دیسانه‌وه‌ سانسۆر!

  

كامه‌ران سوبحان



دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر فشاری هه‌ندێ هاوكێشه‌ی سیاسی شاره‌وه‌دا كه‌ناڵی كوردسات، دوای په‌خشكردنی چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌ زنجیره‌ درامای (ئاریا) به‌ بیانووی هێرشكردنه‌ سه‌ر پیرۆزی به‌شێكی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ بێ گوێدان به‌ ئیتك و به‌های هونه‌ریی، به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ستافی دراماكه‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ دراماكه‌ی وه‌ستان، دوو هه‌فته‌ش له‌مه‌وبه‌ر كه‌ناڵی (k.n.n) و به‌رنامه‌ی (سه‌كۆ)ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ به‌ بیانووی ره‌خنه‌گرتنی ئێمه‌ له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كانی شانۆی ئه‌م وڵاته‌ و له‌سه‌ر داوای هه‌ندێ كه‌س كه‌ توانای گفتوگۆكردنیان لاوازه‌، بڕیاری وه‌ستانی به‌خشیی دووه‌می به‌رنامه‌كه‌یاندا!
هه‌فته‌ی پێشوش به‌ بیانوی سوكایه‌تیكردن به‌ هه‌ندێ له‌ پیرۆزییه‌كان له‌ هه‌ندێ مزگه‌وتی هه‌ولێره‌وه‌ هێرشی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یان كرده‌ سه‌ر ده‌زگای ئاراس و گۆڤاری وێران.
كه‌ناڵی كوردساتیش وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌سه‌ر داوای كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كانی گه‌رمیان كه‌ گوایه‌ دراماكه‌ سوكایه‌تی به‌ كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان ده‌كات، كه‌ناڵی كوردسات بڕیاری وه‌ستانی درامای (گه‌رمیان و كوێستان)ده‌ركردووه‌.
وه‌ستانی ئه‌م دوو زنجیره‌ درامایه‌( ئاریا، گه‌رمیان و كوێستان) و وه‌ستانی به‌رنامه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ (k.n.n) ئاماژه‌ی گرنگییان له‌ پشته‌وه‌یه‌، ئاماژه‌یه‌ك ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ئیدی ره‌نگه‌ له‌ هه‌ركات و له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا بێـت كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كانمان به‌ ئاسانی بتوانن رێگربن له‌وه‌ی ده‌یڵێین له‌وه‌ی نمایشده‌كه‌ین، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌و كه‌ناڵانه‌ حسابێك بۆ به‌ها و حه‌سانه‌ی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند بكه‌ن، كه‌ له‌ دونیادا ئه‌و ماف و حه‌سانه‌یه‌ی به‌ پێی یاسا رێكخراوه‌.
ده‌پرسم له‌ كوێی دونیادا دوو زنجیره‌ دراما كه‌ به‌رهه‌می ماندووبون و شه‌ونووخونی سه‌دان (ئه‌كته‌ر و هونه‌ریی و مۆنتێر و ته‌كنیكی) یه‌كسه‌ر له‌ په‌خشكردن راده‌گیرێت؟ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و درامایانه‌ سه‌رفیكردووه‌.
نازانم بۆ كه‌ناڵه‌كانی ئێمه‌ چاو له‌ هه‌ڵوێستی كه‌ناڵه‌ توركی و عه‌ره‌بییه‌كانی دراوسێمان ناكه‌ن كه‌ ئه‌مساڵ دوای په‌خشكردنی زنجیره‌ درامای (هاواری به‌رد) كه‌ باس له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌كات له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسرائیل، ئیسرائیلی ناچاركرد به‌ ره‌سمی داوای وه‌ستانی ئه‌و زنجیره‌ درامایه‌ له‌ توركیا بكات، وه‌ڵامی توركیاش ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و ناتوانێت ده‌ستبخاته‌ كاروباری هونه‌ریی كه‌ناڵه‌كانی میدیا و ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌، دواجار ئه‌م دراماكه‌ گرژییه‌كی وای خسته‌ نێوان ئیسرائیل و توركیا به‌ ئاشكرا ئیسرائیل ره‌خنه‌ له‌ توركیا بگرێت كه‌ وڵاته‌كه‌ی رۆڵی هه‌یه‌ له‌ بارگرژییه‌كانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیلدا.
به‌هه‌رحاڵ ده‌پرسم گه‌ر ئه‌م درامایه‌ ره‌خنه‌ بووایه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێ و هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌كه‌ ئایا ئه‌وكات ئه‌م كه‌ناڵه‌ هه‌ڵوێستی چۆن ده‌بوو؟ تۆ بڵێی ئه‌وكات هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ دراماكه‌ی ده‌وه‌ستاند یان ئه‌كته‌ره‌كانیشی ده‌دایه‌ دادگا!
هه‌قبوو كوردسات نه‌چێته‌ ژێرباری راگرتنی ئه‌م دراما هونه‌رییه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و پێویست بوو له‌ بری سانسۆركردنی دراماكه‌، زه‌مینه‌یه‌ك بڕه‌خسێنێت بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی ئه‌م درامایه‌، نه‌ك وه‌ستاندنی.


 

           

 

06/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com