ده‌شێ سیاسه‌ت لای دیكتاتۆره‌كان به‌وه بناسینه‌وه
كه شكڵێكی ستونی هه‌یه‌و له ئاسمانه، یان ده‌كرێ
بڵێین كه دیكتاتۆر سیاسه‌ت موتوربه‌ی ئاسمان ده‌كات.
ده‌یباته سه‌ر رووی هه‌موو شتێكی ئه‌م ئه‌رزه‌وه،
به جۆرێك كه هه‌ر خۆی بڕیاری سیاسی دهداتو
به‌شداری سیاسی لای ئه‌و، ئه‌و راوێژكارانه
ده‌گرێته‌وه كه هه‌میشه وه‌سفی سیاسه‌تی ئه‌و
دهكهنو شته ناشیرینه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی لێ
ده‌شارنه‌وه، لای دیكتاتۆر سیاسه‌ت له‌ژووری
سه‌رۆكه‌وه ده‌ست پێده‌كات‌و له هۆڵی مه‌كته‌بی
سیاسی‌و باره‌گای حكومهتهكهیو دامودهزگاكانیو
سه‌ركردایه‌تی یه‌كه‌دا ده‌وه‌ستێت.. ئه‌گه‌ر ئه‌مه
كرۆكی ناسینی سیاسه‌ت نه‌بێت لای دیكتاتۆر، به‌ڵام
مۆدێلی سیاسه‌ت لای ئێمه به‌م شێوه‌یه بووه
به‌ده‌ست هه‌موو رژێمه دیكتاتۆره‌كانه‌وه. به‌ڵام
دیموكراسی به‌م ره‌نگه نیه‌و سیاسه‌ت ئاسۆیی
نه‌خشه‌ی رێی خۆی وه‌رده‌گرێت، تاك مافی به‌شداری
سیاسی هه‌یه، له بڕیارداندا ئاگایی هه‌یه. چه‌مكی
هاوڵاتی جێگای ئه‌و حه‌شاماته ده‌گرێته‌وه كه
دیكتاتۆر له‌ده‌وری خۆی دهیانبینێتو چه‌پڵه‌رێزانی
ده‌كه‌ن، مه‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ده‌كه‌ن. ئه‌م هاوكێشه‌یه
بڕێكی هێجگار زۆر له‌ناو دێڕه‌كانی رۆمانی( غه‌زه‌ل
نووس‌و باغه‌كانی خه‌یاڵ) دا ده‌بینینه‌وه. ئه‌گه‌ر
غه‌زه‌ل نووس بهخهیڵ نه‌خشه سیاسیهكانو
ده‌سه‌ڵاتداره‌كانمان پێ بناسێنێت، ئه‌وا ئێمه
به‌واقیعی له‌ناو ئه‌م خه‌یاڵه‌دا ده‌ژین، یان ده‌كرێ
بڵێم غه‌زه‌ل نووس بهخهیڵ واقیعترین حكایه‌ت‌و
ژیان‌و دهسهڵاتو بوونی ئێمه ده‌گێڕێته‌وه. له‌م
رۆمانه‌دا هێزێكی هێجگار گه‌وره‌ی خه‌یڵ كه‌شف ده‌بێت
كه ده‌توانێت واقیع له جێگای خۆی بوهستێنێو یه‌ك
به‌یه‌ك ناشیرینه‌كانی له روودا بخاته روو.
ئێمه ناتوانین كه‌شفی ته‌واوی دنیابینی ئه‌م رۆمانه،
له وتارێكی وه‌ها كورتدا بكه‌ین، بۆیه هه‌ر زوو
ده‌ست به مه‌به‌ستێكی دیاری كراوه‌وه دهگرینو
ده‌یخه‌ینه روو: كه ئامانج له‌م ووتاره
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كه له‌قسه‌كردن له‌سه‌ر( حزب)و
ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردیدا. كه له‌م
رۆمانه‌دا قسه‌كردنێكی گه‌وره هه‌یه له‌سه‌ر حزب‌و
ره‌فتاره‌كانی، به‌هه‌ڵه‌دا ناچم ئه‌گه‌ر بڵێم( حزب)
دوور‌و نزیك له‌هیچ شوێنێكدا ئه‌م رۆمانه به‌جێ
ناهێڵێ، چونكه ئه‌م هه‌لومه‌رجه سیاسی‌و ئیداری‌و
كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی یه‌ی كه ئه‌م رۆمانه
مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌هۆی حزبه‌وه خوڵقاوه،
وه‌كو حزبی به‌عس له عێراق، دواتر ده‌سه‌ڵات
ده‌كه‌وێته ده‌ستی حزبی كوردی‌و له (1991) ه‌وه
له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌زمونه
ده‌ژین.
ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی حزب له‌دوای راپه‌ڕین، ئه‌زمونی
مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ لاشه، له‌گه‌ڵ جه‌نگه‌كانی،
به‌راده‌یه‌ك حزب لاشه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی تا سه‌ر
لێواری گۆڕ برد. ئه‌م كۆمه‌ڵگایه چه‌ندین جار له‌سه‌ر
لێواری مه‌رگ گه‌ڕایه‌وه. ده‌بێ ئێمه‌ی كادیرانی حزب
دانی پیا بنێین كه ده‌سه‌ڵاتی حزب برینه‌كانی نێو
كۆمه‌ڵگای كوردی زیاتر كردن. لاشه‌كان هه‌ر به‌نادیاری
مانه‌وه، وه لاشه‌ی وون بووی تر بێ گۆڕ‌و به
چاوه‌ڕوانیه‌كی هه‌تاهه‌تایی كه‌سوكاریان له نهێنیدا
مانه‌وه. حزب هه‌میشه حكایه‌تێكی ئاماده‌كراوی بۆ
خستنی لاشه پێ یه. ئه‌وه‌تا له غه‌زه‌ل نووس‌و
باغه‌كانی خه‌یاڵدا، ده‌ڵێ: " من له‌و ساڵانه‌دا
تێگه‌یشتم حیزب هه‌میشه لاشه‌یه‌كی هه‌یه
بیشارێته‌وه... حیزبه‌كانی ئه‌م شاره هه‌میشه
لاشه‌یه‌كیان هه‌یه بیشارنه‌وه" ( لا 518). به‌لام
ئێستا له ئهزمونێكو شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایه‌تی له
به‌رامبه‌ر حزبدا ده‌ژین، كه په‌یامێكی راسته‌وخۆی بۆ
حزبی كوردی ئاراسته ده‌كات به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر حزب
وێنه‌كانی خۆی، تێگه‌یشتنه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر
كۆمهڵگاو سیسته‌م نه‌گۆڕێت، له‌وانه‌یه پێچه‌وانه‌ی
هه‌موو چاوهڕوانیوپێشهاتهكان، ئه‌م جاره‌یان
لاشه‌یه‌ك نه‌مێنێته‌وه بۆ حزب‌و، حزب لاشه‌ی خۆی
بنێژێت. به‌رده‌وامی ئه‌م فه‌زا نا ته‌ندروسته
حزبیه‌و ئه‌م ده‌ره‌نجامه كوشندانه‌ی گهندهڵیو
كه‌لێنی نێوانی له‌گه‌ڵ كۆمهڵگاو ته‌قلیدی له
سیاسهتو به‌رنامه، زه‌نگی روونن بۆ كه‌وتنه
مه‌یدانی لاشه‌ی حزب. له(لا 515) جارێكی تر له
غهزهلنووسو باغه‌كانی خه‌یاڵدا ئه‌م مه‌ترسیه
ده‌خوێنینه‌وه كه ده‌ڵێ: " منیش رقم له حزبه،
قه‌سه‌م به‌خودا رقم له حیزبه... كه‌س نییه رقی له
حزب نه‌بێت، هی هیهی هی هه‌تا سه‌رۆكیش رقی له
حیزبه". ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه له حزب ده‌كه‌ن
له‌ده‌ره‌وه‌ی حزب نین، به‌ڵكو له‌ناوه‌وه‌ی حزبن.
ئه‌وانه‌ی حزب‌و حزبایه‌تیان ناشیرین كردووه،
دووژمنه‌كانی حزب نین.. به‌ڵكو خودی رۆڵه‌كانی حزبن
رۆژ به رۆژ حزب ناشیرین تر ده‌كه‌ن. ئه‌وه
به‌رپرسه‌كانی حزبی كوردین حزبایه‌تی راسته‌قینه‌یان
فه‌رامۆش كردووه، گورزیان له ته‌ندروستی حزب له‌ناو
پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگای كوردی داوه.
ئه‌مڕۆ حزب كێشه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی خۆی هه‌یه،
كێشه‌ی له‌ناو ماڵی خۆیدا هه‌یه، ئاڵوگۆڕی ئه‌م
دواییانه‌ی ناو هه‌ندێ حزب له كوردستان
گه‌واهیده‌رێكی ئاشكران. به‌كورتی ئێمه‌ی كادیرانی
حزبین رقمان له حزبه، تا ده‌گاته سه‌رۆك... رقی
ده‌ره‌وه‌ش له حزب سه‌رچاوه‌كه‌ی له رقهكهی
ئێمه‌وه‌یه، ئه‌و ناڕهزایهتیو رقه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ناو
كۆمه‌ڵگای كوردیدا به‌رامبه‌ر حزب‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی
هه‌یه، به‌شێكی زۆری له رقی ناوه‌وه‌ی خودی
حزبه‌كانه‌وه كۆمه‌ك ده‌كرێ.
بۆ ئه‌وه‌ی چیتر حزب له‌سه‌ر مێژووی خۆی كڕ
نهكهوێتو به‌دیار ناشیرین بوونی خۆیه‌وه كاڵه‌ك
نه‌شكێنێت، دنیای ئێستا ببینێت‌و خۆی له‌م
ته‌نگه‌ژانه‌ی ئێستا دووربخاته‌وه، ئه‌وا یه‌كێك له
ئه‌ركه گرنگه‌كانی خوێندنه‌وه‌یه‌كی راستگۆیانه‌ی
دیموكراسیانهیهتی بۆ رابردووی خۆی، هه‌ر حزبێك
نه‌توانێت ئاوڕێكی جددی له رابردووی خۆی بداته‌وه‌و
ئازایانه په‌نجه له‌سه‌ر ناشیرینی‌و
كه‌موكورتیه‌كانی خۆی دابنێت، بێگومان توانای ئه‌وه‌ی
نیه له ئێستا تێ بگات‌و هێزی مانه‌وه‌ی له‌داهاتوودا
لاوازه. ده‌مێكه ( نیچه) ده‌ڵێ: " مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی
بتوانێت بژی، ده‌بێت هێزی ئه‌وه‌ی هه‌بێت جار جار
رابردوو بشكێنێت‌و هه‌ڵیوه‌شێنێت.... به‌وه‌ی
راپێچیكاتهوه به‌رده‌م دادگا، بیخاته به‌ر
لێپرسینه‌وه‌ی توندی حوكم دانه‌وه، چونكه هیچ
رابردوویه‌ك نیه شایسته‌ی حوكمدان نه‌بێت". بڕێكی زۆر
له‌م حكایه‌ته‌ی رابردووی حزب له‌ناو غه‌زه‌ل نووس‌و
باغه‌كانی خه‌یاڵدا بۆن ده‌كه‌ین.
دوای راپه‌ڕین، حزب ماشێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌گه‌ڕ بۆ
ئه‌وه‌ی ته‌واوی پنته‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به‌حزبی
بكات، یه‌كێك له مه‌ترسیه گه‌وره‌كان ئه‌وه‌بوو كه
حزب به پلان‌و هێزه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی به‌رده‌ستی كاری
گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه ئابڕووی خۆی
تێكه‌ڵی ئابڕووی نه‌ته‌وه بكات، ئابڕووی كۆمه‌ڵگا
جودا نه‌بێ له ئابڕووی حزب، به‌ڕاده‌یه‌كی هێنده
ترسناك كه ده‌ست بردن بۆ ئابڕووی حزب واتای ئه‌وه
بگه‌یه‌نێت ده‌ستت بۆ ئابڕووی نه‌ته‌وه بردووه! حزب
تێكه‌ڵی هونهرهجوانهكانو كازیوه‌و مناڵان‌و
وهرزشو گۆرانی‌و به‌قاڵی‌و ژن‌و ژنخوازی‌و
ههڵپهڕكێو.........هتد، هه‌موو شتێك بووه. حزب
ئابڕووی خۆی له‌سه‌روی هه‌موو شتێك داناوه( به‌بێ
ئه‌وه‌ی پێمان بڵێ ئابڕووی حزب چیه؟) مه‌به‌ستمه
بڵێم جیاوازیه‌كی گه‌وره له نێوان ئابڕووی
نه‌ته‌وه‌و حزبدا هه‌یه، چونكه حزب وه‌سیله‌ی ده‌ست
نه‌ته‌وه‌یه، له‌وه بچووكتره خۆی هێنده
له‌نه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵگا به‌گه‌وره‌تر بزانێت. ئێمه
له‌ناو ئه‌م فه‌زایه ئه‌زموونی زۆرمان بینی كه
ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی حزبیان ده‌دا، ره‌خنه‌ی
ره‌فتاره‌كانی سه‌ركرده حزبیه‌كانیان ده‌كرد، چۆن
كراون به په‌ندو بێ دهسهڵاتو پله‌و بێ ناو
ماونه‌ته‌وه... ئه‌مه هاوكێشه‌یه‌كه ده‌بێ به‌ر
له‌هه‌موو شتێك خودی ئهندامانو سه‌ركرده‌كانی حزب
ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ن، له پێناو هیچ نا...؟ ته‌نها له
پێناو خودی حزب. كه حزبایه‌تی بگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر
پێناسه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی. چونكه كه‌م كه‌سمان
هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك نه‌بین كه دوای راپه‌ڕین
به‌شێوه‌یه‌كی ناسروشتی پرۆسه‌ی حزبایه‌تی ئه‌نجام
دراوه. له غه‌زه‌ل نووس‌و باغه‌كانی خه‌یاڵدا، وه‌كو
ئاوێنه‌یه‌ك راستی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه له (
لا ( 570) دا ده‌بینین كه ده‌ڵێ:" حیزب به‌لایه‌وه
گرنگه ئابڕووی كه‌س له ئابڕووی ئه‌و پاكتر نه‌بێت،
ئه‌مه قانونه، هه‌ر گه‌مژه‌یه‌ك، له‌م وڵاته‌دا
بژی‌و له‌مه تێنه‌گات ئیشی ئاڵۆز‌و كاری به گرێیه".
بێگومان ئاسان نیه كۆی وێنه‌كانی حزب له‌نێو ئه‌م
رۆمانه‌دا بۆ ناو ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته
بگوازینه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ وێنه‌ی گرنگ هه‌ن ده‌بێ
له‌سه‌ری بوه‌ستین، بۆ نمونه له (8) دا، بابه‌تێكی
هه‌ستیاری گرنگی ناو حزب ده‌بینین كه راشكاوانه
ده‌نوسێ:" چاخی زێڕینی فایل" روناكبیر به‌ختیار عه‌لی
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دۆسیهیهكمان ده‌خاته به‌رده‌م
بۆ ئه‌وه‌ی له بیرمان نه‌چێته‌وه، ئه‌ویش باس كردنی
ئه‌م شۆكه گه‌وره‌یه بوو كه به‌هۆی ئاشكرابوونی
فایلی هه‌ندێك له بهرپرسهكانو ئه‌وانه‌ی حزبین،
له‌دوای ساڵی(2003)دا كه به‌عس رووخا، بێگومان
ئاشكرابوونی فایله‌كان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی
به‌فه‌زای ناو حزبه‌وه هه‌یه، كه ناكرێ له مێژووی
خه‌باتی رزگاری نیشتمانیدا هه‌روا به سانایی شۆكێكی
له‌م شۆكه گه‌وره‌یه به‌سه‌ریدا تێبپه‌ڕین. بێگومان
پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته، واته ئه‌و حزبانه‌ی هیچ
یه‌كێك له‌نه‌وه‌كانی خاوه‌ن فایل نه‌بوون،
ئابڕوویه‌كی گه‌وره‌یان لهخوێنو ئاره‌ق رشتنی
خه‌باتیاندا سه‌ربه‌رزانه ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ش تارماییه‌كه له‌ناو دێڕه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌دا
له‌زۆر جێگادا دێته‌وه به‌رده‌ممان. وه‌ك چۆن قسه‌ی
زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه ماوه، به‌هه‌مان شێوه‌ش
ده‌شێ قسه‌ی زۆرمان له‌سه‌ر حزب مابێ، به‌ڵام لێًرهدا
هه‌ر هێنده له‌وتارێكدا ده‌رفه‌ت ده‌بێ.. له كۆتایدا
بۆ غه‌زه‌ل نووس‌و باغه‌كانی خه‌یڵ ماوه بڵێم كه"
به‌كۆمه‌كی ئه‌م غه‌زه‌لانه‌ی تۆ ده‌كرێت سنووری
نه‌خشه خه‌یاڵییه‌كه‌ی خۆم بێ ئه‌ندازه گه‌وره
بكه‌م". (لا 345).
|