له‌ئاوێنه‌یه‌كدا جێ به‌خۆم ناگرم

  

ئیدریس عه‌لی




وه‌ك دڵۆپێك باران به‌ده‌ستی خوداوه‌ به‌رده‌بمه‌وه‌‌و
خۆم ئه‌ده‌م به‌سێبه‌ری دره‌ختێكا،
وه‌ك كلویه‌ك به‌فری زه‌به‌لاح شۆڕده‌بمه‌وه‌‌و
زرمه‌ له‌ خاك هه‌ڵده‌سێنم،
ئاقیبه‌ت هه‌موو گۆزه‌كان له‌سه‌ری منا وره‌دو خاش ده‌بن
ئه‌زانم هه‌موو گولله‌كان له‌ رۆحی منا به‌تاڵده‌بنه‌وه‌
چونكه‌ تۆ ئازاره‌كانی خۆت له‌ له‌ دڵی منا ئارام ده‌كه‌یته‌وه‌،
مه‌رگی خۆم
وه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی كۆترێك له‌كاتی فڕینا
وه‌ك دانیشتنی په‌پوله‌یه‌ك له‌سه‌ر كورسی ناو باخچه‌كه‌
وه‌ك ره‌سمكردنی دڵێك له‌سه‌ر مه‌چه‌كی چه‌پم ده‌بینم.
به‌لام من كۆتایی به‌ هه‌موو شتێك دێنم
گوڵ له‌ ئینجانه‌ ده‌كه‌مه‌ دوژمن
ده‌ست ده‌خه‌مه‌ گمه‌ی نێوان دوو كۆتر
زیڕه‌ له‌ زه‌رده‌ زیڕه‌ به‌رده‌ده‌م
زیكه‌ زیك.. شوێن ده‌نگی زیك زیكه‌ ده‌كه‌وم
به‌ردێك ده‌كه‌م به‌ناو داره‌كه‌دا
چۆله‌كه‌ له‌ جیكه‌ جیك ده‌خه‌م.
نه‌وت ده‌كه‌مه‌ بنی رێحانه‌كان
ژه‌هر رۆده‌كه‌مه‌ گه‌رووی گۆرانی
سه‌ر قاپی خه‌یاڵ ده‌نێمه‌وه‌
قوفڵ ئه‌ده‌م له‌ده‌می سیسركه‌كان
فه‌رده‌یه‌ك گه‌نم ئه‌ده‌م به‌شانی مێرووله‌دا
گێزه‌ر له‌ كه‌روێشك ده‌شارمه‌وه‌
غوده‌یه‌ك ده‌كه‌مه‌ سه‌ر كوكوختی
گولله‌یه‌ك ده‌نێم به‌ تاریكییه‌وه‌
ده‌رگای باخ به‌قایمی پێوه‌ده‌ده‌م
گازێكی توند له‌ سێو ده‌گرم
قیژه‌ له‌ گێلاس هه‌ڵده‌ستێنم.
منالان هان ده‌ده‌م فیكه‌ له‌مانگ بكێشن
هووها بكه‌ن له‌ دوو كه‌ڵه‌شێری شه‌ڕانی
به‌ قژ سێبه‌ری دره‌خته‌كان راكێشن
ئاخری ئه‌وین شڕ بكه‌ن
تۆفان به‌رده‌ن له‌ باخچه‌كان
تاعوون تێكه‌ڵی جۆگه‌له‌كان بكه‌ن.
خۆم ده‌كه‌مه‌ په‌نی ژیان
مێشكم فۆڕمات ده‌كه‌مه‌وه‌
خه‌یاڵم له‌سه‌ر ته‌خته‌ ره‌شه‌كه‌ ده‌سڕمه‌وه‌
دڵم ده‌خه‌مه‌ سه‌ر هه‌زه‌‌و
وه‌لامی هیچ خه‌مێك ناده‌مه‌وه‌.
ده‌چمه‌ ناو نه‌خشه‌ی جیهانه‌وه‌
له‌ كه‌نار زه‌ریایه‌كی تووسندا
راده‌كشێم
شاخێكی نه‌رم ده‌نێمه‌ ژێر سه‌رم
سێبه‌رێكی فێنك ده‌گرم به‌ده‌سته‌وه‌‌و
باوه‌شێنی خۆم ده‌كه‌م
قاچێكم ده‌نیمه‌ ناو ئاوی ئارام
ده‌ستێكم ده‌خه‌مه‌ ناو ده‌ریای مردوو
هه‌وره‌كان داده‌گرمه‌ سه‌ر سنگم
وه‌ك كه‌فێكی چڕ له‌ناو ده‌سته‌كانما
گڵۆپیان پێده‌كه‌م
هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ ده‌ده‌مه‌وه‌
له‌به‌شی خواره‌وه‌ی گه‌ردوونه‌وه‌
گه‌رده‌لولێك به‌رپا ده‌كه‌م
قوله‌ ره‌شه‌كان سه‌ریان ده‌به‌نه‌ ژێر دزداشه‌كانیانه‌وه‌
زنجیه‌كان راو ده‌نێم بۆ ناو زنجه‌كانیان
له‌ گوێ‌ چه‌می نیلدا
سه‌تڵی ژنێك پڕ ده‌كه‌م له‌زیخ‌و لم
رێگای براكانی یوسف ده‌گۆڕم
كۆشكی سپی ره‌شده‌كه‌مه‌وه‌
مێرووله‌ به‌رئه‌ده‌مه‌ شیرینی سه‌رمێزی كۆبونه‌وه‌كان،
له‌ناو ئه‌م ئه‌م نه‌خشه‌ی جیهاندا
نامه‌وێت گوێم له‌ جریوه‌ی كه‌ناری‌و
شریخه‌ی گولله‌ بێت
نامه‌وێت بۆنی میسك‌و
خوێن بێت به‌كه‌له‌مدا
نامه‌وێت زه‌نگی كلێسا‌و
زه‌نگی موبایلی كه‌س ببیستم
نامه‌وێت باغی زه‌یتون‌و
كێڵگه‌ی مینه‌كان به‌ر بگرن
نامه‌وێت ئاوی ره‌وانی هیچ كوێستانێ‌
به‌ خاكی وشكی هیچ گه‌رمیانێكدا بكات عبوور.
بێزار ده‌بم به‌ وژه‌ی فڕینی مێشووله‌
به‌ خرمه‌ خرمی پێی مێرووله‌ به‌سه‌ر به‌فرا
به‌ دانه‌ جیڕه‌ی حه‌قیقه‌ت
به‌ مڵچه‌ مڵچی شیعر له‌ ناو ده‌می شاعیرێكدا.
له‌ناو ئه‌م نه‌خشه‌ خۆلاویه‌ی جیهاندا
بێزار ده‌بم له‌ژیان.. به‌خۆم ده‌ڵێم:
نا هیچ ناڵێم.. ئاخر كه‌ڵكی وتنم نه‌ماوه‌!



 

           

 

10/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com