کوشتنی گه‌نج کوشتنی ده‌ریاوانێکی خه‌وبینه‌ر و
سه‌رکێشه، کوشتنی ڕۆحی ئۆدیسۆسه کاتێک خه‌ون
به‌دۆزینه‌وه‌ی دوورگه‌کانی به‌خته‌وه‌ریه‌وه
ده‌بینێت. ئه‌زمونی گه‌نج هه‌میشه جودا بووه
له‌ئه‌زمونه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه، گه‌ر ئه‌زمونی شۆڕش
ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌تێکی لێوه دروست بێت، ئه‌وا ئه‌زمونی
گه‌نج خه‌ونه به‌ڕه‌نگێکی دیکه‌ی شۆڕشه‌وه، جودا
له‌و ڕه‌نگانه‌ی کۆمه‌ڵگه پێدا تێپه‌ڕیووه. گه‌ر
ڕوانینی نه‌وه‌یه‌کی به‌ناو خاوه‌ن ئه‌زمون بۆدنیای
ده‌ره‌وه‌ی خۆی خۆی لهئهقڵیهتێک
پێکهاتبێت،له‌ڕیگه‌ی ئهزمونهکانیهوه خاوه‌نی
پێوه‌ری ئاماده‌کراوی خۆی بێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه
مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دنیادا بکات. ئه‌وا ئه‌زمونی گه‌نج
له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پێوه‌رانه سه‌رکێشی و
موغامه‌ره‌کانی ده‌کاته پێوه‌رێک بۆ دۆزینه‌وه‌ی
ڕووبه‌رێکی تر بۆ خه‌ونبینین. له‌م سه‌رکێشیه‌دا
ئه‌زمونێکی نوێ له‌ژیانماندا گه‌مه‌ی خۆی ده‌کات،
ڕه‌نگێکی تر دێته نێو ڕه‌نگه‌کانی دیکه‌وه،
هاڕمۆنیهتێکی دیکه به‌ره‌و شوێنیکی تر ده‌مانبات
که‌جاران بیرمان لێنه‌کردۆته‌وه، تۆنێکی موزیکالی تر
دێته نێو سه‌مفۆنیای جوانیه‌کان. ئه‌وه شتێکی
ئاساییه کهنهوهیهکی کامڵ و خاوه‌ن ئه‌زمون زیاتر
له‌نێو ئه‌زمونکراوی خۆیدا بژی و هه‌نگاوه‌کانی
وابه‌سته‌ی ئه‌زمونه دێرینه‌کانی خۆی بێت. له‌م
حاڵه‌ته‌دا نوێبوونه‌وه و گۆڕان و گه‌رم و گوڕی و
حه‌ماس له‌نێو کایه‌کانی نه‌وه‌یه‌کی ته‌قلیدیدا
به‌دیناکرێت، ئه‌م کامڵیهی خاوه‌ن ئه‌زمونه‌کان و
پێداگرتنیان له‌سه‌ر به‌هاکانی وه‌ک نه‌ته‌وه و
ئه‌خلاق و خێزان و سێکسواڵیهت و ئازادی له‌ڕوانگه‌ی
خۆیانه‌وه، ئه‌و کۆنه‌خواز و کۆنزه‌رڤاتیڤانه
پێکده‌هێنێت، کهبهمانهوهیان له‌نێو ده‌زگاکانی
ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌ک هه‌ر حه‌ماس و گه‌رم و گوڕی
له‌کۆمه‌ڵگه زه‌وتده‌که‌ن و ده‌یگۆڕنه‌وه بۆ چه‌ند
پڕنسیبێک که‌پابه‌نده مێژووی خۆیانه‌وه، به‌ڵکو به‌و
کۆنهخوازییهیان ده‌رگا بۆ دیکتاتۆرییه‌تی دڕنده
واڵاده‌که‌ن. له‌م پێچه‌دا دیسپۆت و هیرارکیه‌ت
له‌سه‌ر یه‌ک ئه‌زمون گه‌شه ده‌کات، ده‌یکات
به‌ئه‌فسانه‌ی خۆی و هه‌موو هه‌وڵدانێک بۆ سه‌رکێشی و
ئه‌زمونێکی تر به‌ر توندوتیژی ئه‌وان ده‌که‌وێت.
لێره‌وه کوشتنی گه‌نج، کاتێک شاعیره، ڕۆژنامه‌نوسه،
دڵداره، ئه‌کتیڤیستی کۆمه‌ڵایه‌تیه، مانای کوشتنی
ئه‌زمونێکی نوێ ده‌گه‌یه‌نێت، که‌به‌دوای کێڵگه‌ی
تازه‌دا ده‌گه‌ڕێت. مانای کوشتنی گه‌ڕانه به‌دووی
ئه‌و کێڵگانه‌ی هێشتا خۆیان بۆهیچ که‌سێکی دیکه
نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌زمونێکی نوێ‌دا،
ووزه‌یه‌کی دیکه ده‌به‌خشن به‌ژیان. کوشتنی گه‌نج،
کوشتنی ووزهیهکه له‌نێو مه‌داره بینراو و
نه‌بینراوه‌کاندا گه‌مه‌ی خۆی ده‌کات، کوشتنی گه‌نج
کوشتنی گه‌مه‌کانی ژیان و نوێبوونه‌وه‌یه. کوشتنی
ڕۆحی گه‌ڕانه به‌دووی ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌ی ژیاندا..
به‌ڵام ئه‌وه گه‌نجه کهلهنهبوونهوه،
لهساردیهوه، باز هه‌ڵده‌داته نێو کایه
وه‌ستاوه‌کان و دنیایه‌ک ده‌هارووژێنێت
کهئهقڵانیهتی ڕۆژ قبوڵی ناکات. زۆر جار ساده و
کاڵفام و بێ ئه‌زمون دهدهردهکهون. به‌ڵام
له‌جه‌وهه‌ردا ووزه‌یه‌کی نوێیه خۆی بۆ گه‌شتێکی تر
ئاماده ده‌کات. گاڵته‌جاڕه ئه‌و ده‌ریاوانه
پیره‌ی ئامۆژگاری ده‌ریاوانێکی سه‌رکێش بکات و بیه‌وێت
ده‌ریاوانی سه‌رکێش له‌شه‌پۆله نه‌هاته‌کان
بیپارێزێت. ده‌ریاوانی گه‌نج ده‌بێت به‌ئاوێکی تردا
تێپه‌ڕبێت، کهدهریاوانی پیر پێدا تێنهپهڕێووه.
ده‌بێت ئه‌زمونی ئه‌و جیاواز تربێت له‌گه‌ڵ ده‌ریادا.
گه‌ر گه‌نج لاشه‌که‌ی له‌که‌نار دوورگهکانیشدا
بگرسێته‌وه، ئه‌وا چه‌نده به‌لۆجیکی ده‌ریاوانه
بهئهزمونهکان کاڵفامیهکی گه‌نجانه بووه،
ئه‌وه‌نده‌ش گه‌نجان به‌و سهرکێشیهیان، ئه‌و
خه‌ونانه له‌سه‌ر ڕووبه‌ره‌کان دههارووژێنن
کهدێرزهمانێکه ختوکه‌ی دڵی ده‌ریاوانه‌کانی
دیکه‌ی داوه.
لێره‌وه گه‌نج (ئۆدیسۆسه) کهبهدووی دنیایه‌کی
تازه‌دا ده‌گه‌ڕێت، ئاوه گه‌رمه‌کان ده‌دۆزێته‌وه و
له‌ژێر ئاسمانی نوێ‌دا خه‌ونێکی تر بۆ ئه‌زمونێکی دیکه
درێژده‌کاته‌وه. گه‌نج ئۆدیسۆسه، ئه‌و جه‌نگاوه‌ره
گریکیهیه، له‌شه‌ڕی ترۆیا (ته‌رواده)
ده‌گه‌ڕێته‌وه وبه‌نێو ده‌ریاکاندا گه‌شتی خۆی بۆ
دۆزینه‌وه‌ی ئۆقیانوس و ده‌ریا و دوورگه نهینیه‌کان
ده‌ستپێده‌کات. له‌گه‌ڵ حهزیاکاندا به‌جه‌نگ دێت و
شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خواکاندا ده‌کات، به‌نێو ده‌ریا
ترسناکه‌کاندا تێپه‌ڕده‌بێت و دوای چه‌نده‌ها ساڵ
ڕێگه‌ی ماڵێک دهدهۆزێتهوه کهپڕێتی لهجهردهی
ناشرین...ئۆدیسۆس سه‌ڕه‌ڕای پیربوونی جه‌سته‌یی،
به‌ڵام به‌خه‌ونی گه‌نجێکی سه‌رکێشه‌وه، جارێکی تر
ماڵی خۆی لهجهردهکان ڕزگار ده‌کات. گه‌نجێتی و
موغامه‌ره لێکدی جودا ناکرێنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه
ڕۆحی گه‌نج، ڕۆحی سه‌رکێشی ئۆدیسۆسه.
ئۆدیسۆس به‌ڕۆحی گه‌نجێکی شه‌یدا بۆژیان، به‌ڕۆحی
ئاشقێکهوه که‌هه‌ر ده‌توانێت دنیا به‌گه‌نجی
ببینێت، به‌ڕۆحی سه‌رکێشیه‌کی گه‌نجانه‌وه وه‌ک
پاشایه‌کی ئه‌به‌دی له‌نێو ئه‌ده‌بی دنیادا
ده‌مێنێته‌وه. هۆمیرۆسی شاعیر جوانترین شاکاری
ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆحه سه‌رکێشه نوسی
کهلهمیژووی فیکر و فه‌لسه‌فه‌دا به‌رده‌وام قسه‌ی
له‌سه‌ر ده‌کرێت. ئه‌وه‌ی لهئۆدیسۆسهوه فێری
ده‌بین ئه‌وه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌شته
سه‌رکێشه‌کان به‌ره‌و چاره‌نوسی نادیار ده‌مانبه‌ن،
به‌ڵام ووزه‌یه‌کی تر ده‌به‌خشن به‌ژیانمان،
ده‌رگایه‌کی ترمان له‌سه‌ر ئازادی لێده‌که‌نه‌وه و
دهمانپارێزێن له‌مردنی ویژدان و پیربوونی ڕۆح به‌سه‌ر
ته‌نافه ترسناکه‌کانی ڕۆتینی ژیانه‌وه. هاوڕێ
ڕاسته‌قینه‌کانی ئۆدیسۆس ئه‌وانه‌بوون له‌نێو
ده‌ریاکاندا کوژران، لاشه‌یان بهجنکاوی سه‌ر
شهپۆلههارهکان که‌وت. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر
دوورگه‌کانی ئه‌شق له‌گه‌ڵ حۆریه‌کاندا مانه‌وه‌و
بڕیاری مانه‌وه‌یاندا ئه‌وانه بوون به‌هێزه‌ی بڕوایان
به‌وه‌بوو که‌ژیان له‌ئاستێکدا ده‌گیرسێته‌وه
،گیرسانه‌وه ده‌بێته لۆجیکی زاڵی. ئه‌وانه چیتر
توانای گه‌شتی دیکه و سه‌رکێشه‌ی دیکه‌یان نه‌مابوو
له‌گه‌ڵ ئۆدیسۆسدا . به‌ڵام ئۆدیسۆس به‌رده‌وام بوو
له‌گه‌شته‌که‌ی، ئۆدیسۆس لهلۆجیکی مانه‌وه له‌یه‌ک
شوێن و زه‌مه‌ن تێنده‌گه‌یشت، ئه‌و ڕۆحه سه‌رکێشه
گه‌نجانه‌ی ئۆدیسۆس گوێ له‌و حیکمه‌تانه ناگرێت
داوای دانیشتن و مانه‌وه‌ی لێده‌که‌ن، داوای
ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌ژیان ده‌بێت له‌که‌نار
دووباره‌بوونه‌وه‌دا بگرسێته‌وه. ئۆدیسۆس ڕه‌مزی ئه‌و
ڕۆحه گه‌نجه‌یه له‌نوێبوونه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی دنیای
تازه ناترسێت. هۆمیرۆسی شاعیر ده‌ڵێت: (ئای ئۆدیسۆس
چه‌نده له‌ده‌ریاکاندا ئازاری بێ وینه‌ی چه‌شت...)
... گه‌نجانی وه‌ک سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه
حه‌مه ئه‌و ڕۆحه ئۆدیسهیهن کهخواکانی شه‌ڕ
له‌ده‌ریا ڕه‌شه‌کانیاندا سهرهونگومیان کردن، ئه‌و
لاشه بهختهورانهن له‌که‌ناری دوورگه‌کاندا
سه‌رئاو که‌وتن. ئه‌وان له‌نێو هۆشمه‌ندیی کوردی‌دا
سهرئاوکهتن، ئه‌و ویژدانه‌ی وه‌ئاگا هێنایه‌وه
کهتاێستا ئه‌و ڕه‌هه‌نده ترسناکه‌ی نه‌ده‌بینی
له‌پشت هێزه تاریکه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌وه یاری
بهچارهنوسهکان ده‌کات. سه‌رده‌شت و سۆران
بهسهرکێشیهیان، به‌رۆحی جوانی ئۆدیسۆسیان، ویژدانی
گشتیان وه‌ئاگا هێنیاوه که‌تیرۆر له‌به‌رده‌م
ماڵهکانمادایه، له‌نێو مزگه‌وت و ده‌زگا
وه‌همیه‌کانی پارێزه‌رانی نه‌ته‌وه‌دا خۆی
مۆاڵکردووه. تێرۆر له‌نێو ماڵه‌کاندا په‌لاماری
سۆرانی دا، هێزه‌کانی مردن له‌به‌رده‌م زانکۆیه‌کی
بێده‌نگدا سه‌رده‌شتیان فڕاند، له‌نێو میحرابی
ڕووبه‌ڕوونه‌وه له‌گه‌ڵ خودای ته‌عالا و باریدا تیرۆر
فه‌توای کوشتن و ته‌مبێکردن و لغاوکردنی ئازادی
ده‌رکرد. سه‌رده‌شت و سۆران وه‌ک دوولاشه خنکاو
هاتنه سه‌ر ڕووبه‌ره‌کان، ئاوه‌ها به‌ئاسانی ناتوانن
جێ‌مان بهێڵن، هه‌تاوه‌کو تیرۆر له‌هه‌موو شوینیکدا
پێناسهنهکهین. ئه‌م دوو گه‌نجه وه‌ک دووسهرکێشی
ئه‌به‌دی له‌شه‌ڕی دوورگه‌کانی مردن‌دا که‌وتوون،
مردنێکی پاڵهوانهنه وه‌ک هاوڕیکانی ئۆدیسۆس
له‌شه‌ڕی دژ به‌تاریکی که‌وتن و له‌یاده‌وه‌ریماندا
ده‌مێننه‌وه. ڕاسته به‌جه‌سته خنکاوی ئه‌و ئاوه
تاریکانهن که‌پڕن لهحهزیای ناشرین و ڕۆحی شه‌ڕانگێز
و چهتهوڵهی بێ مانا، به‌ڵام له‌ودیوو خنکانه‌وه
له‌نێو ڕهمزیهتهی خۆیاندا زیندوون و ڕووبه‌رێکی تری
ئازادیان بۆ ئێمه کرده‌وه .
له‌کاتی کوژرانی سۆرانی مامه‌حه‌مه جه‌ختم له‌سه‌ر
ئه‌وه کردووه، که‌ئه‌وه‌ی ئه‌م کوشتنه
لهکوشتنهکانی تر جودا ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه
که(تەنها کوژرانێکی ئاسایی نیە، بەڵکو کوژرانێکی
ڕەمزیە.). کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان دیوێکی تری ئه‌م
کوشتنه ڕهمزهییه، ڕه‌مزه بۆ کوشتنی گه‌نج
له‌کۆمه‌ڵگه‌ی دیسپۆتدا. له‌هه‌مانکاتدا کوشتنی
ئۆدیسۆسه له‌نێو ده‌ریاکاندا.. کوشتنی ڕه‌مزی،
تاوانکاری ناکاته ئه‌کتێک له‌دادگاکاندا مامه‌ڵه‌ی
له‌گه‌ڵدا بکات، به‌ڵکو په‌لده‌کێشێته نێو دادگایه‌کی
تر که‌دادگای ئه‌خلاقیه. ئه‌و دادگایه ته‌نها
به‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌کان کۆتایی نایه‌ت، به‌ڵکو
سه‌رجه‌م سوستمێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته ژێر
پرسیاره‌وه.
کێن ئه‌وانه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌یان کوشت؟ چ ده‌سه‌ڵاتێک؟ چ
خێڵ و بنه‌ماڵه وده‌زگایه‌ک؟ له‌کوێدا فڕێندراوه و
به‌کوێدا براوه و له‌کوێ ته‌رمه‌که‌ی فڕێدراوه و
له‌سه‌ر چی کوژراوه!. کامه ئه‌خلاقی سیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تیه کوشتنی ئاوه‌ها ڕه‌وا ده‌کات!. کوان
ئه‌م هه‌موو ده‌زگایانه‌ی له‌چرکه‌ساتێکی قسه‌کردنێکی
ئازادا دێنه سه‌رت و تورهکهت ده‌که‌ن سه‌ر و
سهرهونگومت ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌کاتی کوشتن و فڕاندنی
هاوڵاتیاندا له‌خه‌وی قوڵدان؟. ئه‌و ده‌زگایانه‌ی وه‌ک
پاراستن کێ ده‌پارێزێت ؟ (زانیاری) زانیاری له‌سه‌ر کێ
کۆده‌کاته‌وه ؟ ودژه تیرۆر به‌دوای کامه
تیرۆریستهویه و ئاسایش ئاسایشی کێ ده‌پارێزێت.؟.
ئه‌مه سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیاره ئهخلاقیانهن،
کهکوشتنی سه‌رده‌شت و سۆرانی مامه‌حه‌مه له‌کوشتنی
ئاساییه‌وه ده‌کات به‌کوشتنێکی ڕه‌مزی، به‌جۆرێک
که‌ئه‌م هه‌موو ده‌زگا توندوتیژانه ده‌خاته به‌رده‌م
گومانێکی ترسناکه‌وه. به‌دیوێکی تردا ئه‌وه کامه
هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیه له‌پشت کوشتنی گه‌نجێکی
ئاوه‌هایه؟، گه‌نجێک ده‌یه‌وێت به‌ئه‌زمونی خۆیدا
تێپه‌ڕێت و چه‌ند ڕووبه‌رێکی ئازادی بچوک بۆخۆی
فه‌راهه‌مبکات، به‌وه‌ی له‌سه‌ر تۆڕی نێت چه‌ند
گوتارێک لێره‌و له‌وێ بڵاوبکاته‌وه. ئه‌وه کامه
ده‌ره‌به‌گه له‌به‌رگی مۆدێرنه‌و دیموکراسیدا
به‌گوتاری گه‌نجێکی ئاوه‌ها قه‌ڵسه و حوکمی کوشتنی
به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت. کامه خێڵه له‌چه‌ند
کیلۆبایتێکی سه‌ر نێت ده‌ترسێت و به‌هه‌ڕه‌شه‌ی
تێده‌گات بۆ سه‌ر سه‌روه‌رییه‌کانی خۆی؟. ئه‌و
پرسیاره ئه‌خلاقیه ئه‌وه‌یه، ده‌بێت ئه‌وه کامه
سه‌روه‌ریی بێت که‌به‌کوشتنی سه‌روه‌ریی خۆی
بپارێزێت؟. کامه به‌ها و عورف و نه‌ریته به‌کوشتن
به‌رده‌وامی به‌خۆی ده‌دات؟. کوشتنی گه‌نج به‌رده‌وامی
ده‌دات به‌کامه هێز و لایه‌ن و گروپ له‌م
کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا؟. سه‌روه‌ریی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه
له‌کوێدایه، که‌گه‌نجێک له‌به‌رده‌م زانکۆکانیدا
بفڕێنرێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو ماوه‌یه‌ک به‌ر
له‌ئه‌وه گه‌نجێک بێت و بڵێت ئه‌وه ده‌مکوژن و ده‌بم
به‌لاشه‌یه‌ک و زه‌نگی کوشتنم لێدراوه. که‌چی زانکۆ
بێباک و پۆلیسیش له‌و بێباکتر چاوه‌ڕێی ئه‌وه بکه‌ن
زه‌نگ ببێت به‌لاشه، ئه‌وسا لیژنه‌کانی
لێکۆڵینه‌وه‌کان بجوڵێن.
بۆچی لیژنه‌کان هه‌میشه دوای کوشتنه‌کان پێکدێن؟،
بۆچی ته‌نها بۆ یه‌کجار له‌ژیانی سیاسی و ئیداریماندا
لیژنه‌یه‌ک پێکنایه‌ت بۆ ڕێگه‌گرتن لهموسیبهتێک؟.
لیژنه‌کانی پشکنین له‌سه‌ر کامه مۆڕاڵ پێکهاتوون؟..
کامه مۆڕاڵ له‌پشت کوشتنی گه‌نجه‌وه وه‌ستاوه؟.
یاریی کامه حیزب و ده‌زگایه‌کی نهێنیه خۆی به‌زیره‌ک
ده‌زانێت و گه‌نجێک هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ کوشتن؟، بۆ
چاوترساندنی کێیه کوشتنی گه‌نج، بۆ چاوترساندنی
نه‌وه‌یه‌کی نوێیه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بن بهئۆدیسۆس و
به‌نێو ئاوه ڕه‌شه‌کانی ئه‌واندا تێپه‌ڕ نه‌بن، بۆ
ئه‌وه‌یه ئه‌م نه‌وه‌یه ئاشق نه‌بن به‌ژیان و سێکس و
ئازادی. ئازادیه‌ک که‌ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی و پیاوه‌کانی
فه‌راهه‌مکردووه و بۆ گه‌نجیش خه‌ونێکی دوور، زۆر
دووره. بۆ ئه‌وه گه‌نج ده‌کوژن بۆ ئه‌وه‌ی ئۆدیسۆسی
سه‌رکێشی تر په‌یدانه‌بن و به‌ره‌ی تری شه‌ڕیان بۆ
نه‌که‌نه‌وه...
له‌گه‌شتی ئۆدیسۆس به‌نێو ده‌ریا و جیهانه
نه‌دۆزراوه‌کاندا، ئۆدیسۆس و هاوڕێکانی له‌نێو
ده‌ریادا تووشی ئه‌و باڵنده ناشرینانه ده‌بن،
سه‌ریان سه‌ری ئافره‌ته و به‌رده‌وام گۆرانی ده‌ڵێن
و سهرلهدهریاوانهکان ده‌شێوێنن، به‌ره‌و دوورگه‌ی
مه‌رگ ڕاپێچیاندهکهن. ئه‌و باڵنده مه‌رگدۆستانه،
ئه‌م کچهباڵندانه به(سیرین) ناسراون. ژنه
جادوکارێکی قه‌شه‌نگ ئامۆژگاری ئۆدیسۆس ده‌کات،
پێیده‌ڵێت کهسهوڵ لێده‌ره‌کانی هاوڕێی گوێچکه‌ی
خۆیان به مێو و مۆم قهپاتبکهن بۆ ئه‌وه‌ی بهجادوی
گۆرانی سیرینرکان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن، چونکه گۆرانی
ئه‌وان به‌ره‌و دوورگه‌کانی مه‌رگ ده‌تانبات، ئه‌وه
قسه‌ی جاوکارهکهیه. به‌ڵام ئۆدیسۆس ده‌یه‌وێت گوێ
له‌و گۆرانیانه بگرێت، ده‌یه‌وێت به‌رامبه‌ر هێزی
شه‌ڕ بوه‌ستێته‌وه. خۆی ده‌به‌ستێته‌وه بهداری
چارۆکه‌داری که‌شتیه‌که‌یه‌وه، تاوه‌کو تێپه‌ڕبوون
بهکهنارهکانی مردن‌دا گوێ لهگۆرانیهکانیان
ده‌گرێت.. ئۆدیسۆس گوێیان لێده‌گرێت و دوایان
ناکه‌وێت، هاوڕێکانی گووێیان قهپاتکردووه و ڕێڕه‌وی
که‌شتیه‌که به‌ره‌و دوورگه‌ی مه‌رگ ناگۆڕن. میدیای
ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئه‌و باڵنده مه‌رگهێنه‌رانه وه‌هان،
سوپایه‌کن له‌باڵنده‌ی ناشرین ئه‌مڕۆ خۆیان بۆ هه‌موو
ئۆدیسۆسێک مه‌ڵاسداوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و مه‌رگی ڕۆح
چه‌واشه‌یان بکه‌ن . میدیاکانی ده‌سه‌ڵات وه‌ک
(سیرینه‌کان) گۆرانی بۆ مردنی ڕۆحی گه‌نج ده‌ڵێنه‌وه.
ڕه‌هه‌ندی سومبۆلی کوشتنی سۆرانی مامه‌حه‌مه و
سه‌رده‌شت عوسمان له‌وه‌دایه، کهلهگوێیان له‌و
میدیا ناشرینه نه‌گرت، له‌گه‌ل ئه‌م میدیایه کاریان
نه‌کرت، بڕیاندابوو له‌نێو په‌رستگاکانی مردنی
ئه‌واندا ڕۆحی خۆیان نه‌مرێنن. ئه‌و میدیایه‌ی
به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت ده‌م و چاوی ده‌ره‌به‌گه مۆدێرن
و هیرارکیهتیان ئارایشت بکات.
کوشتنی گه‌نج چه‌نده له‌لایه‌ن تاوانباره
فیزیکیه‌کانه‌وه ئه‌نجامدرا، ئه‌وانه‌ی ده‌فڕێنن و
فیشه‌ک ده‌نێن بهگهنجهکانهوه، ده‌ئه‌وه‌نده‌ش
له‌لایه‌ن سوپای پشت ئه‌و میدیایه گۆرانی مه‌رگیان بۆ
چڕاوه. میدیایه‌ک هه‌موو به‌هاکانی موزیک و نواندن و
ئازادی و کولتور هه‌یه ده‌یکاته فابرێکێک بۆ
به‌رهه‌مهێنانی گێلێتی و به‌رهه‌می هه‌رزان، بۆ
هه‌رزانکردنی به‌ها باڵاکانی مرۆڤ ته‌رخانکراوه.
میدیایه‌ک ته‌رخانه بۆ کوشتنی کولتور له‌ڕۆحی
گه‌نجاندا، بۆ داخستنی ئاسۆگه‌کانی فانتازیا
لهبهردهمانیدا، ئه‌و میدیایه ته‌رخانکراوه بۆ
کوشتنی ئۆدیسۆس له‌ڕۆحی گه‌نجدا، ئه‌و میدیایه هه‌موو
ڕۆژیک گه‌نج ده‌کوژێت. هه‌مان قسه‌ش ڕاسته
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سوستیمی زانکۆیه‌ی کهتهرخانه بۆ
هه‌رزانکردنی زانست و کولتور و کاری ئه‌وه‌یه دووری
بخاته‌وه له‌به‌ها ڕاسته‌قینه‌کانی خۆی. دنیایه‌ک بۆ
گه‌نج دروستبووه پڕێتی له‌ته‌زویر و ڕووکه‌شی و
گه‌نده‌ڵی و تیرۆری جه‌سته‌یی و ڕۆحی.
کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان کوشتنی نه‌وه‌یه‌که خه‌ون
ده‌بینێت ئاشق بێت له‌دنیایه‌کدا، کهئهشق و ئه‌ده‌بی
ئه‌شق و کولتوری ئه‌شق و ئۆدیسۆسی ئه‌شق له‌لایه‌ن
مهلاسیاسهکان و خوتبێژهکانهوه سه‌رده‌بڕدرێت و
داوای ته‌وبه‌ی لێده‌کرێت، له‌باشترین حاڵه‌تدا داری
ته‌مبێکردنی عومه‌ری خه‌تابی لێ به‌رزده‌کرێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی داوای لغاوکردنی ئه‌ده‌بیاتی جوان ده‌که‌ن
که‌تێدا جه‌سته نێوه‌ندی جیهانه، ئه‌شق له‌نێو
شیعردا ده‌گه‌شێته‌وه، پرسیاره‌کانی وجود و خالیق و
مه‌خلوق پیرۆزیه‌کانی خۆیان ده‌به‌خشن بهزمانیکی
ئه‌ده‌بی باڵا. ئه‌وانه ئه‌و هێزه‌ن که‌شانبه‌شانی
هێزه تاریکه‌کان له‌گه‌ڵ کوشتنی ڕه‌مزی گه‌نجاندا
دهستتێکهڵن.
ئه‌مڕۆ نه‌ریتێکی ناشرین له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا
سه‌ریهه‌ڵداوه که‌دوای نه‌ریتی ژنکوشتن ده‌بێته
ئه‌ڵقه‌یه‌کی تر لهزنجیری ناشرینیه‌کان، که‌ئه‌ویش
کوشتنی گه‌نجه. کوشتنی گه‌نجیش به‌ڕای من کوشتنی
ئاشقه به‌هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه، پلاتۆن
لهسمپۆزیۆندا، له‌گفتوگۆیه‌کی نێوان سوکرات و
هاوه‌ڵه‌کانیدا باسی ئاشق ده‌که‌ن و له‌بڕوایه‌دایه
له‌هه‌موو ئاشقێکدا ( خوداوه‌ندێک ده‌ژی).
له‌سوکراته‌وه فێر ده‌بین کهلهئاشقدا خودا ده‌ژی،
کوشتنی گه‌نجیش به‌ڕای من کوشتنی ئاشقێکی وه‌ک
ئۆدیسۆسه، کوشتنی ئاشق کوشتنی خودایه.....
نورنبێرگ 20.05.2010
|