هه‌وڵێک بۆ خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی ئه‌ندازیارانی خوێڕشتن

  

که‌ریم په‌ڕه‌نگ




ئه‌وه‌ی هه‌ولێری بینیبێ هه‌رگیز ناتوانێ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگا، که‌ مرۆڤێک به‌ سه‌ر بازگه‌کانی ئه‌و شاره‌دا به‌ره‌و موسڵ ده‌ڕفێنرێ‌و له‌وێ جوانه‌مه‌رگ ده‌کرێ. که‌س ناتوانێ ئه‌وه‌نده‌ خۆشباوه‌ڕ بێ، له‌ شاری سلێمانییه‌وه‌ ڕؤژنامه‌نووسێک بۆ که‌رکووک ده‌ڕفێنرێ‌و پاش دوو ڕؤژ له‌و شاره‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌. ده‌زگا پۆلیسی‌و هه‌واڵگرییه‌کانی کوردستان دوو مژاریان له‌ به‌رده‌مدایه‌، یان ده‌بێ پێ به‌ نابوتبوونی خۆیاندا بنێن به‌وه‌ی له‌ توانایاندا نییه‌ گیانی هاوڵاتیان بپارێزن یان دان به‌وه‌دا بنێن ده‌ستێک له‌ ناو حیزبه‌کان یان حکومه‌تدا هه‌یه‌و ئه‌و که‌مۆکه‌ فه‌زا ئازادییه‌ی له‌ کوردستاندا سه‌ره‌وه‌ره‌ بۆ قووت ناچێ، ئه‌و فه‌زایه‌ی ڕۆژ به‌ ڕؤژ ته‌نگتر ده‌بێته‌وه‌.
که‌ ئه‌ندازیاری بچووکترین کۆمپانیای ده‌ره‌وه‌ سه‌ردانی کوردستان ده‌کا، لێپرسراوه‌کان له‌وه‌ ماندوو نابن باسی سه‌روه‌ریی ئاسایشیان بکه‌ بکه‌ن، هه‌تا دنه‌ی کۆمانیا بێگانه‌کان بکه‌ن له‌ کوردستان پاره‌و پووڵ وه‌ گه‌ڕ بخه‌ن‌و کۆمپانیاکانیان له‌ کورستان پڕۆژه‌ بکه‌ن، به‌ڵام توانای پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی خۆماڵییان نییه‌.
پێمان ده‌ڵێن ئێوه‌ هه‌تا بڵێی ئازادن له‌ بیرو ڕا ده‌ربڕیندا، کوردستان به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مینی بیرو ڕای ئازاده‌، به‌ڵام ئه‌و ئازادییه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌، نه‌ک ئه‌و ئازادییه‌ی ئێوه‌ وێنای ده‌که‌ن. پێمان ده‌ڵێن به‌ بێ سانسۆر بنووسن، خۆ له‌ کوردستان سانسۆر له‌ ئارادا نییه‌، به‌ڵام ده‌بێ هه‌میشه‌ ئاگاتان له‌و سانسۆرانه‌ بێ که‌ ده‌بوو له‌ زووه‌وه‌ له‌ سه‌ری خۆتاندا دا داتانمه‌زراندبێ. داوامان لێده‌گرن ڕه‌خنه‌ بگرین، به‌ڵام نابێ ڕه‌خنه‌کانمان ئه‌و سنوورانه‌ ببه‌زێنن که‌ ئه‌وان بۆیان دیاریکردووین.
ده‌یانه‌وێ ئه‌و سانسۆره‌ی له‌ ده‌وڵه‌ت‌و حیزبه‌وه‌ دێت خۆمان له‌ سه‌ری خۆماندا چێی بکه‌ین‌و هه‌رکاتێک ویستمان ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌م ببه‌ین، خۆکارانه‌ بکه‌وێته‌ کارو پڕکێشیی ئه‌وه‌ نه‌کا خۆی له‌ قه‌ره‌ی حه‌رامه‌کان بدات یان ئه‌گه‌ر خۆی له‌ قه‌ره‌ی دابێت به‌ یه‌کێک له‌و مقه‌سته‌ زۆرانه‌ی له‌ سه‌رماندا ئاماده‌یه‌ ئه‌وه‌ی به‌ دڵی ئه‌وان نییه‌ هه‌ڵیپاچێ. واته‌ پێش ئه‌وه‌ی "لغاو" بکرێین خۆمان وه‌کو ئه‌سپی عه‌ره‌بانه‌ ئه‌وه‌نده‌ باش مه‌شقی هزرمان دابێ ڕێگاکانی خۆمان باش بناسینه‌وه‌و خۆمان‌و عه‌ره‌بانه‌کانمان به‌ شته‌کانی ده‌وربه‌رماندا نه‌ده‌ین.
تیرؤرکردنی "عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف"، "سۆران مامه‌ حه‌مه‌"، "سه‌رده‌شت عوسمان" باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌و به‌رنامه‌ڕێژییه‌ی سیسته‌م له‌ سه‌ری ده‌ڕوا. سه‌روچاو شکاندن‌و بریندارکردن‌و ڕفاندن‌و سووکایه‌تی به‌ نووسه‌رو ڕؤژنامه‌نووس باشترین به‌ڵگه‌ن که‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵکگه‌لێک هه‌ن ناتوانن له‌م فه‌زایه‌دا ئه‌و ئازادییه‌ی نووسه‌ر به‌ خۆی ده‌به‌خشێ قبووڵ بکه‌ن.
ئیزدواجیه‌تی ئێمه‌ی کوردی هه‌نده‌ران له‌وه‌دایه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا، کاتێ مرۆڤێکی کورد له‌ یه‌کێک له‌ زیندانه‌کانی عێراقدا له‌ سێداره‌ ده‌درا ده‌یان ڕۆژنامه‌و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ‌و په‌رله‌مانه‌کانی ئه‌وروپامان لیتێده‌گیاندن‌و به‌ به‌یاننامه‌و بانگه‌واز وه‌ڕه‌سمان ده‌کردن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ خۆماڵییه‌ی ناتوانێ یان نایه‌وێ گیانی هاووڵاتیان بپارێزێ ده‌سته‌وه‌ستان‌و زمانبه‌ستراو بووینه‌و دنیایان لێ جاڕ ناده‌ین.
سه‌رده‌شت‌و ده‌یانی دیکه‌ی وه‌کو سه‌رده‌شت خۆیان له‌ گه‌ڵ ئه‌و کلێشه‌یه‌دا نه‌گونجاندووه‌ که‌ لێیان چآوه‌ڕوان ده‌کرا، ئه‌مان مه‌به‌ستی سه‌ره‌کییان له‌ نووسێنه‌ که‌وینه‌کراوه‌کانیان به‌رگیرییکردنه‌‌و به‌رگریکردن بووه‌‌ له‌ ئازادیی بیرو بڕوا، نووسینه‌وه‌ی ده‌ستورێکی مرۆڤانه‌یه‌ به‌ خوێنی خۆیان.
بکوژانی سه‌رده‌شت ده‌یانه‌وێ پێمان بڵێن، سنووری بیرکردنه‌وه‌مان له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێده‌کاو له‌ کوێدا کۆتایی دێت، ده‌یانه‌وێ پێمان بڵێن ته‌نیا ئه‌و هێڵه‌ سوورانه‌ به‌س نین که‌ ئێمه‌ وه‌کو حیزب‌و حکومه‌ت‌و سیسته‌م بۆمان دیاریکردوون، به‌ڵکو به‌ ڕشتنی خوێنی سه‌رده‌شت بۆمان ده‌نووسن ئێمه‌ ده‌بێ ئه‌م هێڵه‌ سوورانه‌ له‌ مێشکماندا کۆپی بکه‌ین‌و هه‌ر کاتێک ده‌ستمان بۆ قه‌ڵه‌مه‌کانمان بردو نیازی نووسینی وتارێک، شیعرێک، چیرۆکێک، ڕؤمانێکمان هه‌بوو یه‌کسه‌ر به‌ کۆپییه‌که‌ی مێشکماندا بچێنه‌وه‌و له‌ گه‌ڵ نۆرمه‌کاندا به‌راوردیان بکه‌ین‌و هه‌رگیز به‌ زه‌ینماندا نه‌یه‌ت ئه‌و هێڵه‌ سوورانه‌ تێپه‌ڕێنین.
ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌کانی پێشوو کاریان له‌ سه‌ر بیده‌نگکردن ده‌کرد ئێستا دیارده‌یه‌ک له‌ ئارادایه‌ له‌ فشاری بێده‌نگکردن خه‌ته‌ر تره‌. ئه‌م سیسه‌مه‌ تازه‌یه‌ داوای بێده‌نگبوون له‌ نووسه‌ر ناکا، به‌ڵکو له‌ هه‌وڵی جه‌ڕاندنی نووسه‌ره‌ له‌و چوارچێوه‌ی بۆ تاشیوه‌. ده‌بێ نووسه‌ر بنووسێ‌و بێده‌نگ نه‌بێ، چونکه‌ بێده‌نگبوونی نووسه‌ر خۆی له‌ خۆیدا گومانێکه‌ له‌ سیسته‌م بۆ تاساندنی ئه‌و فه‌زا دیموکراسییه‌ی خۆی بانگاشه‌ی بۆ ده‌کا، نووسه‌ر ده‌بێ بنووسێ‌و بێده‌نگ نه‌بێ، به‌ڵام ده‌بێ به‌ ئاڕاسته‌یه‌کدا بنووسێ ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ پرۆپاگه‌نده‌ بۆ حکومه‌ت‌و سه‌رکرده‌و حیزبیش نه‌بێ، ئه‌وا دژی ئه‌وانیش نه‌بێ. مه‌رج نییه‌ نووسه‌ر به‌ سه‌رکرده‌دا هه‌ڵبڵێ، ئه‌مه‌ جیاوازیی سه‌ره‌کییه‌ له‌ گه‌ڵ سیسته‌می پێشودا، به‌ڵام ناشبێ بڵێ سه‌ر چاوت برۆیه‌. نووسه‌ر ده‌توانێ ڕه‌خه‌نش بگرێ، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی حه‌رامه‌کان ناسمێ‌و ده‌ست له‌ تابووه‌کان نادات.
ئێستا مه‌رج نییه‌ نووسه‌ر به‌ حیزب‌و سه‌رکرده‌کانیدا هه‌ڵبڵێ، مه‌رج نییه‌ نووسه‌ر ستایشی ده‌سته‌که‌وته‌کان بکا، به‌ڵام بۆ حیزب‌و حکومه‌ت ده‌سته‌وتێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاستی تیرۆری مرۆڤێکی لاوی وه‌کو سه‌رده‌شتدا قه‌ڵه‌مه‌که‌ت نه‌وی بکه‌یت‌‌و له‌ هه‌وڵی پرسیار خۆت بدزیته‌وه‌و خۆت له‌ دیارده‌کان نه‌بان بکه‌یت.

 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com