جه‌نابی سه‌رۆک نا بۆتیرۆر به‌ڵی بۆئازادی
 

  

فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید-- سویسرا


faraidun_73@hotmail.com


ده‌کرێت هه‌موولایه‌کمان به‌یاننامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی مه‌رگ ئامێز بۆئازادی وه‌سفبکه‌ین،سه‌ره‌تا به‌یاننامه‌که‌ هه‌ناسه‌سواری و هیستریابوونی پێوه‌ دیاره‌،ده‌کرا پارتی له‌کات و ساتی خۆی دا واته‌ ڕۆژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان 6/5/2010 سه‌رخۆشی و دڵته‌نگی بۆ بنه‌ماڵه‌ی ڕۆژنامه‌نوسی کۆچکردوو ده‌رببڕیایه‌، نه‌ک 13/5/2010 , دوای ترس و زه‌نده‌ق چوونی له‌و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ی دژ به‌تیرۆری زه‌دره‌شت عوسمان له‌ هه‌فته‌ی بێده‌نگ نابین وکاردانه‌وه‌کانی کوردستان و کامپینه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا هاته‌ کایه‌وه‌،به‌یاننامه‌یه‌کی ئه‌وهابێ جیکه‌ڵانه‌ی بڵاوکردایه‌ته‌وه‌..

ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌بێت و گوێبیست وخوێندنه‌وه‌ی دێڕ به‌دێڕی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ بکات، هه‌ست و شعوری ئه‌وه‌ ناکات سه‌رۆکی ئه‌م حیزبه‌ی به‌یاننامه‌که‌ی بڵاوکردۆته‌وه‌ خۆی به‌سه‌رۆکی هه‌موو هه‌رێمه‌که بزانێت،چونکه‌ له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌نده‌ خۆی له‌جه‌ماوه‌روڕووداوه‌کان دوورخستۆته‌وه‌ تائه‌وپه‌ڕی دوورگه‌ی واق واق ڕۆیشتوه‌ ،نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ی ئیدی هه‌ستی ئه‌وه‌مان مابێت جه‌نابی سه‌رۆکی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌خۆشترین هاوینه‌هه‌واری ئه‌م کوردستانه‌ که‌سه‌ری( ڕه‌ش) ه‌ لێمانه‌وه‌ نزیک بێت و ئاگای له‌ڕۆڵه‌کانی گه‌ل بێت ..

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت به‌یاننامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی نه‌هاتووه‌ دژبه‌تیرۆرو ئازادی ڕاگه‌یاندن قسه‌یه‌ک بکات،به‌ڵکوهاتووه‌ وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌کی بوون به‌کارده‌هێنێت، به‌رامبه‌ر به‌وعه‌شاماته‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی به‌ڕێکه‌وتووه و هاتوونه‌ته‌ سه‌رشه‌قام و داوای ئاشکراکردنی ده‌ست و بانده‌کانی تیرۆری عه‌قڵ ده‌که‌ن که‌سه‌رده‌شت عوسمانیان فڕاند و تیرۆرکرد..

نه‌ به‌یه‌ک په‌ره‌گراف و نه‌ به‌یه‌ک وشه‌ به‌یاننامه‌ی ناوبراو باسی ئازادی ڕاگه‌یاندن وتیرۆری عه‌قڵ ناکات و به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش ئاماژه‌ به‌زه‌رده‌شت عوسمان نادات وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێک،به‌ڵکو وه‌ک قوتابییه‌ک ده‌یناسێنێ. له‌کاتێکدا جه‌وهه‌رو ناوه‌ڕۆکی په‌یدابوونی ئه‌م پێکدانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدا فڕاندنی ڕۆژنامه‌نوس و تیرۆرکردنی ئازادی بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌کوردستاندا..


ئه‌مه‌ مه‌ترسیدارترین قۆناغی سیاسی ئه‌مڕۆمانه‌ که‌له‌سه‌رده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وبه‌ناوی به‌رگریکردن له‌ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌ل وحیزب هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌وهین ده‌به‌خشرێته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ مه‌رگی ڕۆژنامه‌نوسێک به‌دوای خۆیدا هێناویه‌تی و له‌ساده‌ترین داواکاری وپێناسه‌دا به‌رگریکردنه‌ له‌ سه‌قامگیری ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیان له‌ده‌سه‌ڵاتیک که‌ له‌سه‌ر بودجه‌و پارو وقوتی منداڵانی ئه‌م کوردستانه‌ زیاتر له‌چه‌ند هێزی کردۆته‌ بخۆربه‌گ له‌ژێرناو و ده‌زگای جیاواز جیاوازدا ..

ئه‌م بێ ئاگایی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک حیکایه‌ت و به‌سه‌رهاته‌که‌ی لویسی شانزه‌هه‌ممان بیردێنیته‌وه،کاتێک 14 ته‌موزی 1789 ڕق و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی فه‌ره‌نسا ‌په‌لاماری قه‌ڵای سه‌خت وزیندانی باستیلیان دا وقه‌ڵای باستیل که‌وته‌ ژێرده‌ست شۆڕشگێڕه‌کانی فه‌ره‌نسا‌ ،لویسی شانزه‌هه‌م له‌ڕاو و شکار ده‌بێت له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی دا بۆکۆشک له‌ده‌فته‌ری یاداشتی ڕۆژانه‌ی کۆشکی ڤێرسای ده‌نوسێت ئه‌مڕۆ هیچ شتێک له‌وڵات ڕووی نه‌داوه ، ده‌کرێت جه‌نابی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش له‌یاداشتی ڕۆژانه‌ی سه‌ری ڕه‌شدا ڕۆژی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان و هه‌فته‌ی که‌مپینی بێده‌نگ نابین بۆئازدی که‌له‌ناڕه‌زایه‌تیه‌کی به‌رفراونی چین وتوێژه‌کانی گه‌ل به‌ڕێکه‌وتوه‌، بنوسێت هیچ شتێک له‌کوردستان ڕووی نه‌داوه؟؟


له‌کاتێکدا ڕۆژنامه‌نوسێک له‌م هه‌رێمه‌دا له‌سه‌ر ڕاده‌ڕبڕین ونوسینی ووشه‌کانی له‌خوێنی خۆیدا سورکراوه‌ و به‌به‌یاننامه‌یه‌کیش به‌ هاوڕێکانی و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌م کامپینه‌ ده‌ڵێن ده‌ستی ده‌ره‌کی وئاشوب، بۆیه‌هه‌مووخه‌ڵک پێت ده‌ڵین جه‌نابی سه‌رۆک نابۆتیرۆر به‌ڵێ بۆئازادی سیاسی و بیروڕا ده‌ربڕین ..

تێبینی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ هاوڵاتی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌






 

           

 

24/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com