پێنووس و ویژدان
له‌ مه‌ڕ تێرۆره‌ ناو خۆیه‌کان (1)
 

  

کاوه‌ سوور



ئه‌وه‌ی که‌ من لێره‌دا گه‌ره‌کمه‌ وخۆم خه‌ریکی کردنه‌وه‌ی گرێ پووچکه‌یه‌کی ئاڵۆز ده‌که‌م و بۆ خستنه‌ به‌ر باس و لێدوانی، سووکه‌ڵه‌ هه‌نگاوێکی بۆ ده‌هاوێژم ، له‌ راستیدا کاری ناوه‌ندێکی ئاکادامیکی به‌ توانا و لێزانه‌ که‌ ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ورد و بێ لایه‌ن و به‌ بێ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی وکه‌سێتی بێجگه‌ له‌ داکۆکی له‌ مافی تاک و بنچینه‌کانی مافی مرۆڤ و دوور له‌ هه‌ستی تۆڵه‌ هه‌ستاندنه‌وه‌ بێت . ده‌نگی بێ ده‌نگی من ته‌نیا بۆ وه‌خه‌وه‌ر هێنانه‌وه‌ی خه‌وتووی وێژدانی پێنووسوانی کورده‌ ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ زۆربه‌ی ژیانی خۆیان له‌ پێناو خه‌ڵکی کوردستان و له‌ دژی داگیرکه‌راندا داناوه‌ و بگره‌ هێندێکیان نه‌ک هه‌ر ژیانیان به‌ڵکوو گیان و که‌س و کاریشیان له‌و پێناوه‌ داناوه‌.
1 – من وه‌ک هه‌ڵبژارده‌ لێره‌ و له‌وێ باس له‌و پێنووسوانانه‌ ده‌که‌م که‌ جێگا و شوێنی تایبه‌تیان به‌ پێنووسه‌که‌یان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر کردوه‌. وه‌ هه‌ر وه‌ها ناوی تاک و تروک له‌و که‌سانه‌ی له‌ ناو خۆی کوردستان و به‌ده‌ستی خۆیی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و حیزبی و که‌سیتی و بنه‌ماله‌یی قۆربانی ره‌شه‌کوژی و تێرۆر بوون ئاماژه‌یان پێ ده‌که‌م . جا ئه‌گه‌ر له‌ کات و شوێن و رێکه‌وت وگێرانه‌وه‌ ...هتد له‌ هه‌ر لایه‌که‌وه‌ توشی هه‌ڵه‌ بوم داواکارم که‌ بۆ زیاتر وه‌خه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ی وێژدانی پێنووس و بۆ به‌ به‌ڵگه‌ و پێناسه‌کردنی دیارده‌ی قیزێون و بێزێونی تێرۆر و ره‌شه‌کوژی و رفاندن و شوێنه‌ ون کردنی مرۆڤی کورد به‌ ده‌ستی کورد چ به‌ ئیمه‌یڵ و چ به‌ نووسراوه‌ی ئاشکرا به‌شداریم له‌ گه‌ڵ بکه‌ن . به‌ بیانووی دوژمنی زۆر و کزولاوازی کوردان و کای کۆن به‌بادا کردن ، خۆیان نه‌پارێزن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌تا پێنووسی کورد له‌ ناو خۆیدا ئازاو به‌هێزو ئازادو سه‌ربه‌خۆو پاراو بێت ، ئه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ش تاک و کۆمه‌ڵگای کورد به‌ توانا و داگیرکه‌ریش لاواز ده‌بێت .به‌ مه‌رجێک ویژدان پێنووس بئاژوێت نه‌وه‌ک پێنووس ویژدان بقاچێنێت .
2 – مه‌به‌ست له‌م نووسینه‌ ته‌نیا باس کردن له‌ دیارده‌ی ره‌شه‌کوژی ناو خۆیی به‌ ده‌ستی ناو خۆیه‌ . ده‌نا وه‌ک ئه‌ژمارتن ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ تێرۆر کراوه‌ن ئه‌وه‌نده‌ زۆرن له‌ ئه‌ژمار نایه‌ن وه‌ک نه‌مران سه‌رگورد عه‌باسی سه‌رکرده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی حزبی دێمۆکرات له‌ مه‌هابادی ، دوکتور قاسملوو و دوکتور سا دق شه‌ره‌فکه‌ندی و هاورێیانیان له‌ ئه‌ورۆپا له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌. نه‌مر پێنووسوانی خاوه‌ن ویژدان عه‌بدوولخاله‌ق مه‌عرووف له‌ لایه‌ن به‌عسی و ئیسلامیه‌کان له‌ هه‌ولێر . نه‌مر نووسه‌ری به‌ توانا ئاپێ مووسا ( مووسا ئه‌نته‌ر ) له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانی تورکیاوه‌ . بگره‌ سه‌دانی تر له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ . هه‌ر وه‌ها له‌ هه‌ر شوێنێک باس له‌ ویژدانی پێنووس بکرێت مه‌به‌ست له‌و پێنووسانه‌یه‌ که‌ خاوه‌ن هه‌ست و هه‌ڵوێست بوون نه‌وه‌ک پێنووس فرۆش و پێنووس فز و فس .
3 – لێدوان و باس کردن له‌ نوێ کردنه‌وه‌و کولاندنه‌وه‌ی ئه‌و برینه‌ به‌ زامه‌ یه‌که‌م ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌ریده‌خه‌ین مرۆڤ گه‌لێکین ده‌توانین ئاوڕ بده‌ینه‌وه‌ سه‌ر رابوردووی خۆمان و وه‌به‌ر چاوی نه‌وه‌ی نوێ بده‌ینه‌وه‌و ناحه‌ز و دزێوێکانی لێ جیا بکه‌ینه‌وه‌ و مێژووی راسته‌قینه‌ی مرۆڤی ئه‌م ده‌وه‌ره‌ی وه‌ک خۆی پێ بناسێنینه‌وه‌ . دووهه‌م به‌ شوێن داچوونی ئه‌و دیارده‌ شه‌رماوی و نا مرۆڤانه‌ ده‌بێته‌ هۆی بناخه‌ی دامه‌زراندن و دابه‌زاندنی لێپرسینه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری و هه‌ر وه‌ها بنه‌بڕکردن و درێژه‌ نه‌دانی تێرۆر و چرایه‌کی سووریش بۆ داهاتوو بۆ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ بێت که‌ کردویانه‌ نه‌یکه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵکانی نوێش په‌ندی لێ وه‌ر بگرن .

له‌ کۆمه‌ڵگای مرۆڤ دا هه‌ر که‌سه‌ی راسپارده‌یه‌کی چ به‌ خۆشی خۆی و چ به‌ زۆرداری و چ به‌ بێگاری و چ له‌ ناچاری و چ به‌ بێزاری بۆی دیاری کراوه‌ و شان به‌ شانی و ده‌سته‌ و یه‌خه‌ی ژیانی له‌ گه‌ڵ ده‌باته‌ سه‌رێ . یه‌ک به‌ کرێکاری و کارداری و یه‌ک به‌ مل هۆڕی و زۆرداری ، یه‌ک به‌ پاره‌ و پووڵداری و یه‌ک به‌ داشقه‌چێتی و بێکاری ، یه‌ک سه‌ر کۆمار ویه‌ک ده‌رکه‌وان ، یه‌ک ماوستا و یه‌ک شوان ، یه‌ک بریار ده‌ری دادگا و یه‌ک به‌ندی ناو زیندان ، یه‌ک راوچییه‌ له‌ زه‌وزان و یه‌ک بکوژه‌ له‌ زیندان ، یه‌ک ماڵی خاوه‌ن خوداکان پاقژ ده‌کا و یه‌ک له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ قونچکه‌ جگه‌ره‌یه‌ک و چایه‌ک ده‌ست درێژ ده‌کا ، یه‌ک گیانی له‌ سه‌ر ده‌سته‌ له‌ چیا و یک مرۆڤی لای قه‌له‌وانه‌ بۆ زگیا ، دانه‌ و دوو و...... پێنووس به‌ ده‌ستن بۆ هێنانه‌ زمان و پێناسه‌ کردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌. پێنووس وانیس وه‌ک هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ خه‌ریکن له‌و جیهانه‌ بچکۆڵه‌ ژیکه‌ڵانه‌ که‌ مرۆڤ له‌ خۆی کردوت به‌ زیندانێکی پان و به‌رین و پێنووسیش مێژووکه‌ی به‌ ناحه‌زو جوانه‌وه‌ شرۆڤه‌ ده‌کات . با ورد بینه‌وه‌ تا بزانین چ له‌ مابه‌ینی پێنووس و پێنووسوان له‌ سه‌ر مرۆڤ رۆڵی هه‌یه‌ و له‌و کێ به‌ر کێ یه‌ ، کێ به‌ره‌و ئاقاری راستی لێده‌خۆرێت یان توشی لارێ و هه‌ڵدێری ده‌کات . پێنووس ماشێنه‌ و پێنووسوان شۆفیر و مرۆڤیش مسافیر . ویژدان که‌ رۆڵی سه‌ره‌کی له‌و که‌ینه‌ و به‌ینه‌ دا هه‌یه‌ چی و چۆنه‌ . چلۆن ده‌توانین لێوه‌ بدوێن . من پێم وایه‌ ویژدان هێزێکه‌ له‌ ناوه‌ندی مێشک و دڵ . به‌ سه‌ر فرمان وکرده‌وه‌ی مێشک و هه‌ست و قین و خۆشه‌ویستی دڵ دا پێناسه‌ بکرێت . مرۆڤ له‌ کۆنی کۆنه‌وه‌ هاتوه‌ و باس له‌ خۆی و ده‌ور به‌ر ده‌کات و هه‌زاران خوا و ئۆل و یاسا و رێسای بۆ سواری سه‌ری یه‌کبوون له‌ سه‌ر زه‌وی بۆ ئاسمان و له‌وێرا هێناوێتێ خواره‌وه‌ . هه‌موو مرۆڤێک توانیوێتی و ده‌توانی درو له‌ گه‌ڵ خوا و دین و یاسا و رێسای ده‌ستکردی خۆی بکات و کرده‌ی به‌ نه‌کرده‌ نیشان بدات و یان ده‌ سه‌ر وسه‌کوتی ئه‌ویدیکه‌ی هه‌ڵسوێت و فرمێسک و قاقای به‌ درو ببارێن و لێبدات و له‌ گه‌ڵ دار و به‌ردی به‌سته‌زمانیش ناراست بێت . وه‌ هه‌ر یه‌که‌ هه‌زاران نه‌هێنی و شاراوه‌ی هه‌یه‌ که‌ تا هه‌نووکه‌ خوا و دین و یاساکه‌ی سه‌ری لێ ده‌ر نه‌هێناوه‌. به‌ڵام له‌ ناو خۆێدا و له‌ ڕاست ویژدانی ( گرینگ نیه‌ ویژدانی چۆن بکار دێنێت ) دروێ بۆ ناکرێت و ناتوانێت پێکۆڵکه‌ی له‌ نه‌هێنیه‌کانی بکات . جا بۆیه‌ لام وایه‌ که‌ مرۆڤ چ خۆی به‌ ویژدان و چ بێ ویژدان ده‌ر بخات ئه‌و هێزه‌ی به‌ینی دڵ و مێشکی ( ویژدان ) له‌ گه‌ڵی دایه‌ و خۆی له‌ ده‌ستی قوتار نابێت . با بزانین ویژدان و پێنووس له‌ سه‌ر دیارده‌ و کرده‌وه‌ی ناحه‌زی ره‌شه‌ کوژی و تێرۆری ناوخۆیی چۆن له‌ گه‌ڵ یه‌ک هه‌ڵس و که‌وتیان کردوه‌.
من ده‌مێکه‌ و له‌ زۆر شوێن باس له‌و تێرۆرانه‌ ده‌که‌م به‌ تایبه‌ت تێرۆره‌کانی خه‌باتکارانی رۆژهه‌ڵات له‌ باشووری کوردستان . پێم وابوو ده‌بێ ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ که‌ به‌ هه‌ر هۆکارێك كه بۆخۆیانی ده‌هێنه‌وه‌ و پاساوی ده‌ده‌ن ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئێش و ئازارن و هه‌ر وه‌ها راده‌ی تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵگای کوردیش له‌م باره‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ چوته‌ سه‌ره‌وه‌ که‌ ئیدی تێرۆر و ره‌شه‌کوژی و رفاندن و فرێدانی ته‌رمه‌کان وه‌ یان شوێنه‌ون کردن بنه‌بڕ بووبێت ، به‌ تایبه‌ت ئه‌و نیوه‌ چڵه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردی باشوور ( ئه‌و دوو حیزبه‌ سه‌ره‌کیه‌ ) له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان زۆرتر تاوانی تێرۆریان ده‌خرێته‌ پاڵ ده‌بوو له‌ هه‌موانیش زیاتر خۆ له‌و دیارده‌ گه‌نده‌ڵه‌ بپارێزن و بوارێکی وایان ره‌خساندبا که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ رابوردوودا له‌ سه‌ریانه‌ یان له‌ بن دوڕدونگی و گۆمان دان به‌با هانده‌رێک که‌ مرۆڤی کورد ئه‌و رابوردوه‌ تاڵ و ناشیرنه‌ی له‌ قۆژبنێکی مێژوویدا ئارشیڤ کردبا. به‌ڵام موخابن نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ نه‌کراوه‌ دیسان هه‌ر ئه‌وانن که‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی 3 ی 2010 پارڵمانی عێراق له‌ سوله‌یمانی و ده‌وربه‌ری مه‌ترسی هه‌واڵی رفاندن و تێرۆر و هێرش و هه‌ره‌شه‌ی نادیار بۆ سه‌ر نه‌یاران و به‌ تایبه‌ت رۆژنامه‌ وانانن بڵاو ده‌بێته‌وه‌و کاره‌ساتی ڕفاندن و تێرۆر و فرێدانی ته‌رمی نه‌مر سه‌رده‌شت عۆسمانی خوێندکار و رۆژنامه‌وان به‌ رۆژی رووناک و له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان و له‌ ناو زانکۆی هه‌ولێر دا له‌ شێوه‌ی تێرۆره‌کانی ک.گ.ب و ساوامای ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی رووده‌دات . بۆ یه‌که‌م جار به‌ گشتی کۆمه‌ڵگای کوردی و ده‌ره‌وه‌ ڕاده‌چڵه‌کێنێ و وه‌خه‌به‌ر دێنێت و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی جێ گۆمانی ئه‌و تراژدیایه‌ن بۆ پاکانه‌ی خۆیان به‌ له‌ق و لۆق ئه‌م تێرۆره‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن ، هه‌ر چه‌ند له‌ درێژه‌ی ناره‌زاته‌تی و ده‌نگی به‌رزی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ په‌نایان بۆ هه‌ره‌شه‌ و گوره‌شه‌ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی شه‌ری دۆراوی ناو خۆیی و تێرۆره‌کانی رابوردوو ده‌به‌ن بۆ چه‌واشه‌کاری و ترساندن وه‌ها هه‌ڵوێستێک له‌ خۆ ده‌رده‌خه‌ن . مادام هه‌موو لایه‌ک قامک بۆ بنه‌ ماڵه‌ی بارزانی و پارتی وه‌ک بکه‌ری ئه‌و تێرۆره‌ درێژ ده‌که‌ن ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر راست ده‌که‌ن ده‌بوو له‌ گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ نارازیانه‌ له‌و په‌یوه‌ندێدا هاوده‌نگ بان و هه‌ر چی زووتربکوژانی سه‌رده‌شت عۆسمانیان ئاشکرا بکه‌ن و ده‌ری بخه‌ن که‌ کێ یه‌ له‌ ئاوی لێڵی کوردستان به‌ دژی ئه‌وان ماسی ده‌گرێت.


درێژه‌ی هه‌یه‌


kawesoor@yahoo.com







 

           

 

22/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com