دەستەڵات و بزرکردنی مرۆڤ ...!!
 

  

کامەران عەزیز



بزرکردنی مرۆڤ مانای بە نهێنیکردنی کاری زهنی مرۆڤێک تا لەبەرچاوی بەرامبەرەکاندا نەبینرێت ، ئایا کارەکە لە ئەسڵدا شیاو بێت یان نەشیاو ، ئەم بزرکردنە تەنها بە گیان کێشان ، دەستەڵاتی بزرکار ئەنجامی دەدات...! بزرکردنی مرۆڤ بە مانای خنکاندنی دەنگ و ڕەنگی حەقیقەتێکی هەست پێکراو لە مرۆڤێکدا کە بۆ بزرکاران هەڕەشەی راستەوخۆی هەبێت ..! کاری بزرکردنی مرۆڤەکان بۆ بزرکردنی ترسێکە ، ترسێکی بچوک یان گەورە ، کە جەستەی بزرکراو بە مانەوەی لە ژیاندا دەتوانێت ترسەکە فراوان بکات دژ بە دەستەڵاتی بزرکار ..!
وە بزرکاران چۆن لە چ شوێنێکدا...؟ وە لە چ کاتێکدا و بە پشتیوانی چی و کێ دەتوانن کاری بزرکاری مرۆڤەکان ئەنجام بدەن ؟ وە لە سایەی کام دەستەڵاتەدا دەتوانرێت هەموو شتێک بە ئاسانی بزر بکرێت ..؟! یان لە سایەی کام جۆر لە دەستەڵاتدا دەتوانرێت مرۆڤە جێاواز و ئازادیخوازەکانی دژ بە دەستەڵات بزر بکرێت ..؟! وە بزرکردنی مرۆڤەکان بۆچی و لە پێناوی چیدا ئەنجام دەدرێت ؟
گەر ئیرادە و قودرەت و دەستێکی ترس و تۆقین نەبێت کە بتوانێت بە زەبری چەک و هەڕەشە و گیان لی سەندن ، بەرچاومان لێڵ بکەن و ساتە ڕووناک و تاریکەکان بە ویست و ئارەزوی خۆیان پێچەوانە بکەنەوە و ڕۆژی ڕووناکمان لێ بکەنە تاریکستان ، ئەبێ کێ‌ی تر بتوانێت بزرمان بکات ؟ .
گەر بە مێژووی ئەم کارە نا ئینسانیەدا بچینەوە ، هەر یەکەمان سەر گوزشتەیەکی بینراو و نەبینراوی لە لا هەیە . بە هێنانەوە بیری چۆنیەتی بزرکردنی مرۆڤەکان بۆمان ڕوون دەبێتەوە ، کە لە پشتی زۆربەی بزرکارەکاندا هێزێکی گەورەی دڕندەو ترسناک بونی هەبوە و خۆی مەڵاس داوە..! ، ئایا لە ناوەوەی دەستەڵات و حکومەتدا بێت یان لە دەرەوەیدا بیت ..!
وەک دەڵێن ئەم دیاردەی بزرکردنە لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەدا بونی هەیە و ڕووی داوە ، بەڵام زۆری و کەمی بزرکردن لە وڵاتیکەوە بۆ وڵاتیکی دی جیاوازی هەیە . وە خەتەرترین کاری بزرکردن ئەوەیە کە لە لایەن بەڕێوبەران و دەستەڵاتدارانی کۆمەڵگا و وڵاتێکدا ڕوو بدات ...!! چونکە کە هەموو هێزێک لە نێو دەستی دەستەڵاتی ئەو وڵاتەدا بێت ، ئەوا چ هێزێکی تر بە سەربەستی دەتوانێت بچێتە نێو دەستەڵاتەوە و پشکنین بکات تا کاری بزر بوو بدۆزێتەوە ...؟؟!!
وە لە هەر وڵات و کۆمەڵگایەکدا کە فەزای بێ یاسایی و پشێوی و شێواوی و تێکەو لێکە و.. فێڵ و.. شەڕ و.. ‌قاچاخچیەتی و.. پاشکۆیی و.. ڕمبازێنی جاسوس و.. پەیوەندی خێڵایەتی و .. هەڵپەی پارە و دزی و گەندەڵی .. کاری مافیایی وبونی تاقم تاقمی چەكدار و میلیشیا ، بون و رەواجی هەبێت ئەوا دەستەڵاتی ئەم کۆمەڵگایانە بە دوور دەبن لە دەسەڵاتێکی مەدەنی و پێشکەوتو و وە بزرکردنی مرۆڤەکان و تاوانەکان تێیدا دەبێتە پیشە و زۆر ئاسان دەبێت ...!! ، وە هەر ئەم جۆرە دەستەڵاتانە بەردەوامی دەدەن بە فەزاو ئەو هەلومەرجە شێواوە بۆ ئەوەی وڵات بکەنە زەلکاوێکی قوڵی بێ بن ، تا بە ئاسانی هەموو کەشتیەکی پڕڕ لە کاری نا شیاو و نائینسانی تێیدا نوقم و بزر بکەن ..!!
بەڵێ دەستەڵاتێک بێجگە لە خەمی پارە و تموح و قازانجی تایبەتی هیچ خەمێکی تر ڕاینەچڵەکێنێت ، ئەی چۆن دەیەوێت فەزایاکی ئارام و ڕێکخراو بۆ کۆمەڵگا و هاوڵاتیان بهێنێتە دی کە بچوکترین تاوان و ناعەدالەتی تێدا بزر نەبێت ..؟! ئەم جۆرە دەستەڵاتانە ئەو فەزا شێواوە چۆن لە خۆی دەشێوێنێت ...؟! کە بتوانێت بە ئاسانی و بێ هێج سنورێکی یاسایی و چاودێری کۆمەڵگا ، چیی لە خواست و خەیاڵیدا بێت بۆ تەنها خۆیی و دەستەڵاتەکەی ئەنجامی بدات ...! چۆن ، ئەم فەزا شێواوە لە خۆی دەشێوێنێت کە بتوانێت هەر مرۆڤێک کە دژی دەستەڵاتی بێت لە ژێر دروشمی وەهمی( مافی مرۆڤ و ئەزمونی دیموکراتی و ئاشتی و ئاوادانی و ئازادی بۆ کوردوستان ) ، بە ئاسانی گیانی بکێشێ و دوایی دەستێکی تر هەر بە زۆر تاوانبار بکات ، وە دەستی ڕەش و تاوانی خۆی لەم زەلکاوە ڕەشەدا بزر بکات ..!!
کەواتە دەستەڵاتداران ، بۆچی ڕێگای نهێنی و بزرکردن دژ بە هاوڵاتیان و ئازادی خوازانی دژیان ، بەکاردەهێنن ...؟! ئەزانن بۆ؟!! وەک لە سەرەوە ئیشارەم پێدا ، چونکە ئەمجۆرە دەستەڵاتانە بە بەڵێنی وەهمی ڕزگاری و ئازادی و ئاوەدانی و ئاشتی و عەدالەتی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و .....هتد گەیشتونەتە دەستەڵات ..! ئەم جۆرە دەستەڵاتانە بە سەودای داواکان و کێشە سیاسی‌یەکانی هاوڵاتیان گەیشتونەتە ئەم دەستەڵاتەی ئێستایان ..!!! . کەواتە بۆ پاراستن و مانەوە و بەردەوامی دەستەڵاتیان ، دەبێت زەلکاوێک دروست بکەن کە بە شاراوەیی و نهێنی و دژی ناوەڕۆکی دروشمەکانی سەرەوە و دژی هاوڵاتی‌یە ئازادیخوازەکان کارەکانی ئەنجام بدات ، وە ئەو مرۆڤانە بزر بکەن کە هەڕەشەی گۆڕانکاری لە سایەی ئەواندا دروست دەکات ..، وە ئەو مرۆڤانە لە فەزای تیرۆردا تیرۆر بکەن کە بەرانگاری پیرۆزی دەستەڵاتیان دەبێتەوە ..! وە دەیانەویت بە خەڵکی بڵێن ئێمە تەنها دوو جۆر بەدیلمان بۆ ئێوە هەیە ئەویش یان دەبێت کۆیلایەتی و کڕنوش بۆ دەستەڵاتمان ببەن ، یان چارەنوستان ، مەرگ و بزربونە لە زەلکاوی ڕەشدا بە دەستی ڕەشی تیرۆریستان و باندی جەلادەکان ..!! .
بەڵێ ئەو جۆرە دەستەڵاتدارانەی کە بڕوایان بە کاری شاراوەیی نهێنی و بزرکردنی هەموو کارێكی خۆیان هەیە ، هەرلە فرۆشتنی نەوتەوە ... لە نوسینی عەقدی بازرگانیەوە ... لە کۆبونەوەکانیانەوە ... لە ڕێکەوتنەکانیانەوە ، هەتا سەفەرەکانیان ، دەبێت بە نهێنی و دوور لە چاوی خەڵکی .. وە دوور لە چاوی قەڵەم و کامێرای ڕۆژنامە نوسەکانەوە ئەنجام بدەن ...! وە هەر بەنهێنی و لە ژێر شووشەی ڕەشدا ، کە { ئێمە نایانبینین بەڵام ئەوان زۆر بە ڕوونی ئێمە دەبینن } بێن و بچن و کەسیش بۆی نەبێت پرسیار و گومان لە کارەکانیان بکات ، ئەبێ چ جۆرە دەستەڵاتێک بێت ... ؟ !
وە ئەگەر یاسا سەروە ر بێت .. گەر ئازادی بونی هەبێت .. گەر هاولاتیان خاوەنی مافی خۆیان بن ... گەر دەستەڵات لە پێناوی پاراستنی ماڵ و ژیان و گیانی خەڵکیدا بێت ... ئەگەر عەدالەتی بونی هەبێت و دەستەڵات و خەڵک تەواکەری یەکتری بن ... ئەوا هیچ کاریکی نهێنی و شارەوە و دوور لە یەکتر هەرگیز نابێت ڕوو بدات و وە لە ئەسلیشدا ڕوونادات ، بەڵام گەر دەستەڵات و هاوڵاتیان لە یەکتر دوور بکەونەوە ، یان بونە دوژمنی یەکتر ئەوا دوور لە چاوی یەکتر و بە نهێنی و بەبێ چاوەڕوانی بڕیاری یەکتر، چالاکی‌یەکانیان ئەنجام دەدەن ...!
وەک لە سایەی سەرکوت و نا ئازادی ، حیزبی بەعسدا بینیمان کە چۆن خەلک بە نهینی کاری سیاسی دەکرد و بەڵام ئەوان بە ئاشکرا سزای خەلکیان دەدا ، لەبەر ئەوەی حیزبی بەعس لێ‌ی ڕوون بوو کە ئازادیخوازانی کوردوستان و عێراق بە دوژمنی سەرەکی خۆیانیان دەزانن و ئامادە نین ببنە کۆیلەی ئەم دەستەڵاتە بەربەریە ، بۆیە ئەویش ئیعلانی دوژمنکارانەی خۆیان بۆ خەڵک بەیان کردبو تا بەئارەزویەکی ڕەها ، بە سوپایەکی دڕندە ، ئاگر و ئاسن و کیمیایی ببارینێ بە سەر خەڵکیدا .
بەڵێ ئەگەر لە وڵاتێکدا کە یاسا و مافی مرۆڤ و مەدەنیەت بونی هەبێت و دەستەڵاتەکەی لە ڕووداوەکانی ڕۆژ بکۆڵێتەوە و بە دوای سەرچاوەی پشێوی و نا ئارامیەکانی کۆمەڵگادا پێ هەڵبگرێت ئەوا زۆر بە زەحمەت کار و ڕووداوەکانی تێدا بزر دەبێت .
وە ئەگەر لە ووڵاتێکدا مرۆڤەکانی خاوەنی درێژترین مێژووی ئەزمونی شکاندنی دەزگای سەرکوت و زیندان بێت ، وە خاوەنی گەورەترین ئەزمونی خۆ دەرباز کردن بێت لە بەر چاوی سور و زەقی جەلادەکان .. ئەوا بێجگە لە دەستی دەستەڵاتە گەورەکانی نێو خۆمان ، کێ دەتوانێت مرۆڤەکانی بزر بکات ؟؟! وە ئێمە خاوەنی مێژووی ئەزمونی بەرگری و خۆ ڕزگارکردنین لە شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران و تۆپباران و ئاوەرەیی و بۆردومانی فرۆکەی جەلادەکانی بەعس ، ئەی چۆن ... وە بە کام دەست ... بێجگە لە دەستە شارەوەکانی نێو خۆمان، کێ دەتوانێت بزرمان بکات ..؟! وە چۆن ، وە کێ دەتوانێت ڕۆلەکانی ئەم خەڵکە بە ئەزمونە ، لە نێو ماڵ و سەر ڕێگای قوتابخانە و زانکۆکاندا یان لە نیوەی شەودا ، بە سانایی بزر بکەن و دوا جار جەستەکانیان بە برینداری یان بە کوژاروی بۆ خێزان و کەسوکاریان بگەرێننەوە ..؟ .
بۆ دەستەڵاتی حیزبی بەعس بە گەورەترین دەزگای چەک و جاسوس نەیدەتوانی مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە بدزێ و بزری بکات و خۆی لێ بێبەری بکات ، وە نەیدەتوانی دەستی خۆی لە کوشتنی هیچ مرۆڤێکی ئازادی خوازدا ئاشکرا نەکات ...؟ وە لە سێدارەدانی هیچ زیندانیەکی سیاسی و نوسەر و ڕٶشنبیر و هونەرمەند و شاعیرێکی ئەم میللەتە ، نەیدەتوانی دەستی خۆی ئاشکرا نەکات ..؟ وە هەر ئێستاش بەڵگەیەکی زیندوو هەیە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە ، هەر دوێنێ دەستەڵاتی ترسناکی کۆماری ئیسلامی پێنج مرۆڤی کوردی بە ئاشکرا هەڵواسی و بە دەستی ئاشکرای خۆی لە سێدارەی دان ... خەڵکیش بۆ لەحزەیەک بە دوای سەرچاوەکەیدا نەگەڕان و پرسیاری ( کێ ) یان نەکرد ... وە پرسیاری ( چۆن ) یان نەکرد... تەنها پرسیاری ( چی بکەین ؟! ) لە خۆیان کرد . وە خەڵکیش بۆ وەڵام بەم پرسیارە ، کەمێک رق و تورەیی خۆیان لە بەرامبەر ئەم دەستەڵاتە دەربڕی و ئەوی دیکەیان لە دەروونیاندا بۆ فرسەتێکی دی کۆکردۆتەوە ..!
ئەگەر بە وردی لە چۆنیەتی کاری ئەم دوو رژێمە وورد بینەوە بۆمان دەردەکەوێت بۆچی بە ئاشکرا مرۆڤەکانیان لە سێدارە داوە ، یان لە سێدارە دەدەن ؟! ئەوا بە بڕوای خۆم چەند هۆکارێكی هەیە ، یەکەم: بەم کارە ئاشکرا و نا ئینسانی‌یە ویستویانە و دەیانەوێت ترس و تۆقین و هێز و دەستەڵات و توانای سەرکوت بۆ خەڵکی بسەلمێنن و پێیان بڵێن ، کە هەرکەس بیر لە ئازادی و گۆڕانکاری بکاتەوە و پێمان بڵێت ( نا ) ئەوا چارەنوسی وەک ئەم مرۆڤە لە سێدارە دراوانەی لێ دێت . دووەم : بۆ ئەوەی پشێوی و نا ئارامی لە سایەی دەستەڵاتی ئەواندا دروست نەبێت و کۆنترۆڵی دەستەڵاتیان لە دەست نە چێت . سێ‌یەم : دەیانەوێت بیسەلمێنن بۆ کۆمەلگا کە تەنها دەستەڵاتی ئەوان بونی هەیە و هەر ئەوانیش دەتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن وهیج گروپ و ڕێکخراوێک و تاکێکی هاوڵاتی ، لە دەرەوەی دەستەڵاتی ئەوان ناتوانێت بونی هەبێت و بەشداری کار و گۆڕانکاریەکانیان بکات . چوارەم : ....هتد
کەواتە لەسەر مەتنی ئەم بۆچونەی سەرەوە ئێمە دەتوانین لەوە تێ بگەین ، کە دەستەڵاتدارانی کوردوستان نە وەک ڕژێمی جمهوری ئیسلامی و نە وەک رژێمی بەعس و صدامی فاشی ..!! ناتوانن خۆیان پێناسە بکەن و دەستی دوژمنکارانەی خۆیان بەتەواوی بۆ خەڵکی کوردوستان ئاشکرا بکەن . وە تموحی پارە و دەستەڵاتیش هەرگیز ڕێگا نادات دەستەڵاتدارانی کوردوستان بکاتە دەستەڵات و حکومەتێکی مەدەنی و دیموکراتی و عەدالەتخواز ...!!
کەواتە ئەمان ناتوانن یەک : وەک دوو شێوەی حکومەت و دەستەڵاتی ئاشکرا و عەلەنی حکومەتی بەعس و کۆماری ئیسلامی دیکتاتۆر ، دوژمنایەتی خۆیان دژ بە ئازادی و ژیانی هاوڵاتیان ئیعلان بکەن : دوو: وە ناشتوانن بە تەواوی وەک حکومەتێکی هاوتا و هاوسەنگ و بە دیسپلین لەگەڵ ناوەڕۆکی دروشمی دیموکراتی و مەدەنی و مافی مرۆڤ و عەدالەتیدا ڕەفتار بکەن ..!!
بۆیە ئەم دەستەڵاتە تا ئێستا درێژەدەدات بە فەزای بێ یاسایی و پشێوی و شێواوی بۆ ئەوەی هەل و مەرجێکی نا جێگیر و نا ئەمنی و نا ئارامی دروست بکەن ، بۆئەوەی بتوانن هەموو کارێکی گەندەڵی و دزی و نا عەدالەتی و هەموو ڕوداو و کارێکی ناشیاوی نائینسانی دەستی خۆیان بە ئاسانی لە بن زەلکاوی ڕەشی دەستەڵاتیاندا بزر بکەن .
بەڵام خەڵکینە لە داهاتویەکی نزیکدا ناتوانن لەم نێوانەدا و لە ژێر ئەم دەمامکانەدا درێژە بە دەستەڵاتیان بدەن .. ! بە هۆی فرۆشتنی نەوتی زیاتری کوردوستان و بێ بەش کردنی خەڵک لەم داهاتە بێ شومارە ، ئەوا تا بێت تموح و دزیەکانیان فراوانتر دەبێت و دەولەمەند وپارەدارتر دەبن ، بەردەوامیان لەم کارە دەبێتە هۆی قوڵ کردنەوەی ڕەخنەی نوسەر و ڕۆشنبیران و عەدالەتخوازان و خەڵک دژ بەم دەستەڵاتە ، وە لە ئەنجامدا ململانێ‌ی توند و تیژی نێوان خەڵک و دەستەڵات دەست پێ دەکات ، وە دەستەڵاتیش هێزی چەک و سەرکوتی بە تەواوی دەخاتە گەڕ بۆ پاراستنی دەستەڵاتی ..!! ئا لێرەدا مەهامیان بە تەواوی بۆ گشت خەڵکی کوردوستان ئاشکرا دەبێت وئەوانیش بەبێ خواستی خۆیان دەخرێنە ریزی ڕژێمە داگیرکەرەکان و دوژمنەکانی ئەم میللەتە و لە ئەنجامدا دواتر خۆیان بە دەستی عەدالاتخوازانەی هاواڵاتیان دەخرێنە ئەو زەلکاوە ڕەشەی کە دروستیان کردووە ...!!


20.05.2010



 

           

 

26/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com