مجرۆ بوون و ماڵئاوایی
 

  

حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ



ته‌مه‌ن گالیسكه‌یه‌كه‌ و ئاغر ئاغر به‌ره‌و كۆتای ده‌مانبات ، ئه‌سپه‌ سه‌ر شێته‌كه‌ی ئه‌و گالیسه‌كه‌ خێرا خێرا به‌ره‌و دوا هه‌وار و دوا مه‌نزڵ په‌لكێشمان ده‌كات ، یاده‌روه‌ریه‌كانی ته‌مه‌ن ئه‌گه‌ر تفت و تاڵیش بن له‌ هه‌ست و زاكیره‌ماندا هه‌ر هه‌ن ، هه‌ن به‌گوێره‌ی قورسایی و كاریگه‌ری خۆیان ، ماڵئاوایی كردن له‌ ئازیزان و خۆشه‌ویستان و هاوڕێیانمان دوا وێسته‌گه‌مانه‌ له‌ ژیان و هه‌ر ده‌بێت بڕۆین .
ماڵئاوا ئه‌ی شه‌وانی پڕ له‌ سیحری ئه‌فسوناوی و شه‌وچره‌ی بێده‌نگه‌یه‌كانی دوای نیوه‌ شه‌و ئه‌و شه‌وانه‌ی سه‌حه‌ر تێدا مت و گرمۆڵه‌ ده‌بوو ئێمه‌ هه‌ر بێدار بووین ، ماڵئاوای له‌و سه‌رده‌م و عه‌یامانه‌ی كه‌ئێره‌ خوانی هزر و ئاوه‌زمان بوو ، خانه‌ خۆێ‌ و مینه‌ری هه‌مه‌جوری باس و خواسه‌كانمان بوو ، ماڵئاوای له‌و شه‌وانه‌ی پڕ بوون له‌ تریقه‌ی پێكه‌نین و هه‌ندێك جار تۆران و زیز بوون ، تۆ رۆژ و شه‌وه‌كانت لیپا و لیپ ته‌ژی بوو له‌ راستگۆی و دڵپاكی ، ئه‌مه‌ك و شه‌رم تۆیان له‌ ئامێز گرتبوو ، من له‌سێبه‌ری كه‌ژاوه‌ی عه‌شقێكی بێگه‌ردا هه‌ڵكورمام و ئیتر نه‌متوانی ببزوم ، سه‌رسام بووم و واقم وڕما و بوومه‌ په‌یكه‌رێكی بێده‌نگ ، له‌ئاست تۆدا پرزه‌م لێبڕا ، ئێستا سه‌ر هه‌ڵگرتوویه‌كی بێ‌ لانه‌وبانه‌م و ده‌نێم هه‌نگاوی كوێرانه‌ ، ماڵئاوا ئه‌ی جوانه‌یه‌كانی بیر و ناخ و ووشه‌ قه‌شه‌نگه‌كان ، وه‌كو گوڵ جوان بوویت و ته‌مه‌نت په‌پووله‌ ئاسا له‌ ژووانه‌كان كورت بوو . به‌چه‌شنی بروسكه‌ تیژ په‌ڕ هاتی و رۆیشیتی به‌ڵام جه‌سته‌یه‌كی سووتماكت له‌ پاش خۆت به‌جێهێشت .
وامه‌زانه‌ تۆم بیر ده‌چێته‌وه‌ تۆ سروشتی شاكارێكی مه‌زنی بیرچوونه‌ته‌ مه‌حاڵه‌ ، تۆ له‌ هۆش و بیردا زۆر گه‌وره‌تر بووی له‌ته‌مه‌نت بۆیه‌ وا زوو چوویته‌ دڵه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی دڵی داخ كردم جیاوازی ته‌مه‌ن بوو ، هه‌رچه‌نده‌ چۆڵه‌وانیه‌كت له‌ دڵ و هه‌ستمدا دروست كرد به‌ڵام وامه‌زانه‌ له‌یادت ده‌كه‌م ، بیر چوونه‌وه‌ت مه‌حاڵه‌ ، تۆ هه‌موو ده‌مێك هه‌موو ژمێك گشت چركه‌یه‌ك زیندووی لای منی ، كه‌ پێت ده‌ڵێم ماڵئاوا دڵنیابه‌ بۆ به‌خته‌وه‌ری و خۆشنودی خۆش گوزه‌رایه‌كانت وا ده‌ڵێم ، ببوره‌ وه‌ڕس و بێزار نیم لێت ده‌ترسم ببمه‌ میوانێكی خوێن تاڵ و ره‌زه‌گرانی یاده‌كانت ببمه‌ ره‌نجاندن و دڵیه‌شاندنی هه‌تا هه‌تایت ، ببوره‌ له‌هه‌موو شت یاده‌وه‌ریه‌كانت ئامانه‌تن به‌ ویژدانی خۆم سپاردوون له‌گه‌ڵ خۆم ده‌یانبه‌مه‌ ژێر گڵه‌وه‌ ، ئه‌وانه‌ی تۆ هه‌موو وه‌كو خۆت قه‌شه‌نگ و گه‌وره‌ن و بیبیله‌ی چاوم ئاسا ده‌یانپارێزم ، ماڵئاوا گوڵه‌ حاجیله‌ و هه‌ڵاڵه‌كانی رۆخی زێی بچووك ، ماڵئاوا په‌ریه‌كانی جوانی خووره‌وشت ماڵئاوا ....................
پێشكه‌شه‌ به‌هاوڕێیه‌كی نت .

 

           

 

04/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com