پێشنیاری پێکهێنانی
"ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان"
 

  

کەژاڵ حەمە ڕەشید



بەرێزان نووسەران، رۆژنامەنووسان،
ئەمڕۆ کاری ڕۆژنامەگەری و چاپەمەنی لە کوردستان هەروەها ئازادی سیاسی و ئازادی ڕادەربرین ڕووبەرووی هەلومەرجیکی سەخت و دژوارەوە. بەتایبەتی دوای ڕووداوە تراجیدیەکەی ٤/٥ و تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەست عوسمان، مەسەلەی ئازادی چاپەمەنی و ڕادەربرین چووە قۆناغیکی ترەوە. لە کوردستان کاری ڕۆژنامەگەری تەنها بەڕێوەبردنی کارێکی تەکنیکی یان پەیامنێری ڕؤژنامەیەک یان ڕادێویەک و تەلفزێۆنێک نیە، یاخود تەنها نووسیین و کۆکردنەوەی بابەتی ڕۆژ بۆ ڕۆژنامەو دامەزراوەیەکی تایبەت نیە. لە کوردستان بەشێکی سەرەکی کاری ڕۆژنامەگەری بەشێکە لە سیاسەت و کاری بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیاکان و نارەزایەتی دەربڕێن و ڕەخنەگرتنی سیاسی لە دەوڵەت و دەسەڵات، پارت و کەسایەتی و هەروەها ڕێکخراوەکان. هەر بەم هۆیەشەوە کاری ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین بەردەوام لە کێشەدایەو لە ژێر فشارو زۆری دەوڵەتدایە. ڕۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە دوای ئازاری ١٩٩١وە هەنگاوێکی زۆر گەورەی بۆ پێشەوە نا ، بەڵام بە هۆی نائارامی و نا سەقامگیری سیاسیەوە نووسەران و ڕؤژنامەنووسان بەردەوام لە کیشمەکێکش دا بوون و لەم بارەیەوە بوونە خاوەنی قووربانی و کارەساتی تراجیدی لە وینەی تیرۆری سۆرانی مامە حەمە لە کەرکوک و سەردەشت عوسمان لە هەولیر.

لێرەدا ئەگەر باس لە هێرشەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارن و زۆر کاتیش هێزە دینی و ئیسلامیەکان بکەین بۆ سەر رۆژنامەنووسان و ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەوا زۆرن لە بابەتی داخستنی گۆڤارو ڕۆژنامەکان و هەڕەشەکردن لە نووسەران و تا دەگات بە تیرۆرەکان. بەلام ئەوەی من مەبەستمە ئەبێ چی بکەین بۆ بەرگرتن بەم هەلوو مەرجانەو بەدیهێنانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان و بەدەستهێنانی ئاسایش و ئەتمۆسفیرێکی گوونجاو دوور لە سانسۆری سیاسی، کۆمەلایەتی بۆ کاری ڕۆژنامەگەری. لەم بارەیەوە من چەند پێشنیارێکم هەیە هیوادارم بە هەوڵی هەموو لایەک کاریان بۆبکەین لە پێناو دەنگی ئازادو ئازادی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووساندا بەم شێوەیە:
١-هەڵبەت لە هاتنە مەیدان و دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و هاتنەدەری ژمارەیەکی هێجگار زۆری چاپەمەنیدا سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و یەکێتی نووسەرانی کورد و چەند ریکخراوێکی تری لەم بابەتە هاتە ئاراوە. بەلام بەداخەوە ئەو ڕێکخراوانە ێکخراوی دەوڵەتین و سەربەخۆ نین لە کارەکانیاندا و لە بڕیارو هەڵوێستیاندا دەبیت پەیوەست بن بە پارتە سیاسیەکان و لیستە حیزبیەکانیانەوە. ئەم رێکخراوانە دەبێت هەمیشە لە پێناو دەسەڵاتدابن و بۆیان نیە لە پایەی دەسەلات کەم کەنەوە. بە کوورتی ئەم یەکیتی و سەندیکایانە ڕێکخراوی بیرۆکراتین و بابەتی ڕۆژنامەنووسانێکە کە لە پێناو دەسەڵاتدابن. ئێستا ئەگەر سەندیکای ڕۆژنامەنووسان یان یەکێتی نووسەرانی کورد زمانحاڵی ڕۆژنامەنووسان نیە، ئەوا دەبێت ڕۆژنامەنووسان بڕیار بدەن و سەندیکاو ڕێکخراوی واقعی و سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن.
٢- بەسەر یاساکانی کاری ڕۆژنامەگەریدا بچینەوەو جارێکی تر دایان بڕێژینەوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەک دایان بڕێژینەوە کە ئازادی ڕۆژنامەگەری مسۆگەر بکات. ئەو دەستوورو یاساکارانەی کە هەموو جارێک لە پەرلەماندا هەمواردەکرێن، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا لە ژێر زەخت و زۆری ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازاندا هێشتا بوارو فرسەتی ئەوەی تیا ئەهێڵنەوە کە بتوانن هێرشی یاسایی پێبکەنە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان رووبەروی زیندان و ئیجرائاتی یاسایی بکەنەوە.
٣- لە ووڵاتێکدا کە ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکرێت، سوکایەتی پێدەکرێت، زیندانی دەکرێت، هەروەها ڕێگری لەبەردەم کاری ڕۆژنامەگەریاندا هەیە، ئەوا پێویستە ئەوانیش پێداویستی خۆپاراستن و ڕێکخراوو دامەزراوەی تایبەتیان هەبێت لەم بارانەوە کە لەلایەك سەلامەتی پیشەکایان بپاڕێزێت، لە لایەکی تریش گیانیان لە تیرۆرو ڕفاندن و هەرەشە بپارێزێت. لە ولاتانی دنیادا زۆرن ڕێکخراوو دامەزراوەی ژۆرناڵیستی کە تایبەتن بە پاراستنی گیانی رۆژنامەنووسان.
 بۆ نموونە  ( Committee to Protect Journalists )یەکێکە لەو ڕێکخراوە جیهانیانەی کە تایبەتە بە پارێزگاریکردنی گیانی ڕۆژنامەنووسان.
ئەمەو سەدان ڕێکخراوی تری لەم بابەتە لە وڵاتانی دنیادا هەن، ئێمەش ئەکرێ سوود لەو تەجرووبانەی ئازادیخوازانی دنیا وەرگرین و لە ئێستادا کە تیرۆرو زیندانی و سوکایەتی لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووساندا بووە بە پیشەی دەوڵەت و دەسەڵاتداران پێویست دەکات ڕێکخراوی لەم بابەتە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆمان پێکبهێنین. ڕێکخراوێکی لەم بابەتە بۆ نموونە ئەکرێت ئەم بەشانە لەخۆ بگرێت:
١- لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەو تیرۆرەکان،
٢-لێژنەی ئاگادارکردنەوەی ڕۆژنامەنووسان لە جێگاو شوێنە گومانلێکراوەکان، یان هێرشێک کە لە سەریان هەیە،
٣-ژمارەی نهێنی بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێک بۆ پەیوەنیکردن لە کاتی تەنگانەدا،
٤-ئۆتۆمۆبیلی فریاکەوتن،
٥-تیمی فریاکەوتن لە ڕووداوەکان،
هەڵبەت ئەمانە لایەنەگرنگەکانیەتی و کەناڵی تر زۆرن بۆ گەشە پێدانی ڕێکخراوێکی لەم بابەتە. دواتریش دەتوانین ڕیسێرچ و خوێندنەوەی زیاترمان هەبێت و زانیاری زیاتر کۆبکەینەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.
نووسەران، ڕۆژنامەنووسان: بەو هۆیەوە کە سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنووسێکی بوێرو چاونەترس بوو، وە تیرۆرکردنی ئەو بووە هۆی هێنانەدەری ناڕەزایەتیەکی بەرین و فراوان کە مێژووی کۆمەڵگای کوردستان کەمی بەخۆوە بینیوە لەو جۆرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینە، کە ئەمانە هەمووی تروسکایی شۆرشێکن بەرامبەر بە دەسەڵاتی سەرکوت و تیرۆر لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریدا، بۆیە من پێشنیاری ئەوە دەکەم کە ڕێکخراوێکی لەو بابەتە پێکبهێنین بە ناوی "ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ پارێزگاری لە گیانی ڕۆژنامەنووسان"
دەوڵەتیش دەبێت بەرپرس بێت لە کۆمەکی تەواوی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە و مۆڵەتی یاسایی پێبدات و بوودجەی تایبەتی بۆ ببڕێتەوەو وەڵام بە پێداویستیەکانی بداتەوە.
هەر لەم بارەیەوە من وەک ڕۆژنامەنووسێک کە ڕووبەڕوو بووم لەگەڵ هەڕەشەو ڕێگری و قوورساییەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەگەریمدا، ئامادە دەبم بۆ هاوکاریکردنی پرۆژەی لەم بابەتە گەر هاوکارەکانم لە کوردستان دەست بەکار بن.
بژی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربرین، رسوایی بۆ سەرکوت و تیرۆرستان.


تێبینی: ئەم پێشنیارانەم لە کۆبونەوەیەکی نارەزایەتی کە دژ بە تیرۆری سەردەش عوسمان ڕێکخرا لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا لە قسەوباسێکدا پێشکەشکرد.


کەژاڵ حەمە ڕەشید
تۆرۆنتۆ/کەنەدا
May/22/2010


 

           

 

28/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com