گۆڕان
 

  

حه‌مه‌ گۆپاڵه ‌



چه‌مکی گۆڕان مانایه‌کی فره ‌ڕه‌هه‌ندو جیاوازی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ گشتی واتای ئاڵووگۆری سیاسی، ئابوری،ڕۆشنبیری، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، ئاکاری .......هتد له سه‌رخان و بن خانی کۆمه‌ڵگادا ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ سه‌رجه‌م ‌پێکهاته‌و بنه‌ما سه‌رکی ونه‌گۆڕو ده‌ستلێنه‌دراوه‌کانی کۆمه‌ڵگادا، به ‌مانایه‌کی تر واتا سه‌ره‌ولێژکردن و هه‌ڵته‌کاندنی هه‌موو به‌هاکان و سه‌رله‌نوێ بونیاتنانه‌وه‌یان، ڕۆڵی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌ دروستبونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاو داڕشتنه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی به‌ به‌رده‌وامی، گۆڕان واتا کارکردن و نوێبونه‌وه‌ له کایه‌کانی ژیان و سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌مکانه‌ی کاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر مرۆڤ ، ده‌خاله‌ت ده‌کات له‌ سیسته‌می سیاسی ده‌وڵه‌ت و ‌هه‌موو کون و که‌له‌به‌رێکی ژیان و جارێکی تر ڕێکخستنه‌وه‌یان، گۆڕان هه‌موو بت و ڕه‌مزو سیمبول و سنوره‌کان تێکده‌شکێنێت ، وه‌ڵامه‌ بۆپرسیاره‌ نه‌کراوو قه‌ده‌غه‌ کراوه‌کان و سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیارانه‌ی تا ئێستا وه‌ڵام نه‌د‌راونه‌ته‌وه‌ یاخود ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می سیاسی بواری نه‌داوه‌ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌ .

گۆڕان له‌ ڕواڵه‌ت و هێزه‌ سیاسیه‌کان و ده‌م و چاوه‌کان و ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات به‌س نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانی ڕاسته‌قینه‌ ڕوبدات ، به‌ڵکو ئه‌بێت گۆڕانێکی شمولی و هه‌مه‌چه‌شنه‌ بێت، ڕۆڵ و کاریگه‌ری ته‌واوی هه‌بێت له‌ سه‌ر هه‌موو ده‌زگاکان و کۆمه‌ڵگاو سیسته‌می سیاسی، گۆڕان مانایه‌کی زۆر به‌رفراوانتر و فره‌ڕه‌هه‌ندترو زیاتری هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌وترێت و ئێستا پێ ی سپێردراوه‌ ، به‌ داخه‌وه‌ له‌ کاتی له‌ دایک بوونی هه‌ر گۆڕانێکیشدا هه‌میشه‌ دژه‌که‌ی که‌ ئه‌نتی گۆڕانه‌ له‌ دایک ده‌بێت تاوه‌کو به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م گۆڕاندا دروست بکات و به‌رده‌وامی به‌ ناکۆکی و ململانێ ی دژه‌کان بدات و سه‌رئه‌نجام گۆڕانی حه‌قیقی ڕوبدات، لێره‌دا زۆر جارحیزب، حکومه‌ت، ئاین، که‌لتورو داب و نه‌ریته‌ خراپه‌کان و ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌ ئازادی و دیموکراسی نیه‌ ڕۆڵی ئه‌نتی گۆڕان ده‌گێڕن ،له‌ به‌رئه‌وه‌ ئه‌و حیزب و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتالیتاریانه‌ی که‌وا ته‌نها خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هاو خاوه‌نی شه‌رعی گه‌له‌که‌یان ده‌زانن هه‌مان ڕۆڵی ئه‌نتی گۆڕان ده‌بینن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ڵگری ده‌یه‌هاو سه‌ده‌ها ده‌مامک و دروشمی ساخته‌و فشه‌ڵی ده‌ره‌کین ، ئه‌رکی ڕۆژانه‌شیان ئارایشت کردن و جوانکردنی کارئه‌کته‌ره‌ سیاسیه‌کان و دیواری ده‌وڵه‌ت و حیزبه‌ ناشیرینه‌که‌یانن،هه‌موو ئه‌م کارئه‌کته‌ره‌ سیاسی و فشه‌ڵانه‌ی که‌ باسم کرد حه‌سارێکیان بۆ خۆیان دروست ده‌که‌ن و هه‌میشه‌ ڕێگرن له‌وه‌ی ‌عه‌یامه‌کان به ‌چاوی خۆیان ناوحه‌ساره که‌‌ بیبینن، چونکه‌ له‌م حه‌ساره‌دا چه‌ندین مه‌رامی تایبه‌ت و شه‌ڕانگێزو خراپه‌کار خۆی حه‌شارداوه‌و لێواو لێویشه‌‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و درۆو پاشقول لێدان و گه‌مه‌ی خراپی سیاسی ، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر ناو حه‌ساره‌که‌ ببینن حه‌ساره‌که‌ به‌ سه‌ریاندا ده‌ڕوخێت ، مرۆڤه‌ فشه‌ڵ و گه‌نده‌ڵ و ته‌مبه‌ڵه‌کانی ناو ئه‌م حه‌ساره‌ هیچ کات ناتوانن گۆڕان بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌یان دروست بکه‌ن، چونکه له‌ خودی خۆیاندا گۆڕانیان دروست نه‌کردوه‌ تاوه‌کو بتوانن شۆڕشی گۆڕان بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌یان به‌رپا بکه‌ن، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر کاتێک هه‌ڵگرانی په‌یامی گۆڕان ده‌ستیان ده‌گاته‌ ‌ده‌سه‌ڵات نابێت وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی پێشوو فشه‌ڵ و پاڵی لێ به‌نه‌وه‌و وا بیربکه‌نه‌وه‌ که‌وا مه‌هامیان ته‌واو بوه‌، چونکه‌ ئه‌رکی قورس و گۆڕانی ڕاسته‌قینه‌ له‌م چرکه‌ ساته‌وه‌ خێرا تر ده‌بێت.

‌گۆڕان بێ به‌رده‌وامی و نوێ بونه‌وه‌ هیچ کاتێک ناتوانێت بژی ،هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌شه ‌ئه‌گه‌ر گۆڕانخوازانیش حه‌سارێکی هاوشێوه‌ بۆ خۆیان دروست بکه‌ن و ‌ته‌نها خۆشیان ناو حه‌ساره‌که‌ ببینن،چونکه‌ زۆر گرنگه‌ جه‌ماوه‌ر ئاگاداری ناو حه‌ساره‌که‌ بن و به‌رده‌وام بزانن چی له‌م حه‌ساره‌دا ڕوده‌دات، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌تریش ده‌که‌ن‌‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانخوازان ته‌نها خۆیان به‌ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌و دڵسۆزی گۆڕان و گه‌له‌که‌یان بزانن، چونکه گۆڕان له‌ هه‌موو شوێنێکدایه‌و وه‌ک کاتژمێرنابێت بۆ چرکه‌ساتێک پشو بدات ، ئه‌گه‌ر دوابکه‌وێت له کۆمه‌ڵگاو‌ مه‌هامی گۆڕان دورده‌که‌وێته‌وه‌،له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌رکی گۆڕان هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت ، هه‌میشه‌ له‌ ده‌ستپێک و نوێبونه‌وه‌دایه‌ و کۆتایی نابێت‌، به‌رده‌وام کار له‌ سه‌ر ڕابوردو ده‌کات له‌ پێناو داهاتویه‌کی باش، کار له‌سه‌ر تێکڕای مه‌سه‌له‌کان ده‌کات بێ فه‌رامۆشکردنی هیچ شتێک،له‌ دوای خۆی هیچ شتێک به‌ نه‌گۆڕاوی جێ ناهێڵێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ڕابوردو به‌ ئاسانی یه‌خه‌ی ئێستاو داهاتوو به‌رنادات و زۆرجار ئه‌رکی گۆڕانیش قورس ده‌کات و له‌ خێراییه‌که‌ی که‌م ده‌کاته‌وه‌، گۆڕان ڕونادات ئه‌گه‌ر سیمبول و گۆڕانخوازان و هه‌ڵگرانی په‌یامی گۆڕان‌ شۆڕشی به‌رده‌وام له‌ ناخی خۆیاندا دروست نه‌که‌ن و بێ ئه‌م شۆڕشه‌ش زه‌حمه‌ته‌ پرۆسه‌ی گۆڕان به‌رده‌وام بێت.
حه‌مه‌ گۆپاڵه‌


hamagopala@hotmail.com




 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com