مه‌سعوود محه‌ممه‌د (1919-2002)، بیریارێكی گه‌وره‌و
ئه‌دیبێكی بێوێنه‌و زانایه‌كی زمانه‌وانی زۆر به
توانابوو، وه‌ك بایه‌كی توند له وڵاتێكی
ڕۆژئاواییه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابێتی، یان له
سه‌ده‌كانی ڕابردووه‌وه له ئه‌نده‌لوس و قورتوبه‌وه
به سواری هه‌ورێك هاتبێت، چه‌ند ساڵێك لامان
مایه‌وه‌و ڕۆیشت، نه كه‌س زانی له‌كوێوه هات و نه
قه‌دری لێ‌گیراو نه دوای مردنیشی كه‌سێ دڵۆپێ
فرمێسكی بۆ ڕشت.. مه‌سعوود محه‌ممه‌د له گه‌وره‌ییدا
هیچی له بیریارانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر كه‌م نه‌بوو،
كورد پێش ئه‌و ده‌یتوانی به شاعیرانی وه‌ك
(مه‌وله‌وی، نالی، مه‌حوی، مه‌لای جزیری و خانیی)ه‌وه
شانازی بكات و له به‌رانبه‌ر (مه‌ولانا، سه‌عدی،
حافز، فیرده‌وسی، متنبی، معری...) دا دایانبنێت و، به
عه‌ره‌ب و فارس بڵێت: ئێمه‌ش خاوه‌نی هۆزانڤانی
ئه‌وتۆین كه هیچیان له‌وانه‌ی ئێوه كه‌متر نییه،
ده‌یشیتوانی به (كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و مه‌ولانا خالیدی
نه‌قشبه‌ندیی)ه‌وه خۆی هه‌ڵنێت و به (شێخی گه‌یلانی
و قوتی ره‌بانیی)ان بگرێت ، با كه‌م و زیادێكیش له
پله‌ی عیرفانیاندا هه‌بێت، له به‌رانبه‌ر (ئیبنو
كه‌سیر)دا به (ئیبنو خه‌له‌كان)ه‌وه ده‌چووه
مه‌یدان، له هه‌مبه‌ر ئیبنوئه‌سیردا شیری (ئیبنو
صه‌لاحی شاره‌زووری) هه‌ڵده‌كێشا، له به‌رانبه‌ر
(فه‌خری ڕازیی)دا ده‌یتوانی باسی (مه‌لای ئیبنو
ئاده‌م) بكات، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ناو میلله‌تانی تری
دونیای ئیسلام دا زانای وه‌ك (شه‌وكانی) و (شاتبی)
هه‌بوون, له ناو كوردیشدا (مه‌لای گه‌وره)و (مه‌لای
خه‌تێ) په‌یدابوون ..
وه‌لێ كه‌لێنێك هه‌بوو به هیچ یه‌ك له‌و زانایانه
پڕنه‌ده‌كرایه‌وه، ئه‌ویش كه‌له‌به‌ری فیكر‌و
فه‌لسه‌فه‌ی ڕووت(مجرد) بوو، خاڵێك هه‌یه زۆر گرنگه‌و
جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانه: به درێژایی میژوو له دوای
هاتنی ئیسلامه‌وه، میلله‌تانی مسوڵمان شتێكیان له
ده‌ره‌وه‌ی مه‌نزومه‌ی ئایینه‌وه له فه‌رهه‌نگ و
ڕۆشنبیری نه‌بووه، هه‌رچییه‌كیان هه‌بووه هه‌ر له
جوغزی دیندا ماوه‌ته‌وه، ئه‌مه به‌رده‌وام بوو تا
ڕێكه‌وتی ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له
بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له دوای ئه‌و ڕۆژه‌وه
ورده ورده به ته‌نیشت بیركردنه‌وه‌ی ئایینییه‌وه
تێڕوانینێكی بێ لایه‌ن _و هه‌ندێجار دژ به دینیش_
سه‌ری هه‌ڵدا، له‌و مێژووه‌وه تا ئه‌مڕۆ له‌ناو
گه‌لانی موسوڵماندا كه‌م و زۆر توێژه‌ری لێهاتوو و
زانای به توانا‌و بڕیاری گه‌وره گه‌وره په‌یدابوون.
شتێكیش هه‌یه نابێت چاو له ئاستیدا بنوقێنین: له
دوای ڕووخانی خه‌لافه‌تی عوسمانییه‌وه میلله‌تانی
ئیسلامی وه‌ك باخچه‌یه‌كی بێ په‌رژینیان لێ به‌سه‌ر
هات و به‌ر چنگی ڕه‌شی داگیركاری ڕۆژئاوایی كه‌وتن،
هێرشی كۆڵۆنیالیزم له‌گه‌ڵ خۆیدا ته‌وژمێكی فه‌رهه‌نگی
هێنا كه دوو سه‌ره بوو، له لایه‌كه‌وه چاوی
گه‌لانی موسوڵمانی به ڕووی دونییایه‌كی به‌رین و
كه‌له‌پورێكی ده‌وڵه‌مه‌نددا_ كه هی دوای ڕێنسانس و
ڕۆشنگه‌ری دونیای غه‌رب بوو_ كرده‌وه، له‌لایه‌كی
تریشه‌وه هێڵێكی كێشا‌و ئه‌و گه‌لانه‌ی گرده‌بڕ كرد
به دوو به‌شه‌وه‌و به‌سه‌ر دوو لایه‌نی تا سه‌ر
ئێسقان دژ به‌یه‌كدا دابه‌شی كردن. به‌ره‌یه‌ك هه‌رچی
شتی ڕۆژئاوایه: فه‌لسه‌فه، بیر، ئه‌ده‌ب، میژوو...
به قێزه‌ون ده‌زانی و به ماڵی كافران و بێ
باوه‌ڕانی له قه‌ڵه‌م ده‌دا، به‌ره‌یه‌كیش بانگه‌وازی
بۆ تووڕدانی هه‌رچی شتێكی خۆماڵی هه‌یه‌و تف كردن له
ڕابردووی خود ده‌كردو ده‌یویست مسوڵمانان له خواردن و
نۆشین و پۆشینیشدا شوێنپێی ڕۆژئاوا هه‌ڵبگرن، نوێنه‌ری
به‌ره‌ی یه‌كه‌م كه‌سانی وه‌ك (شێخ حه‌سه‌ن به‌ننای
میسر، ئه‌بو ئه‌علای مه‌ودوودی پاكستان و شێخ سه‌عیدی
نوورسی توركیا)و به‌دوای ئه‌وانیشدا بزاوته
ئیسلامییه‌كان بوون. هه‌رچی به‌ره‌ی دووه‌مه كه‌سانی
وه‌ك (قاسم ئه‌مین، سه‌لامه موسا‌و ته‌ها حسێن)
_هه‌موویان میسرین _ له ئاسته فیكرییه‌كه‌دا
كۆڵه‌كه‌كانی بوون و له ئاستی سیاسییشدا (مسته‌فا
كه‌مال ئه‌تاتورك) نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد ...
ئه‌وه‌ی له‌م مابه‌ینی ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا خه‌ریك
بوو ون ده‌بوو واقیعبینی و بێلایه‌نی بوو،
بێلایه‌نییه‌ك هاوڕێ بێت له‌گه‌ڵ ویژدان و ڕاستیویستی
دا. ئاخر زۆر ناڕه‌وایه هه‌رچی كه‌له‌پوری 1400
ساڵه‌ی ئیسلامه تفی لێبكرێت و بخرێته به‌ر نه‌فره‌ت،
هه‌روه‌ك بێویژدانیه چاو له‌و پێشكه‌وتنه گه‌وره‌ی
ڕۆژئاوا له هه‌موو كایه‌كاندا بنوقێنرێت، مرۆڤ هه‌ر
كه‌مێ بیری فراوان بكات، سنوره‌كانی ڕه‌گه‌ز (ئیتن)،
جوگرافیا‌و ئایین له به‌ر چاوی دا بچووك ده‌بنه‌وه.
تۆ كوردی یا بلوچ، فارسی یا عه‌ره‌ب، خه‌ڵكی به‌ڵقانی
یان دانیشتووی ئه‌مریكای لاتین، مسوڵمانیت یان جوو،
بووزیت یان هیندۆسی نابێت چوار چێوه‌یه‌كی وا
به‌ده‌وری خۆتدا بكێشیت له هاوڕه‌گه‌زو هاونیشتیمان و
هاوئایینه‌كانی خۆت به‌ولاوه چاوت كه‌س نه‌بینێت و
زمانت دانی خێر به‌كه‌سدا نه‌هێنێت، ئاخر ئێمه‌ی مرۆڤ
هه‌ر هه‌موومان خه‌ڵكی یه‌ك ماڵین، یه‌ك نیشتیمانی
بچووك له خۆیمان ده‌گرێت، هه‌ساره‌یه‌ك پێی ده‌وترێت
زه‌وی، كاتێك بۆ ساتێك چاو لێكده‌نێیت و بیر له‌و
فه‌زا به‌رینه‌ی ناوی گه‌ردوونه ده‌كه‌یته‌وه،
موچڕكێك به ته‌وقی سه‌رتدا دێت و له په‌نجه‌ی
پێته‌وه ده‌رده‌چێت. ئێمه‌ی مرۆڤ به خۆمان و
زه‌وییه‌كه‌مانه‌وه هێنده‌ی ده‌نكه نیسكێك نابین له
چاو ئه‌و هه‌موو ئه‌ستێره‌و نه‌یزه‌ك و كه‌هكه‌شان و
چوزانم چییانه‌ی كه به‌ده‌ورمانه‌وه‌ن. مرۆڤ تۆزێ
دوور بڕوانێت نه ڕقی له كه‌س ده‌بێته‌وه‌و نه كه‌س
به دووژمنی خۆی ده‌زانێت. دابه‌شكردنی دونیا بۆ ره‌ش
و سپی، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، باوه‌ڕدارو بێباوه‌ڕ
كارێكی نائه‌قڵانییه، له نێوان هه‌موو ئه‌وانه‌دا
هێڵێك هه‌یه به‌یه‌كیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، پێم
بڵێ (خه‌ییام) كافره یان مسولمَان؟ هه‌ڵبه‌ت له
دیدی توێژه‌رێكی ڕۆژئاواییه‌وه مسولمَانێكه ئاو لێڵ
ناكات، ئه‌و له وڵاتێكی ئیسلامی دا له‌دایكبووه‌و
به‌رهه‌می دایك و باوكێكی مسولمَانه، به‌ڵام له
تێڕوانینی سه‌له‌فییه‌كه‌وه مولحیدێكی بێدینی
بێڕه‌وشته‌و كاری ته‌نها باسكردنی شه‌راب و كچی جوان و
ڕه‌خنه له قه‌ده‌ر گرتن بووه، (سپینۆزا)
باوه‌ڕداره یان بێ باوه‌ڕ؟ ئه‌میش به بڕوای
مسوڵمانێكی ئوسوڵی جوله‌كه‌یه‌كه نه‌وعی نییه،
به‌ڵام ئه‌و له ناو قه‌ومه‌كه‌ی دا له‌سه‌ر بێباوه‌ڕی
به‌رانبه‌ر دینه‌كه‌ی خۆی، خه‌ریك بوو شار به‌ده‌ر
بكرێت..
له نێوان ئه‌و دوو ته‌وژمه‌ی له دونیای ئیسلامدا له
پاش نه‌مانی خه‌لافه‌تی عوسمانییه‌وه په‌یدابوون،
كۆمه‌ڵێك بیریار‌و نووسه‌ری گه‌وره ده‌ركه‌وتن، نه
له ژێر كاریگه‌ری به‌ره‌ی ئه‌ولادابوون و نه ته‌وژمی
ئه‌ملاش كێشی كردبوون، یه‌كێك له‌وان كه‌سانه (عه‌باس
مه‌حمود ئه‌لعه‌ققاد) بوو، ئه‌و بیریارێكی تا بڵێی قوڵ
و شاعیرێكی هه‌ست ناسك و ئه‌دیبێكی بێوێنه بوو،
هاوسه‌نگی له نێوان فه‌رهه‌نگی خۆماڵی و كه‌له‌پوری
بێگانه‌دا ڕاگرتبوو. من هه‌ركات بیر له مه‌سعوود
محه‌ممه‌د ده‌كه‌مه‌وه بێ ویستی خۆم (عه‌ققاد)م
وه‌فكر دێته‌وه.
مه‌سعوود محه‌ممه‌د كه‌سێكی شاره‌زای مێژووی ئیسلام
بوو، ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌ب و فارسی خوێندبووه‌وه، له
زانسته ئیسلامییه‌كانیش بێ ئاگا نه‌بوو. له هه‌مان
كاتدا له مێژووی ڕۆژئاوا‌و ئه‌ده‌ب و فیكری وانیش
خه‌به‌ردار بوو. بۆ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له باره‌ی
مه‌سعوود محه‌ممه‌ده‌وه بنوسێت ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌م
خاڵه بكات، به‌داخه‌وه دونیای ئێمه ئه‌مڕۆكه
سه‌رله‌به‌ر كراوه‌ته دوو به‌شه‌وه، كایه‌ی
ڕۆشنبیریمان: ڕۆژنامه، گۆڤار، ڕادیۆ، ته‌له‌فزیۆن،
سفره‌ی نان خواردنمان، هه‌ناسه‌دانمان، كۆخین و
پژمینمان.... هه‌ر هه‌موو مه‌حكومن به‌وه‌ی ئایا
ئیسلامین یان یان عه‌لمانی؟ دیندارن یان بێ‌دین...؟
هه‌روه‌ك چۆن ئایین كراوه‌ته ئایدۆلۆژیا، هه‌روا
عه‌لمانیه‌تیش كراوه‌ته باوه‌ڕو بتێكی لێ
داتاشراوه، ئێره شوێنی درێژه‌دان به‌م باسه نیه،
ئه‌وه‌نده‌م مه‌به‌سته بڵێم مه‌سعوود محه‌ممه‌د نه
ئه‌میان بوو نه ئه‌ویان، ئه‌و مرۆڤ بوو! ئاخر تاكی
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وه‌خته وه‌ك شیعره‌كه‌ی (أحمد مگر)ی
لێ به‌سه‌ر دێت كه ده‌ڵێت:
الفرد
فی أوگاننا
مواگن أو
سلگان
لیس لدینا
إنسان!
له وڵاتی ئێمه‌شدا مرۆڤ یان ده‌بێت ئه‌وبه‌ری بێت یان
ئه‌مبه‌ری! بۆ یه‌كێك به دوای گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی
مرۆڤی كورده‌وه بێت، پێویسته بیری مه‌سعوود
محه‌ممه‌د بكاته چرای ڕێگه‌و به‌رنامه‌ی كاری.
پێده‌چێت هه‌ندێك پێیان سه‌یر بێت من ئه‌وه‌نده
له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ڕۆیشتم، پێویسته بڵێم گه‌وره‌ترین
مه‌ترسی له‌به‌رده‌م جڤاتی كوردییدا ئه‌م دوو كه‌رت
بوونه‌یه، له هیچ یه‌ك له‌و كه‌سانه‌یشی پێیان
ده‌گوترێت ڕۆشنبیر نه‌مبیستووه‌و نه‌مخوێندووه‌ته‌وه
قسه‌یه‌كیان له‌م باره‌وه وتبێت و نووسیبێت، هه‌ر
هه‌موو وانیش له‌و گێژاوه‌دا ده‌خولێنه‌وه، كه‌سیان
له‌سه‌ره‌وه‌یه‌وه ته‌ماشای مه‌سه‌له‌كه ناكه‌ن ..
بۆ كه‌سێك بیه‌وێت له داهاتوودا توێژینه‌وه
له‌باره‌ی مه‌سعوود محه‌ممه‌ده‌وه بكات، سه‌رباری
ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه كه ده‌بێت له بیری نه‌كات،
چه‌ند خاڵێكی تریش زۆر گرنگه له‌به‌رچاو بگیرێن:
یه‌كه‌م: ژیانی مه‌سعوود محه‌ممه‌د وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی
تر، به چه‌ند قۆناغێكدا ڕۆیشتووه، به‌ڵام ژیانی
بیریارێك له زینده‌گی هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی جودایه،
بۆیه پێویسته به وردی هه‌ریه‌ك له‌و قۆناغانه
شیبكرێنه‌وه، به پێی چ پێوه‌رێك قۆناغبه‌ندی بۆ
ژیانی ده‌كه‌ین؟ گرنگترین وێستگه‌ی هه‌ر قۆناغێكی
ژیانی چییه؟ له كه‌یه‌وه ده‌ستپێده‌كات و كه‌ی
كۆتایی دێت؟ له‌و قۆناغه‌دا به چ كاریگه‌ر بووه
یاخود كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چی و كێ به‌جێهێشتووه؟
به‌رهه‌م و نووسینی له هه‌ر قۆناغێكدا كامه‌یه؟
دووه‌م: مه‌سعوود محه‌ممه‌د مرۆڤێكی مه‌وسوعه‌یی
بووه، به شایه‌دی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ده‌وروبه‌ریدا
ژیاون ئینسایكلۆپیدیایه‌ك بووه‌و له‌سه‌ر دوو پێ
ڕۆیشتووه، پێویست به شایه‌تیدانی كه‌سیش ناكات
نووسینه‌كانی باشترین به‌ڵگه‌ن.
له هونه‌ری ژیاننامه‌دا نوسیویه‌تی (بیۆگرافیاو ژیانی
كه‌سانی تر)، له بواری ئه‌ده‌ب دا توێژینه‌وه‌ی
هه‌یه، ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو نووسیویه‌تی،
له فیكر‌و فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌سپی خۆی تاو داوه،
ده‌رباره‌ی زمانه‌وانی (ڕه‌چه‌ڵه‌كی زمان و ڕێزمان)
چه‌ندین كتێبی هه‌یه، كه‌وابوو پێویسته به هاوبه‌شی
كار له‌سه‌ر مه‌سعوود محه‌ممه‌د بكرێت، لیژنه‌ی بۆ
پێكبهێنرێت، بۆ نموونه پسپۆرێكی زمانه‌وانی
توێژینه‌وه له‌باره‌ی به‌رهه‌مه
زمانه‌وانییه‌كانییه‌وه بكات، كه‌سێك خه‌ریكی بیر‌و
فه‌لسه‌فه‌یه به‌رهه‌مه فیكرییه‌كانی بگرێته
ئه‌ستۆو به‌و شێوه‌یه.
سێیه‌م: مه‌سعوود محه‌ممه‌د پێنج زمانی (كوردی،
عه‌ره‌بی، فارسی، ئینگلیزی و توركی) به باشی زانیوه،
لێ به دوو له‌و زمانانه (كوردی و عه‌ره‌بی) نووسینی
هه‌یه، هه‌ر كه‌س شاره‌زای زمانی نه‌بێت، كلیلی قوفڵی
نووسینی ئه‌وی نه‌دۆزیبێته‌وه، به ئاسانی له
به‌رهه‌مه‌كانی حاڵی نابێت، هه‌ر مرۆڤه‌و جۆره
نووسینێكی هه‌یه، تیایاندایه زمانی ئاسانه‌و هه‌یشه
قورس ده‌نووسێت، مه‌سعوود محه‌ممه‌د له جۆری
دووه‌میانه، وه‌لێ هه‌ركه شاره‌زای زمانی بوویت و
له‌گه‌ڵیدا ڕاهاتیت ئیتر ده‌بینیت ئاوی كانی چۆنه
ئاوا زوڵاڵه. خوێنه‌رێك به خوێندنه‌وه‌ی نووسینی
ئه‌و ڕاهاتبێت تا هه‌تایه ناتوانێت سه‌ر به ماڵی
هه‌موو نوسینێكدا بكات، ده‌توانم بڵێم زمانی ئه‌و زۆر
تایبه‌ته‌و ئه‌وه‌نده‌ی به كوردی خوێندبێتمه‌وه
كه‌سم نه‌دیوه نه‌ك وه‌ك ئه‌و نوسیبێتی، به‌ڵكو
له‌ویش نزیك بووبێته‌وه، ئه‌مه زیاده‌ڕۆیی نییه
ئیقراری حاڵه!
نووسینه عه‌ره‌بییه‌كانیشی هه‌ر وان، به‌نده له
ده‌رگای نووسینی زۆر نووسه‌ری گه‌وره‌ی عه‌ره‌بم
داوه، به‌ڵام هاوشێوه‌ی ئه‌و نین، ناڵێم ئه‌و له
هه‌موو كه‌س جوانتری نووسیوه، لێ ده‌ڵێم له كه‌س
ناچێت!
لێره‌شدا توێژینه‌وه ده‌رباره‌ی مه‌سعوود محه‌ممه‌د
داوای ئه‌وه له خوێنه‌ر ده‌كات، هه‌م كوردیزانێكی
فره باش بێت و هه‌م عه‌ره‌بیزانێكی زۆر به تواناش
بێت. جا كێ بێت ئه‌و كه‌سه؟ ئه‌و هه‌موو وه‌خته‌یشی
هه‌بێت و بۆ ئه‌م بواره ته‌رخانی بكات! به بڕوای من
ئه‌مه‌یش پێویستی به كاری ده‌سته جه‌معی هه‌یه.
وه‌ك كه‌سێك كه نزیكی ده ساڵه له‌گه‌ڵ كتێب و
نووسینه‌كانی ئه‌و زاته‌دا ده‌ژیم و تا ڕاده‌یه‌ك
ئاشنام به بیر‌و به‌رهه‌می، له خواره‌وه چه‌ند
سه‌ره قه‌ڵه‌مێك ته‌نها له باره‌ی قۆناغه‌كانی
ژیانییه‌وه ده‌خه‌مه ڕوو، به ئومێدی ئه‌وه‌ی له
داهاتوودا یارمه‌تی توێژه‌ری ئه‌م بوواره بده‌ن:
قۆناغه‌كانی ژیانی مه‌سعوود محه‌ممه‌د
پێم باشه به پێی ساڵ ئه‌و قۆناغبه‌ندییه بكرێت،
مه‌سعوود محه‌ممه‌د له ساڵی 1919 له‌دیكبووه‌و له
ساڵی 2002 كۆچی دوایی كردووه، هه‌شتاو سێ ساڵ
ژیاوه.
قۆناغی یه‌كه‌م (1919-1945):
واته له له‌دایكبوونیه‌وه تا ته‌واوكردنی خوێندنی
زانكۆ، پێویسته بگوترێت له‌و بیست و شه‌ش ساڵه‌دا،
مه‌سعوود زیاتر كارتێكراو بووه له‌وه‌ی كارتێكه‌ر
بێت، جارێ شه‌شی ساڵ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی منداڵ بووه‌و
نازی هه‌ڵگیراوه‌و هه‌رچی داوای كردبێت بۆی
ئاماده‌كراوه، به كورتی زارۆكێكی خوا پێداو بووه،
له ماڵێكی خانه‌دان و خاوه‌ن ده‌ستدا ژیاوه‌و
نه‌بوونی نه‌بینیوه‌و نه‌یزانیوه مانای چییه. تا
مردنیش ئه‌و ناز هه‌ڵگرتن و به‌قوربان بوونه
كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ری بووه، ئه‌و قه‌ت
نه‌یتوانیوه له ئاست ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داوایه‌كیدا
ئاسایی ڕه‌فتار بكات ، بۆیه چه‌ند جاریش كه سه‌دام
داوای یه‌كتربینینی لێكردووه نه‌ڕۆیشتووه، ئه‌و خۆی
ناسیوه‌و زانیویه‌تی ڕه‌نگه قسه‌یه‌كی سه‌ددام یان
داوایه‌كی كاری تێ بكات و تووڕه‌ی بكات و كه
ئه‌وه‌یش ڕوویدا مه‌گه‌ر هه‌ر خوا ئه‌و سری ڕوداوه‌كه
بزانێت، هه‌موو ئه‌وه‌یش كاریگه‌ریی سه‌رده‌می منداڵی
بووه له‌سه‌ر، به بڕوای (فرۆید) مرۆڤ به‌رهه‌می پێنج
ساڵی سه‌ره‌تای ژیانێتی!
دوای ئه‌وه قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی دێت، ئه‌و
ساڵێك به‌ر له واده‌ی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌جیبه‌ی خوشكیدا
چووه‌ته مه‌كته‌ب، هه‌رچه‌ند ته‌مه‌نی كه‌متر بووه
له‌وه‌ی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام وه‌ك گوێگر قبوڵ كراوه،
پاشان له‌به‌ر هۆیه‌ك وازی له مه‌كته‌ب هێناوه‌و ساڵی
داهاتوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه قوتابخانه.
دوای ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی بۆ خوێندنی
ناوه‌ندی چووه‌ته هه‌ولێرو له ماڵی مه‌لا ئه‌فه‌ندی
جێگیر بووه، له‌گه‌ڵ (عیزه‌ددین)ی كوڕی (مه‌لا
ئه‌فه‌ندی)دا بوونه‌ته دۆستی یه‌كتر، له‌م قۆناغه‌دا
مه‌سعوود كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی عیزه‌ددینه‌وه،
خۆی ده‌ڵێت كه ده‌مبینی ئه‌و كتێبی هه‌مه‌جۆری بۆ
ده‌هات و ده‌یخوێنده‌وه، منیش وتم بۆ ده‌ست به
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه نه‌كه‌م، تا بتوانین له‌و
باره‌یشه‌وه گفتوگۆ بكه‌ین (بگه‌ڕێوه بۆ گه‌شتی
ژیانم). هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی بارودۆخی ماڵی مه‌لا
ئه‌فه‌ندی له‌سه‌ر بووه: میوانی زۆر‌و ده‌موچاوی
تازه‌و...
دوا وێستگه‌ی ئه‌و قۆناغه، خوێندنی زانكۆیه، ئه‌و
دوای ئه‌وه‌ی ساڵێك له‌كۆتا قۆناغی خوێندنی
دواناوه‌ندی ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرێت، ساڵی
دووه‌م به‌باشی ده‌خوێنێت و له كۆلێژی حقوق (ماف) له
به‌غدا وه‌رده‌گیرێت.
له زانكۆش كه‌شوهه‌وای تازه، شاری تازه(به‌غدا)،
زمانی تازه(عه‌ره‌بی)، خوێندنی تازه (حقوق) ....
كاریگه‌رییان له‌سه‌ری ده‌بێت.
له‌وێ چاوی به ڕووی دونیایه‌كی به‌رینتردا
ده‌كرێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌یه وا ده‌كات دوای نزیكه‌ی
سی ساڵ كه جارێكی تر _ئه‌مجاره به ماڵه‌وه_ له
به‌غدا ده‌گیرسێته‌وه، زۆر به ئاسانی له‌گه‌ڵیدا
ڕادێت، دیاره خوێندنی زانكۆ‌و ئه‌و بارودۆخه‌ی تێیدا
به‌سه‌ری بردووه ناخۆش نه‌بووه. ڕووداوێكی زۆر گرنگ
له‌م قۆناغه‌دا ڕووده‌دات: مردنی باوكی كه خۆی به
گه‌وره‌ترین كۆست كه‌وتن له ژیانیدا ناوی ده‌بات، ڕێك
ساڵێك به‌ر له ته‌واوكردنی زانكۆ. توێژه‌ری داهاتوو
پێویسته زۆر به قوڵی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه بوه‌ستێت،
چونكه مه‌سعوود تاكو مردنیش باوكی به تاقه پێشه‌نگی
ژیانی ده‌زانی و خۆی له‌چاو ئه‌ودا پێ كه‌م بوو.
ده‌بێت مردنی باوكی چه‌ند قورس له‌سه‌ری وه‌ستابێت؟
به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یشمان له‌به‌رچاو بێت كه
ئه‌و میراتگری خێزانێكی گه‌وره‌ش بوو دوای باوكی!
قۆناغی دووه‌م: (1945-1971)
دوای ته‌واوكردنی زانكۆ، مه‌سعوود دێته‌وه كۆیه،
حه‌وت ساڵ (1945-1952) له خه‌ڵوه‌تێكی سۆفییانه‌دا
ده‌ژێت و بنه‌مای فیكر‌و جیهانبینی تێیدا ده‌ڕسكێت،
دوای ئه‌و حه‌وت ساڵه ورده ورده له ڕۆژنامه
عه‌ره‌بییه‌كاندا ده‌ست به بڵاوكردنه‌وه‌ی وتار
ده‌كات، هه‌رچی نووسینی هه‌یه به زمانی عه‌ره‌بی
ده‌ینووسێت، وه‌ك پارێزه‌ریش له سلێمانی ده‌ستبه‌كار
ده‌بێت. پاشان وه‌ك نوێنه‌ری شاری كۆیه‌و هه‌موو كورد
بۆ په‌رله‌مانی به‌غدا هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ره‌ی چه‌پ
ده‌ست به دژایه‌تیكردنی ده‌كه‌ن، له په‌رله‌ماندا
به هۆی هه‌ڵوێسته ده‌گمه‌ن و بوێرانه‌كانییه‌وه،
به تایبه‌ت دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكی 15 ئه‌ڵقه‌یی
ده‌رباره‌ی توتن(تبغ) و به‌رگریكردن له جوتیاران زۆر
زوو ده‌ناسرێت.
له‌و قۆناغه‌دا به دوو ناوی خوازراوی (هۆشیار) و
(واقیعی)یه‌وه نووسینه‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه ،
سه‌رنجی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێت،
كه‌سێكی وه‌ك (جمال ا‌لدین الالوسی) له ڕۆژنامه‌ی
(الحریه) نامه‌یه‌كی بۆ ده‌نووسێت و تێیدا ئیعجابی
خۆی به‌بابه‌ته‌كانی و به‌و زمانه‌ی پێی ده‌نووسێت
ده‌رده‌بڕێت، دوای شۆڕشی چوارده‌ی ته‌موزیش له‌گه‌ڵ
(عه‌بدولكه‌ریم قاسم)دا داده‌نیشێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و
پێشتر ده‌چێته ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراته‌وه.
له‌گه‌ڵ وه‌فدی كوردییدا ده‌چێته قاهیره، (جه‌مال
عه‌بدولناسر) ده‌بینێت. له ساڵی 1964_1965 له
حكومه‌تی (عه‌بدولسه‌لام عارف)دا ده‌بێته وه‌زیری
ده‌وڵه‌ت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی باكور. هه‌ریه‌ك له‌و
خاڵانه‌ی باسكران جێگه‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر كردنن، چ
لایه‌نی سیاسی چ لایه‌نی فیكری و چ نوسین.
قۆناغی سێیه‌م (19171_ 1980):
له‌م قۆناغه‌دا مه‌سعوود محه‌مه‌ممه‌د به یه‌كجاری
ماڵی ده‌هێنێته به‌غدا، سه‌ره‌تا له كۆڕی تازه
دامه‌زرێنراوی كورددا ده‌بێته ئه‌ندام و له‌گه‌ڵا
خوالێخۆشبووان عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، هه‌ژارو
شانبه‌شانی د.كه‌مال مه‌زهه‌ر له‌و كۆڕه‌دا سه‌رقالی
توێژینه‌وه‌و نووسین ده‌بێت. له ماوه‌ی چوار ساڵدا
(1972_1976) سێ به‌رگی (كتێبی حاجی قادری كۆیی) له
نزیكه‌ی هه‌زارو دوو سه‌د لاپه‌ڕه‌دا ده‌خاته
بازاڕه‌وه. هه‌روه‌ها كتێبه‌كانی ( چه‌پكێك له
گوڵزاری نالی، به‌رگی یه‌كه‌می مرۆڤ و ده‌وروبه‌رو
إعاده التوازن الی میزان مختل) ده‌نووسێت. سه‌رباری
كاری زۆری له كۆڕدا، له گۆڤاری كۆڕی زانیارییشدا
به‌رده‌وام وتار‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌بێت و سه‌رپه‌رشتی
ئه‌و لیژنه‌یه‌ش ده‌كات كه بۆ پێداچوونه‌وه‌ی زمان و
ڕێزمانی كوردی پێكهێنارابوو و چه‌ند په‌رتووكێكیش
ده‌رباره‌ی ڕێزمانی كوردی بڵاوده‌كاته‌وه، له‌وانه:
(وردبوونه‌وه له چه‌ند باسێكی ڕێزمانی كوردی، چه‌ند
حه‌شارگه‌یه‌كی ڕێزمانی كوردی و به‌ره‌و ڕاسته
شه‌قامی ئاخاوتنی كوردی).
قۆناغی چواره‌م (1980_1991):
له‌م قۆناغه‌دا مه‌سعوود محه‌ممه‌د له میدیای كوردی و
عه‌ره‌بییدا، وه‌ك بیریار‌و ئه‌دیبێكی كوردی و عێراقی
ده‌ناسرێت و هه‌موو لایه‌ك دانی پێدا ده‌نێن. له ساڵی
1984، له به‌رنامه‌ی (سیر وژكریات)دا كه خاتوو
(إبتسام عبدالله) پێشكه‌شی ده‌كرد، میوانداری ده‌كرێت،
له‌و به‌رنامه‌یه‌دا به بوێرییه‌كی بێوێنه‌وه باس
له وێستگه‌كانی ژیان و خه‌باتی ڕابردووی ده‌كات، به
عه‌ره‌بییه‌كیش ده‌په‌یڤێت عه‌ره‌ب پێش كورد سه‌رسام
ده‌كات. دوا به دوای ئه‌و چاوپێكه‌وتنه ناوی له
سه‌رتاسه‌ری عێراقدا وه‌ك چۆن ئاگر له كا به‌رده‌یت
بڵاوده‌بێته‌وه. سه‌ددام حوسێنیش له‌وان كه‌سانه‌یه
ئه‌و به‌رنامه‌یه ده‌بینێت و مه‌دهۆشی قسه‌كانی
ده‌بێت، سه‌ددام دوای ئه‌و كاته چوار جار‌و له ماوه‌ی
جیا جیادا داوای دیداری لێده‌كات، مه‌سعوود هه‌ر چوار
كه‌ڕه‌ت و به بیانووی جیاواز خۆی له‌و یه‌كتربینینه
ده‌دزێته‌وه.
هه‌ر له قۆناغه‌دا نووسین و وتار‌و چاوپێكه‌وتنی زۆری
به هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بڵاوده‌بێته‌وه.
(حمید المگبعی) له ڕۆژنامه‌ی (القادسیه)دا، به شه‌ش
به‌ش و له‌ژێر سه‌ره‌ناوی (الجژور)دا دیمانه‌یه‌كی
درێژی له‌گه‌ڵا سازده‌دات و دوایش له ساڵی 1988دا له
شێوه‌ی كتێبێكدا بڵاوده‌بێته‌وه. كۆمه‌ڵه وتارێكی
به ناوی (وجهه نڤر فی التفسیر البشری للتأریخ) له
ڕۆژنامه‌ی (العراق)دا به چه‌ند به‌شێك
بڵاوده‌بێته‌وه‌و دواییش ده‌بێته كتێب. به‌ر له‌ویش
نامیلكه‌ی (لسان الكرد) بڵاوده‌كاته‌وه، (من هموم
الحیاه) و به‌شی یه‌كه‌می (الإنسان و ماحوله)و دوو
به‌رگی (بیرویسترویكا غورباتشوف)و كتێبی (الی العڤیم
غورباتشوف)یش هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا ده‌نووسێت. به
زمانی كوردییش كتێبه‌كانی (بۆ ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور
له هه‌ر كوێیه‌ك بێت، به‌رگی دووه‌می مرۆڤ و
ده‌وروبه‌ر، حه‌مه ئاغای گه‌وره‌و زاراوه‌سازیی
پێوانه) بڵاوده‌كاته‌وه. له گۆڤاره‌كانی (كاروان)و
(ڕۆشنبیری نوێ)یشدا به‌رده‌وام ده‌نووسێت، له‌مه‌ی
دواییانداو له‌سه‌ر داوای (مصلح جه‌لالی) به زنجیره
ده‌رباره‌ی ژیانی خۆی ده‌نووسێت و دواییش
كۆده‌كرێته‌وه‌و به ناونیشانی (گه‌شتی ژیانم) له چاپ
ده‌درێت.
قۆناغی پێنجه‌م (1991_2002):
ده‌شێت ئه‌م قۆناغه‌یش دابه‌شبكرێت بۆ دوو به‌ش:
قۆناغی (1991_1999)و قۆناغی (1999_2002).
ئه‌م قۆناغه له دوو ڕووه‌وه بۆ مه‌سعوود محه‌ممه‌د
ناخۆشه، له لایه‌كه‌وه ته‌مه‌نی له حه‌فتا
هه‌ڵده‌كشێت و هه‌ستده‌كات به‌ره‌و پیری ده‌ڕوات،
هه‌موو مرۆڤێكیش كه ته‌مه‌نی به‌ره‌و سه‌ره‌وه چوو
بێتاقه‌ت ده‌بێت. له لایه‌كی تریشه‌وه _كه ئه‌میان
ناخۆشتره_ عێراق كه‌وته بارودۆخێكی زۆر دژواره‌وه،
برسێتی و گرانی و شه‌ڕ.... ڕاگه‌یاندن له كار كه‌وت،
ڕۆژنامه، گۆڤار، ته‌له‌فزیۆن هیچی له جێی خۆی دا
نه‌ما. به بڕوای من ئه‌گه‌ر عێراق ماوه‌یه‌كی تر
ئاوای لێنه‌قه‌ومایه‌و ڕه‌وتی ڕووناكبیری وڵات وه‌ك
هه‌شتاكان به‌رده‌وام بووایه، دوور نه‌بوو ئه‌ستێره‌ی
ناوبانگی مه‌سعوود محه‌ممه‌دیش سنووری عێراقی بڕیباو
له ئاسمانی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌ڵبهاتایه.
دوای ڕاپه‌ڕینی كوردان له ساڵی 1991 مه‌سعوود
نه‌هاته‌وه كوردستان و له به‌غدا مایه‌وه، له‌و
نامه‌و نووسینانه‌یه‌وه كه له‌و ماوه‌یه‌دا نووسیونی
ده‌رده‌كه‌وێت زۆر گۆشه‌گیر بووه‌و كاته‌كانی ته‌نها
به نووسین و خوێندنه‌وه‌وه به‌سه‌ر بردووه. مرۆڤ
چاوه‌ڕێ ده‌كات ئه‌و دوو گرفته: ته‌مه‌ن و سه‌ختی
بارودۆخ_ مه‌سعوود محه‌ممه‌دیان له كار خستبێت، كه‌چی
ده‌بینێت پڕ چالاكی ترین قۆناغی ژیانی، سه‌ره‌تاكانی
ئه‌م قۆناغه‌یه. ئه‌و هه‌رگیز پیری نه‌ناسیوه،
به‌رده‌وام له دوو ڕژنامه‌ی (العراق)و(القادسیه)دا
به زمانی عه‌ره‌بی گۆشه‌ی هه‌بوو_ ئای بۆ خێرخوازێك
ئه‌و گۆشانه كۆ بكاته‌وه‌و بیانگه‌یه‌نێته
ده‌ستمان!_، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام له‌گه‌ڵا دۆتانیدا،
به تایبه‌ت نووسه‌ره كوردكانی هه‌نده‌ران له
نامه‌گۆڕینه‌وه‌دا بووه.
هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا چه‌ند كتێبێكی نووسیوه،
له‌وانه: (په‌رژینی بێده‌نگی، ژیان و جیهانبینی،
ده‌سته‌و دامانی نالی، به‌رگی سێیه‌می مرۆڤ و
ده‌وروبه‌رو له په‌رۆشه‌كانی ژیان)، ئه‌مه‌ی دواییان
وه‌رگیڕانی (من هموم الحیاه)ه كه كتێبێكی خۆیه‌تی و
له هه‌شتاكاندا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه._ كه‌واته
ئه‌و له بوواری وه‌رگێرانیشدا قه‌ڵه‌می خستووه‌ته
گه‌ڕ، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بزانین پێشتر‌و له
هه‌شتاكاندا به‌رگی یه‌كه‌می (مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر)ی
كردووه‌ته عه‌ره‌بی و به ناونیشانی (الإنسان وما
حوله) بڵاوبووه‌ته‌وه_. له‌و قۆناغه‌دا به زمانی
عه‌ره‌بیش كتێبێكی به ناونیشانی (المجتمع البشری
لماژا یشبه مستشفی المجانین؟) نووسیوه‌و له چاپیش
دراوه. له‌گه‌ڵا ئه‌وانه‌یشدا هه‌ندێ نووسینی كه
خۆی له نامه‌كانیدا بۆ دۆستانی، ئاماژه‌ی پێداون،
دیار نین، له‌وانه له نامه‌یه‌كیدا بۆ (هه‌ڵۆ
به‌رزنجه‌یی) باسی كتێبێك ده‌كات كه به زمانی
عه‌ره‌بی ده‌رباره‌ی خۆی نووسیویه‌تی، (راهی مزهر)یش
له كتێبی (مسعود محمد ودوره السیاسی فی العراق)دا كه
نامه‌ی ماسته‌ره، له لیستی سه‌رچاوه‌كانیدا
نووسیویه‌تی: (مسعود محمد بقلم مسعود محمد_مخگوگ).
له ساڵی 1997ه‌وه مه‌سعوود ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌رێمی
كوردستان و له هه‌ولێری پایته‌خت ده‌گیرسێته‌وه،
ئه‌و وه‌خت هێشتا شه‌ڕی ناوخۆ كۆتایی پێنه‌هاتبوو،
ئه‌و دۆخه كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێیی خراپ له‌سه‌ر
ده‌روونی جێده‌هێڵێت.
له ساڵی 1999دا ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)، له ژماره‌ی
(یه‌ك)ی‌دا چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵا سازده‌كات و،
تیایدا مه‌سعوود محه‌ممه‌د ڕه‌خنه له سیاسه‌تی پارتی
و خودی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی ده‌گرێت و، گله‌یی
له‌و جیاوازییه به‌رچاوه‌ی نێوان كاره‌بای هه‌ولێرو
دهۆك ده‌كات و ده‌ڵێت بڕوانه به‌ری بادینان چراخانه‌و
هه‌ولێریش كاره‌بای نییه، ئه‌م بابه‌ته هه‌را
ده‌نێته‌وه‌و گرژیی له نێوان ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێرو
مه‌سعوود محه‌ممه‌ددا دێنێته ئاراوه. هه‌ندێك ده‌ڵێن
گوایه مه‌سعوود بارزانی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و
بابه‌ته داوا له مه‌سعوود محه‌ممه‌د ده‌كات له
ماوه‌ی 48 سه‌عاتدا هه‌ولێر جێبهێڵێت و بۆ كوێ
ده‌ڕوات بڕوات، ڕووداوه‌كه هه‌ر چۆن بووه
ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه مه‌سعوود محه‌ممه‌د ده‌چێته
سلێمانی و له‌وێ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی پێشوازی
لێده‌كه‌ن و خودی به‌ڕێز (جه‌لال تاڵه‌بانی) خه‌رجی
خواردن و نیشته‌جێبوونی له ئوتێل (ئاشتی) ده‌گرێته
ئه‌ستۆو، به‌رده‌وامیش به‌رپرسانی هه‌رێمی سه‌وزی
ئه‌وكات سه‌ردانی ده‌كه‌ن. زۆری پێناچێت له ناكاو
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ولێر. بنه‌ماڵه‌ی خۆی ئه‌م
ڕووداوه به هه‌ڵه له‌یه‌كترگه‌یشتن(سو‌و تفاهم)
لێكده‌ده‌نه‌وه‌و هۆكاره‌كه‌ی بۆ خراپی باری
ته‌ندرووستی مه‌سعوود محه‌ممه‌د ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌و،
ده‌ڵێن مه‌سعوود بارزانی زۆر ڕێزی لێیان ناوه.
به‌شبه‌حاڵی خۆم تا ئێستا نه‌گه‌یشتووم به ڕایه‌كی
ڕوون له‌و باره‌وه.
به گوێره‌ی قسه‌ی نزیكانی له ساڵی 1999ه‌وه تووشی
نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت كه خۆی به ئینفلۆنزا ناوی ده‌بات
و محه‌ممه‌دی كوڕیشی ده‌ڵێت (ئه‌ڵزهایمه‌ره)، له
ئه‌نجامی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه مه‌سعوود هیچی بیر
نامێنێت و تووشی واهیمه‌و هه‌ڵوه‌سه ده‌بێت.
كوڕه‌كه‌ی و بووكه‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كات كه گوایه
پلان بۆ كوشتن و خنكاندنی داده‌نێن، هه‌ر
به‌وانیشه‌وه ناوه‌ستێت و هه‌ر جاره‌ی به
كه‌سێكه‌وه ده‌یگرێت، یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌و
ماوه‌یه‌دا زۆر ڕقی لێده‌گرێت (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)ه.
زۆرێك له بیریار‌و فه‌یله‌سووفه‌كان له كۆتاییه‌كانی
ته‌مه‌نیاندا یان تێكچوون یان خۆیان كوشتووه،
ئه‌وه‌تا (شوپنهاوه‌ری) گه‌وره فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمان
به‌رده‌وام وای ده‌زانی كه‌سانێك به دوایه‌وه‌ن و
هه‌وڵی كوشتنی ده‌ده‌ن، مه‌سعوودیش ڕێك تووشی ئه‌م
ده‌رده ده‌بێت، به تایبه‌ت دوای تیرۆركرانی مه‌لا
جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی له ساڵی 2001دا. به‌ڕاستی ئه‌م
وێستگه‌یه‌ی ژیانی مه‌سعوود كاره‌ساتبارترینیانه.
توێژه‌ر ده‌بێت زۆر له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه بووه‌ستێت،
ئه‌ڵزایمه‌ر نه‌خۆشییه‌كه تیایدا مرۆڤ تووشی
له‌بیرچوونه‌وه‌و تێكچوون ده‌بێت و خانه‌كانی مێشكی
ده‌چنه‌وه سه‌ر یه‌ك و میشكی بچووكده‌بێته‌وه. ئه‌م
نه‌خۆشییه زۆر جار تووشی كه‌سانی به‌ناوبانگ ده‌بێت،
له‌وانه (ڕۆناڵد ڕیگان)ی سه‌رۆكی پێشووتری
ئه‌مه‌ریكا.
ئایا هه‌ر به ڕاست مه‌سعوود محه‌ممه‌د به نه‌خۆشی
ئه‌ڵزهایمه‌ر كۆچی دوایی كرد؟ پێویسته ئه‌م پرسیاره
ئاراسته‌ی ئه‌و پزیشكانه بكرێت كه چاوه‌دێری و
چاره‌سه‌ریان كردووه. ناكرێت ئه‌و خاڵه له
تاریكییدا بمێنێته‌وه. خۆی تا مرد ئه‌وه‌ی
نه‌یزانیوه ڕێك چ ڕۆژو مانگ و ساڵێك هاتووه‌ته دونیا
له‌سه‌ر دڵی گران بوو، نابێت ناڕوونی هۆكاری له دونیا
ده‌رچوونیشی ڕووحی ئازار بدات. سه‌یره میلله‌تێك
تاقانه بیریارێكی هه‌بێت، خاوه‌نی تاقه
فه‌یله‌سووفێك بێت، كه‌چی نه‌ك هه‌ر وه‌ختی مردنی سه‌ر
قه‌بره‌كه‌ی چۆڵا بێت، نه‌ك هه‌ر په‌یكه‌رێكی بۆ
درووستنه‌كرێت، نه‌ك هه‌ر شه‌قامێك، گه‌ڕه‌كێك،
قوتابخانه‌یه‌كی به ناوه‌وه نه‌كرێت، نه‌ك هه‌ر
بره‌و به بیر‌و نووسینه‌كانی نه‌درێت، بگره دوای
ئه‌وه‌نده ساڵه له مردنی هێشتا هۆكاری مه‌رگیشی به
ته‌واوی لای كه‌س ڕوون نه‌بێت! ڕه‌نگه به لای
خوێنه‌ره‌وه سه‌یر بێت هێنده له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه
ده‌ڕۆم، میلله‌تانی دونیا ورد‌و درشتی ژیانی گه‌وره
زانا‌و بیریارانیان ده‌پارێزن، به نموونه كه‌سێكی
وه‌ك (گۆته)ی ئه‌ڵمانی، گشت ڕۆژه‌كانی ژیانی
نووسراونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌ره‌قه‌ی ئاو‌و كاره‌با،
كارتی خواستن(ئیستیعاره‌كردن)ی ئه‌و كتێبانه‌یشی وا
خوێندوویانێتیه‌وه هه‌ر هه‌موو پارێزراون. كه‌چی لای
ئێمه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له ده‌ست دێت ساڵانه له
سووچێكی ڕۆژنامه‌یه‌كدا لاواندنه‌وه‌یه‌ك
بنووسین_ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بینووسین!_ یان دووباره‌و
هه‌زار باره یادگارییه‌كمان له‌گه‌ڵیدا بگێرینه‌وه‌و
خۆمانی پێوه هه‌ڵنێین كه دۆستی مه‌سعوود محه‌ممه‌د
بووین. ئایا دوای هه‌شت ساڵا له كۆچی دوایی ئه‌و
مرۆڤه، كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ده‌ست به توێژینه‌وه
ده‌رباره‌ی بیر‌و به‌رهه‌م و وێستگه‌كانی ژیانی بكه‌ین؟
كێن ئه‌وانه‌ی خۆیان به ڕۆشنبیری نمره یه‌كی ئه‌م
وڵاته ده‌زانن با بێنه مه‌یدان و ماوه‌یه‌ك ده‌ست
له یه‌خه‌ی (كانت) و (هیگڵ) به‌رده‌ن، ساتێك واز له
(فۆكۆ)و (درێدا) بێنن و، ئاوڕێك له بیری ڕه‌سه‌نی
(مه‌سعوود محه‌ممه‌د) بده‌نه‌وه!
* سه‌رچاوه‌كان
بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته كه‌م تا زۆر گه‌ڕاومه‌ته‌وه
سه‌ر ئه‌م ژێده‌رانه‌ی له خواره‌وه ناویان هاتووه:
كتێبه‌كانی مه‌سعوود محه‌ممه‌د
1. حاجی قادری كۆیی، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد .
به‌رگی یه‌كه‌م ساڵی1973، به‌رگی دووه‌م ساڵی 1974،
به‌رگی سێیه‌م ساڵی 1976
2. چه‌پكێك له گوڵزاری نالی، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری
كورد 1974 .
3. مرۆڤ و ده‌ورووبه‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م 1976، دووه‌م
1984، سێیه‌م 1999.
4. گه‌شتی ژیانم 1992 سوید .
5. ژیان و جیهانبینی 1997 ده‌زگای چاپ و په‌خشی
سه‌رده‌م.
6. إعاده التوازن الی میزان مختل 1977، المجمع العلمی
الكردی.
7. وجهه نڤر فی التفسیر البشری للتأریخ 1985، مكتبه
علا‌و.
8. لسان الكرد 1978 دار الحوادپ .
9. المجتمع البشری لماژا یشبه مستشفی المجانین 1999،
دار اراس، اربیل.
كتێب و بڵاوكراوه‌ی تر:
10. موسوعه المفكرین واڵادبا‌و العراقیین، حمید
المگبعی، دار الشۆون الپقافیه العامه، بغداد 1987.
11. مسعود محمد ودوره السیاسی فی العراق، راهی مزهر
العامری. بغداد، 2008.
12. مه‌سعود محه‌ممه‌دو دوو دیداری دۆستانه، حسێن
محه‌ممه‌د عه‌زیز، چاپخانه‌ی كوردستان/سلێمانی، 2002 .
13. مه‌سعوود محه‌ممه‌دو ڕۆڵی له بزووتنه‌وه‌ی
ڕۆشنبیریی كوردییدا، لوقمان محه‌ممه‌د
قادر(ده‌ستنووس).
14. نامه‌كانی مه‌سعوود محه‌ممه‌د، حه‌كیم كاكه‌وه‌یس،
چاپكراوه‌كانی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی ڕشنبیری ڕامان
ژماره (1)، 2006.
15. گۆڤاری (ڕاز)، ژماره (3)، دیداری محه‌ممه‌د
مه‌سعوود محه‌ممه‌د.
16. ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ژماره‌كانی (519_521)،
27/4/2009_ 29/4/2009. تێبینییه‌ك له باره‌ی مه‌سعوود
محه‌ممه‌ده‌وه، ن: محه‌ممه‌د مه‌سعوود محه‌ممه‌د.
17. مێژووی بیری كوردی، فازڵا كه‌ریم ئه‌حمه‌د، له
بڵاوكراوه‌كانی مه‌كته‌بی بیر‌و هوشیاری (ی.ن.ك)، 2005.
18. سایتی مامۆستا، نامه‌كانی بۆ هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی.
• تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (2)ی گۆڤاری
(هاوچه‌رخ) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
• ئیمه‌یلی نووسه‌ر:
Hemnxurshid79@gmail.com
|