن،ته‌نانه‌ت وه‌رگێڕ بۆخۆشی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئه‌م رۆمانه‌ به‌ زه‌حمه‌ت خۆی داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ و تا ئه‌وه‌نده‌ی زاڵبووه‌ به‌سه‌ر وره‌گێڕانه‌كه‌یدا تووشی هیلاكیه‌كی زۆر بووه‌.
جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ ره‌هه‌ندێكی قوڵی ئینسانی هه‌یه‌و له‌روی بابه‌ته‌وه‌ سه‌ر به‌ ئه‌ده‌بێكی ره‌خنه‌گرانه‌یه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی دوای شۆڕشی جه‌زائیر، به‌لام ئه‌وه‌ی زیاتر جه‌مالیه‌تی پێبه‌خشیوه‌و وا له‌خوێنه‌ر ده‌كات نه‌توانێت ده‌ستبه‌رداری بێت، بوونی ئه‌و زمان و فه‌زا شیعریه‌یه‌ كه‌ سایه‌ی به‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌دا كێشاوه‌.
ئه‌ڵبه‌ت له‌سه‌ر جه‌نگ و شۆِڕش گه‌لێك بابه‌تی ئه‌ده‌بی نووسراون كه‌ ستایشی پاكی و گه‌وره‌یی و جوانی درووشمه‌كانی شۆِڕش و ئاكامه‌كانیان كردووه‌، به‌ڵام ( مرۆڤێك ناوی له‌ناو ناواندا نییه‌) به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ی كه‌ شۆڕش موقه‌ده‌س ده‌كه‌ن ره‌خنه‌ی توند له‌ شۆڕش ده‌گرێت و ئه‌و ناشرینیانه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ به‌دوای خۆیدا ده‌یهێنێت،
له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا پاڵه‌وان كه‌ رۆڵی گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌بنێت خۆی ده‌ناسێنێت و داوا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات كه‌ ئاوه‌زیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوه‌ی كه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ ( حوسێن مه‌هدی محه‌مه‌د) رۆژنامه‌وانێكی چالاكه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ساده‌و به‌رپرسه‌ حزبی و حكومیه‌كانی وڵاته‌وه‌ ناسراوه‌، خوێنه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م كوڕه‌ تووشی گرێیه‌كی ده‌روونی بووه‌ و له‌هه‌وڵی بێوچاندایه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌، ئه‌ویش گرێی دۆزینه‌وه‌ی هۆكارو چۆنیه‌تی شه‌هیدبوونی ( مه‌هدی) باوكیه‌تی كه‌ له‌هه‌رلومه‌رجێكی شاراوه‌ و ته‌مومژاویدا له‌ناو شۆڕشدا كوژراوه‌ و كه‌س نایه‌وێت چۆنیه‌تی ئه‌و رووداوه‌ ئاشكرا بكرێت و ده‌یانه‌وێت ناوی له‌ناو ناواندا نه‌مێنێت، ته‌واوی هه‌وڵی حوسێن به‌دوادا چوونه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوی ئه‌و زانیارایانه‌ی ده‌یگه‌یه‌نن به‌ چۆنیه‌تی شه‌هید بوونی باوكی له‌كاتێكدا كه‌ گۆڕیشی ونه‌، وه‌لێ‌ لایه‌نی ده‌سه‌لاتدارو ده‌زگا حكومیه‌كان به‌م بابه‌ته‌ ده‌هری ده‌بن و ده‌یانه‌وێت كوڕه‌كه‌ی (مه‌هدی) ده‌ستبه‌رداری ئه‌و په‌روه‌نده‌ بێت كه‌ باوكی چۆن و بۆ و كه‌ی شه‌هید بووه‌.
حوسێن ته‌نانه‌ت له‌ناو رۆژنامه‌و له‌لای سه‌رنووسه‌ره‌كه‌شیه‌وه‌ رێگری ده‌كرێت و داوای لێده‌كه‌ن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و په‌روه‌نده‌یه‌ ببێت، هه‌ستی پێده‌كه‌ن له‌رووی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ باری ده‌روونی هیلاك بووه‌ بۆیه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك مۆڵه‌تی پشووی پێده‌ده‌ن به‌و هیوایه‌ی پاش پشوودان واز له‌و په‌روه‌رنده‌ و به‌دوادا چوونه‌ بێنێت و بكه‌وێته‌وه‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆی و كاری رۆژنامه‌گه‌ری و نووسینی گۆشه‌ هه‌فتانه‌یه‌كه‌ی كه‌ ناوبانگێكی باشی بۆ په‌یدا كردووه‌، وه‌لێ‌ ئه‌و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ی له‌كه‌له‌یدایه‌ و درێژه‌ به‌هه‌وڵه‌كانی ده‌دات.
هه‌لومه‌رجی دوای شۆِرشی جه‌زائیر، هه‌لومه‌رجێكی ناته‌ندرووستو ناجێگره‌، په‌یوه‌ندییه‌كان ناته‌با بوون و ئیقاعی ژیانی خه‌ڵك تێكچووه‌ و مرۆڤ سه‌رقاڵه‌ به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆیه‌وه‌، هاوڕێكانی ( مه‌هدی ) باوكی ( حوسێن) گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری و ئابووری نوقمی ژیانێكی پڕ له‌ریفاهه‌تی كردوون، هه‌موو بونه‌ته‌ خاوه‌نی كۆشك و ته‌لارو سه‌رمایه‌ و كۆمپانیا و خه‌ریكی سه‌وداو مامه‌ڵه‌كردنن له‌گه‌ڵ بازاڕی گه‌رموگوڕی جیهانیدا به‌هۆی هاتنی چه‌ندین كۆمپانیای بازرگانی بیانی، رووداوه‌كان له‌سه‌ر شارێكن كه‌ ده‌شێت هه‌موو مرۆڤه‌ چه‌وساوه‌و بێماف و گه‌نده‌ڵ و دزه‌كان ئه‌وانه‌ی یاری به‌كه‌رامه‌تی مرۆڤ و خوێنی شه‌هیدو قوربانیه‌كان ده‌كه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌بن، شارێك كه‌ له‌خۆئاماده‌كردندایه‌ بۆیادی رزگاری و له‌سه‌ره‌تای خۆرگیراندایه‌ و چاوه‌ڕوانه‌ تاریكی باڵی به‌سه‌ردا بكێشێت، به‌جۆرێك رۆماننوس له‌وه‌سفی ئه‌م شاره‌دا ( تاعوون) ی كامۆمان بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ له‌په‌نا په‌تاو قات و قڕی خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك چه‌ته‌و خوێنمژ و قاچاخچی درووست ده‌بن و یاری به‌ ژیانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن،( ئه‌وه‌ی له‌جوانی شاره‌ دڵڕفێنه‌كه‌دا ماوه‌ خۆرگیران لووشی ده‌دات و گشت خه‌ڵكه‌كه‌ وه‌كو كوێریان لێهاتووه‌ كه‌س نه‌ك هاوسێكه‌ی ته‌نانه‌ت خۆشی نابینێت).
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا رۆماننووس له‌ناو ئه‌و شاره‌دا باس له‌بونی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ به‌ناوی جوانكارییه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، له‌راستیدا ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ گوزارشت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مرۆڤ بخاته‌ سه‌ر ئه‌و ئیقاعه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ تێكدانی سه‌رو سیما و خه‌سڵه‌تو جه‌وهه‌ری ئینسانییه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ بۆ جوانكردنی مرۆڤ نییه‌، چونكه‌ ئیدی دوای شۆڕش سه‌رده‌مێكه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌كان بگۆڕێت به‌ خواستی خۆی (حسێن) له‌كاتێكدا هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن رۆژنامه‌كه‌یه‌وه‌ پسووله‌ی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی بۆ بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌ كردنی رێپۆرتاژێك و ئاشكراكردنی ره‌هه‌نده‌ شاراوه‌كانی،به‌ڵام بۆ ئه‌م كاره‌ش رێگری ده‌كه‌ن و داوای لێده‌كه‌ن ئه‌و رێپۆرتاژه‌ له‌مێشكی خۆیدا بسڕێته‌وه‌، ناچار ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی هاوڕێیدا كه‌به‌ رێگه‌ی ناشه‌رعی له‌ پایته‌خت به‌ پله‌و پایه‌ گه‌یشتووه‌ پسووله‌ ته‌زویر بكات و بچێته‌ ناو ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌وه‌ تا بزانێت له‌ناویدا چی ده‌گوزه‌رێت، دوواتر بۆی رۆشن ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بۆ له‌ناو بردنی هه‌ستی مرۆڤانه‌یه‌ كه‌ مێشكی ئینسان ده‌ر ده‌هێنن و له‌جێگه‌یدا تۆپه‌ڵه‌ گه‌جێك داده‌نێن، به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵات به‌ناوی دیموكراسی و له‌ژێر په‌ررده‌ی خۆشگوزه‌رانیدا ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ بێده‌نگ و رازیبكات به‌رامبه‌ر ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵیه‌كانی خۆی.
حوسێن نیگه‌رانه‌ له‌و ره‌وشه‌ و له‌گه‌مه‌كه‌ تێده‌گات، ئه‌و ده‌پرسێت: چ واتایه‌كی هه‌یه‌ وڵاتێك هه‌موو شێتبن و خه‌ڵكه‌كه‌شی خۆیان به‌ژیر بزانن؟ ئه‌ی چ مانایه‌كی هه‌یه‌ له‌نێوه‌ندێكدا بژیت تۆ ژیر بیت و كه‌چی خه‌ڵك نه‌زانن شێتن؟ ئه‌مه‌ ئه‌و ناكۆكیه‌ قوڵه‌یه‌ كه‌ حوسێن وئه‌وانیتر له‌یه‌كتر جودا ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و ناته‌باییه‌یه‌ كه‌ وا ده‌كات حوسێن به‌شوێن چاره‌نووسی شه‌هیدبونی باوكیه‌وه‌ بێت له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵات به‌هۆی خوێنی سه‌دان شه‌هیدی وه‌ك باوكی ئه‌وه‌وه‌ خۆشگوزه‌رانییان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆ كردووه‌.
له‌ساته‌وه‌ختێكی ده‌روونی ناجێگردا حوسێنی بێ‌ دایك و باوك و بێ‌ كه‌س، ته‌نانه‌ت كه‌ مه‌رگی عاشقه‌كه‌شی ( مریه‌م) ته‌نهاتری ده‌كات و زیاتر گومانی له‌لا درووست ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ئینسانیتر بۆ ژیان ده‌ڕوانێت و له‌خه‌می ئه‌وه‌دایه‌ چۆن له‌ به‌دوواداچوونی په‌روه‌نده‌كه‌یدا زانیاری به‌ده‌ست بێنێت ، له‌و ساته‌دا (مه‌هدی) باوكی له‌ چوارچێوه‌ی وێنه‌ هه‌ڵواسراوه‌كه‌ی دێته‌ خواره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ حوسێنی كوڕیدا ده‌كه‌وێته‌ گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی كوشتنه‌كه‌ی، كه‌ چۆن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕیارێكی سه‌ربازی هه‌ڵه‌ی جێبه‌جێنه‌كردووه‌ له‌لایه‌ن هاوڕێ‌ شۆڕشگێڕه‌كانیه‌وه‌ به‌ناوی ناپاكییه‌وه‌ له‌ شۆڕش سزای سه‌ربڕین و كوشتنیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێكردووه‌ و وه‌ك سوكایه‌تی پێش مه‌رگیش به‌ده‌ستی خۆی گۆڕه‌كه‌یان له‌دارستانَكی جه‌نگه‌ڵئاسدا پێهه‌ڵكه‌ندووه‌ و له‌وكاته‌شه‌وه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ناوی ئه‌و شه‌هیده‌ له‌یاده‌وه‌ری خه‌ڵكیدا بسڕنه‌وه‌و باسی نه‌كرێت، مه‌هدی وه‌ك ویژدانی شه‌هیده‌ گومناوه‌كان كه‌ هه‌وێنی ئازادی وڵاتن چه‌ندین جار سه‌ردانی حوسێنی كوڕی ده‌كات و هانی ده‌دات به‌رده‌وام و جدی بێت له‌ به‌دووادا چوونه‌كه‌یدا و كۆڵنه‌دات، مه‌هدی ئه‌گه‌رچی كوژراوه‌ و گۆڕه‌كه‌ی نادیاره‌ به‌ڵام ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیسك و پرووسك و خوێنی شه‌هیدان، هاوڕێ‌ شۆڕشگێڕه‌كانی چۆن ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داهاتی نیشتماندا گرتووه‌ و چ ئیهانه‌یك به‌خوێن و قوربانیدانیان ده‌كه‌ن؟
سه‌ره‌نجام هه‌وڵه‌كانی حوسێن زیاتر ده‌بن، به‌لام ده‌سه‌لات ده‌یگرن و له‌رۆژی ئازادی ولاته‌كه‌یاندا كه‌ خۆیان بۆ سازدانی مه‌راسیمێكی گه‌وره‌ ئاماده‌ده‌كه‌ن رووبه‌روی دداگای ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌تاوانی تێكدانی ئاسایشی وڵات، نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕیانه‌و كۆمیدیانه‌ باسی یاساو دادگا ده‌كات، ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ به‌هیچ جۆرێك رێزی بۆ مرۆڤ و شه‌هید نییه‌، دادوه‌رو پارێزه‌رو وه‌كیله‌كان كه‌ پڕۆسه‌ی دادگایه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، بوونه‌ت مایه‌ی گاڵته‌جاڕییه‌كی سه‌یر، پارێزه‌ره‌كه‌ كای بۆگه‌نی وشك ده‌خوات و دداوه‌ره‌كه‌ش تاو ناتاوێك سه‌لكه‌ پیاز ده‌كات به‌ ده‌میا، ئه‌وان داوای لێده‌كه‌ن زوو دان به‌و تاوانه‌دا بنێت كه‌ به‌دوادا چوونه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌نده‌ی شه‌هیدبوونی باوكی، چونكه‌ په‌له‌یانه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌یادی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشدا به‌شداری مه‌راسیمه‌كه‌ بكه‌ن و رێز و وه‌فا بۆ شه‌هیدان ده‌ربڕن، گاڵته‌جاڕی پڕۆسه‌ی ئه‌م دادگاییكردنه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ كه‌سێك به‌تاوانی پرسیاركردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی شه‌هید بوونی باوكی دادگایی ده‌كرێت، كه‌چی ئه‌وان به‌درۆو ریاییه‌وه‌ سوێند به‌خوێنی شه‌هیدان ده‌خۆن و رێز له‌ قوربانیه‌كانیان ده‌گرن.
حوسێن له‌گه‌مه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌یدا تێده‌گات له‌وه‌ی داوای لێده‌كه‌ن ببێته‌ كه‌سێكی بێده‌نگ و رازی به‌هه‌موو شتێك، داوای لێده‌كه‌ن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و به‌دووادا چوونه‌ بێت له‌سه‌ر باوكی و پێی ده‌ڵێن: ده‌توانیت كه‌مێك گیا یان كا بخۆت و خۆت به‌ ئاژه‌ڵ بزانیت، هه‌موو شتێك به‌ ئاسانی تێده‌په‌ڕێت و دڵنیام به‌رت ده‌ده‌ن
دوواتر دیسانه‌وه‌ ویژدانی مه‌هدی خۆی ده‌كات به‌ هۆڵی دادگاكه‌داو به‌ناوی هه‌موو مردووه‌ سته‌م لێكراوه‌كانه‌وه‌ تكایان لێده‌كات واز له‌م گاڵته‌جاڕییه‌ بهێنن و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت به‌مه‌رگ و هه‌ڵواسین و به‌داردان و سووتاندن و یاساكان كۆتایی پێبهێنن و شه‌هیدان بۆ شه‌هیدان لێگه‌ڕێن بابنوون چونكه‌ پرو پاگه‌نده‌ زۆری ماندوو كردوون.
بێگومان ئه‌م ناساندنه‌ كورته‌ ناتوانێت ته‌واوی لایه‌نه‌ جوان و قوڵ و ره‌هه‌نده‌ فكرییه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌ بخاته‌ روو، ئه‌م خستنه‌ رووی ئه‌م رۆمانه‌ ته‌نها بۆ نرخاندنی هه‌وڵێكی گه‌وه‌ری ئه‌ده‌بییه‌ و هاندانێكی جدییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری ئێمه‌ له‌چێژ و جوانی و قوڵی ئه‌م تێكسته‌ بێبه‌ش نه‌بێت و بیخوێننه‌وه‌.


 

           

 

06/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com