میرییه دیكتاتۆرییه‌کان له ئیتالیا، ئیسپانیا و
ڕوسیه، وەها چاوتێبڕیی و شه‌یداییه‌کی فراوانیان له
ناو پارته ترسنۆك و كۆنه‌په‌رسته‌كان لە سەرتاسەری
جیهان هەڵدەخڕاندووە، که خەریکی ئەوەن "دێمۆكراسی" بە
جۆرێك داهێنان دەستەمۆ بکەن. به‌م پێیه ئێمه
ده‌بینین كه بوونه‌وه‌رانێك له ڕژێمه کۆنه‌كاندا-
كه به باشی له‌ته‌ك هونه‌ری شه‌ره‌نگێزانه‌ی
ڕامیاریدا خوویان گرتووه و لێپرسراوی سه‌ركوت و
كوشتوبڕێکن که به‌رامبه‌ر چینی كرێكاردا دێت –
سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و ( له‌وێوه كه
بوێرییان تێدا نییه) خۆیان به که‌سانی پێشكه‌وتوو
داده‌نێن و به‌ناوی ئازادییه‌وه له هه‌وڵی
ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داهاتووی نزیكدان. به‌م
ڕێوشوێنه‌وه ته‌نانه‌ت توانیویانه سه‌ركه‌وتوو بن.
نوکته‌یه‌کی خۆش، که لێره‌دا شایانی وتنه،
ڕه‌خنه‌گه‌لێكه كه ڕژێمه دیكتاتۆره‌كان له
دێمۆكراسی ده‌گرن. له‌بیرمه، ئه‌ناركیستێك به‌نێوی
هێرمان ساندۆمیرسكی (Hermann Sandomirski)، لایه‌نگری
بۆڵشه‌ڤیكی كه له كاتی كۆنفرانسی«جنێڤ»دا كه‌م و زۆر
په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو و هه‌نووكه ئه‌و له هه‌وڵی
ئه‌وه‌دایه، که لێنین و باكونین یه‌کبخات. له‌بیرمه
ساندۆمیرسكی پشتیوانی له ڕژێمی ڕوسیه ده‌کرد، كه
«كرۆپۆتكین»ی وه‌ده‌رنا، تاکو نیشانی بدات دێمۆكراسی
باشترین شێوه‌ی شیاوی وێناكردنی پێكهاته‌ی
كۆمه‌ڵایه‌تی نییه. شێوه‌ی ده‌ربڕینەکەی، وه‌ك ڕوسێك،
منی خسته بیركردنه‌وه‌وه و پێموایه پێموت وه‌ها
ده‌ربرێنێك، ده‌ربڕنی هه‌ندێك له هاوڕێكانییه‌تی،
كاتێك له وه‌ڵام به توڕه‌یی دونیای هاوچەرخ
به‌رامبه‌ر تزار، پێپه‌تیكردن، شه‌لاقلێدان و له
سێداره‌دانی ژنان، ده‌یانوت كه ئه‌گه‌ر پیاوان و ژنان
له‌ته‌ك یه‌ك یه‌كسان بن، كه‌واته ده‌بیت مل بە
لێپرسراوه‌تی یه‌كسانیش بده‌ن. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی
زیندان و سێداره، ته‌نیا كاتێك مافی ژنانیان له‌بیر
بوو، كه ده‌یتوانی بیانوویه‌ك بێت بۆ نادادوه‌رییه
تازه‌كان! له‌به‌ر ئه‌وه دیكتاتۆره‌كان ته‌نیا كاتێك
له‌ته‌ك میرییه دێمۆكراته‌كان نه‌یاری دەكه‌ن، كه
بۆیان ده‌ركه‌وێت جۆره میرییه‌ك هه‌یه، كه بۆ
كه‌سانێك كه به‌دوای به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ن،
كه‌شێكی فراوانتر بۆ چه‌وسانه‌وه و سه‌ركوت ئاوه‌ڵا
ده‌كات.
بۆ من هیچ گومانی تێدا نییه كه خراپترینی
دێمۆكراته‌كان له باشترینی دیكتاتۆره‌كان
باشترن(ئەمه ته‌نیا له روانگه‌ی ڕوانگەی
فێركارییەوە) . بە دڵنیاییەوە دێمۆكراسی، بەو جۆرەی
پێی دەوترێت میرایەتی گەل، درۆیه‌كه بۆ خۆی. به‌ڵام
ئه‌م درۆیه هه‌رده‌م هەم كه‌مێك درۆزنەکە پابه‌ند
دەکا و هه‌م سنووری ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتگه‌رانه‌شی
دیاری ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته پاگەندەی "خه‌ڵكی
فه‌رمانڕه‌وا" گاڵته‌جاریی فه‌رمانڕه‌وایه‌كە،
كۆیله‌یه‌ك به تاج و گۆچانی كاخه‌زینه‌وه.
به‌ڵام باوه‌ربوون به ئازادی تاك، ته‌نانه‌ت ئەو
كاتەش كه تاك ئازاد نییه، هه‌میشە له داننان به
كۆیله‌تی و ملدان به كۆیه‌له‌تی وه‌ك خۆگونجاندن و
ناچاری، باشتره.
دێمۆكراسی درۆیه‌كه، نادادوه‌رییه و له راستیدا
میرایەتی ده‌وڵه‌تمه‌ندانه، واته میرایه‌تی
کەمایه‌تییەك كه‌س له به‌رژه‌وه‌ندی چینی هه‌ڵبژارده
و به‌رته‌ر (ممتاز). به‌ڵام ئێمه هێشتاكه ده‌توانین
به‌نێوی ئازادی و یه‌كسانی له دژی خه‌بات بكه‌ین، به
پێچه‌وانه‌ی كه‌سانێكه‌وه كه ئه‌م ئامانجه‌یان به
شتگه‌لی خراپتر گۆڕیوه یا ده‌یانه‌وێت بگۆڕن.
ئێمه لایه‌نگری دێمۆكراته‌كان نین، یه‌كێك له هۆكانی
ئه‌وه‌یه كه دێمۆكراسی، زوو یا دره‌نگ، سه‌ری له
جه‌نگ و دیكتاتۆرییه‌وه ده‌رده‌چێت. ڕێك هەر به‌و
جۆره‌ی كه پشتیوانی دیكتاتۆری نین، یه‌كێك له
هۆیه‌كانیشی ئه‌وه‌یه كه دیكتاتۆری شه‌یدایی بۆ
دێمۆكراسی زیندوو ده‌كاته‌وه و پەرە بە گه‌رانه‌وه
بۆ دێمۆكراسی ده‌دات و به‌م جۆره ئه‌م خوله
زنجیره‌ییه ده‌كاته سوڕێكی بێبڕانه‌وه، كه تێیدا
كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی له نێوان میری سه‌ركوتگه‌رانه‌ی
بێبه‌زه‌یی و ئاشكرا و ئازادی درۆینه ئەمسەر و ئەوسەر
ده‌كات.
لەبەر ئەوە ئێمه جه‌نگی خۆمان دژی دیكتاتۆری و
دێمۆكراسی ڕاده‌گه‌یێنین. به‌ڵام ئێمه له‌بری ئه‌وه
چی پێشنیار ده‌كه‌ین؟
گشت دێمۆكراته‌كان له‌وه ناچن، كه له سه‌ره‌وه
ڕوونمان كرده‌وه - ڏدووڕوانێك كه كه‌م و زۆر ئه‌م
خاڵه ده‌زانن، كه به‌نێوی خه‌ڵكه‌وه ده‌یانه‌وێت
فه‌رمانڕوایی به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا بكه‌ن و به‌هره‌كێشییان
لێ بكه‌ن و بیان چه‌وسێننه‌وه.
كه‌سانێكی زۆر، به‌تایبه‌ت له ناو كۆماریخوازه
لاوه‌كاندا هه‌ن، كه باوه‌ڕێكی پته‌ویان به
دێمۆكراسی هه‌یه و به ئامرازێك بۆ به‌ده‌ستهێنان و
فراوانكردنه‌وه‌ی ئازادی ته‌واو و گشتگیر بۆ هه‌مووان
ده‌زانن. ئه‌وانه لاوانێكن، كه ده‌بێت له
هه‌ڵه‌بیركردنه‌وه ده‌ربازیان بكه‌ین،
ئاره‌زوومه‌ندیان بكه‌ین، كه فریوی
دابڕاوێك(abstraction)به‌نێوی "خه‌ڵك" نه‌خۆن، چونكه
لەتەك كه‌تواری ژیانی ژنان و پیاوان به هەموو
پێداویستییە جۆراوجۆره‌كانیان، هه‌ست و زۆرینه‌ی
ئاره‌زووه‌كانیان، ناكۆكە.
لێره‌دا مه‌به‌ستمان نییه ڕه‌خنه‌مان له شێوازی
پارله‌مانی و ته‌واوی ئامرازه هزریه‌كان بۆ
به‌هره‌مه‌ندبوون له نوێنه‌رانێك كه به ڕاستی
نوێنەرایەتی ویستی خه‌ڵك ده‌كه‌ن، دووباره‌ی
بكه‌ینه‌وه؛ ڕه‌خنه‌یه‌ك كه پاش په‌نجا ساڵ
پاگه‌نده‌ی ئه‌ناركیستی، سه‌ره‌نجام ته‌نانه‌ت له
لایه‌ن نووسه‌رانێكه‌وه كه زۆر حه‌زیان له
سووكایه‌تی به ئامانجه‌كانی ئێمه‌یان هه‌بوو،
پەسەندکراوە و دووباره ده‌كرێته‌وه.
ئێمه ته‌نیا ئه‌وه‌ندەمان بەسە، كه له دۆستانی
لاومان بخوازین، وردبیانەتر سوود له زمان وه‌ربگرن،
هەر ئه‌وه‌ندەی به‌م باوه‌ڕه‌وه، ده‌ربڕینەکانیان
سه‌رنج بدرێن، به‌خۆیان په‌ی به ئاوەزنەگیرییان
ده‌به‌ن.
"میرایه‌تی خه‌ڵكی" نه‌خیر، چونكه ئەو میرایه‌تییە
شتێك دەگرێتەوە كه هه‌رگیز ڕوو نادات، واته هاودڵی
سه‌راپای ویستی گشت كه‌سكانێکە، كه خه‌ڵك (گەل)ی
لێدروستده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر قسه له "میرایه‌تی زۆریه‌نی خه‌ڵكی" بكه‌ین
فره له راستییه‌وه نزیكتره. ئه‌مه به واتای
بوونی كه‌مایه‌تییه‌كه، كه له به‌رامبه‌ر ویستی
كه‌سانی تردا یا ده‌بێت یاخی بێت یا دەبێت ملکەچ بێت.
به‌ڵام هه‌رگیز به‌و جۆره نییه، كه نوێنه‌رانی
زۆرینه‌ی خه‌ڵكی له‌مه‌ڕ هه‌موو پرسه‌كان یەك بۆچوونی
یه‌كسانیان هه‌بێت؛ كه‌واته پێویسته دووباره
پێداچوونەوەی ئه‌و سیسته‌مەی زۆرینه‌یە بکه‌ینه‌وه و
به‌م پێیه به وتنی "میرایەتی زۆرینه‌ی
هه‌ڵبژێردراوان لەلایه‌ن هه‌ڵبژێره‌رانه‌وه" هێشتاكه
له ڕاستی نزیكتر ده‌بینه‌وه.
سەرەڕای ئه‌مه‌ش فرەتر له میرایەتی كه‌مایه‌تی
ده‌چێت.
كه‌واته ئه‌گه‌ر كه‌سێك بێت و شێوه‌یه‌ك كه
هه‌ڵبژاردنی پێ به‌رپا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی كه چۆن چۆنی
پارته ڕامیارییه‌كان و هاوپەیمانییە پارله‌مانییەکان
پێكدێن و ئه‌وه‌ی كه چۆن چۆنی یاساكان ڕێكده‌خرێن،
ده‌نگ به‌ده‌ستده‌هێنن و به‌كار دەبرێن شی بكاته‌وه،
تێگه‌ێشتنی ئه‌وه‌ی پێشتر به ئه‌زموونی گشتیی مێژوویی
سه‌لمێنراوه، ئاسان ده‌بێت: ئه‌و ئه‌زموونه، كه
ته‌نانه‌ت له دێمۆكراترین دێمۆكراسییه‌كاندا هه‌رده‌م
كه‌مایه‌تییه‌كی بچووك فه‌رمانڕوایه و ویست و
به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به زۆر ده‌سه‌پێنێت.
له‌به‌ر ئه‌وه كه‌سانیێك كه به راستی خوازیاری
"میرایەتی خه‌ڵكی"ن، به‌و واتایه‌ی كه هه‌ر كه‌س
بتوانێت پارێزگاری له ویست و بۆچوونەکانی بكات،
ده‌بێت مسۆگەری بكەن، كه هیچ كه‌سێك، كه‌مایه‌تییەك
یا زۆرایه‌تییەك، نه‌توانێت به‌سه‌ر كه‌سانی تردا
فه‌رمانڕوایی بكات: به ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌وان ده‌بێت
میرایەتی له‌ناو به‌رن، واته هه‌ر ڕێكخراوێكی
سه‌پێنراو لەنێوبەرن و به ڕێكخراوێكی ئازاد له
كه‌سانی هاوئامانج و به‌رژه‌وه‌ند هاوبه‌ش جێی
بگرنەوە.
زۆر ئاسان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌س وگروپێك له
گۆشه‌گیریی خۆیدا، به‌خۆی و به شێوازی خۆی ژیان بكات
و به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له جێی خۆیه‌وه و
پارێزگاری له پێداویستییه مادی و مۆڕاڵییه‌كانی خۆی
بكات.
به‌ڵام ئه‌مه له توانادا نییه و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت،
په‌سه‌ند نییه، چونكه به واتای داڕمانی مرۆڤایه‌تی
به‌ره‌و نامرۆڤایەتی و دڕه‌نده‌گه‌ری ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌وان بریار بده‌ن، كه پارێزگاری له
سه‌ربه‌خۆیی و ئازادییان بكه‌ن، به‌م پێیه ده‌بێت
هه‌ر تاك یا گروپێك په‌یوه‌ندییه هاوپشتییه‌كان كه
بۆ ئاساییشی مرۆڤایه‌تی پێویستن و پێكه‌وه
ده‌یانبه‌ستێته‌وه، ده‌رك بكه‌ن و هه‌ستی پڕ لە
هاوسۆزیی و هاودڵی و خۆشه‌ویستییان بۆ كه‌سانی تر
هه‌بێت و بزانن كه چۆن ئه‌م له‌خۆبردووییانه
هوشیارانه ئه‌نجام بده‌ن بۆ ژیان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا
كه زۆرترین سوودمەندی گونجاو بۆ هەمووان ده‌سه‌به‌ر
ده‌كات.
به‌ڵام بەر له هه‌ر شتێك ده‌بێت ئه‌م توانایه بۆ
هه‌ندێك له‌ناو ببرێت، تاكو خۆیان به زۆری فیزیكی
به‌سه‌ر زۆرینه‌دا نەسه‌پێنن و نەتوانن ببنە مشەخۆری
گیانی کەسانی تر.
دەبێت پۆلیس له‌ناوبه‌رین، كه‌سێك كه بۆ خزمه‌تی
سه‌ركوتگەری چه‌كداره و به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بووه
ده‌بێت ئێمه به ڕێكه‌وتنی ئازادانه بگه‌ین، له‌به‌ر
ئه‌وه به‌بێ وه‌ها ڕێكه‌وتنێك، چ ئازادانه و چ
سه‌پێنراو، ژیان له توانادا نییه.
به‌ڵام ته‌نانه‌ت ڕێكه‌وتنی ئازادانه هه‌رده‌م
زۆرترین باشی و گونجاوی بۆ كه‌سانێك ده‌بێت، كه
ئاماده‌یی هۆشی و هونه‌رییان هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه
ئێمه داوا لە دۆستانمان و كه‌سانێك كه به‌ڕاستی باشی
هه‌مووانیان ده‌وێت، دەکەین، كه پرسه هەرە
پێویستەكان تاوتوێ بكه‌ن، پرسگه‌لێك كه ڕێك لەو ڕۆژدا
كه خه‌ڵكی له‌ژێر چنگی چه‌وسانه‌وه ده‌رده‌چن، ڕێگه
چاره‌یه‌كی كرده‌یی و دەستبەجێیان گەرەکە.
١. ئەم وتارە یەکەم جار لە بڵاوکراوەکەی مالا‌تێستا
بیرکردنەوە و ویستن ( Pensiero e Volontà)دا لە مارچی
١٩٢٤دا بڵاکراوەتەوە. وەرگێرانە ئینگلیزییەکەی لەلایەن
(Gillian Fleming) لە (شۆڕشی ئەنارکیستی)دا لەلایەن
(Vernon Richards)وە ، لە چاپەمەنی ئازاد‌دا، ١٩٩٥
بڵاوکرایەوە.
ئەرشیڤی نووسەر:
http://dwardmac.pitzer.edu/anarchist_archives/malatesta/Malatestaarchive.html
|