ئایا درامای گه‌رمیان وکوێستان بۆ که‌سوکاری ئه‌نفاله‌کان سووکایه‌تی بوو ؟؟؟

  نووسینی جه‌مال بابان

 




که‌باس دێته‌ سه‌ر درامای کوردی، زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران وڕۆشبنیران ئه‌ڵێن، درامای کوردیمان نییه‌، ئه‌گه‌ریش هه‌بێت له‌قه‌یراندایه‌. ئایا وایه‌،درامامان نییه‌، یان قه‌یرانی بینه‌رمان هه‌یه‌؟
ئه‌وه‌ نییه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا سیناریۆ نووسانی کورد چه‌ند درامایه‌کی سه‌رکه‌وتوویان نوسی، له‌شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ بینه‌ر پێیان شاد بوو،نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵکو بۆ ماوه‌یه‌کیش پاش ته‌واو بوونیان جێی مشتومڕێکی گه‌رمی ناوه‌ندی هونه‌ری بوون‌.
نموونه‌شمان زۆرن بۆ ئه‌و درامایانه‌: گه‌رده‌لوول له‌هه‌ردوو به‌شیدا، ئاره‌زوو، مه‌م وزین، ڕه‌شه‌ی پۆلیس و نامه‌کانی ئه‌شره‌ف، زنجیره‌کانی تری ڕه‌وانشاد حسێن میسری که‌ زۆری ئه‌مانه‌ بێکه‌مو کوڕی نه‌بوون. به‌ڵام وه‌ک دراما هه‌بوون و نکوڵیان لێناکرێت.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زۆربه‌ی بینه‌رانی ڕاکێشا و منی هاندا بۆ نووسین درامای " گه‌رمیان وکوێستان'' به‌رهه‌می2010ی کوردسات بوو.
ئه‌م درامایه‌ سیناریۆ و نووسینی دڵشاد حوسه‌‌ین ،ده‌رهێنانی سالار سوڵتان و نواندنی کۆمه‌ڵێ ئه‌کته‌ری به‌توانا که‌دوایی دێمه‌ سه‌ر ڕۆڵه‌کانیان.
یه‌کێک له‌ شێوازه‌ سه‌رکه‌وتوه‌کانی دراما یان فیلمێك ، ڕووداوه‌کانییه‌تی که‌سه‌رنجت ڕاده‌کێشێت و خۆزگه‌ بخوازیت ماوه‌ی دراماکه‌ یان فیلمه‌که‌ زۆرتر بێت تا بزانیت بڕگه‌کانی دواتر یان روداوه‌که‌ به‌کوێ ئه‌گات .
درامای( گه‌رمیان وکوێستان)له‌م شێوازه‌ بوو، وای له‌بینه‌ر ئه‌کرد زۆر پرسیاری لادروست ببن،بینه‌ر به‌تامه‌زرۆوه‌ چاوه‌ڕوانی حه‌لقه‌کانی داهاتوو بوو،تابزانێت ڕووداوه‌کان به‌کوێ گه‌یشتن.
به‌شی داهاتوو جه‌وهه‌ر مناڵه‌کانی خۆی ئه‌دۆزێته‌وه‌؟
بڵێی ئه‌وانیش ئه‌نفال نه‌کرابن؟
ئه‌بێ ناوی ئه‌وکچه‌ چی بێت که‌ کوردۆ حه‌زی لێ کردووه‌،؟
ئه‌ی تۆ بڵێی زوهره‌ دڵی نه‌رم بێ و جارێکی تر داوی له‌داوی دڵداری بئاڵێ ؟
ئه‌ی بۆ چی ئه‌وکابرایه‌ شه‌وانه‌ دێته‌ عه‌لوه‌که‌؟
په‌ری کێیه‌؟حه‌مید کێیه‌ و زۆر پرسیاری تریش.
که‌ هه‌ر یه‌کێک له‌ ئێمه‌ی بینه‌ر که‌ که‌سوکارمان ئه‌نفال کرابێت یان نه‌کرابێت،،وه‌ک به‌شێک له‌ مێژووی پڕ ئازارمان وه‌ک ئه‌و 182 هه‌زار پرسیاره‌ی دوای ئه‌نفال،182 هه‌زار درامایتر بێنووسین بێده‌رهێنان له‌ مێشکماندا گینگڵی ئه‌دا.
ئاخر هه‌ر یه‌کێک له‌و قوربانیانه‌،ئه‌کرێت چه‌نده‌ها درامای لێدرووست بکرێت.
ئه‌ی به‌جێماوان و رزگاربووانی ئه‌نفال چه‌ند دراما هه‌ڵئه‌گرن؟
چیرۆکه‌ نادیار و شاراوه‌کانی ئه‌وان کوان؟
تۆ بڵێیت له‌ ناوچوون و زینده‌ به‌چاڵکردن و بیابان و نوگره‌ سه‌لمان و گولـله‌ بارانکردن و مردنی ناو زیندانه‌کانی دوبز و تۆپزاواو فڕێدانی منداڵان و مردوان بۆ سه‌گه‌کان ،،،هتد ،هه‌ر ئه‌مانه‌ چیرۆکی ئه‌نفاله‌کان بێت و هیچیتر؟
تۆ بڵێیت ڕه‌شپۆشی و گریان و داماوی و برسێتی هه‌موو چیرۆکه‌کانی پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کان بێت و هیچیتر؟
رزگار بوانی ئه‌نفال، 182 هه‌زار که‌سی خاوه‌ن هه‌ر یه‌ک 182 هه‌زار چیرۆک،ئه‌و چیرۆکانه‌ی که‌ ئه‌کرێت بۆ نوسینی چه‌نده‌ها شاکار،چه‌نده‌ها سیناریۆ،چه‌نده‌ها دراما هه‌وێنبن.
درامای گه‌رمیان و کوێستان ،هه‌وێنه‌که‌ی له‌مانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.
که‌باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌وهه‌ر ئه‌کات،دوای13ساڵ دیل بوونی له‌ شه‌ڕی ئێران و ئێراق و سۆراخی به‌شوێن ژن و دوو منداڵه‌که‌یدا که‌ ناویان گه‌رمیان و کوێستانه‌.
جه‌وهه‌ر له‌ڕێگه‌ی به‌نزین هێنه‌رێکه‌وه‌ که‌ له‌ یه‌کێک له‌ دێکانی سه‌ر سنووره‌وه‌ به‌یه‌ک ده‌گه‌ن ئه‌گاته‌وه‌ ئه‌م دیوو له‌ ئۆردوگایه‌کدا خۆی ئه‌بینێته‌وه‌،دوای ئه‌وه‌ی ئه‌زانێت دێکه‌یان ئه‌نفال کراوه‌،هه‌موو هیوای ئه‌وه‌یه‌ مناڵه‌کانی ببینێته‌وه‌،،تا له‌ یادی ئه‌نفالدا ئه‌یاندۆزێته‌وه‌،،به‌ڵام دوایی ئه‌مانه‌ مناڵه‌کانی ئه‌م نابن و ئه‌مانه‌ گه‌رمیان و کوێستانیکی ترن،،گه‌رمیان و کوێستانه‌که‌ی لای براکه‌ی که‌ ئه‌فسه‌رێکی پۆلیسه‌ ئه‌دۆزێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌زانێت ژنه‌که‌ی شووی به‌براکه‌ی کردۆته‌وه‌ ،،،له‌ ناو درامه‌که‌دا دوو روداوی خۆشه‌ویستی ڕوئه‌ده‌ن که‌ یه‌کێکیان زوهره‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌زگیرانه‌که‌ی ئه‌نفال ئه‌کرێت،،هیوا براو ئه‌بێت له‌گه‌ل به‌نزین هێنه‌ره‌که‌ که‌ناوی حه‌میده‌ ئه‌که‌ونه‌ داوی دڵداریه‌وه‌...جه‌وهه‌ریش له‌گه‌ڵ په‌ری که‌ مێرده‌که‌ی ئه‌نفال کراوه‌و له‌گه‌ل کوره‌که‌یدا که‌ ناوی کوردۆیه‌ ئه‌ژی،،،له‌و 13 زنجیره‌یه‌ی درامای گه‌رمیان و کوێستان ئه‌مه‌ کورته‌یه‌ک له‌ چیرۆکه‌که‌یه‌تی.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پاش په‌خشکردنی سیازده‌ به‌ش له‌م درامایه‌، که‌س وکاری ئه‌نفالکراوه‌کان وبه‌ پشتگیری " به‌ناو" چه‌ند ڕیکخراوێکی مه‌ده‌نی و داکۆکی له‌مافی ئه‌نفاله‌کراوه‌کان، ده‌نگی ناڕه‌زایییان لێبه‌رز بۆوه‌ وداوایان کرد ئه‌م درامایه ڕابگیرێت، گوایه‌ سوکایه‌تی به‌کچ وژنه‌ ئه‌نفاکراوه‌‌کان کراوه‌ !!
سیناریست وه‌کو خۆی ئه‌ڵێ ئه‌مه‌ زنجیره‌ی دۆکیومێنتی نییه‌ تا شته‌کان ده‌قاوده‌ق وه‌ك خۆی بگوازینه‌وه‌، دراما سه‌رچاوه‌ی ڕاستی وخه‌یاڵی نووسه‌ره‌، نه‌من و نه‌تۆش ناتوانین واله‌نووسه‌رێك بکه‌ین که‌چۆنمان بوێت بۆمان بنووسێت و ئاکامه‌کان هه‌ر ئه‌بێ به‌دڵی ئێمه‌ بێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یانت ویست ئه‌توانی بچی سه‌یری فیلمه‌ هیندییه‌کان و میسرییه‌کان بکه‌ی.
ئه‌گه‌ر وه‌ک تۆش بیر بکه‌مه‌وه‌و تۆ چۆنت ویست ئاوا بنوسم ئه‌مه‌ ئازادی نووسین نییه‌.
هه‌ڵبه‌ت کاکی نووسه‌ر ئه‌یتوانی ڕووداوه‌کانی دراماکه‌ به‌ئاقارێکی تردا ببات و مه‌وزووعیانه‌ تر چاره‌سه‌ری درامی بکردنایه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وهه‌موو شه‌ونخونی وداماوی وڕه‌نج کێشانه‌، حه‌ڤده‌ زنجیره‌ی تێکه‌ڵ وپێکه‌ڵ کراو وپیشانی بینه‌ردرا، ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا ئه‌نفاله‌ بۆ درامای کوردی، گه‌ر به‌عسه‌کان گه‌رمیانییه‌کانی ئه‌نفال کرد وائه‌وانیش خه‌ریکه‌ درامای کوردی ئه‌نفالبکه‌ن. هه‌ر له‌ و ڕاستییانه‌شه‌وه‌ که‌ نووسه‌رو دواتریش نزار سه‌لامی خستوویانه‌ته‌ ڕوو، ئه‌مان به‌ شانازییه‌وه‌ باسی ئه‌نفال وکه‌سو کاری ئه‌نفالکراوه‌کانیان هێناوه‌ته‌ سه‌ر شاشه‌، ویستوویانه‌ چه‌ند ڕوویه‌کی ئه‌نفال و به‌جێماوه‌کان به‌ خه‌ڵك نیشان بده‌ن. ئێمه‌ له‌هه‌موو کۆڕ وکۆبوونه‌وه‌کاندا باسی به‌جیهان ناساندنی که‌یسه‌که‌و به‌ جینۆساید کردنی ئه‌نفالمان کردووه‌و هه‌وڵ ئه‌ده‌ین که‌ کۆمه‌ڵی جیهانی که‌مێك له‌خه‌م وئازاره‌کانی ئه‌نفال بزانن.
ئایا بۆ گه‌ڕان و زانینی ڕاستی یه‌کان ته‌نها سه‌رچاوه‌ دۆکیومینترییه‌کانه‌ ؟
ئه‌ی ئه‌و سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار چیرۆکه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی که‌ هه‌ریه‌که‌و سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار ژانه‌و هه‌ر ژانه‌ی سه‌دوو هه‌شتاو دوو هه‌زار درامایه‌؟
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وه‌به‌ر براده‌رێکی ئه‌مریکی له‌سه‌ر ئه‌نفال داوای چه‌ند زانیاریه‌کی لێکردم ، منیش پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند کتێبێکی دۆکیومینتی که‌وه‌رگێڕابوونه‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی بۆم په‌یدا کرد ، ئیمه‌یڵم بۆ کرد و پێم ووت ئێستا حیکایه‌تێك له‌و سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار حیکایه‌تانه‌ کراونه‌ته‌ زنجیره‌ی درامی و شه‌وانه‌ سه‌رنجی بینه‌رێکی یه‌کجار زۆری بۆ شاشه‌که‌ی کوردسات ڕاکێشاوه‌، حه‌زم ئه‌کرد که‌ سه‌بتایتڵ بکرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تۆو جیهان سه‌یری بکات.
به‌ڵام به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هه‌موو داکیومینتانه‌ش و گرنگیان بۆ ناساندنی که‌یسی ئه‌نفال، هێشتا زۆر ماوه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامی زیاتر به‌ جیهان، بۆ هه‌ستکرنێکی هیچ نه‌بێ که‌م به‌و هه‌موو ئازارانه‌ی که‌ که‌س وکاری پاشماوه‌ی ئه‌نفاله‌کانی تیادان، چونکه‌ به‌ڕاستی زۆربه‌ی زۆری دوکیومێنته‌کان پێك هاتوون له‌ کیتابوونا وکیتابوکوم.
ئایا خوێنه‌رێکی ئه‌مریکی چ سوودێك له‌و هه‌موو کیتابی هه‌واڵگیری یانه‌ ئه‌بینێت که‌ له‌م فه‌رعه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوعبه‌ چوون ، ئه‌م هه‌موو بڕیاری سه‌رکردایه‌تی به‌عسانه‌ی که‌ده‌رچوون بۆ ڕاگواستن وبه‌ موحه‌ڕه‌مه‌ ناسینی گوندو خاکی کوردستان وبه‌ عه‌سکه‌رتاریه‌تکردنیان ، چ عیلم و مه‌عریفیه‌ك ئه‌داته‌ ئه‌وان ؟
ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ گه‌یاندنی مه‌سجێکی پیرۆز بۆ هه‌مووان و ناساندنی زیاتری که‌یسی ئه‌نفال به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌،ئه‌م هه‌موو خه‌مو ئازارانه‌ بکه‌ینه‌ چه‌نده‌ها فیلم وزنجیره‌ی درامی و وه‌ربگێڕدرێنه‌ سه‌ر زمانه‌کانیتر،تا هه‌مووان بیبینن؟

به‌ڵام که‌یسێکی ئاواو نوسین و چاره‌سه‌رکردنی کردنی به‌ شیوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بییانه‌و کردنی به‌درامایه‌ک که‌ ئه‌م هه‌موو چیرۆکه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌ ئه‌بێت سنوورێکی هه‌بێت و بچێته‌ خانه‌ی هێڵی سووره‌وه‌؟
ئایا گه‌رمیان وکوێستان سووکایه‌تی بوو بۆ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان؟
یان ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گری ئه‌و هه‌زاران چیرۆکه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی ئه‌وانه‌؟
ئه‌وان مرۆڤن، ئه‌خۆن،ئه‌ژین،ئه‌مرن،خۆیان ئه‌کوژن،دڵداری ئه‌که‌ن،نا نایکه‌ن و تا ئه‌مرن ئه‌و په‌یمانه‌ی داویانه‌ ئه‌یبه‌نه‌ ژێر گڵ،،یان په‌یمانی چی خۆ خۆم وشک ناکه‌مه‌وه‌ و ژیان به‌رده‌وامه‌ زۆر شتی تر که‌له‌ کرداره‌کانی مرۆڤه‌و ئه‌وانه‌ی له‌ دوای ئه‌نفاله‌کان به‌جێماون یان رزگاریان بووه‌،،هه‌موو ئه‌مانه‌یان تیایه‌.
که‌چی کۆمه‌ڵێک که‌س، ئه‌نفاله‌کان و رزگار بوان به‌ به‌رگێکی تری دوور له‌ مرۆڤایه‌تی ئه‌چوێنێت و وه‌ک که‌سانی جیاواز له‌ هه‌موو هه‌ست و نه‌ستێک له‌ قاڵبیان ئه‌ده‌ن.
ئه‌وه‌تا درامایه‌ک که‌ هیچی نه‌زیاد نه‌که‌م وتووه‌ ،باسی ئازاری مرۆڤانه‌ی ئه‌وان ئه‌کات و چاره‌سه‌ر بۆ گرفتێکی چه‌ندساڵه‌ی ئه‌وان دائه‌نێت،کۆمه‌ڵێک به‌ بیانووی به‌رگری له‌به‌هاو ئه‌خلاقی دواکه‌وتوانه‌ ئه‌که‌ونه‌ بانگه‌شه‌و هاوار و فیغان و به‌ده‌رده‌که‌ی خۆیانی ئه‌به‌ن.

ده‌ستێوه‌ردان وئه‌و خوتبه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزانه‌ و تابۆ کردنی خۆشه‌ویستی هێڵی سوورن وله‌به‌های ئازادی له‌م سه‌ده‌ی بیست ویه‌که‌دا که‌م ئه‌که‌نه‌وه‌.
ئه‌و شه‌ڕه‌ جنێوانه‌ی له‌نێوان ئه‌م لایه‌نو ئه‌و لایه‌ندا و ئازاردانی هاوڵاتیانی کوردوستان به‌ ئه‌نفالاکانیشه‌وه‌،هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌ ستسورانی شه‌ری ناوخۆ که‌ ئێستا له‌ شوێنی هه‌ستیاردان،خوتبه‌و فتوای به‌ناهه‌ق بۆ داخستنی ئه‌م گۆڤار و کوشتنی ئه‌م نووسه‌ر یان ئه‌و نوسه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و چاو سورکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رپرس و ده‌سگای حیزبی ، موحه‌ڕاماتن و ئه‌بێ چی زووتر ڕابگیرێت،نه‌ک درامای گه‌رمیان و کوێستان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕ ێزو حورمه‌تی هه‌موو تاکێکی کوردا بۆ ئه‌نفال وکه‌سوکاریان، له‌گه‌ڵ ماچ کردنی هه‌موو ڕیشه‌ سپییه‌ نوورانیه‌کانی باوکانی ئه‌نفالکراوه‌کاندا، زیاره‌تی ده‌ستی دایکان وماچ کردنی ناوچه‌وانی خوشکان وژنانی ئه‌نفالکراوه‌کاندا، ئه‌ڵێم زوو حوکمتاندا و زوو چوونه‌ ژێر ڕکێفی مه‌بده‌ئی دواکه‌وتوو کۆنه‌په‌رستانه‌وه‌.

خۆشه‌ویستی وئه‌ڤین ئه‌و به‌ها به‌پیتانه‌ی ژیانن که‌بناغه‌ی پێكهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست وڕێزدارن. ئه‌م درامایه‌ به‌ژێر چه‌نده‌ها بێژنگی چاودێریدا ڕۆشتووه‌ تا چۆته‌ قۆناغی نواندن و وێنه‌گرتنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سووکایه‌تیه‌کی تیابوو بێت و به‌ژێر میکرۆسکۆبی قۆناغی یه‌که‌مدا تێپه‌ڕی بوایه‌ ،هه‌ڵبه‌ت به‌هی دووه‌مدا تێنائه‌په‌ری. ئه‌گه‌ر به‌هه‌مووییاندا بڕۆشتایه‌ به‌ سانسۆری که‌ناڵی ئاسمانی ''کوردسات''دا مومکین نه‌بوو تێ بپه‌ڕیت.
ئه‌وانه‌ی به‌ناوی که‌سو کاری ئه‌نفالکراوه‌کانه‌وه‌ ئه‌م درامایه‌یان به‌ڕاگرتندا، گه‌وره‌ترین زوڵمیان له‌ به‌ها ئه‌خلاقییه‌کانی هونه‌ر کرد. ستاف وکاستی ئه‌م درامایه‌ ئه‌گه‌ر له‌یه‌کێ له‌دیمه‌نه‌کاندا ته‌نها شکیان له‌ بێڕیزییه‌ك بکردایه‌ ، به‌هیچ شیوه‌یه‌ك نه‌یان ئه‌هێشت ئه‌م درامایه‌ ڕووناکی به‌چاوی خۆی ببینێ وهه‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌وه‌ له‌وباوه‌ڕدام ئه‌گه‌ر نه‌گۆڕرایه‌ هیچیان ئاماده‌ی ڕۆڵدیتن تیایدا نه‌ ئه‌بوون.
که‌واته‌ کام بێڕیزی وکام سوکایه‌تی ؟ له‌وباوه‌ڕدام بیر کردنه‌وه‌ له‌چاره‌سه‌ری ئه‌وهه‌موو بێوه‌ژن وبێوه‌ پیاوانه‌ی پاشماوه‌ی ئه‌نفال هیچ نابه‌جێییه‌کی تیانییه‌و ئه‌بوایه‌ هه‌ر زووتر ئه‌و ڕیش سپییانه‌ی که‌خۆیان به‌ده‌م ڕاستی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان دائه‌نێن بیرێکی واقیعیانه‌یان لێ بکردایه‌ته‌وه‌ و پرچی سپییان به‌ کچ وژنه‌ ئه‌نفالکراوه‌کان نه‌هۆنیایه‌ته‌وه‌. ئه‌ی له‌چ سه‌رده‌مێكدا خۆشه‌ویستی بوه‌ته‌ موحه‌ڕه‌مه‌و سوکایه‌تی، جا ئه‌گه‌ر وابێ هه‌موو ئه‌و چیرۆکه‌ ئه‌ڤینییانه‌ی مێژوو بۆ مرۆڤایه‌تی هه‌موو سوکایه‌تی ئه‌بوون ! هه‌ر له‌ شیرین وفه‌رهاده‌وه‌ تا مه‌م وزین و عه‌نته‌ره‌و عه‌بله‌و ڕۆمیو جولێتیش.
به‌ڕێزانی که‌سوکاری ئه‌نفاله‌کان،ڕێکخراوانی داکۆکیکار،خۆشه‌ویستی بێڕێزی نیه‌ لای هیچ مرۆڤێک ته‌نها لای ئه‌وانه‌ نه‌بێت،که‌ له‌ بۆسه‌دان بۆ نه‌مانی ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌و به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت،دڕک و بۆمب و بیانووی پڕوپووچ بۆی ئه‌هێنه‌وه‌و چاویان پێی هه‌ڵنایه‌ت و بۆی ئه‌بن به‌ ڕێگر،چونکه‌ وایان پێوتراوه‌ وا ده‌رسیان دادراوه‌.
ئێمه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ین له‌ ووتارێکی ڕه‌خنه‌ییتردا به‌ تان وپۆی ئه‌م درامایه‌دا بچین و لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌کانی هه‌ڵبسه‌نگێنین ، هیچ نه‌بێ به‌شی ئه‌و سێزده‌ به‌شه‌ی که‌ به‌ بینینی شاد بووین.
سه‌ری ڕیزو نه‌وازش بۆ قوربانیانی ئه‌نفال و ڕیزی بێ پایانیش بۆ که‌سوکاری به‌جێ ماویان.



 

           

 

04/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com