چرای رۆژنامه‌نوسێ‌، كز ئه‌سووتێ‌
شیوه‌نێ‌ بۆ شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان

  

حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ




هه‌وری ئاســــمانــێ نووستــووه‌
دوكـــه‌ڵ لـه‌ ئــاگر تۆراوه‌
دایكی شـــارێ كۆست كــه‌وتـــــووه‌
دار چنارێ،
لــه‌خــۆوه‌ ڕا بـه‌لایا دێ
چـــرای رۆژنامه‌نوسێ‌
كـــــز ئــه‌سووتـــــێ
***
ئه‌ی هاوده‌می وشه‌و عه‌شقی ده‌م به‌ ئازار
ئه‌ی ڕۆح سپییه‌كه‌ی شاری بێ‌ ئامان و بێ‌ قه‌رار
ئه‌ی ئاواره‌ی نیشتمانێكی ئاواره‌
ئه‌ی لاوی ماندووی پیره‌ڕێ‌..
دڵنیابه‌!
چاوی عه‌شقی نه‌مری تۆ
له‌ ڕووباری خۆره‌تاوا نه‌بێ‌، هه‌رگیز نانووێ‌!
دڵنیابه‌ ئه‌ی هاوڕێی خه‌ڵوه‌تگای شه‌وانی به‌ر ئاگردان
به‌ خورپه‌و نركه‌ی ئه‌و مه‌رگه‌ ناكام و ناوه‌خته‌..
له‌ سینه‌ی ئاسمانی ته‌ختا
دڵی خواوه‌ندی وشه‌ ڕاوه‌ستا!
خۆری مه‌رگی پیرۆزت
خۆری قه‌ڵه‌می نه‌مرو به‌رزت
به‌رزتر له‌وانه‌ی تیرۆریان كردی
به‌رزتر له‌ حزب و سه‌ركرده‌و ده‌زگاكانیان
خۆری ته‌مه‌ن و ڕۆژانی به‌ هه‌ده‌ر چووت
خۆری هه‌ناسه‌ی شه‌وانی هێجگار درێژی
ده‌م شه‌ونخوونی و برسێتی و ئازار و ژانی
دایكه‌ ڕه‌شپۆشه‌كه‌ت
ده‌ردو حه‌سره‌تی مه‌رگی ناواده‌ی
سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ی برای جوانه‌مه‌رگت
كه‌ له‌ میانه‌ی دوو سێ‌ ساڵێكا
بوونه‌ دوو ئه‌ستێره‌ی ڕژاوی ئاسمانی شووم و
كه‌ده‌ری خۆری مه‌رگ و ئازادی و ئازایی
ئه‌ی ڕۆحی ماندوو:
هێی قه‌ڵه‌می زیندوو
ئه‌مێستاكه‌ له‌ پانۆرامای ژیانا
له‌سه‌ر بانیژه‌ی گه‌ردوون و
له‌ نێو بیلبیله‌ی فرمێسكاوی ئاسمانا
چاوی تۆ: عاشقێكه‌و ڕێی كاروانێكی له‌به‌ر بێ‌..
شۆڕه‌سوارێكه‌و بۆ ئاواره‌و برسی و ئازادیخواز
كه‌پرو ساباتی زێدو نیشتمانه‌ !
عاشقێكه‌و بۆ دڵداران
بۆ گه‌نجه‌ بێهیواكان
بۆ شاعیره‌ دڵته‌نگه‌ بێهه‌واره‌كان..
بۆ رۆژنامه‌نوسه‌ بوێره‌كان
هه‌میشه‌ ده‌رمان و هه‌تووانه‌!
له‌ پاش شه‌هیدبوونت
پرسه‌ی ژینه‌ له‌سه‌ر زه‌وی
خه‌زانێكه‌و
دره‌ختی موحیببه‌ت به‌ كوڵ ئه‌گری
خۆری ماته‌مینی گۆڕستان پاییزییه‌و
له‌ ده‌مكه‌لی وه‌رزه‌كانا
گه‌ڵای زه‌ردی ده‌م ڕێزانه‌
***
ئه‌ی ئاسمانی وشه‌و رسته‌ی ئازادی بۆ كوردستان
هه‌وێنی گشت هۆنراوه‌یه‌كی جوان
دڵی ماندووت بهه‌ژێنه‌
ئاسمان بگری و
جه‌ندرمه‌ی ده‌سه‌ڵات و حزبی چه‌رخی زه‌بوون
ئه‌هریمه‌ن و تارمایی پاییزی گه‌ردوون
به‌ نركه‌و ناڵه‌ی به‌هارییت بترسێنه‌!
+ ئه‌ی هه‌وره‌كه‌!
به‌رچاوی خۆر تاریك مه‌كه‌!
ببارێ‌و ده‌روونی ئه‌م ژینه‌ نوغرۆیه‌
به‌ زریانی چاوه‌كانت خاپوورتر كه‌..!
ئه‌ی هه‌وره‌كه‌ یان ببارێنه‌
بارانی ڕه‌حمه‌ت
یان ئه‌وه‌تا
ئه‌م وڵاته‌
هه‌رده‌م دیل و كۆته‌
وێرانتر كه‌! خاپوورتر كه‌!
+ده‌ی هه‌وره‌كه‌!
ده‌ی به‌ په‌له‌و زوو كه‌
تۆ بڕوانه‌: وا لێره‌ خه‌زانه‌
پرسه‌ی وشه‌ی ئازادی و نه‌به‌ردی
نوسه‌رێكی به‌ هه‌ڵوێست و قاره‌مانه‌
**
هاوڕێ و هاوكارو هاوبیری ئازادی
زۆر ئاسووده‌و دڵنیا به‌
خۆری وشه‌و .. خۆری وڵات
وڵاتی ئاواره‌و دزراو، وڵاتی بۆ ئازادی ماندوو
خۆری عه‌شق و ئازادی
له‌ پاش كۆچت
كۆچبه‌ره‌و ڕێبوارێكی فێگرتووه‌و
له‌ كه‌نار شه‌وه‌ بێهۆش و خامۆشه‌كانا
له‌به‌رده‌م مێزو كورسی به‌رپرسه‌ دزه‌كانا
له‌به‌رده‌م كورسی ئاسنینی جه‌للادا
زۆر دڵ ئازاو بوێرانه‌
میوانی سه‌رمه‌دیی مه‌رگ و سووتانه‌!

 


* ئه‌م قه‌سیده‌ خاكه‌ڕایه‌، پێشكه‌شه‌ به‌ گیان و رۆحی سپی كاكه‌ سه‌رده‌شت عوسمانی شه‌هید، كه‌ دوای شه‌هیدكردنی كاكه‌ سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ چووه‌ كاروانی شه‌هیدانی وشه‌و رۆژنامه‌وانی ئازاده‌وه‌، كه‌ بێگومان ئه‌م تیرۆره‌ چه‌په‌ڵه‌ دوا تیرۆرو كوشتنی وشه‌و ده‌نگی ئازاد نییه‌و كاكه‌ سه‌رده‌شتیش دوا رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رو ئازادیخوازو ده‌نگی بوێرو دلێر نابێت له‌ كوردستانی هه‌ناسه‌ساردا.. ئێمه‌ش هه‌موومان، ئه‌وانه‌ی وێژدانمان نافرۆشین و هه‌تاكو شه‌هیدبوون و كوشتنمان وه‌كو جۆردانۆ برۆنۆو ژان دارك و حه‌للاج و عه‌بدولخاق مه‌عروف و ...تاد. پرۆژه‌ین بۆ شه‌هید بوون و ده‌نگی ئازادیخوازو ئازادمان كپ نابێت و هه‌زاران و هه‌زاران سۆران و سه‌رده‌شتی شه‌هیدی زیندوو له‌م كوردستانه‌دا، به‌ قه‌ڵه‌م و وشه‌و ده‌نگ و هه‌ڵوێستمان به‌ره‌نگاری فیكری بۆگه‌نی و گه‌نده‌ڵی و كۆنه‌خوازی و پاوانخوازی و تیرۆخوازی ده‌بینه‌وه‌.. نه‌مری بۆ سۆران و سه‌رده‌شت..سه‌رشۆڕی و نه‌فره‌ت بۆ دوژمنانی ئازادی و دێمۆكراسی و شه‌فافییه‌ت و دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی.




 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com