ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌کوژێت

  

کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور


ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌کوژێت، هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه‌، که‌ باوه‌ڕی وایه‌ به‌ کوشتنی ڕۆژنامه‌نووس ده‌توانێت تاوان و ناشیرینیه‌کانی خۆی بشارێته‌وه‌، که‌چی هه‌میشه‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌، چونکه‌ خۆی و تاوانه‌کانی، خۆی و ناشیرینه‌کانی ده‌خاته‌ به‌رچاوی ئه‌وانه‌یش، که‌ له‌مێژه‌‌ تاقه‌تیان له‌وه‌ چووه‌ له‌ پۆخڵه‌واته‌ زۆره‌کانی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ بڕوانن. ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌کوژێت، هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه‌، که‌ له‌ ڕێگای مه‌لاکانه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی پاراستنی ئاسایشی خۆی لێ وه‌رگرتوون؛‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر ئاسایش و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و مه‌به‌ستیه‌تی کۆمه‌ڵگا به‌ ڕاده‌یه‌ک بچووک بکاته‌وه‌، که‌ به‌ شمشێری ئه‌و مه‌لایانه‌ بپارێزرێت. ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌کوژێت، هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه‌، که‌ به‌شێکی بودجه‌که‌ی بۆ کڕینی ئه‌و نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ ته‌رخان ده‌کات، که‌ تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکیشیان نییه‌، که‌چی له‌ میدیای حیزبی ده‌سته‌ڵاتداردا ده‌بنه‌ ڕووناکبیری گه‌وره‌، خه‌ڵاتی داهێنان ده‌به‌خشنه‌وه‌ و نه‌ک هه‌ر تاوانه‌کانی ده‌سته‌ڵات ده‌پۆشن، به‌ڵکو پێمان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بن، نه‌ ئازادی ده‌بێت و نه‌ که‌س داهێنانی بۆ ده‌کرێت. ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌کوژێت، هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه‌، که‌ له‌ ئاستی ئه‌و که‌ناڵانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ به‌ کۆمه‌ڵ بمانکوژن و نکووڵی له‌ بوونمان بکه‌ن، هێنده‌ هێمن و لێبورده‌یه‌، دایکی میهره‌بان چۆن له‌گه‌ڵ‌ نۆبه‌ره ساوایه‌‌که‌یدا ده‌دوێت، ئه‌ویش به‌و زمانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌دوێت. ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌کوژێت، هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه‌، که‌ شه‌ڕی ناوخۆمان له‌سه‌ر ده‌کاته‌ منه‌ت، گوایه‌ له‌پێناوی پاراستنی گیانی ئێمه‌دا کردوویه‌تی و ئاشتبوونه‌مان وه‌کو ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی پێ ده‌فرۆشێت، گوایه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ دیمۆکراسی و خۆشگوزه‌رانیی بۆ هێناوین. ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌کوژێت و له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانیدا پرسه‌ی بۆ داده‌نێت، مژده‌ی دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارمان ده‌داتێ و باسی دادگاییکردنی تیرۆریستانمان بۆ ده‌کات، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ کۆمیدیایه‌ و مایه‌ی پێکه‌نینه‌. ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ وه‌کو ئه‌و منداڵه‌ وایه‌، که‌ به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆیدا یاریی چاوشارکێ ده‌کات. خۆی ده‌شارێته‌وه‌ و خۆی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ڵام گیانی ئه‌و منداڵه‌ و گیانی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ دوو شتی ته‌واو جیاوازن، بۆیه‌ یه‌که‌میان تراجیدیایه‌ و دووه‌میان کۆمیدیا.


 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com