دەربڕینی خود و لەیەکگەشتن لە سێکسدا
 

  

کامەران چڕوستانی


زۆر جار لە خۆمان یاخود لە دوروپشتمان گلەیی و سکاڵایەکی زۆر بەدی دەکەین لە لایەن ژن و پیاوانەوە سەبارەت بە ژیانی سێکسییان لەگەڵ هاوسەرەکەیان وە هەر یەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز و لە ڕوانگەی خۆیانەوە. ئەمیان دەڵێت ژنەکەم ئەڵێی لاشەی مردووە لە کاتی سێکسدا، ئەوی تریان دەڵێت: بەخوا ئەگەر لەبەر دڵی مێردەکەم نەبێت، هەر نامەوێت بێت بە لامدا، ئەمیان دەڵێت: ئاواتەخوازی ئەوەم ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنەکەم دەستپێشکەری بکەردایە، ئەوی تریان دەڵێت: بمەوێت و نەمەوێت، هیلاک بم و هیلاک نەبم ئەو کاری خۆی هەر دەکات.
ئەمانە و چەندەها سکاڵای ئاشکرا و شاراوەی تر لە ناو ناخ و هزری زۆر کەسی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتییدا پەنگی خواردۆتەوە و زۆر جاریش چارەسەرەکان بە ئاسانی ناکرێت، ئەویش بەهۆی ئەو بار و دۆخەی کە تاک و کۆمەڵگا و ئاستی پێشکەوتن خۆیانی تیادا دەبیننەوە لە ناو ئەم کۆمەڵگایانەدا.
ئایا هۆکاری ئەم سکاڵا وکێشانە چین و سەرچاوەکەیان کوێن؟
گەر سەرنجێک لە سکاڵاکان بدەین، دەبینین، کە هەر یەکە لە ژن و پیاو لە ڕوانگەی خۆیەوە سکاڵاکان دەردەبڕن و هەندێک جار بە دوو تێڕوانینی جیاواز لە دیاردەکان. هەندێک جاریش سەرچاوەی کێشەکە هەمان خاڵە، کە هەر یەکەیان بۆ خۆی پاساو دەدۆزێتەوە و خۆی بە ڕاستتر دەبینێتەوە. بێگومان وردبوونەوە و شیکردنەوەی ئەم کێشانە لە نووسراوێکی چەند لاپەڕەییدا کۆتایی پێ نایەت و چارەسەرکردنیشی گەر زۆرتری نەوێت، ئەوا کەمتری ناوێت، بەڵام بۆ تێڕوانینێکی گشتیی لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی ئەم کێشەیە دەتوانین سەرنج ڕابکێشین بۆ ئەم چەند دیاردانەی خوارەوە:
١. نەبوونی ڕۆشنبیرییەک و کولتورێکی سێکسیی لە ناو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا بووەتە کێشەیەکی گەورە لەم بوارەوە، کە ئەویش شان بە شانی کولتور و ڕۆشنبیری بەشەکانی تر دەڕۆن لە ژیانی کۆمەڵگادا. ئەمەش وای کردووە، کە پیاو و ژن بە بێ ئەوەی، کە زانیارییەکی بنچینەی پتەویان هەبێت هەر یەکەیان لە بۆچوونە هەڵەکانەوە مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆی و جەستەی بەرامبەرەکەی بکات و بە هەمان شێوەش لە ژیانە سێکسییەکەیدا هەنگاو بنێت. بە تایبەتی لە پاش ساڵی نەوەدەکان، کە مێدیا جیهانێکی نوێی کردۆتەوە بۆ تێڕوانین لەو جیهانەی کە تا دوێنێ پێمان نامۆ بوو. مێدیای نوێ بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندەها ڕۆژنامە و گۆڤار و فلیم، کە هەندێکیان جگە لە کەرەسەیەکی بازرگانی هیچ ڕۆڵیکی تر نابینێت لە ژیانی سێکسیی ئاسایی نێوان دوو مرۆڤدا و ئەم جۆرە فلیمانە بە تایبەتی زۆر دوورن لە ژیانە واقیعییەکەی سێکس. ئەمەش مانای ئەوە نییە، ئەوەی لە فلیم و ڕیکڵامە و چاپکراوانەدا بەرچاو دەکەوێت، بتوانرێت لە جیهانە ڕاستەقینییەکەی ژیانی سێکسییدا بخرێتە سەر زەمینەی واقیع. ڕاکردن بە دوای ئەو خەیاڵانەدا و نەبوونی بنەمایەکی ڕۆشنبیری زۆرکات کێشە و نەگونجاندنێکی بێبناغە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دروست دەکات.

٢. جیوازی نێوان پێکهاتەی جەستەی پیاو و ژن و هەروەها پێکهاتەی سێکسێتییان: ژن و پیاو جیاوازن لە تێڕوانینیان بۆ ژیانی سێکسی، دەستپێکردن و چۆنێتی دەستپێکردنی سێکس، خۆئامادەکردنی جەستەیی و دەروونی خود، شێوازی هەنگاوەکان و تێپەڕبوونی پلەکان . . . هتد. ئەم هۆکارانەش بوونەتە هۆی ئەوەی، هەر یەکەیان لە ڕوانگەی جیهانەکەی خۆیەوە تەماشای ژیانە سێکسییەکە بکات و هەندێک جاریش بە سەرسوڕمانەوە هەندێک پرسیار بکات سەبارەت بە هەندێک مامەڵەی بەرامبەرەکەی، بە بێ ئەوەی زنیاریی لەو بارەیەوە هەبێت لە لایەن ئەو جیاوازییەوە یاخود بە بێ ئەوەی بتوانێت ئەو جیهانەی بەرامبەرەکەشی بەو شێوەیە بگرێتە دڵ، بەو شێوەی کە هەیە، نەک بەو شێوەیەی کە خۆی ئاواتەخوازێتی بۆ ئەوەی ببێت بە کۆپیەک لە خۆی. ئەم جیاوازییەش زۆر جار دەبێتە هۆی کێشە و لەیەکنەگشتن لە نێوانیاندا، کاتێک لایەکیان ناتوانێت شیکردنەوەیەکی ڕوون و هۆکارێکی ئاشکرا بۆ چۆنێتی ئەو مامەڵانەی لاکەی بەرامبەر بدۆزێتەوە.

٣. پیاوسالاریی و کۆنترۆڵکردنی زۆر لایەنی کۆمەڵگا لە لایەن پیاوەوە، کاری کردۆتە زۆر لایەنی دەروونی و کەسایەتی ژیانی ئافرەت، کە نەتوانێت ئەو ماف و سەربەستییە بە خۆی بدات، بۆ ئەوەی ئەوە دەرببڕێت، کە ویست و ئارەزوویەتی. هۆکاری ئەمانەش دەگەرێتەوە بۆ فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان، ئاینییەکان، دابونەریت، ئابووری و لایەنی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا، کە هەموویان لە ژێر چەتری پیاوسالاریدا کار دەکەن و هۆکارن بۆ ئەوەی کەسایەتی ئافرەت لە ناو سنوورێکی تەسکی ژیانی کۆمەڵگادا پەروەردە بکات. واتە سەرکوتکردنی کەسایەتی ئافرەت دەبێتە هۆی سەرکوتکردنی ویستی سێکسیی و نەدانی بوار بە خود بۆ ڕزگاربوون لە سەرکوتکردنی چەند ساڵەی کۆمەڵگا و فاکتەرەکانی تر. هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی ئەوەی ئافرەت لە ژیانی سێکسییدا هەروەک لە بوارەکانی تری ژیاندا خۆی بە خاوەن ماف و داواکارییەکان دانەنێت و زۆر کات خۆی وەک جێبەجێکەریکی داواکارییەکان بێتە بەر چاو.

٤. ترسی ئافرەت لە دەبڕینی ئارەزوو و ویستەکانی خۆی، لەبەرئەوەی کە زۆر ئافرەت بیر لەوە دەکەنەوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک ڕەفتارێکی بەهانزم پیاوەکە ئەم شتانە بە چاوی ئافرەتەکەدا بداتەوە یاخود لەوانەیە بەم هەنگاوەی ڕێزی ئافرەتەکە لە لای پیاوەکە کەمتر ببێت، هەرچەندە ژیانی سێکسیی نێوان دوو کەس جگە لە ڕاگۆڕکێ و سەربەستیدان بە خۆیان بە هیچ فاکتەرێکی تر ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهینێت و ئەم سەربەستییەش هیچ پەیوەندییەکی نییە بە بوونی ڕێز لە نێوانیاندا گەر مامەڵەکان لە سنوورە مرۆڤایەتییەکان دەرنەچن. هەندێک ئافرەت و پیاو بەداخەوە ئێستاش لەم کۆمەڵگایەدا ئەم جۆرە مامەڵانە بە ڕەفتارێکی ئاستنزمی کەسێکی لە قەڵەم دەدەن.

٥. تێگەشتنی چەوتی هەندێک ئافرەت و پیاو لە مەسەلەی سێکس لە نێوانیاندا، کە وەک ئەرکێک دادەنرێت، کە ئافرەت دەبێت بەرامبەر پیاوەکەی بەجێی بهێنێت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاوەکە، بە بێ ئەوەی لێرەدا بیر لە بوونی ئارەزووی سێکسیی ژنەکە بکرێتەوە. ئەم شێوازە بیرکردنەوەش دەبێتە هۆی دوو دەرئانجامی نێگەتیڤ لە پەیوەندییە سێکسییەکەیاندا لە لایەک ئافرەتەکە بیر لە تێرکردن و چێژوەرگرتن لەو پەیوەندییە دوولایەنە مرۆڤایەتییە نەکاتەوە، لە لایەکی تر لەگەڵ کاتدا دوورکەوتنەوەی ئافرەتەکە لە مەسەلە سێکسییەکە، وەک یەکێک لەو هۆکارانەی کە خۆشی دەدات بە مرۆڤ و لە هەمان کاتدا هۆکارێکیشە بۆ ڕاگرتنی بالانسی بەشێکی ژیانی خێزانی.

هەموو ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی ناڕەزاییەک و نەگونجاندێک لە لایەن هەردوو لاوە، بەڵام لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە. لە لایەکەوە پیاوەکە سکاڵا لە ساردێتی ژنەکە دەکات، کە ناتوانێت هەموو ئارەزووەکای ئەو تێر بکات و تینووێتییەکەی دابمرکێنێتەوە، بەڵکو هەندێک جاریش پەنا دەباتە بەر هەندێک ڕێبازی دەرەکیی تر بۆ ئەوەی خەوەکانی خۆی بەدی بهێنێت. بەڵام بە بێ ئەوەی لە خۆی بپرسێت، گەر پیاو مافی خۆی بێت داوای تێربوونی سێکسی بکات، ئەی ئەرکی ئەو چییە بەرامبەر هاوسەرە ژنەکەی. گەر ئەویش هەمان مافی هەبێت، ئەی پیاوەکە چۆن دەتوانێت بە هەمان کەناری بگەێنێت؟ چی دەبێت بکات؟ ئایا مامەڵە چۆن دەبێت لەگەڵ ئافرەتێکدا بکرێت لە لایەنی جەستەیی و دەروونیەکەوە، بۆ ئەوەی لەم ساردییی و دوورکەوتنەوە ڕزگاری بێت؟
لە لایەکی تریش ئافرەتەکەش بە هەمان شێوە کە سکاڵای ئەوە دەکات، کە مێردەکەی لە ناو جێگەدا تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە بە شێوەیەک گرنگترین خاڵ لای پیاوەکە گەشتنە بە ئۆرگازم، بەڵام بەبێ ئەوەی ئافرەتەکە پرسیار لە خۆی بکات، بۆچی پیاوەکەم تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە؟ سەرەتای هەڵەکان لە کوێوە بوون؟ ئەو هۆکارانە چین، کە ڕێگرن لە گەشتنم بە ویستەکانم؟ چی دەتوانین بکەین بۆ گۆڕانکارییەک لە ژیانی سێکسیماندا و چۆن؟
ئەوەی لێرەدا گرنگە و ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت بریتییە لە تێگەشتنی ئافرەت و پیاو بۆ جەستە و پێکهاتەی دەروونی و کەسایەتیی یەکتر، کە هەر یەکەیان شێوازە پێکهاتەیەکی جیاوازی هەیە و لەگەڵ خودی خۆیدا جیاوازە. واتا زیادکردنی لایەنی ڕۆشنبیری سێکسیی یارمەتیدەرێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی، هەردوو لایەنی پەیوەندییەکە تێڕوانینێکی ڕوونتریان هەبێت بەرامبەر بەو خاڵانەی، کە لێیان ڕون نین و ئاڵۆزن، چونکە هەروەک ئاماژەم پێداوە، یەکێک لە گەورەتین هۆکاراکانی ئەم جۆرە کێشانە بریتییە لە تێنەگەیشتنمان بۆ پێکهاتەی جەستەیی و دەروونی ژن و پیاو. جا هەر هەنگاوێک و زانیارییەکی تازە بریتییە لە هەنگاوێک بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا.
مەرجێکی زۆر گرنگە، کە مرۆڤ لە خودی خۆیەوە سەیری بەرامبەرەکی نەکات، بەڵکو هەوڵ بدات لە بەرامبەرەکەی بگات و گەر هەنگاوەکانیش قورس و ئاسان نەبن، بەڵام هەنگاو بنرێت بۆ بینینەوەی خاڵی هاوبەش و لەیەکگەشتن لەو بارەیەوە. لە هەمان کاتدا پیاو دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ ئەوەی متمانەی ئافرەتەکە زیاد بکات لە پەیوەندییە سێکسییەکەدا و هەوڵ بدات ئەو لایەنە پەرە پێ بسەنێت، بۆ ئەوەی ئافرەتەکە بتوانێت زیاتر سەربەستی بە خۆی بدات. بەبێ بوونی متمانە و هێمنی لە مامەڵەی پەیوەندی سێکسییدا هەرگیز پیاوەکە بێت یاخود ژنەکە ناتوانێت نە لە لایەن جەستەییەکەوە نە لە لایەن دەرونییەوە خۆی سەربەست بکات، بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە وەک بەشێک لە لایەنی ڕۆحیی و هەستی خۆشەویستی لە قەڵەم بدات، نەک وەک ئەرکێکی سەرشان یاخود کارێکی میکانیزمی بۆ گەشتن بە ئۆرگازم.
لە هەمان کاتدا قبوڵکردنی ڕاوبۆچوونەکانی یەکتر لەم بارەیەوە گەر بە قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوە پێشنیارێک یان داواکارییەک بێت، چونکە ڕەتکردنەوەی داواکارییەک مەرج نییە نە ئەمیان و نە ئەویان بە بریندارکردنی هەست و نەست و کەسایەتی ئەو کەسە بێت، یاخود بە ساردی و دوورکەوتنەوە لە قەڵەم بدەن، چونکە دەبێت ژن و پیاو ئەوە بزانن، کە مەرج نییە مرۆڤ بە هەموو خەیاڵ و ئاواتە سێکسییەکانی خۆی بگات، گەر لاکەی تر نەتوانێت بەشێک لەو خەیاڵانە بەدی بهێنێت. واتا ژیانی سێکسیی بریتییە لە تێگەشتن و گونجان هەروەک هەموو بەشەکانی تری ژیان. چونکە زۆر جار کاتێک لایەنێک داواکارییەک ناتوانێت، لەبەر هەر هۆکارێک بێت، بە جێ بهێنێت، لایەنەکەی تر وەک بریندارکردنی هەست و ویستەکان دەیگرێتە دڵ، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە، کە خودی خۆشی لەوانەیە لە ساتێکدا داواکارییەکی ئەو ڕەت بکاتەوە یاخود لە ئاسانترین ڕوانگەوە، کە پەیوەندی سێکسی بریتییە لە پەیوەندی بڕیار و ویستی سەربەست، کە هەر یەکەیان هەموو هەنگاوێکی دەبێت لە کانگای دڵیەوە بێتە دەرەوە.
بێگومان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی سێکسیی لە نێوان دوو کەسدا خوڵقاندنی کەشێکی گونجاو لە کاتێکی گونجاودا و هەروەها گۆڕانکاری لەو کەشەدا زۆر گرنگە، جا گۆڕانکارییەکان لە بەرگدا بێت، لە ڕووکەشدا، لە شوێندا یاخود لەو کەشەی، کە هەموو جارێک بە شێوەیەکی ئاسایی سێکسی تیدا دەکرێت. بۆ نموونە زۆربەی ئافرەتان بە خوڵقاندنی ئەتمۆسفیرێکی ڕۆمانسی زیاتر ئامادەیی خۆیان تیادا بەدی دەکەن و هێمنییەکی دەروونی زیاتر دەدۆزنەوە. ئەم بارودۆخە ڕۆمانسییەش گەر زۆربەی کاتیش نەبێت ئەوا هەندێک جار دەتوانرێت بەدی بهێنرێت. لەم بارەیەوە چەند کەسایەتییەکان جیاوازن، هێندەش چۆنێتی ئەو کەشەش جیاوازە، چونکە تەنها ژن و پیاوێک خۆیان دەزانن هەر یەکەیان ئارەزوویان لە چییە و دەیانەوێت لە چ بارێکدا پەیوەندی سێکسیی خۆیان بەردەوام بکەن. بۆ نموونە کەسی وا هەیە، کە ئارەزوی هەیە لە شوێنی ڕوناکدا سێکس بکات، بەڵام کەسانێکی تر ئارەزوی ئەوە دەکەن لە تاریکیدا یاخود لە بەر مۆمدا. جا ئارەزوەکان جیاوازن، هێندەی ویستەکان و ڕێبازەکان.
زۆر جار هاوسەرەکان، هەرچەندە کێشەیان لەم بارەیەوە هەیە و هەوڵیش دەدەن، کە چارەسەری بکەن، بەڵام زۆر بە دەگمەن ڕوو دەکەنە دەروونناسێک یان سیکسۆلۆجێک، کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستییانە یارمەتییان بدات دوور لەو چارەسەرانەی، کە لە ناو کۆمەڵگادا باون و بەرفراوانن. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینمان لە مەسەلەی سێکس، کە زۆر جار بە عەیبە یان شەرم دایدەپۆشین. لە هەمان کاتدا ئەو چارەسەرانەی، کە دەوروبەرمان بۆمان دادەنێن بریتین لە کۆپیکردنی چارەسەرێکی پێشوو، کە بەسەر دوو کەسدا بە سەرکەوتووی تێپەڕیوە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە، کە هەموو مرۆڤێک جیهانێکی جیاوازە و ئەو چارەسەرەی، کە لە مرۆڤێکدا سەردەکەوێت، لەوانەیە لە کەسێکی تردا سەرنەکەوێت بەو هۆی جیاوازی کەسایەتی و باری ژیان و تەمەن و چەندەها فاکتەری تر. لە پاش ئەو پێشکەوتنە زانستییەی، کە سەرتاپای جیهانیش بە خۆیەوە دەبینێت، کاتی ئەوەش هاتووە، کە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانیش تێروانینیان بەرامبەر کێشە دەروونیی و سێکسییەکان بگۆڕن، کە ئەوانیش کێشەن لە سنوورە مرۆڤایەتییەکاندا. چۆن کاتێک تووشی هەڵامەتێک دەبین و ڕادەکەین بۆ لای پزیشکێک، بە هەمان شێوە ئاساییە گەر لەم بوارەشدا کێشەمان هەبوو پەنا بەرینە بەر کەسێک یان لایەنێک، کە بتوانن لەسەر بنەمایەکی زانستیی یارمەتیمان بدەن.




 

           

 

24/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com