ئه‌ی خودای من

  

كاردینا ی سپی




ئه‌مڕۆ هه‌موو ده‌فته‌ره‌ خاوێنه‌كانی ئاسمان ڕه‌ش ده‌بنه‌وه‌
جوانیشم سكاڵا له‌ بارانی دوای مردنی به‌هه‌شت تۆمار ده‌كا
چ سه‌رده‌مێكه‌ خودای من؟
ڕه‌شه‌با پیاسه‌ به‌ناو كۆڵانه‌كانی شاعیرێكی هه‌میشه‌ مه‌ستدا ده‌كا!!!
سه‌گ وه‌ڕ هزری باخه‌كان پڕه‌كا له‌ بۆگه‌نی!
پیرێَژنێََك به‌ ده‌سماڵی تاوانێكی كۆنه‌وه‌
زه‌نگ له‌ ده‌رگای هه‌موو ماڵه‌ چۆڵه‌كانی موسیبه‌ت ئه‌دا
دوا جاریش به‌شه‌كه‌تی كۆڵانه‌ داخراوه‌كانی ژیان جێ‌ ده‌هێڵێ‌ ....

چ سه‌رده‌مێكه‌ خودای من؟
ئه‌ها دار ئه‌رخه‌وانه‌كانیش سه‌ریان سپی ده‌بێ‌!!!!
ئێسته‌ ئه‌ستێره‌كانیش سه‌ر له‌ ماڵی دایكه‌ نه‌خۆشه‌كه‌یان ناده‌ن.....
كۆتره‌كانی به‌خته‌وه‌ری به‌ده‌م بیركردنه‌وه‌ له‌سبه‌ی
باڵه‌كانی یه‌كتر ده‌سوتێنن به‌ ڕق
من ئیدی تێناگه‌م.....
تێناگه‌م بۆ..
ده‌بێ‌ تامردن دره‌خته‌ ژنه‌كان بسوتێنین....
تا مردن حیكایه‌تی پاراستنی شه‌ره‌فی پیاوه‌ گه‌مژه‌كان له‌به‌ركه‌ین......
ئه‌ی خودای من..
تاكه‌ی پایز ده‌ست درێژی بكاته‌ سه‌ر باخ ؟
تا كه‌ی مناڵه‌ برسیه‌كانی سه‌رجاده‌ له‌ سه‌گه‌ تێره‌كان بپاڕێنه‌وه‌, تاكه‌ی؟
من تێناگه‌م ئه‌ی خودای من....
ده‌بێ‌ هه‌موو تریفه‌ ژنه‌كان
پرچ و سینه‌و باڵاو جوانی حه‌شار بده‌ن
كه‌چی ڕه‌شه‌باكان چۆنیان بوێ‌ وابن
چۆنیان بوێ‌ وابین
چۆنیان بوێ‌ وا له‌ به‌رده‌میاندا ڕوت ببینه‌وه‌
ئه‌ی خودای من....
تێناگه‌م بۆ
مه‌ینه‌تی له‌ ماڵه‌ سارده‌كه‌ی مانگ نابێته‌وه‌.....
سپێده‌یه‌كی ته‌ڕ زه‌رده‌خه‌نه‌ ناخاته‌ سه‌رلێوی دایكم
بارانێكی مه‌ست ده‌ست ناكاته‌ ملی دار هه‌ناره‌ تینوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌م

ئه‌ی خودای من كه‌ی,كه‌ی شه‌ره‌فی چوی سنه‌وبه‌ره‌ته‌ڕه‌كان
له‌باخه‌ڵی دۆزه‌خ ده‌ره‌هێنی
پێنج فه‌رز خۆشه‌ویستی
پێنج فه‌رز لێبورده‌یمان پێ‌ ئه‌سپێری؟

ئه‌ها سه‌یركه‌ تۆ
له‌گه‌ڵ تۆمه‌,تۆ
خامه‌یه‌كی مه‌ستم و كۆڵان كۆڵان بۆت ئه‌گه‌ڕێم
ده‌چمه‌ خه‌وی ده‌ریایه‌كی شه‌كه‌ت
له‌وێ‌ ماسیه‌ ترساوه‌كان ئه‌بینم
مورووی ملوانكه‌ پچڕاوه‌كه‌ی ئاسمان ئه‌دۆزمه‌وه‌
مرواری ئه‌خه‌مه‌ قسه‌
پشت ئه‌ده‌م به‌دیوارێكی نوسراوه‌وه‌
پیاسه‌ی ئه‌ستێره‌كان ئه‌بژێرم
له‌وێ‌ ئه‌تبینم و هیچ ناڵێم
تاخۆت دێیت و كراسی خۆره‌تاوم بۆ ده‌هێنی
له‌وێ‌ ئه‌تبینم و هیچ ناڵێم
تا به‌ متمانه‌ سه‌ری گومانت ئه‌بڕی

ئه‌ی خودای من لێ گه‌ڕێ‌
لێگه‌ڕیًَ با سه‌ما كردن حه‌ڵاڵ بێت
با فڕین له‌ژێر سه‌رینی به‌ردا بێته‌ده‌رێ‌

فێری عه‌شق و
فێری بۆنكردنی جه‌سته‌ی پاكیمان بكه‌
با هه‌موومان كه‌له‌دایك ئه‌بین به‌ر له‌ گریان خه‌نده‌ تۆمار بكه‌ین
به‌ر له‌ توڕه‌ بوون
به‌ر له‌ ڕق
به‌ر له‌ ترسی له‌ده‌ستدانی شه‌ره‌ف
بیر له‌ خۆشویستن بكه‌ینه‌وه‌.....

تۆ ببینه‌ ئا ببینه‌ چۆن ئه‌ستێره‌ ڕوتوو قوته‌كان
ئاسمان به‌خۆیانا ئه‌ده‌ن
ببینه‌ چۆن گه‌ڵا وه‌ریوه‌كان
تێكه‌ڵی جه‌سته‌ی با ئه‌بن
ببینه‌ چۆن ستیانی په‌ریه‌كان به‌ده‌می گورگه‌ چڵێسه‌كانی له‌زه‌تیشه‌وه‌
بیر له‌ هه‌ڵهاتن ئه‌كه‌نه‌وه‌ .....
ببینه‌ تۆ ,ببینه‌....

من هه‌موو شه‌وێ‌ سه‌ر به‌ماڵی
هه‌موو خۆزگه‌ حه‌ڵاڵ و حه‌رامه‌كانی خه‌یاڵا ده‌كه‌م
گوڵێ‌ له‌پرچی شعرێكم
گۆرانیه‌ك له‌ ئێخه‌ی مه‌ستیم ئه‌ده‌م

هه‌موو شه‌وێ‌ ئه‌فڕم
هه‌موو شه‌وێ‌ جه‌سته‌م سه‌مایه‌كی كچانه‌ی تر
له‌ناو ژووره‌ سووره‌كانی خه‌یاڵا ئه‌كات
هه‌موو شه‌وێ‌ ده‌بمه‌ شه‌راب بۆ شعرێكی نه‌ ترس
ده‌بمه‌ كتێبێكی بێده‌نگ بۆ چاوه‌ڕوانی
ده‌بمه‌ نزای گوڵێكی مۆر
تاكو له‌ ده‌روازه‌كانی ویژدانی ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ركه‌ویت.....

مردن به‌تاسه‌وه‌ ده‌بارێ‌
قژی ئاڵۆزكاوی كام تاوان گڕتێبه‌رده‌م
تف له‌كام ئاگره‌ی ناموس بكه‌م

ئه‌ی خودای من ببینه‌ چۆن
به‌ به‌ڕماڵێكی ڕه‌نگ زه‌رد و
به‌ زه‌لكاوێك درۆو
به‌قیامه‌تێ‌ تاوانه‌وه‌
ناشتنم ئه‌خه‌نه‌ نیوه‌شه‌وێكی به‌د ڕه‌وشت....

ئاخر كه‌ بێستانێكی شاعیر بگری
وه‌رزه‌كانت سه‌رناكه‌نه‌وه‌ به‌ قیامه‌تا
هه‌موو په‌لكه‌ گیا به‌ڕۆژوه‌كانیشت
به‌ خوێنی خۆیان ڕۆژوه‌كانیان ئه‌شكێنن
هه‌وره‌كانی پاكبونه‌وه‌ش ده‌تۆرێن

ئه‌ی خودای من تاكه‌ی تۆقاندن
تاكه‌ی یاری كردن به‌ سبه‌ی؟

ئه‌وان !!!!
ئه‌وان نوێژ بۆ ڕق و كڕنوش بۆ تاوان ئه‌به‌ن
ئه‌وان پرچ سه‌ر ئه‌بڕن
كچێنی به‌هه‌شتت ئه‌به‌ن...

ئه‌ی خودای من زمانم ببڕه‌ با نه‌پرسم
بیر كردنه‌وه‌م نه‌زۆك بكه‌ بابیر نه‌كه‌مه‌وه‌
چاوم كوێركه‌ و با نه‌بینم
كه‌ڕم كه‌ با نه‌بیستم
ئه‌گه‌ر نا,
ئیتر بێده‌نگیت با سه‌ر نه‌كاته‌وه‌ به‌ بونمدا....

پڕبوه‌ له‌ جوانی ژێر سه‌رینی پێكه‌نینه‌كانی ئه‌و
كه‌چی هێشتا تینوی ڕوتبونه‌وه‌ی به‌یانیه‌كی تره‌
چ سه‌یره‌
خۆره‌تاو كز كز له‌به‌رده‌م مۆمێكی توڕه‌یا نزابكا
باران ماچ له‌ سنگی دره‌خته‌كان بكاته‌وه‌

من دێم و
ڕه‌شه‌باكانت ئاوا ئه‌كه‌م
تۆ بمده‌رێ‌ هه‌موو ماناكانی خۆم


ئێره‌ جوانترین نیشتمانه‌ بۆ سه‌ووزبوون
وه‌ره‌ با تینوێتی جه‌سته‌مان بشكێنین

ئه‌ی خودای من كه‌ی تینو ده‌بیت و
په‌رداخێك نزام لێ‌ وه‌رده‌گری؟



كاردینا ی سپی



 

           

 

06/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com