سەرۆک ، بۆ بێ هەڵوێست و بێ دەنگیت ؟؟!
 

  

کامەران عەزیز


سەرۆکی هەرێمی کوردوستان ، گەر بڕوای بە ژێردەستی میللی و سەرکوت و بێ مافی و ئازاد نەبونی تا ئێستای میللەتی کوردە .. ئەوا کار و ئەرکی هەر ئێستای سەرۆک دەبێت بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و دیموکراتی بێت ، وە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ .. لەم ( پارچە بچوکەی کوردوستانە کەم ئازادەدا ) .. دەبێت ئازادی و دیموکراتی ، فراوان و فراوانتر بکات ...!! تا خەڵکی کوردوستان بە ئازادی ڕابێت و گەرووی زیاتر فراوان بێت بۆ داواکاریەکانی ، تا بە دیموکراتی ڕا بێت بۆ هەموو چالاکی‌یەکی سیاسی و ڕۆشنبیری و هونەری و ڕۆژنامەگەری و ئاکسیۆن و خۆپیشاندانە رۆژانەکانی ، وە بۆ ئەوەی جارێکی دی بۆ مێژوو هیج دەستەڵاتێکی تری داگیرکار نەتوانێت لە کوردوستان ئەم میللەتە سەرکوت و ژێر دەستە بکات ..!!
لەم چەند ڕۆژەدا بە هەزاران پرسیار لە سەرۆک و دەستەڵاتەکەی کراوە و دەکرێ ، بەڵام سەرۆک وەک بایەک بە لای گوێی‌ دا تێ دەپەڕ ببێ ..!! دەنگی لێوە نایە و هیچ وەڵامێکی ئەم پرسیارانە نایەتەوە ؟؟
هەر ڕۆژە لە شار و شارۆچکەیەک خەڵك خۆپیشاندان و پرسەو و ماتەمینی‌ دەگێڕرێت ، بەڵام سەرۆک وونە و ورتەیەک لە لێویەوە نایە..! نازانین لە کوێ‌یە ..؟!! لە ناوەوە یان لە دەرەوەی ئەم وڵاتەیە ؟! .
هەرچی نوسەر و ڕۆشبیر و شاعیر و ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ و ئازاد و مرۆ دۆست هەیە ، هەست و پرسیارەکانی خۆایان بەیان کردوە ... وە زۆربەی پارێزەر و ماف ناس و دادوەر هەیە هەڵسەنگاندن و پرسیار و لێکۆلێنەوەی یاساییان هەموو تۆمار کردوە ، تا بتوانن سەرچاوەی ئەم تاوانە بدۆزنەوە .. بەڵام دەستەڵات و میدیاکانی سەرۆک و حکومەت مێشێک میاوانیان نی‌یە .!!
وە لە نێو خێزانەکان و لە نێو پاص و تاکسی و ڕێگاو بان و زۆربەی تەلەفون و ماڵپەڕ و چاتی ئەلەکرۆنی‌دا ، باس هەر باسی ئەم تاوانە بەربەریەتەیە کەچی سەرۆک و پێوەندەکانی کپ و بێ دەنگن و نە بە خاس نە بە خراپ دەنگێکیان لێوە نایە ..؟!
هەموو خەڵک خەمبارە و بۆ ئەم لاوە تەعزێبارە بەڵام ، ( سەرۆک ) ، نە ڕەنگی دەبینین .. نە دەنگی دەبیستین .. نە هەست و شعور و خەمی هەست پێ دەکەین !!… بەڵام سەیرە هەر دوێنێ بە سەر پرسەی ئەم پرسە گەورەیەی ( سەردەشت عوسماندا ) نازانم لە کوێ‌وە ، نوێنەریەکی‌ گەیاندە ناوچەی پشدەر و و لە شاری قەڵادزێ بەشداری پرسەیەکی کرد..! بەڵام لەم پرسە جەرگ بڕڕ و پرسە گەورەیەی هاوڵاتیانی کوردوستاندا بە هیچ شێوەیەک بروسکەیەکی سەرۆک بونی نی‌یە ؟! ئەبێ نهێنی لەم وون بون و بێ دەنگی‌یەی سەرۆک لە چیدا بێت ؟!
گەر ئایەتوڵایەکی کۆنە پەرست .. شێخ و العەرەبێکی بێ هۆش .. سیاسەت مەدارێکی فاشی .. بازرگاندارێکی چاوچنۆکی نێو دەوڵەتی ،هەرئێستا زەنگێکی بۆ لێ بدا ، بێ سێ و دوو دەچێت بەرەوپیریان و لە فڕٶکخانە فەرشی سور لەبەر پێ‌ی گڵاویاندا ڕا دەخات و بە پێکەنینەوە پێشوازیان دەکات و نیوەڕۆخوان و ئێوارە خوان و شەوخوانیان بۆ ساز دەکات بەڵام لە بەرامبەر تاوانێکی گەورەی ڕۆژنامە نوسێکدا هیچ بەشداریەکی نی‌یە..؟؟!!
هەموو خەڵک لە چاوەڕوانی ئەوادەیە کە سەرۆک لە بێدەنگی‌یەوە بێتە دەنگ ..!! هەموو لە ڕاڕایی و پرسێکی قوڵدا دەژین و وەستاوین و چاوەڕێین .. وە پرسیار لە خۆمان دەکەین و دەڵێین ، تۆ بڵێ ‌ی سەرۆک سەرقاڵی ئەم کێشەیە بێت ؟ .. وە لە ڕێ‌ی ئەوە وەستابێت کە سەرچاوەی شێوەی تیرۆرکردنی ( سەردەشت ) بدۆزێتەوە و بە هەواڵ و مژدەیەکی خۆشەوە لە ڕێ‌ی میدیا کانەوە یان لە کۆبونەوەیەکی گەورەی جەماوەریەوە خۆی پیشانی هاوڵاتیان بدات ..؟؟! یان بە کێشەی خۆی نازانێت و دەیەوێت بە بێ دەنگی خۆی لەم کێشەیە دەرباز بکات ..؟!
نا بڕوا ناکام ...!
لەوانەشە لەم تاوانە و پرسە گەورەیەدا نەیەوێت بێتە گۆ و وشەیەک بڵێت ، بییەوێت کات زوو بڕوات .. چونکە دەزانێت ڕۆشتنی کات خەڵک لەو حەماسەتەی ئێستای خاڵی دەکات و ئەویش وەک جاران بێ دوو دڵی دەست دەکاتەوە بە کاری سەرۆکایەتی خۆیی تەنها خۆی ..؟!
بەڵام سەیرە هەر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ، لەبەر خاتری بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتی ، ئامادەیە کێچێک لە هاوڵاتیان بکات بە فیلێک .. وە خۆی زۆر ناسک بکاتەوە و سەر و بنی زمانی هەر باسی تراژیدیای ئەنفال و کیمیایی و کووشتنی منداڵ و لاوی بێ تاوان بکات ..!! وە یان باسی زیندانی کردن و لە سێدارەدان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان بکات کە بە دەستی ڕژێمێکی دڕندەو دیکتاتۆری وەک صەدام ڕووی داوە .. بەلام لە تیرۆر کردن و شەهید کردنی ئەم لاوە بێ تاوانە بێ دەنگە ؟؟!! وە باش دەزانێت کە سەردەشت وەک ڕٶژنامە نوسەکانی دی بە گولەی وێڵی ڕوداوێکی توند و تیژ نەکوژراوە ... خۆ وڵات ئارامە و جەنگیش لە ئارادا نی‌یە تا بە پارچە هاوانێک لە کاتی بۆردومان کردنی شوێنێکدا کوژرابێت .. وە لە نێو زانکۆشدا ئەم لاوە هیچ کێشەیەکی تایبەتی و شەخسیشی نەبوە .. تا لە تۆڵەیدا تیرۆر کرابێت ..؟! سەرۆک ، ئەی دەبێت بە چی وە چۆن وە بە دەستی کێ کوژارابێت ؟؟!!
بەڵام خۆت باش دەزانیت ئەی سەرۆک ... کە سەرۆکی وڵاتانی دی بۆ ئەنفلۆنزای بالندەیەک .. بەرازێک .. یان کوشتنی ئاسکێکی کێوی ..! وبڕینەوەی چەند دارێکی دارستان و کاراساتێکی سروشتی یان تەقینەوەیەک ..... هتد ، بە زوویی لە هەمان ساتی ڕووداوەکاندا بە وتەیەک خۆی پیشان خەڵکی دەدات و کۆمەڵگا لە ڕووداوەکە ئاگادار دەکاتەوە و خەڵکیش بە وەڵامی پرسیار و گومانەکانی لە لایەن سەرۆکەوە ئارام دەبێتەوە ..!!
کەواتە گەر سەرۆک سەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردوستان بێت ، لە ڕووداوەکاندا دەبێت دەنگی هەبێت ..! سەرۆک گەر سەرۆکی بەڕێوەبردنی وڵات و بەردەوامی ژیان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کوردوستان بێت، دەبێت لە ڕووداوەکاندا دەنگی هەبێت ..! سەرۆک گەر سەرٶکی دەستەڵاتێکی پێشکەوت و مەدەنی بێت ، دەبێت ڕۆژانە لە ڕووداوەکاندا هەڵوێستی بێت ..!! سەرۆک گەر بڕوای بە چەوسانەوە و سەرکوت و ئازاردان نی‌یە ئەوا دەبێت بە گژ هەموو جۆرێکی ئازادان و ئەشکەنجەیەکدا بچێت و هێڵی سوری بۆ دابنێت ..! سەرۆک گەر بڕوای بە پشێوی و ئاژاوە و نا ئارامی نی‌یە دەبێت هەموو هەلوێست و وشە و وتەکانی هەلوێستی _ ئارامی ببەخشێت ...! سەرۆک گەر بڕوای بە مافی ئازادی و دیموکراتی و عەدالەت و یەکسانی هەیە لە نێو هاوڵاتیان و گشت حیزب و ڕێکخراوەکاندا ئەوا دەبێت بە شەهامەتەوە پارێزگاری لەو یاسایانە بکات کە دەتوانێت سەرۆک و دەستەڵاکەی لە گەڵ هاوڵاتیەکدا هەمان مافی یەکسانی یاسایی هەبێت ...!!
ئەی سەرۆک .... چٶن لە کاتی هەڵبژاردنی ئەمساڵدا شەهامەتت نواند بۆ گٶڕێنی تەنها وشەیەک لە ( پێشمەرگەوە بۆ میلیشیا ) لە تەلەفزیۆن و میدیاکانەوە بە تووڕەیی و دەم لەرزینەوە هێڵی سورت بە زاند و هێڵی سورت بۆ نوسەرەکەی داناو و هەڕەشە ی دەرکردنە دەرەوەت لەم وڵاتە وێرانەیە لێ کرد ...!! هەر ئاواش شەهامەتی سەرۆکایەتیت بۆ وشەکانی ڕۆژنامە نوسی لاو (سەردەشت ) بنوێنە و ، بە لەگەڵ بون لە گەڵ نەبونی ، وتەی خۆت بڵێ .. بە دژایەتی یان بە پارێزگاری لێکردن لەم لاوە ، وەک سەرۆکێکی ئازادی خواز وتەی خۆت بڵێ ..! بۆ ڕفاندن و شێوەی تیرۆرکرنی وتەی خۆت بڵێ ..! وە بۆ دروستی و نا دروستی نوسینەکانی ئەم ڕۆژنامە نوسە سەرنجی نەترسانەی خۆت بدە ..!!
ئەزانم سەرۆک ... تۆش تیرۆرکردنی ئەم لاوە هەراسانی کردویت و خەوی لێ زڕاندویت ..!! لەبەر ئەوەی ، بوەتە کێشەی هەموو خەڵک و خەڵک خرۆشاوە بەرەو ڕووی دەستەڵاتت بۆتەوە .. وە قورسایی و ڕێزی پەڕلەمانەکەت ، هاوڵاتیان بە بنی پێڵاوەکانیان پێوانەیان کرد ..!! ئەمەیە وات لێ دەکات کە بە دوای وەڵامێکدا بگەڕێێت کە هاوڵاتیان بتوانن بڕوای پێ بکەن ..!! بە دوای وەڵامێکدا دەچیت ، کە بە تەوای پرسیار و گومان لە زهن و مێشکی خەڵکدا بسڕێتەوە..!! بە دوای وەڵامێکدا دەچیت ، کە بتوانێت سەرۆکایەتی هەڵبژاردنێکی دیی ، بۆ داهاتوت مسۆگەر بکات..! بۆیە ئەم وەڵامە کاری چەند کاتژمێرێک و چەند ڕۆژێک نی‌یە..!!


13.05.2010

 

           

 

16/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com