سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان
دژی ئازادیی رۆژنامه‌نوسییه‌!

  

هێرش ره‌سوڵ



تاكو ئه‌وكاته‌ی نه‌مزانیبو، كه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كگرتوی ئیسلامی، سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانیشه‌، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م ئه‌وه‌نده‌ لا قورس نه‌بو، كه‌ ئه‌و حزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسییه‌ به‌یاننامه‌ له‌سه‌ر گۆڤاری "وێران"‌و نوسه‌ری شیعرێك ده‌ربكات‌و به‌"وێرانكردنی باری ئه‌خلاقی" وه‌سفی بكات!
به‌ڵێ، به‌داخه‌وه‌، حامد محه‌مه‌د عه‌لی، لێپرسراوه‌ ئیعلامیه‌كه‌ی یه‌كگرتو، سكرتێری سه‌ندیكایه‌كی رۆژنامه‌نوسانیشه‌، ئه‌و سه‌ندیكایه‌ی "چه‌سپاندنی ئازادیی رۆژنامه‌نوسی" كردۆته‌ دروشمی سه‌ره‌كیی خۆی. ئه‌و سه‌ندیكایه‌ی له‌زۆربه‌ی بۆنه‌كاندا، كاتێك باسی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان ژماره‌ 35ی ساڵی 2007 ده‌كرێت، به‌"هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ بۆ ئازادیی راده‌بڕین‌و رۆژنامه‌نوسی" ناویده‌بات!
له‌وه‌یش سه‌یرتر له‌ژماره‌ی دوێنێی "هاوڵاتی"دا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی دو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنه‌كه‌یان نه‌بون، حامد محه‌مه‌د عه‌لی جه‌خت له‌سه‌ر هه‌قبونی خۆی ده‌كاته‌وه‌‌و له‌ده‌ركردنی به‌یاننامه‌كه‌یشدا "په‌شیمان" نیه‌.
جگه‌له‌مانه‌یش، هه‌ر جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، ناوبراو داڕێژه‌ری ره‌شنوسی پرۆژه‌ی به‌ڵێننامه‌ی شه‌ره‌فی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانه‌، كه‌ له‌كۆتاییه‌كه‌یدا هاتوه‌: "له‌پێناو رۆژنامه‌گه‌رییه‌كی ئازاد...". ئاخۆ ده‌بێت به‌مجۆره‌ له‌ئێتیكی كاری رۆژنامه‌نوسی گه‌یشتبێت‌و به‌فاكته‌رێكی بزانێت بۆ فراوانكردنی پانتاییه‌كانی ئازادیی راده‌ربڕین‌و رۆژنامه‌نوسی؟
له‌لایه‌كیتره‌وه‌، جێی نیگه‌رانیشه‌ لیژنه‌ی داكۆكی له‌ئازادیی رۆژنامه‌نوسی‌و مافی رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ندیكا، له‌به‌یاننامه‌كه‌یدا كه‌ رۆژی 1ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌رۆشنی باسی یه‌كگرتوی ئیسلامی نه‌كردوه‌ كه‌ له‌ته‌ك مه‌لاكاندا دژی گۆڤاری "وێران" وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، ته‌نها وتویه‌تی "چه‌ند كه‌س‌و لایه‌نی سیاسی"، ئه‌مه‌یش ره‌نگه‌ ته‌نها موراعاتكردنێكی سكرتێری سه‌ندیكاكه‌یان بێت، ئه‌گینا ئه‌و شه‌رمه‌ی بۆ چییه‌، بۆ ناوتان نه‌هێناوه‌؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردودا، زۆر له‌و باره‌یه‌وه‌ وترا‌و نوسرا، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌ بیر "داكۆكیكاره‌كه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌نوسانی وڵاته‌كه‌م"! ده‌هێنمه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌"وێران"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ده‌بی ئیرۆتیكه‌، نه‌ك سێكس‌و ئیباحیه‌ت، شیعره‌، نه‌ك سوكایه‌تیكردن به‌كه‌سێتییه‌ ئاینییه‌كان، خه‌یاڵ‌و فه‌نتازیایه‌، نه‌ك پێشێلكردنی پره‌نسیپه‌كانی ئێتیك‌و یاسای رۆژنامه‌نوسی!!


هێرش ره‌سوڵ


 

           

 

06/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com