وه‌رزی به‌خۆداچوونه‌وه‌کان، وه‌زری ته‌سفیه‌کردن، وه‌رزی په‌یمان نوێکردنه‌وه‌کان، و وه‌رزی تێهه‌ڵچونه‌وه‌کان
له‌مه‌ڕ کۆنفره‌نسی سێیه‌می فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران له‌ سویسرا

  

جه‌مال کۆشش
 29.05.2010


بڕیاره‌ 19.6.2010 له‌شاری زوریخی سویسرا، کۆنفره‌نسی سێیه‌می فیدراسیۆن ببه‌سترێت، هه‌مان ڕۆژ . رۆژی فه‌رمی په‌نابه‌رانه‌ له‌ ئاستی جیهانیداو له‌ سویسراش، ده‌وله‌ت و ڕێکخراوه‌کانیش چالاکی هه‌مه‌جۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن. به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی کاروباری په‌نابه‌ری و ده‌وله‌تی سویسرا، ئه‌گه‌ر شه‌رمیان هه‌بێت، نابێت ئه‌م ڕۆژه‌ یاد بکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ک که‌ رووی سویسرای به‌ شێوه‌یه‌کی قێزه‌ون ناشرینکردووه‌، به‌ فه‌رمی کۆمسیۆنی مافی مرۆ ڤ و ئه‌مه‌نستی ئه‌نته‌رناسیۆنال وده‌یان ڕێکخراوه‌ی نێو نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌خنه‌ی ئاراسته‌ کردووه‌، مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌تی په‌نابه‌رییه‌. ئه‌م کۆنفره‌نسه‌، به‌م مانایه‌ کۆنفره‌نسی ڕه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌یه‌، کۆنفره‌نسی ناڕه‌زایه‌تییه‌ به‌ ڕووی ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌واشه‌کارانه‌یه‌دا، کۆنفره‌نسه‌ێکه‌ نایه‌وێت ئه‌م ڕۆژه‌ به‌فه‌رمی بناسێت. وه‌ کۆنفره‌نسێکه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ماسکه‌ ڕیاکارانه‌ دابگرێت که‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م واقعیاته‌ تراژیدیه‌ دابپۆشێت. زیندانی تا 23 مانگ ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وێ ئیمزای بکه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌، فڕدان له‌ که‌مپه‌ دوخراوه‌ تاریکه‌کان، سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو بیمه‌کان...تا ڕاده‌ی کوشتن له‌ دیپۆرتکردنه‌وه‌ دا وه‌ک ڕوداوی 2.3.2010 ، مردنی په‌نابه‌ریکی نایجیری له‌کاتی دیپۆرتکردنه‌وه‌دا. ...
کوردستانی عیراق و عیراق ، په‌تای گرتنی کۆنفره‌نسات وکۆبونه‌وه‌ی گشتی و کۆنگره‌ی گرتووه‌. هه‌ر حزب ولایه‌نێک بۆ ئامانجێکی دیاریکراوی خۆی . هه‌ن ده‌یانه‌وێت قامه‌تی ڕاستکاته‌وه‌، جێگای قائدی فکری له‌ به‌ده‌نه‌ی حزبدا بکاته‌وه‌، ته‌کوته‌لات ئاشتکاته‌وه و‌...وه‌ک یه‌کێتی ، یان ده‌یه‌وێت حزب به‌رز بکاته‌وه‌ بۆ ئاستی موقه‌ده‌س و موقه‌ده‌س تا ڕاده‌ی پاوانکردنی هه‌موو ده‌سه‌ڵات بڕوات. کۆنگره‌ی خۆسه‌پاندن خۆ بینینه‌وه‌ وه‌ک تاکه‌ مه‌رجه‌عی نه‌ته‌وه‌یی کورد. کۆنگره‌ی هه‌ڵدانی ده‌وار و کێشانی تخوبه‌کان ودامه‌زراندنی مه‌لای دێ و میرزا و چاوه‌ش . کۆنگره‌ی کۆتایهاتنی سینارێۆی هێزی سێه‌می ئیسلامی ..وه‌ک لای پارتی...کۆنفره‌نسی فیدراسیۆن له‌ سویسرا، کۆنفره‌نسی گه‌یاندنی واقعیاته‌ تاڵه‌کانه‌ به‌ کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپایی و گوشار خستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ که‌ ده‌ست له‌و ڕه‌فتار به‌عسیانه‌ هه‌لبگرن. کۆنفره‌نسی شکاندنی کۆته‌ به گه‌ردنی ئازادی و به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵکی کوردستانی عیراقدا.
لێتانی ناشارمه‌وه‌، له‌ نێو هه‌لسوڕاوانی فیدراسیۆنیشدا، پۆل و ڕایه‌ل وکێشمه‌کێش هه‌یه‌، جێگیرکردنی سونه‌تی ئینساندۆستی، جێگیرکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌وه‌ به‌بێئه‌وه‌ی له‌ شه‌خسیه‌تی سیاسی وئینسانی ڕێکخراوه‌ی فیدراسیۆن که‌مبکه‌یته‌وه‌. جیگیرکردنی ئه‌وه‌ی که‌ په‌نابه‌ران شایانی به‌رگریکرنن و ئاماده‌ن تێبکۆشن و کۆمه‌ڵه‌که‌سانێکی به‌رژه‌وه‌ندخوازنین و ڕاڕا نین، ته‌نها هه‌ر بۆ مه‌رامی خۆیان ئیمه‌یان ناوێت، جێگیرکردنی سونه‌تی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری، هه‌وڵدانێکی گه‌وره‌ی خواستوه‌. کۆنفره‌نس له‌و باره‌وه‌ جێهێشتنی ئه‌و دیدگایانه‌یه‌. به‌ته‌واوی و به‌خاترجه‌می ده‌توانێت ئه‌م په‌یامه‌ ڕابگه‌یه‌نێت. فیدراسیۆنی دوای کۆنفره‌نس ، به‌دڵنییاییه‌وه‌ هه‌مان کاراکته‌ری پیش کۆنفره‌نسی نیه‌. پێگه‌یشتنی سیاسی و ئینسانی فیدراسیۆن، فراوانبوونه‌وه‌ی ئاسۆ وجیهانبینی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌خسێنی که‌ ساڵانی داهاتوو، ساڵانی دره‌خشانی نمونه‌یی کاراکته‌رو شه‌خسیه‌تی په‌نابه‌ران وفیدراسیۆن بێت.
ئه‌وه‌نده‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شیواز ومامه‌ڵه‌ی خۆمان بۆ کۆنفره‌نس ، من پێم وایه‌ که‌ ئه‌بێت له‌ لانی که‌م له‌ ئاست شاری زوریخدا بێت. که‌ ده‌وله‌مه‌ندترین شاری جێهانه‌، که‌ شارێکی کراوه‌ و فره‌ زمان ‌و فره‌ کلتوور ه‌، که‌ کلتووری گرتنی ئه‌م کۆنفره‌نسانه‌ی لا بۆته‌ تردسیۆنێک که‌ هه‌میشه‌ خۆی نوێده‌کاته‌وه‌.



 

           

 

30/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com