ماریا مۆنتیسۆری (1870-1952) و جۆن دیڤی لەهەمان سالدا
کۆچی دواییان کرد بەڵام سەر بەدوو قوتابخانەی زۆر
جیاواز بوون. مۆنتیسۆری بەیەکەمین ژنە دوکتۆری ئیتالیا
دەژمێردرێت و بەیەکێک لەناوە دیارەکانی پەروەردەناسی
ناوزەد دەکرێت کەلەدژی ئیرادەو ویستی دایک و باوکی
دەستی بەخوێندنی رشتەی پزیشکی کرد. ئەوان زۆریان پێخۆش
بوو کەماریای کچیان ببێت بەمامۆستا، بۆیە لەگەڵ
هەلبژاردنی رشتە پزیشکیدا ئیدی پەیوەندی خۆیان
لەگەلیدا پچراند. سەرکەوتنی یەکەمین سیمیناری
مۆنتیسۆری لەبواری پزیشکیدا بووە هۆی گەرانەوەی ئەو
پەیوەندییە. مۆنتیسۆری کەلەسەرەتادا بەخوێندنی تەکنیک
و دواتر بایەلۆژی و دواتریش پزیشکی دەستیپێکرد بووە
یەکێک لەئەستێرە ناودارەکانی جیهانی پەروەردە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆو چۆن؟
دوای خوێندنی زانکۆ وەکو دوکتۆر لەنەخۆشخانەیەکی
دەروناسی شاری رۆما دەست بەکار بوو. مۆنتیسۆری هەموو
هەوڵ و کۆششی خۆی لەبواری ئەو مندالانەدا کۆکردەوە
کەلەپرۆسەی تێگیشتندا دواکەوتووبوون. بەشێوەیەکی دی
چۆن ئەو منداڵانەی لەرووی مێنتالەوە تەواو نین بتوانن
وەکو هەر خوێندکارێکی دیکە بخوێنن ؟ پاش ماوەیەک
لێکۆلینەو تاقیکردنەوەی کلینیکی بەشدارییەکی
سەرکەوتووی لەکۆنگرەی (تورین 1899) کردو بەپێی ئەو
لێکۆڵینەوەیەی پێشکەشی کرد ئەو منداڵانەی لەرووی
مێنتالەوە دواکەوتوون مافی خۆیندنیان هەیە. ئەم
تێروانەی وای لەوەزیری پەروەردە کرد بیکات بەبەرێوبەری
قوتابخانەیەکی تایبەت بەومندالانەی گرفتی مێشکیان
هەیە. لەساڵی 1904 دا بووە پرۆفیسۆر بەڵام لەبواری
ئەنترۆپۆلۆجیادا، واتە دیراسەکردنی مرۆڤ. ئەم کارەی
وای لێکرد شاکاری زۆر دانسقە لەبواری پەروەردەدا بەچاپ
بگەیەنێت و هەموو کاتەکانی خۆی بۆ پرۆسەی پەروەردەو
وانەووتنەوە تەرخان بکات. مۆنتیسۆری ماوەیەکی زۆر
داکۆکی لەتێزێکی خۆی دەکرد لەبارەی ئەو مندالانەوە
کەمێشکیان تەواو نیەو ئەوەی سەلماند کەئێمە دەتوانین
لەرێگەی رەخساندنی ژینگەیەکی تایبەتەوە
لەقوتابخانەکاندا یارمەتی ئەو مندالانە بدەین بۆ ئەوەی
لەدەقەکانی قوتابخانە تێبگن.
مۆنتیسۆری لەقۆناغێکی زۆر باشدا ناوبانگێکی زۆری
پەیداکردو بەجیهانی دەرەوەشدا بابەتێک بەناوی
پەروەردەی مۆنتیسۆری بلاوبووەوە. لەکۆتایی 1800 کاندا
لەزۆر ولاتی دیکەدا چەندین کۆمەلەو رێکخراو سەنتەری
دەرونزانی حکومی ناحکومی لەسەر هەمان رێبازی مۆنتیسۆری
دروست بوون و داکۆکیان لەو مندالانە دەکرد کەلەرووی
مێنتالەوە لاواز بوون. دواتر لەهەندێ ولاتی وەکو ولاتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆلەندا، سوید ...هتد جۆرە
قوتابخانەیەک پەیدا بوو کەلەسەر رێبازی مۆنتیسۆری
کاریان دەکردو ناوی هەندێکیشیان قوتابخانەی مۆنیسۆری
بوو. ئەم قوتابخانانە تاوەکو ئەم ساتانەش
لەزیادبووندان و بەشێوەیەکی جودا لەقوتابخانەکانی دیکە
کار دەکەن کەمن لەهەفتەی داهاتودا لەسەر هەندێک
لەپرنسیپەکانی ئەو قوتابخانانە رادەوەستم. ئەم
کرانەوەیە یا باوەشکردنەوەیە بۆ پرنسیپەکانی مۆنتیسۆری
لەسەر ئاستی نێودەولەتی بووە هۆی خوێندنەوەو
نزیکبوونەوەی زیاتر مۆنتیسۆری لەگەورە پەروەردەناس و
دەروناسەکانی ئەو سەردەمە. مۆنتیسۆری کەسەر
بەقوتابخانەی ریفۆرم بوو تا رادەیەک لەقوتابخانەکەی
پیاژێ – وە دووربوو. بەڵام پیاژێ چەندین جار رەخنەی
خۆی ئاراستە کردبوو پێی وابوو مۆنتیسۆری هەرگیز لەخەمی
ئەوەدا نەبووە پەرە بەزیرەکی منداڵان بدات. لەراستیشدا
پیاژێ لەسەر هەق بوو چونکە سەرجەمی رێبازی مۆنتیسۆری
کاری لەسەر خوێندکارە لاوازەکان دەکرد کەچۆن بتوانن
پەرە بەخۆیان بدەن. ئەمە لەکاتێکدا پیاژێ کاری لەسەر
گەشەسەندنی مەعریفی و پەرەدان بەئاستی زیرەکی و گەران
بەدوای ئەومێتودانە دەکرد کەبەهۆیانەوە منداڵ دەیتوانی
لەرووی مەعریفیەوە بیێتە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی
لۆژیکی. لەلایەکی دیکەوە مرۆڤ زۆر بەئاسانی دەتوانێ
بنەماو پێوەرەکانی رێبازی پەروەردەی ریفۆرم لەناو
قوتابخانەکانی مۆنتیسۆریدا ببینێتەوە. سەرەتا
مۆنتیسۆری لەشاری رۆما سەنتەرێکی بەناوی ((خانەی
مندلان)) وە دامەزراند، ئەم خانەیە کەلەناو بینایەکی
بچوکدا قەراری گرتبوو، هەندێ منداڵی ئاست لاوازی
لەخۆگرتبوو. کاری مۆنتیسۆری لەگەڵ ئەم مندالانەدا دوو
لایەنی لەخۆ گرتبوو: یەکەم بەمێتوێک و شێوازێک کاری
لەگەڵ زانستەکاندا دەکرد کەشیاو بوو بۆ ئاستی ئەو
منداڵانەی لەبنەرەتدا گرفتی کۆگنەتیڤیان هەبوو. دووەم
لەیەکەم هەنگاوەوە دەیویست منداڵەکان فێری ئەوە بکات
کەچۆن بتوانن هەست بەبەرپرسیاێتی بکەن و هەر خۆشیان
هەموو کارەکانی خۆیان رابپەرێنن بەبێ ئەوەی پێویستیان
بەیەکێک هەبێت وەکو سانسۆر بەسەریانەوە بێت. ئالێرەوە
یەکێک لەپرنسیپە گرینگەکانی رێبازی ریفۆرم لەخانەی
مندالاندا هاتە پیادەکردن. بەسود وەرگرتنیش لەفرۆید
مۆنتیسۆری پێی وابوو منداڵ پێویستی بەوە هەیە خۆی
سەرپەرشتی کارەکانی خۆی بکات و دەشبێ ئێمەی گەورە
هێندە باوەیان پێبکەین کەخۆیان دەتوانن هەموو کارەکانی
خۆیان جێبەجێبکەن. بەشێوەیەکی دی مۆنتیسۆری پێداگیری
لەسەر پرنسیپی خۆبەرێوەبردن و خۆرێکخستن دەکرد. هەفتەی
داهاتوو لەسەر بەشێک لەو پرنسیپانە رادەوەستین
کەتایبەتمەندێتیان بۆ قوتابخانەکانی مۆنتیسۆری
دروستکرد.
سەرچاوە:
http://www.destur.net/index.php?option=com_content&view=category&layout=blog&id=100&Itemid=547&limitstart=10
|