ئازادیی راده‌ربڕین له‌ نێوان ئیسلام و ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا

  

کانه‌بی موحه‌ممه‌د عه‌وڵا



kanawla@yahoo.com
11 ئایاری 2010


له‌ دوای روخانی رێژیمی به‌عسی سه‌دامی و له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک، سه‌ده‌ی به‌جیهانیبون، هیوامان ده‌خواست گه‌لی کورد له‌ کۆمه‌ڵێک خێڵ و بنه‌ماڵه‌ی ده‌ره‌به‌گی و شێخ و ته‌ریقه‌ته‌وه‌ بگۆڕێت بۆ گه‌لێک که‌ قه‌دری ئازادی بزانێت و له‌ دژی دوژمنانی ناوه‌کی و ده‌ره‌کیی به‌های ئازادی تێبکۆشێت. زۆرمان پێخۆش بو که‌ به‌عس نه‌ما و وامانده‌زانی که‌ خه‌ڵک به‌ ئازادی شاد ده‌بن. زۆریش هیوامان ده‌خواست چیتر خه‌ڵکی کورد عه‌قلی خۆی نه‌داته‌ ده‌ست کۆمه‌ڵێک مه‌لا و شێخ تا له‌ جیاتی ئه‌و بیر بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌، هێشتا زۆر ماوه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ بێته‌ دی.

چه‌ند رۆژێک پێش ئێستا ئیسلامیه‌کان و مه‌لاکانی مزگه‌وت هانی ده‌سه‌ڵاتیان دا که‌ چه‌ند گۆڤارێک دابخاتن چونکه‌ گوایه‌ بێڕێزیان به‌ پیرۆزیه‌کانی دین کردوه‌. هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ندێک ئیسلامی توندڕه‌و داوای کوشتنی دو لاوی کوردیان کرد که‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی قورئانیان سوتاندبو* وه‌ک ناڕه‌زایی دژی ئه‌نفال و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان. ئه‌مانه‌ هه‌موی هه‌وڵن بۆ سه‌رکوتکردنی ئازادیی راده‌ربڕین له‌ لایه‌ن ئیسلامیه‌کانه‌وه‌. هه‌ر له‌و کاته‌شدا کاره‌ساتی کوژرانی رۆژنامه‌نوس و خوێندکار سه‌رده‌شت عوسمان رویدا که‌ به‌ چه‌ند وتارێک ره‌خنه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد گرتبو به‌ڵام به‌ رای نزیکه‌ی هه‌مو خه‌ڵکی ئاگادار له سه‌ر شه‌ره‌ف کوژرا چونکه‌ وا لێکدراوه‌ته‌وه‌ که‌ باسی شه‌ره‌فی ماڵی بارزانی کردوه‌. پێش سه‌رده‌شتیش، سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و د. عه‌بدولستار تاهر شه‌ریف له‌ سه‌ر را کوژران و تاوانکارانیش تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌کراون.

ئه‌م دو ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردستان، سیاسی و دینی، وه‌ به‌هێزبونیان، بێ ئومێدمان ده‌که‌ن له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چون و دامه‌زرادنی سیستمێکی سیاسی و کۆمه‌ڵی که‌ رێز له‌ ماف و ئازادیه‌کانی تاک بگرێت و له‌ سه‌ر قسه‌، فیکر، را خه‌ڵک نه‌کوژرێت. ئه‌و دو ده‌سه‌ڵاته‌ ماف به‌ خۆیان ده‌ده‌ن "دوژمن"ه‌کانیان دیاریبکه‌ن و له‌ناویان ببه‌ن، چونکه‌ پایه‌ی به‌هێزیان لاواز ده‌که‌ن و رێ خۆش ده‌که‌ن بۆ هاتنه‌ کایه‌ی دونیایه‌کی دیکه‌.

ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوی تێکۆشانی گه‌لانی رۆژئاوایی بکه‌ین دژی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گ و که‌نیسه‌کان، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ تێکۆشان یه‌که‌م جار بیرمه‌ندان به‌ نوسینه‌کان و گوتاره‌کانیان ده‌ستیانپێکردوه‌. یه‌که‌م جار فه‌یله‌سوفانی روناکبیر ره‌خنه‌ی توندیان له‌ قه‌شه‌ و ده‌سه‌ڵاتی که‌نیسه‌ گرت به‌وه‌ی که‌ رێ له‌ مرۆڤ ده‌گرن عه‌قلی خۆی به‌کار بێنێت و ده‌یانه‌وێ له‌ جیاتی ئه‌و بیر بکه‌نه‌وه‌ و چاره‌نوسی دیاری بکه‌ن. فه‌یله‌سوفانی وه‌ک سپینۆزا، کانت، ڤۆلتێر، دیدرۆ، مۆنتێسکیو، روسۆ، هیگل، و ده‌یانی دیکه‌ به‌شداریان کرد له‌ روناک کردنه‌وه‌ی بیری خه‌ڵک و دیاری کردنی هۆی ده‌رده‌سه‌ریه‌کانیان به‌ په‌نجه‌ راێکشان بۆ که‌نیسه‌ و ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌به‌گ و پاشاکان. له‌ به‌رامبه‌ر بیره‌کانیان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ ده‌یانچه‌وساندنه‌وه‌ و ناچاریان ده‌کردن یان له‌ فیکره‌کانیان په‌شیمان ببنه‌وه‌ یانیش وڵات به‌ جێ بێڵن. له‌ ئه‌نجامدا شۆڕشی فیکری و سیاسی سه‌رکه‌وت و عه‌لمانیه‌ت و دیمۆکراسی هاتنه‌وه‌ کایه‌وه‌.

له‌و کوردستانه‌ی خۆشمان، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵێک مافیا و دز و ساخته‌چی وه‌سف ده‌کرێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌یتوانی خۆی له‌ به‌عس جیا بکاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی کردیان شۆڕش نه‌بو به‌ڵکو لاچونی زالمێکی عه‌ره‌ب و هاتنی زالمێکی کورد بو. ئاخر ده‌سه‌ڵاتێک مرۆڤ له‌ سه‌ر فیکر بکوژێت، چۆن ده‌کرێت به‌ دیمۆکراتی وه‌سفی بکه‌ین. له‌ کاتێکدا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دز و ره‌فتار مافیایه‌ هاوپه‌یمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دینی- دونیایی ئیسلام که‌ مرۆڤ له‌ سه‌ر فیکری ئازاد ده‌کوژن یان ناچاری ده‌که‌ن له‌ قسه‌ و نوسینه‌کانی په‌شیمان ببێته‌وه‌. خه‌ڵکی نوسه‌ریش یان ئه‌وه‌ته‌ ده‌بنه‌ هه‌لپه‌رست و ده‌ست به‌ کڵاو گرتو، یانیش ناچار ده‌بن وڵات به‌ جێ بهێڵێن ئه‌گه‌رنا ده‌کوژرێن.

ئه‌وڕۆ له‌ کوردستانی عیراق تیرۆریزمی ده‌وڵه‌ت و تیرۆریزمی ئیسلامی هه‌ن. بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی ئه‌و دو دێوه‌زمه‌یه‌، ده‌بێت خه‌ڵک و نوسه‌ران ئازا بن و نه‌ترسن و تێکۆشانیان فراوانتر بکه‌ن له‌ ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌خۆیی بۆ ئه‌وه‌ی رێ بۆ شۆڕشێکی دیمۆکراتی و کۆمه‌ڵایه‌تی فراوان خۆش بکرێت له‌ پێناو هێنانه‌ کایه‌ی سیسته‌مێک که‌ له‌ سه‌ر بنچینه‌کانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری دامه‌زرابێت و مافه‌کانی مرۆڤ پارێزراو و رێزلێگیراو بن، هه‌روه‌ها کورتکردنه‌وه‌ی ده‌ستی دینیه‌کان له‌ ناو سیاسه‌ت و له‌ ناو کۆمه‌ڵ تاوه‌کو چیدیکه‌ هانی کوشتن نه‌ده‌ن و پاساوی نه‌ده‌ن.

ئه‌مرۆ هه‌ردو ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌ر شه‌ره‌ف مرۆڤ ده‌کوژن. به‌ستنه‌وه‌ی شه‌ره‌ف به‌ سێکس و خۆشه‌ویستی یه‌کسانه‌ به‌ کۆنه‌په‌رستی دینی و خێڵه‌کی. شۆڕشێک پێویسته‌ که‌ شه‌ره‌ف له‌ سێکس جودا بکاته‌وه‌. ئه‌وڕۆ لای من ملکه‌چ بون بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵم و موجریم بێ شه‌ره‌فیه‌ نه‌ک خۆشه‌ویستی و سێکس له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری. تۆ وه‌ره‌ میلله‌ت سه‌رت شۆڕ بێت به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵێک پیاوکوژ و دز و ساخته‌چی و کۆنه‌په‌رست و مێشکبه‌رد، ئه‌مه‌ بێ شه‌ره‌فی نه‌بێت به‌ڵام خۆشه‌ویستیکردن یان شاردنه‌وه‌ی ژن و کچ و خوشک شه‌ره‌ف بێت! بۆ نمونه‌، من و کچێک یه‌کدیمان خۆش ده‌وێت و پێکڕازین، ئه‌مه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خۆمان، ئاره‌زوی خۆمان، ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌ پیرۆزه‌ لای ئێمه‌، ده‌ وه‌ره‌ مه‌لاکان یان ئیسلامیه‌کان بێن خۆهه‌ڵقورتێننه‌‌ ناو ژیانی تایبه‌تی ئێمه‌و و شکاندنی ئه‌و پیرۆزیه‌ی ئێمه‌ ئاسایی بێت لایان، به‌ڵام ره‌خنه‌گرتن له‌ شه‌ریعه‌تێک که‌ له‌ سه‌ر جه‌هاله‌ت و خورافه‌ و نه‌ریتی کۆن دامه‌زرا بێت و به‌ سه‌رماندا فه‌رز کرا بێت، و پاساوی زولم و تاوان بکات، سوکایه‌تی بێت به‌ پیرۆزی دینی!

شکاندنی که‌رامه‌تی خه‌ڵک و دزینی سامان و داهاتی وڵات که‌ موڵکی گشتیه‌ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێک بنه‌ماڵه‌ تاوان نه‌بێت به‌ڵام گله‌یی کردن و ره‌خنه‌ له‌ سته‌م تاوان بێت و له‌ سه‌ری سزای کوشتن بدرێت. به‌ تێکۆشانێکی جه‌ماوه‌ری و ئازایه‌تی روناکبیران ده‌بێت ئه‌م سیسته‌مه‌ بگۆڕدرێت.


له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم، که‌ ئه‌مڕۆ، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و دو ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردستان بونه‌ته‌ به‌ڵا به‌ سه‌ر خه‌ڵکه‌وه‌ و که‌رامه‌تیان شکاندون، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک بزانێ که‌ ئه‌مه‌ زوڵمه‌ و قسه‌ش نه‌که‌ن، ئه‌وه‌ بێ شه‌ره‌فن، چونکه‌ شه‌ره‌ف یانی سه‌ربه‌رزی، که‌واته‌ به‌ کوردیه‌که‌ی سه‌رشۆڕن!


هه‌ندێک روداوی وا ده‌بینم و ده‌بیستم له‌و وڵاته‌ی کوردان، مرۆڤی به‌ ویژدان ناچار ده‌کات بێته‌ وه‌رام.


* ئه‌گه‌رچی ئه‌من له‌گه‌ڵ قورئان سوتاندن نیم، به‌ڵام ناڵێن ئه‌وه‌ی قورئان بسوتێنێت خودا چاوی کۆره‌ ده‌کات، ئێ ده‌با خودا چاویان کۆره‌ بکات، یانیش دڵیاین بوه‌ستێنێت. بۆ ده‌بێت ئیللا موسڵمانێک بچێت سزایان بدات. خودا پێشمه‌رگه‌ی بۆچیه‌؟!

 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com