هه‌ڵوێسته‌کان له‌سه‌ر ئازادیی و تێرۆری سه‌رده‌شت
 

  

کامیار سابیر


ئه‌م نووسینه‌ هه‌ندێ ورده‌کاریی و هه‌ڵوێستی هه‌ندێ نووسه‌رو لایه‌ن لێکده‌داته‌وه.‌
• پێشوه‌خت ناکرێ بڵێی هه‌موو نووسه‌رو رۆشنبیرو که‌سایه‌تییه‌ک له‌سه‌ر تێرۆری سه‌رده‌شت، ده‌بووایه‌ چالاکییه‌ک بکات، به‌ڵام به‌شێک له‌وانه‌ی به‌هه‌زار ته‌قه‌لا بۆڵه‌یه‌کیان لێوه‌هات یان قوڕوقه‌پیان هه‌ڵبژارد، دووریی و نزیکییان له‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رکه‌وت. هه‌ندێک به‌س بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا ده‌رکه‌ون، به‌هه‌ندێ منگه‌منگه‌وه‌ چه‌ند دێڕێکی پێچوپه‌نایان بۆ داکۆکییکردن له‌و وشه‌ گوناهه‌ی ناوی " ئازادیی"ه‌ نووسی ‌‌. به‌ڵام زۆرباشیان کرد که‌ نووسیتیان، چونکه‌ مه‌عده‌نی راسته‌قینه‌ی خۆیان ساغکرده‌وه‌.

• پارتیی له‌رێی به‌یانی مه‌کته‌ب سیاسییه‌‌که‌یه‌وه‌، سه‌رۆکی هه‌رێمی بچووککرده‌وه‌و کردیان به‌سه‌رۆکی حیزبێكی تووڕه‌و میلیتانت، کردیان به‌سه‌رۆکی حیزبێک که‌ ناوچه‌که‌ی و حیزبه‌که‌ی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆی له‌ هه‌موو به‌ها نیشتمانییه‌کان به‌لاوه‌ گرنگتر بێت. ده‌کرێ بڵێین سه‌رۆکی هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگای له‌ تێرۆری سه‌رده‌شت نه‌بووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ندێ میلیشیای حیزبه‌که‌ی ئه‌و کاره‌یان کردبێ، ئه‌وه‌ پێش هه‌موو شتێ ده‌ستدرێژیی‌ بۆ سه‌ر پۆسته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و که‌سایه‌تیی و مه‌قامی ئه‌و کراوه‌. ئه‌گه‌ریش وه‌ک راگه‌یاندنی پارتیی ده‌ڵێ که‌سانی ترو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌پشتییه‌وه‌ بن، ئه‌وه‌ ده‌بوو سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ر هیچ نه‌بووایه‌، له‌هه‌نگاوی یه‌که‌می لێکۆڵینه‌وه‌کاندا وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌ت ( که‌ کادیری حیزبه‌که‌ی خۆیه‌تی ) و پارێزگار و ژه‌نه‌راڵی زێڕه‌ڤانییه‌کانی هه‌ولێری بۆ راییکردنی هه‌لومه‌رجه‌که‌ له‌سه‌رکار لایببردنایه‌، ئه‌وسا نه‌ک به‌به‌ڵێن، به‌کرده‌وه‌ و به‌به‌ڵگه‌وه‌ تێرۆریسته‌کانی بۆ رای گشتیی ئاشکرابکردایه‌. ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ک بکوژه‌کانی د.عه‌بدولستار و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ نه‌کرێن. ئاخر ئه‌وه‌ چ لۆژیکێکه‌، هه‌رێمی کوردستان و ره‌وه‌ندی کوردیی له‌سه‌رانسه‌ری دنیادا به‌م که‌یسه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، كه‌چی به‌رپرسه‌کانی هه‌ولێر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سکانداڵه‌( فه‌زیحه‌) گه‌وره‌یه‌دا ته‌قه‌ی سه‌ریان دێت!
• حیزبه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم، به‌هه‌مان کولتوور و دیدی حیزبه‌ شمولییه‌کان، سه‌یری ده‌ستکه‌وته‌کان ده‌کات. هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕووی مۆراڵیشه‌وه‌ گونجاو نییه‌ دیدی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی به‌عس و پارتیی به‌روارد بکرێن. به‌ڵام له‌ئاست به‌چاودانه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌ حیزبییه‌کاندا‌ به‌راوردێکیان بکه‌ین. به‌عسیزم سه‌ری زمان و بنی زمانی، ده‌ستکه‌وته‌کانی کووده‌تاکه‌ی( شۆڕشی) 17 و 30ی ته‌مموز بوو. هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی به‌چاوی عێراقییه‌کاندا ده‌دایه‌وه‌ که‌ شۆڕشێکی گه‌وره‌ی عومرانیی و زانستیی و ته‌کنه‌لۆژیی له‌سه‌رده‌می قائیدی ئوممه‌دا هاتووه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌و کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ده‌ویی و دواکه‌وتووی عێراق ده‌بێ ده‌ست و پێی حیزبی به‌عس و سه‌رکرده‌ی زه‌رووره‌ ماچ بکه‌ن.

هه‌نووکه‌ هه‌ندێ ده‌سگای راگه‌یاندنی پارتییش هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌چاوی خه‌ڵکی هه‌ولێردا که‌ پێشکه‌وتنی هه‌ولێر و هه‌ڵشاخانی هه‌ندێ باڵاخانه به‌ئاسماندا‌و دروستکردنی پردو رێگه‌وبان و مۆبایله‌که‌ی کۆڕه‌ك و............تاد له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌وه‌ به‌دیهاتووه‌و پێویسته‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر تا ده‌مرن منه‌تباری پارتیی ببن. له‌کاتێکدا له‌ سایه‌ی ئه‌و هه‌موو پاره‌ زۆره‌ی بودجه‌دا، ده‌یان هه‌زار بێکار و هه‌ژار و ده‌ستکورت له‌و شاره‌دا هه‌ن‌، مه‌گه‌ر وه‌ک سه‌رده‌شت، هه‌ر خه‌ون به‌ژیانی‌ ‌به‌رپرسه‌ گه‌وره‌کانی هه‌ولێره‌وه‌ ببین. به‌پێچه‌وانه‌شه‌‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ زۆره‌ی له‌ بودجه‌ی‌ عێراق و گومرکه‌کان، ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی کوردیی به‌گشتیی و پارتیی به‌تایبه‌تیی ده‌که‌وێت، به‌ده‌ست هه‌ر حیزب و لایه‌نێکه‌وه‌ بووایه‌ باشتری نه‌کردایه‌، خراپتری ناکرد، به‌دڵنیاییشه‌وه‌ پێویستی ناکرد خه‌ڵکی هه‌ولێر منه‌تبار بکرێن.

• سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ کێشه‌ی تێرۆرکردنی سه‌رده‌شتدا ده‌یتوانی رۆڵێكی زۆرباش ببینێ و نیازێکی زۆرباش پیشانی گه‌لی کوردستان بدات. نه‌ده‌بووایه‌ رێگه‌ بدات، حیزبه‌که‌ی خۆی به‌و شێوه‌ تراژیدییه و به‌و زمانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزه‌‌ داکۆکیی لێبکات. راگه‌یاندنه‌کانی پارتیی، ده‌یانویست ئه‌و پرۆتێستانه‌ی دژی تێرۆری سه‌رده‌شت ده‌کران، به‌ملی گۆڕاندا بهێنن و یه‌کده‌نگیی و یه‌کڕیزیی ناڕه‌زایه‌تییه‌ سیساسییه‌کان تێک بشکێنن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ گۆڕانه‌ هاته‌ پاڵ ناڕه‌زایه‌تیی رۆشنبیران و نووسه‌ران ورۆژنامه‌نووسان و ئازادییخوازانی سه‌ربه‌خۆ. به‌دڵنیاییشه‌وه‌ کارێکی باشیان وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن کرد. هه‌روه‌ک هه‌ندێ له‌ کۆمۆنیسته‌ کرێکاریی و چه‌په‌کانیش به‌شێوازی خۆیان پرۆتێسته‌کانیان ته‌کان پێدا. له‌کاتێکدا به‌شێک له‌ کۆمۆنیسته‌ کرێکارییه‌کان که‌سانێک له‌سه‌رکرده‌کانی گۆڕان به‌تاوانبار ده‌زانن، به‌ڵام وێڕای جیاوازییه‌کانیان، داکۆکییان له‌ ئازادیی و راده‌ستکردنی بکوژانی سه‌رده‌شت به‌دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ ده‌کرده‌وه‌. رێک به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیسلامییه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ش سه‌لماندییانه‌وه‌ ناتوانن رابه‌رایه‌تیی ئۆپۆزیسیۆن و داکۆکیی له‌ ئازادیی بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌وان خۆیان و مه‌لاکانیان دژی ئازادیین.


• راگه‌یاندنه‌ جۆراوجۆره‌کانی پارتیی، ده‌یانویست هه‌ندێ سه‌رکرده‌ی گۆڕان به‌ده‌ڤه‌رگه‌رایی و شارچییه‌تیی تاوانبار بکه‌ن، به‌ڵام خودی پارتیی و راگه‌یاندنه‌که‌ی گه‌وره‌ترین سوودمه‌نده‌ له‌و دابه‌شبوونه‌ ناوچه‌ییه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستانیان به‌سه‌ر دوو حیزبدا دابه‌شکردووه‌. ئه‌وانه‌ی دژایه‌تیی ناوچه‌کانی سلێمانیی و که‌رکوک و گه‌رمیان ده‌که‌ن، ناتوانن دڵسۆزی خه‌ڵکی هه‌ولێرو سۆران و شه‌قڵاوه بن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر راسته‌. ئه‌م شارچییه‌تییه‌ له‌ گۆڕانه‌وه‌ بێت یان له‌ پارتییه‌وه‌، پووچترین و بازاڕییترین ره‌خنه‌گرتنه‌. له‌ڕاستییدا گۆڕان نه‌ داینه‌مۆی خۆپیشاندان و پرۆتێسته‌کان بووه‌و نه‌ رێکخه‌ریشیان بووه‌. به‌ڵکو رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان و میدیای ئه‌هلیی و که‌سانی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ به‌چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر، که‌مپه‌ینی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان درێژه‌ پێده‌دا. گۆڕانیش و چه‌په‌کان و خه‌ڵکانی جۆراوجۆر هاتنه‌ پشت که‌مپه‌ینه‌کان‌ نه‌ک هه‌ڵسوڕێنه‌ری سه‌ره‌کیی بن. ‌

• مه‌لا به‌ختیار که‌ به‌ رۆشنبیرترین و پانوپۆڕترین سه‌رکرده‌ی یه‌کێتیی ناسراوه‌، له‌ دوا وتاریدا له‌سه‌ر تێرۆری سه‌رده‌شت، به‌ قسه‌ی ره‌خنه‌گرانی، زۆر خراپ دژی ئازادیی سیاسیی و ئازادییه‌ فه‌ردییه‌کان ده‌وه‌ستێته‌وه‌، زۆر کۆنسێرڤه‌تیڤانه‌ و رۆژهه‌ڵاتییانه‌ له‌ چه‌مکی ئازادیی و نامووس و تێرۆرکردن گه‌یشتووه‌. به‌ڵام به‌بڕوای من، مه‌لابه‌ختیار له‌ژێر گوشاری پارتیی و حیزبه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ که‌مێک تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌نه‌یاره‌کانی ئه‌و وتاره‌ی نووسیوه‌. ئه‌و راسته‌ دۆو دۆشاوی تێکه‌ڵ کردووه‌، به‌ڵام نه‌ مزریی دۆیه‌که‌ی شاردووه‌ته‌وه‌‌ و نه‌ شیرینیی دۆشاوه‌که‌ش، به‌س کارێکی زۆرچاکی کردووه‌، چونکه‌ زۆرباش پێمان ده‌ڵێ، خه‌ڵکینه‌ سه‌رده‌شتیان له‌سه‌ر خه‌یاڵێکی سیاسیی کوشت و بکوژه‌کانیشی ده‌ستنیشان ده‌کات. به‌واتایه‌کی تر مه‌لا به‌ختیار وێڕای ئه‌وه‌ی خۆی خستووه‌ته‌وه‌ شوێنێکی زۆر خراپه‌وه‌، زۆر کۆنه‌پارێزانه‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر چه‌مکی ئازادیی، به‌ڵام زۆر سیاسییانه‌ و زۆر دیپلۆماسییانه‌ ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی مۆتیڤی کوشتنی سه‌رده‌شتیان هه‌بووه‌.


 

           

 

28/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com