کورد و قورئان سوتاندن

  

کانه‌بی موحه‌مه‌د عه‌وڵا
kanawla@yahoo.com



له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا دو لاوی کورد به‌ ناوه‌کانی هه‌ڵمه‌ت گۆران و به‌ختیار بلوری چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی قورئانیان سوتاند بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌ دژی ئه‌نفال و سوکایه‌تی کردن به‌ ژنان. له‌ دوای ئه‌مه‌، مه‌لا نه‌جمه‌ددین (ناسراو به‌ کرێکار) داوای له‌ موسڵمانان کرد تا بیانکوژن و به‌ شه‌رع کوشتنیان جائیزه‌. هه‌ردوو رووداو، سوتاندنه‌که‌ و فه‌تواکه‌، ناڕه‌زایه‌تی زۆریان لێکه‌وته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ناو کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات. مه‌لا نه‌جمه‌دین به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا و نامه‌ی نارد بۆ ناوه‌نده‌ جیهانیه‌ ئیسلامیه‌کان تا گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی، چونکه‌، به‌ قسه‌ی خۆی، ده‌ستی له‌و دیارده‌ی قورئان سوتاندنه‌دا هه‌یه‌.

به‌ ره‌سمی زۆرینه‌ی کورد موسڵمانن. ئه‌وه‌ نزیکه‌ی چوارده‌ سه‌ده‌یه‌ ئیسلام هاتۆته‌ کوردستان له‌ ئه‌نجامی شکستی سوپای ساسانیه‌کان له‌ سه‌ر ده‌ستی عه‌ره‌به‌ موسڵمانه‌کان. ئه‌مڕۆ ئیسلام چ وه‌ک دین و چ وه‌ک کولتور له‌گه‌ڵ ژیانی کورددا تێکه‌ڵ بووه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلام له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌ په‌ره‌پێدراوه‌ و فراوانکراوه‌، هه‌روه‌ها قورئان به‌ عه‌ره‌بی نوسراوه‌، بۆیه‌ ئیسلام به‌ موڵکی عه‌ره‌ب ده‌زانرێت، به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌ن کوردانی ناسیۆنالیستی توندڕه‌و که‌ سته‌می عه‌ره‌بی ناسیۆنالیست له‌ سه‌ر گه‌لی کورد ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ مێژوی ئیسلام و تێکسته‌کانی که‌ سته‌مێکی زۆری له‌ گه‌لان کرده‌وه‌ به‌ ناوی بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی خودایی.

گه‌لی کورد له‌ تێکۆشانی رزگاریدا له‌ ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردو، له‌ سه‌ر ده‌ستی به‌عسیه‌کان توشی کوشتارێکی زۆر هات به‌ تایبه‌تی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌ به‌رفراوانه‌ی که‌ ناوی لێنرابوو ئه‌نفال، وه‌ک شه‌رعیه‌ت پێدانی ئه‌و هێرشه‌ سه‌ربازیانه‌ له‌ روی دینیه‌وه‌ و سه‌ر و ماڵی کوردان حه‌ڵاڵ بکات. ساڵانه‌ یادی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی به‌م دواییه‌ که‌ ئێسکوپروسکی منداڵ و ژنانی ئه‌نفال ده‌هێندرێنه‌وه‌ کوردستان له‌ به‌ر چاوی کامێراکان، ویژدانی مرۆڤی به‌ ویژدان ده‌هه‌ژێنێت، بۆیه‌ کوردێکی زۆر بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌ب هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئیسلام که‌ به‌ تێکست ته‌بریری ئه‌نفالی کردوه‌.

ئایا کاردانه‌وه‌ی سوتاندنی ره‌مزی عه‌ره‌ب و ئیسلام واته‌ قورئان ده‌چێته‌ بواری ئازادی ده‌ربڕینی یانیش سوکایه‌تی کردنه‌ به‌ موقه‌دده‌ساتی خه‌ڵک؟ له‌ راستیدا، ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ هێمنی و دور له‌ توڕیی و هه‌ڵچون له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بڕوانێت، ده‌بێت بگوترێت، له‌ ناو گه‌لی کورد که‌ هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی کرانه‌وه‌ و مۆدێرنبون و پێشکه‌وتنی فیکری که‌ له‌ رۆژئاوادا هه‌یه‌، هێرش کردنه‌ سه‌ر ره‌مزه‌کانی ئاین وه‌ک قورئان، مه‌لا، مزگه‌وت هه‌ڵچونێکی جه‌ماوه‌ری فراوان ده‌وروژێنێت، بۆیه‌ سیاسیه‌کان خۆیان له‌و کارانه‌ به‌ دور ده‌گرن و زیاتر پشتی دین ده‌گرن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆیان. به‌ڵام پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا و تاک و رزگارکردنیان له‌ فیکری دینی و خورافی، به‌ تایبه‌تی ئیسلام که‌ له‌ سه‌ر زولم و سته‌م، نایه‌کسانی و سته‌م، کوشتن و سزا‌ دامه‌زراوه‌، به‌ فیکر و ره‌خنه‌ ده‌بێت نه‌ک کرداری هه‌ڵچوناوی وه‌ک جنێودان به‌ خودا، موحه‌مه‌د، مه‌لا، مزگه‌وت، قورئان...هتد، ئه‌م کاره‌ دۆستانی ئیسلام و دین زیاتر ده‌کات و زیاتر وا ده‌کات که‌ خه‌ڵکانێک ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌نده‌ موسڵمانی مولته‌زیمیش نه‌بن، به‌ڵام هه‌ستی دینیان تۆخ ده‌بێته‌وه‌ و ئاماده‌ن داکۆکی له‌ دینه‌ کولتوریه‌که‌یان بکه‌ن. بۆیه‌ من دژی سوتاندنی قورئانم، به‌ڵام زۆرم پێ باشه‌ نوسه‌ران بێنه‌ مه‌یدان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تێکسته‌ دینیه‌کانی ئیسلام و ره‌خنه‌ له‌ مێژو و کرداری ئیسلام و به‌راوردکردنیان له‌گه‌ڵ زانست، لۆجیک، مافه‌کانی مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵکی کورد رونببێته‌وه‌ که‌ ئیسلام دینێکه‌ هانی سته‌می تاک و کۆمه‌ڵایه‌تی و کوشتن ده‌دات، وه‌ ئیسلامی سیاسیش هه‌وڵدانێکه‌ بۆ به‌ یاسایی کردنی ئه‌و سته‌مانه‌ له‌ په‌نای ده‌سه‌ڵاتێک که‌ گوایه‌ کاری چه‌سپاندنی په‌یامی خوداییه‌ به‌ سه‌ر به‌شه‌ردا.

روناکبیرانی عه‌لمانی، له‌ سه‌ریان پێویسته‌ بوێرانه‌ بێنه‌ مه‌یدان بۆ کردنه‌وه‌ی مێشکی خه‌ڵکی کورد تا هۆشیار ببنه‌وه‌ و بیر بکه‌نه‌وه‌ تا تێبگه‌ن که‌ دینی ئیسلام دینێکی دڕنده‌ و ترسناکه‌، دینێکه‌ دژایه‌تی ئازادی، یه‌کسانی، لێبورده‌یی، عه‌قلانیه‌ت ده‌کات. ئه‌گه‌ر نه‌شکرا خه‌ڵکی کوردستان بگه‌یه‌نرێته‌ ئاستی خه‌ڵکانی وڵاتانی رۆژئاوایی که‌به‌شێکی زۆریان کاریگه‌ری دینیان له‌ سه‌ر نه‌ماوه‌و بونه‌ته‌ دونیایی و بێباوه‌ڕ یان ئاگنۆستیک، ئه‌وا ده‌کرێت رێگا بکرێته‌وه‌ بۆ ئازادی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنی دینی دیکه‌ بۆ خۆیان به‌ ئازادانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئازادی دین و باوه‌ڕ که‌ مافێکی ده‌ستوریه‌. مه‌به‌ستم لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کورد ببنه‌ مه‌سیحی، یان بودایی، یان زه‌رده‌شتی و ئاینی دیکه که‌‌ هانی ئاشتی و لێبورده‌یی و مرۆڤدۆستی بدات واز له‌ دینێک بێنن که‌ به‌ ناوی په‌یامی ئاسمانی مرۆڤ له‌ سه‌ر قسه‌ یان فیکر یان سێکس ده‌کوژێت. سه‌خته‌ هه‌مو کۆمه‌ڵگا ببێته‌ بێباوه‌ڕ، چونکه‌ خه‌ڵکێکی زۆر له‌ روی ده‌رونیه‌وه‌ پێویستیان به‌ باوه‌ڕه‌ به‌ خالقێک و ببنه‌ هه‌ڵگری دینێک که‌ وه‌ڵامی پرسیاری وجودیان بداته‌وه‌!

سوتاندنی قورئان کارێکی زیانبه‌خشه‌، باشتر وایه‌ ره‌خنه‌ بگیرێت له‌ دینی ئیسلام به‌ تێکست و مێژوه‌وه‌. رۆژئاوا به‌ ره‌خنه‌ پێشکه‌وتوه‌ و خه‌ڵکه‌کانی مۆدێرن بونه‌. بۆ ئه‌مڕۆی کورد جنێودان به‌ موقه‌ده‌سات و سوتاندنی قورئان کاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت به‌ڵام دیالۆگ و ره‌خنه‌ی زانستیانه‌ و ماقوڵ سودی زۆری ده‌بێت بۆ هۆشیاری. بێ گومان ئه‌م کاره‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی روناکبیران نه‌ک سیاسیه‌کان. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بیه‌وێت دژایه‌تی دین بکات ئه‌وا ده‌بێت دیکتاتۆر بێت، ئه‌م دیکتاتۆریه‌ته‌ش هه‌تا که‌ی؟

له‌ هه‌مان کاتدا، روناکبیران نابێت ملکه‌چی گوشاری ئیسلامیه‌کان ببن که‌ ده‌یانه‌وێت مافی راده‌ربڕینیان لێ بستێننه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێت بێنه‌ مه‌یدان و که‌مپین بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتی کورد بتوانێ به‌ ئازادی بیر و رای خۆی له‌ سه‌ر هه‌مو دیارده‌کانی ناو کۆمه‌ڵ بڵێت.

ئه‌و کاره‌ی مه‌لا نه‌جمه‌دین بۆ گه‌وره‌کردنی مه‌سه‌له‌ی قورئان سوتاندن له‌ لایه‌ن لاوانی کورد و گه‌یاندنی به‌ گه‌لانی موسڵمان زیانی ده‌بێت بۆ کورد، به‌ تایبه‌تی ئه‌مڕۆ، چونکه‌ کاردانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ دونیا له‌ دژی کورد و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دوژمن بۆ کورد زیاد ده‌کات.

له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم قورئان مه‌سوتێنن، به‌ڵام ئازایانه‌ ره‌خنه‌ بگرن و هه‌ڵسه‌نگاندن بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆی رون ببێته‌وه‌ و تێبگه‌ن، نه‌ک هه‌ستیان بریندار بکه‌ن و بیانکه‌نه‌ دوژمن. بێ گومان له‌ ره‌خنه‌گرتنیشدا سیاسه‌تکردن پێویسته‌!

به‌ هیوای ئه‌وه‌م گه‌لی کورد هۆشیار بێت و ئاقڵ بێت، دور بکه‌وێته‌وه‌ له‌ ئاینێکی ترسناک و دژه‌مرۆڤ و دژه‌ئه‌قڵ، دور بکه‌وێته‌وه‌ له‌ خورافه‌ و جه‌هاله‌ت!



 

           

 

04/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com