سەردەشت پیاوە گەورەکەی بە قسەهێنا
 

  

هیوا عەبدوڵا



دوای پڕۆتێستکردنی ڕوداوەکەی هەولێر کە لە ڕێککەوتی ٦/٥/٢٠١٠ خوێندکارو ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لە بەردەرگای زانکۆی (سڵاحەدین) ڕفێندراو دوای دوو ڕۆژ تەرمەکەی لە سەر ڕێگای موسڵ دۆزرایە، قۆناغێکی مەترسیدار هاتە ئاراوە. قۆناغە مەترسیدارەکە ئەوەیە کار گەیشتۆتە ئەوەی یەکەمین حیزبی دەستەڵاتدار کە تەنانەت سەرۆکایەتی هەرێمیشی لەبەردەستدایە، بکەوێتە جەنگ لە گەڵ گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆن کە لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ٢٥ کورسی و لە پەرلەمانی عێراقیشدا خاوەنی ٨ کورسی و بە باوکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەناسرێ.
با ئاڵوگۆڕی و گومان بکەینە دەروازەی باسەکەمان: زۆر جار لە مێدیا و ڕۆژنامەو هەندێک بەرنامەی تەلفزیۆنیدا باس لە سەقەتی و ناشەفافبوونی سیستێمی ئاڵوگۆڕی کراوە لە کوردستاندا. بەڵام ئەوان (حکومەت-دەستەڵات-حیزب)گوێیان نەگرت. لە هەر سیستەمێکی حوکمڕانیدا ئەگەر ئاڵوگۆڕی و کەناڵەکانی ئاڵوگۆڕی نێوان (دەستەڵات-ئۆپۆزیسیۆن-خەڵک)، کراوە و ڕون و شەفاف نەبوون، لەوێ جگە لە سەرهەڵدانی گومان، بە کوردی (قسە و قسەڵۆک) هیچی دیکە بۆ خەڵک نامێنێتەوە.
حکومەتی کوردی کە حکومەتێکی حیزبیە، لە باشترین حاڵەتدا ئەبێتە حکومەتێکی بنەماڵەیی یان ئۆلیگارشی. حیزب لە هەموو شوێنێکدا تا ئانیشکەکانی دەستوپەنجەی لەناو هەناوی حکومەتدایە، لەگەڵ دروستکردنی گومان، بێ متمانەییشی لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروستکردوە. لە لایەن کادیرە حیزبیەکان، لایەنگرو نالایەنگرانی حیزبە دەستەڵاتدارەکانەوە تا دەگاتە سەرجەم تاکەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردەواری لە کوردستانی عێراقدا، هیچ کەس نیە ئەو حەقیقەتە نەزانێ، جا لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵئەدا: ئایا ئەگەر تاکەکانی ناو کۆمەڵگەو، لایەنگرانی حیزب و کادیرانی خودی حیزب باوەڕیان بەو دەستەڵاتە نەما، چۆن ئەکرێ داوا لە ڕێکخراوە مەدەنیەکان، ڕۆژنامە ئەهلیەکان و ڕوناکبیران بکرێ، متمانە بە دەستەڵات بێنن و ئارام بن تا ئاسایشی هەولێر کە ئاسایشی سەردەمی شەڕی ناوخۆیی و تاکە حیزبیە لەسەر بنەماکانی دڵسۆزی بۆ حیزب و سەرکردە دروست بوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تێرۆرکردنی (سەردەشت عوسمان) ئاشکرا دەکات؟!!.
دوای زنجیرە خۆپێشاندانێکی توند، لە هەولێر و سەرجەم شارو شارۆچکەکانی دیکەی دەرەوەی دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دژ بە ڕوداوەکە و بە مەبەستی گوشارخستنە سەر دەستەڵات بۆ ڕادەستکردنی تاوانباران لە ژێر ناوی هەڵمەتی (بێدەنگ نابین)، پارتیش هەڵمەتی (ئێمە بێدەنگ نابین)ی دەستپێکرد. لەو هەڵمەتەی پارتیدا باس لە چەند شتێک ئەکرێ وەک: (گێرەشێوێنیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرکردایەتیەکەی، کە بە قسەی ئەوان دەستی دەرەکیان لە پشتە؟، هەڵمەتەکە دژ بە هەولێر و پایتەختی کوردستانە، هەڵمەتەکە دژ بە سەرۆکی هەرێمە و ...هتد). ئەوە لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانەکان زۆر بە هێمنی بەبێ کێشە تەنانەت بەبێ ئەوەی شوشەی پەنجەرەیەک بشکێندرێ بەڕێوە چوون. ئەو دوو هەڵمەتە دژ بە یەکانە کە هەردوولا گومان لە یەکتری ئەکەن، واتە ئۆپۆزیسیۆن، ڕوناکبیران و ڕۆژنامەنوسان هیچ متمانەیەکیان بە دەستەڵات نیەو گومانیان لە سەرجەم قسەو کارو ڕەفتارەکانیان هەیە. بەرەی دووەمیان کە بەرەی دەستەڵاتە، گومانی لە ڕوناکبیران، حیزبەکانی ڕکەبەر و ڕۆژنامەنوسان هەیە و پێی وایە ئەوانە دەستی دەرەکیان لە پشتەو، لە دەرەوە هاندەدرێن بۆ تێکدانی باری ئاسایشی هەرێمی کوردستان و شکاندنی سەرکردەکەی.
ئا لێرەدا دەبێ بە هەردوولادا بگوترێ بێ باوەڕی و بێ متمانەیی لە کاتێکدا سەرئەڵئەدا کە کۆمەڵێک کەس دەستەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبێ و هیچ ئامرازێکی ئاڵوگۆڕی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا ڕوون نەبێ. ئەوەش بەتەنیا لە ناو وڵاتانی دواکەوتودا و لە سایەی دەستەڵاتێکی ناوەڕۆک دیکتاتۆر و شێوە مۆدێرن دروست دەبێ. کێشەکە کێشەی نێوان (بارزانی و نەوشیروان موستەفا نیە، کێشەی نێوان پارتی و گۆڕان نیە، پێموانیە کێشەی هەولێر و سلێمانیش) بێ. ئێوە لە هەردوو هەڵبژاردنەکاندا گوتتان ئەوانە ناوچەگەرن، دژی هەولێری هۆلاکۆ بەزێنن بەڵام ئەوان لە هەردوو هەڵبژاردندا بەشێوەیەک کە ئێوە چاوەڕێتان نەدەکرد دەنگیان هێنا. خۆی لە خۆیدا دەبێ حیزبی دەستەڵاتدار ئەوە بزانێ و فێر ببێ کە بەدواداچوونی ئەو کارە بەر لە هەرکەسێک کاری ئۆپۆزیسیۆنە، ئەگەر گۆڕان ئەو کارە نەکات ئەی چی بکات؟ باشتر وانیە خانەنشین بێ و بچێتە ماڵەوە؟ بۆیە جوێندان بە ئۆپۆزیسیۆن، گومانی دەستی دەرەوە و دروستکردنی نیشانەی پرسیار لەسەری و هێڕشکردنە سەر ڕوناکبیر و ڕۆژنامەمەدەنیەکان دادی کەس نادا، چونکە کێشەکە کێشەی سیستەمێکی ناڕون و نیمچە مافیاییە کە لەناویدا چەند باندێکی نەدیتو گەمەدەکەن. هەر حیزبێکی دەستەڵاتدار ڕێز لە ئۆپۆزیۆسیۆن نەگرێ، ڕێز لە ڕۆژنەمە مەدەنیەکان و ڕوناکبیرانی نەگرێ، ئەوا بێ قەید و شەرت مەیلێکی دیکتاتۆریانە وەک هیمۆگڵۆبین لەناو خوێنیدا مەلە دەکات.
ڕێزگرتن لە یاسا و پێش ڕوداوەکان نەکەوتن
ئەگەر لە بواری ڕەخنەگریەوە چاوێک بەو دێڕەی سەرەوەدا بخشێنین کە ڕۆژنامەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردوتیانە مانشێت، ئەبینین ماوەیەکی زۆر لە نێوان حیزب-دەستەڵات و خەڵکدا هەیە، هەروەکو لەسەرەوەدا باسمان کرد هیچ شتێک لەناو دامودەزگا حکومیەکاندا ڕوون نیە، چەند کەس کار ئەکەن؟ ئەی چەندیان موچەیان هەیە و کارناکەن (بندیوار)؟ لەسەر چ بنەمایەک لەوێ دامەزرێندراون؟ شێوازی لێپێچینەوە هەیە یان نا؟ چەندە و لەسەرچی لێپێچینەوە لە کارمەندی دائیرە ئەکرێ؟ لەسەر چۆنیەتی کارەکان، ئێتیکی کار، یان لەسەر ئەوەی ئەو کارمەندە دەنگی بە حیزبێکی دیکە داوەو دڵسۆز نیە بۆ حیزبی دایک؟. ئایا یاسا چەند باڵادەست و سەربەخۆیە؟ دەستی یاسا دەگاتە کوێ و ناگاتە کوێ؟ سیاسیەکانی کوردستان تا چەند دەستیان لەناو کۆمپانیاو پڕۆژە ئابوری و بازرگانیەکاندایە؟ ئەوانە هەمووی کۆمەڵێک پرسیارن بەداخەوە وەڵامەکانیان نێگەتیڤە. جا لێرەدا سەرباری ئەوەی هەموومان باس لە (ڕێزگرتن لە یاسا و پێش ڕوداوەکان نەکەوتن) بکەین، ئەوا شتێکی ئاشکرایە کە ئەوە بەتەنیا لە قسەدا دەمێنێتەوەو هیچ کات و هەرگیز ناکەوێتە پراکتیکەوە چونکە وەکو گوتمان بڕواو متمانەمان بەو میکانیزمە حیزبی-حکومیە نیە کە ڕۆژانە لە دامودەزگاکاندا بە چاوی خۆمان دەیبینین. ئەوە وەنەبێ بەتەنیا لە کوردستاندا هەبێ، بەڵکو لە سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت وڵاتانی باڵکانی ئەندامی نوێی ئەوروپاشدا هەیە. بەڵام ئەوەی کوردستان زۆر بێ شەرمانەیە. لەو جۆرە سیستەمانەدا هەرگیز و هەرگیز ناکرێ گلەیی لە هاوڵاتیان بکرێ چاوەڕێ بکەن تا بکوژانی سەردەشتتان بۆ دەدۆزینەوە و داوای بێدەنگبووونیان لێ بکرێ. چونکە لەو وڵاتەدا بەتەنیا لە دوو ساڵی ڕابردودا کەس نەیتوانی بگاتە بکوژانی (ئەبوبەکر عەلی، سەربەست مەحمود، عەبدوڵستار تاهیر و سۆرانی مامە حەمە) کە هەر هەموویان گومان دەکرێ بەدەستی بەرپرسیارانی کورد و لەسەر ڕەخنەکردن لە حیزب تێرۆرکرابن.
وادیارە لەبەر ئەوەی پیاوانی سەرەوە کە لە قەڵا فیرعەونیەکاندا و لە بەرزاییەکاندا دەژین، بەتەنیا لە پەنجەرەکانی خۆیانەوە، بەتەنیا لە چاویلکەی خۆیانەوە، تەنانەت ئاقڵمەندەکانیان لە ڕێگای شێورمەندەکانیانەوە هەست و بێزاریەکانی کورد و خەڵک دەخوێننەوە. ئەوان وا ئەزانن بردنەوەیان لە هەڵبژرادنەکانی دوواییدا واتای ئەوەیە خەڵکیان لەگەڵدایەو تەواو، ئاخر ئەحمەدی نەژادیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەو دواییەدا بردیەوە!!. لە ڕاستیدا ئێوە ئاگاتان لە بێزاریەکانی خەڵک نیە، خەڵک تاچەند هۆشیاربۆتەوەو گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوە ئاگاتان لێی نیە، هەربۆیەش چاوەڕێتان نەدەکرد دوای تێرۆرکردنی سەردەشت، بۆ جاری یەکەم لە ژێردەستەڵاتی پارتیدا خۆپیشاندانێکی وا سیاسی لە هەولێر بکرێ، چاوەڕێتان نەدەکرد هەموو سلێمانی سەردەشت لە ئامێز بگرێ. ئێوە ئەزمونتان لە مەسەلەی (کەمال سەید قادر) وەرنەگرت، بۆیەش ئێستا گومان دەکەن و پرسیار لەخۆتان دەکەن: چۆن ئەو هەموو لافیتەو وێنەیە دوای ڕوداوەکە ئامادەکران؟ ئێوە هەڵسان ئەمجارە شەڕەکەتان بردە ئاقارێکی دیکە. سەرۆکی هەرێم و نەوشیروان موستەفاتان لە شەڕەکاندا گەوزاندن، فایلەکانتان هەڵدانەوە، ئەوەتان لە بیرچوو کە لەو ڕۆژانە وەرفدی کوردی کە لەناویدا ٨ پەرلەمانتاری گۆڕان بەدی دەکرین ئەچنە بەغدا و شەڕی مافەنەتەوەییەکان ئەکەن. ئێوە باستان لە گەندەڵی سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن کرد، بەبێ ئەوەی هەست بەوە بکەن ئەو سیستەمە داینەسۆڕیە لەکەس نابورێت و هەر کەسێک بکەوێتە ناوی گەندەڵ ئەبێ. ئێوە تەنانەت هێرشتان کردە سەر ڕۆژنامە سەربەخۆکان (لڤین، هاوڵاتی، ئاوێنە) و گوتتان ئەوانە سەربەخۆ نین، نەتانزانی لە جیهاندا ڕاگەیاندنی سەربەخۆ نیە، هەموو ڕاگەیاندنێک خاوەن پەیامێکی تایبەت بەخۆیەتی. ئێوە چەمکی (موئامەرە) تان کردۆتە بنێشت لە دەمتان و تەنانەت بارانی ناوەختیش بە موئامەرە دەزانن. بەڵام پرسیارێکتان لە خۆتان نەکرد نازانم لە بیرتان چوو یان نا؟ ئەویش: ئەرێ بۆ کەس لە دهۆک و ناوچەکانی دیکەی ژێردەستەڵاتی ئێوە خۆپێشاندانی دژ بە تێرۆری "سەردەشت" نەکرد؟. لە هەموو شوێنێکدا، لە هەموو چاوپێکەوتنەکانتاندا باسی بەڵگە ئەکەن و ئەڵێن ڕۆژنامەکان، ئۆپۆزیسیۆن و ڕوناکبیرە موئامەرەچیەکان بەبێ بەڵگە ئێمە تاوانبار دەکەن، ئاخۆ ڕۆژێک لە خۆتان پرسی (لەناو ئەو سیستەمە ملیتاریە-حیزبیەی ئێوەدا چۆن دەتوانین بەڵگە بەدەست بخەین، کە هەموو شتێک لەپشت دیوارەکاندا و هەموو معامەلەکان لەنێوان ٦-٧ کەسدا دێن و دەچن)؟ خۆ کەس بەڵگەی ئەوەی نیە ئایا ئەحمەدی نژاد چۆن و چەند و تا چ ئاستێک لە هەڵبژاردنەکاندا سەختەکاری کرد؟ بەڵام هەموو جیهانیش ناتوانێ دانیشتوانی تاران و تەورێز ڕازی بکات کە ئەحمەدی نژاد هیچ سەختەکاری نەکردوە.
لە کۆتاییدا ئەگەرچی لێدوانەکەی سەرۆک درەنگ کەوت و زۆر تێبینیش لەخۆی دەگرێ، ئەکرێ وەک هەوڵێکی ئەرێنی بۆ خاوبونەوەی گرژیەکان لێکبدەینەوە، چونکە سەرۆک هیوادەخوازێ جارێکی دیکە ئەو ڕوداوانە دووبارە نەبنەوە کە ئەوە هیوای هەموومانە. بەڵام خۆ ئەوە نابێ بەواتای کۆتایی هێنان بێ بە هەڵمەتی (بێدەنگ نابین) و دەستبەردار بوون لە بەدواگەڕانی بکوژانی(سەردەشت). لە کۆتاییدا باشتر وایە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی دەستەڵاتدار لە دوو پارێزگای کوردستان و خاوەنی گەورەترین ڕێژەی کورسی گروپی کوردی لە پەرلەمانی عێراق و کۆنترین حیزبی کوردی، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا ئاشت بێتەوە. ئەوەش بەسێ مەرج دەبێ. یەکەمیان: مەرج نیە ئۆپۆزیسیۆن وەک بەرخ بێ و لەکاتی سەربڕینیشی دەنگ نەکات. دووەم: ئەگەرهاتو ئۆپۆزیسیۆن بوە پێشڕەوی شەقامی کوردی نابێ وەک موئامەرەچی و دەستی دەرەکی سەیر بکرێ. سێیەم: هەرچی زووترە هەردوو دەزگای پاراستن و زانیاری هەڵوەشێندرێنەوە کە شەرعیەتیان لە حیزبەوە دێ و ناکرێ هەرگیز ببن بە پارێزەری خەڵکی کوردستان و بەردەوام ڕێگردەبن لە بەردەم ئازادی و مافی گوزارەلەخۆکردن.


Hiwa.abdullah@gmail.com




 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com