به‌سه‌، ئه‌م خوێنڕشتنه‌ راگرن

  

هێرش ره‌سوڵ



ئه‌گه‌رچی نزیكه‌ی چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ 21/1 دوای هه‌ڕه‌شه‌لێكردنی، رایگه‌یاندبو "یه‌كه‌م زه‌نگی كوشتنم لێیدا"، به‌ڵام ته‌نها 12 رۆژ دوای یادی 112 ساڵه‌ی رۆژنامه‌نوسیی كوردی‌و 24 سه‌عات دوای رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامه‌نوسی، به‌به‌رچاوی پۆلیس‌و پرسگه‌ی زانكۆوه‌، له‌به‌رده‌م كۆلێژی ئادابدا، سه‌رده‌شت عوسمان-ی ته‌مه‌ن 23 ساڵ، خوێندكاری دوا قۆناغی به‌شی ئینگیزیی كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، رفێنرا‌و دوای دو رۆژ ته‌رمه‌كه‌ی له‌شاری موسڵ دۆزرایه‌وه‌، وه‌ك له‌ته‌رمه‌كه‌شیدا ده‌ركه‌وتوه‌ گولله‌كان نراونه‌ته‌ سه‌ر‌و ده‌میه‌وه‌.
سه‌ره‌تا ده‌بێ خۆمان له‌و راستییه‌ نه‌شارینه‌وه‌، راپێچكردنی خوێندكار‌و رۆژنامه‌نوسێك له‌ناو پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان‌و له‌دامه‌زراوه‌یه‌كی زانستیدا‌و، رفاندنی بۆ ناوچه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم‌و دواتر تێرۆركردنی مایه‌ی پرسیار‌و سه‌رسوڕمانی زۆره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ له‌توانای كه‌س‌و گروپی بچوكدا نیه‌، به‌ڵكو وزه‌ی زۆر‌و ره‌خسانی زه‌مینه‌ی گه‌وره‌ی ده‌وێت! ئاخر ده‌بێ چ هێزێك بتوانێت له‌پایته‌خت، به‌رۆژی روناك، ئاوا چاوقایمانه‌ به‌به‌رچاوی خه‌ڵك‌و خوێندكار‌و پۆلیسه‌وه‌ كه‌سێك بڕفێنێت‌و، له‌و هه‌مو بازگه‌ توندانه‌ی هه‌ولێر‌و ده‌وروبه‌ری ده‌ربازی بكات‌و بیگه‌یه‌نێته‌ موسڵ؟!
روداوه‌كه‌، هه‌مومانی له‌ناخه‌وه‌ هه‌ژاند، به‌تایبه‌ت شێوازی كوشتنه‌كه‌ی، كه‌ به‌ئاشكرا پێمانده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی ده‌می بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ چاره‌نوسیه‌تی"! ئه‌مه‌یش كلتوری ده‌مكوتكردن‌و بێده‌نگكردن‌و زمانبڕینمان پیشانده‌دات، كه‌ كاری ئاسایی رژێمه‌ دیكتاتۆر‌و تۆتالیتاره‌كانه‌ له‌دنیادا.
جێی نیگه‌رانییه‌كی قوڵه‌، كوشتن‌و رفاندن‌و ئازاردان‌و شاربه‌رده‌ركردن‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌رۆژنامه‌نوسان له‌حاڵه‌ت ده‌رچوه‌‌و خه‌ریكه‌ ببێته‌ دیارده‌. چونكه‌ بینیمان هه‌ڕه‌شه‌كردن‌و ئازاردان‌و رفاندنی رۆژنامه‌نووسان چوه‌ته‌ قۆناغێكی ترسناكه‌وه‌، ئیتر ناكرێت چیتر قبوڵ بكرێت.
لێره‌دا هه‌مومان هه‌قی خۆمانه‌ بپرسین، ئاخۆ ئه‌وه‌ی كاكه‌ سه‌رده‌شت-ی جوانه‌مه‌رگ وتویه‌تی، یان نوسیویه‌تی، ده‌بێ ته‌نها شایانی مه‌رگ‌و كوشتن بێت؟ ئه‌ی دادگا‌و یاسامان بۆ چییه‌؟ ئه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان ژماره‌ 35ی ساڵی 2007مان بۆ چییه‌؟ ئه‌ی پارله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند‌و سه‌رۆكی هه‌رێم ئیمزای نه‌كردوه‌؟! بۆ كار به‌وه‌ ناكرێت‌و په‌نا بۆ رێگای مه‌رگ‌و گولله‌ ده‌بردرێت؟
ئاخر هێشتا بكوژانی د. عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف‌و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌‌و ئازارده‌رانی قوربانییه‌كانی دیكه‌ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌!‌و نه‌دراونه‌ته‌ دادگا، هێشتا "سه‌روه‌ریی" یاساكه‌ی هه‌رێم جه‌للاده‌كانی نه‌كردۆته‌ قه‌فه‌سی تاوانه‌وه‌، ئیتر بۆ گه‌نجێكی ترمان ببێته‌ قوربانی‌و به‌ده‌ردی ئه‌وان بچێت؟!
تێرۆركردنی ئه‌و خوێندكار‌و رۆژنامه‌نوسه‌ گه‌نجه‌ له‌پایته‌ختی هه‌رێمه‌كه‌ماندا، به‌هه‌ر بیانویه‌كه‌وه‌ بێت، تێرۆركردنی ده‌نگ‌و قه‌ڵه‌مه‌ جیاوازه‌كانه‌، مه‌رگی دیموكراسی‌و ئازادیی راده‌ربڕین‌و رۆژنامه‌نوسی‌و نوسینه‌. بۆیه‌ هه‌ر كه‌س‌و گروپ‌و لایه‌نێك له‌پشت ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌وه‌ بێت، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم‌و حكومه‌ت لێی به‌رپرسن، چونكه‌ پاراستنی ئه‌منیه‌تی هاوڵاتیان ئه‌ركی گه‌وره‌ی ئه‌وانه‌.
ئه‌وه‌تا كوشتنی نامرۆڤانه‌ی سه‌رده‌شت رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" سه‌رسامده‌كات، رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ)، كۆمیته‌ی داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان (CPJ)‌و ده‌یان گروپ‌و لایه‌نی ده‌ره‌كی دێنێته‌ قسه‌، ئیتر پێویسته‌ ئێمه‌یش بێده‌نگی بشكێنین‌و، فشاره‌ مه‌ده‌نییه‌كانمان ته‌نها له‌روپه‌ڕی رۆژنامه‌‌و به‌یاننامه‌كاندا كورتنه‌كه‌ینه‌وه‌.
پێویسته‌ ئیتر داواكاری گشتی بێته‌ كایه‌كه‌وه‌‌و له‌ماوه‌ی دیاریكراودا به‌وردی كار له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ بكات، ده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی بۆ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م روداوه‌یش وه‌كو روداوه‌كانی دیكه‌ی كوشتن‌و رفاندن‌و ئازاردان‌و شاربه‌رده‌ركردن‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌رۆژنامه‌نوسان دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ نه‌كرێت‌و ئه‌مجامده‌رانیان راپێچی دادگا بكرێن. ئه‌گه‌رنا پێویسته‌ وه‌زیری ناوخۆ‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی پۆلیس‌و ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ست له‌كاره‌كانیان بكێشنه‌وه‌.

هێرش ره‌سوڵ




 

           

 

10/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com