کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ کرێکارانی عێراق رفاندن و تیرۆرکردنی خوێندکار و رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان ئیدانه‌ ده‌‌کات

  

 



له‌ رۆژی 4/5/2010 چه‌ند چه‌کدارێکی نه‌ناسراو ده‌چنه‌ ناو کۆلێژی ئاداب له‌‌به‌ر چاوی خوێنداکاران و پۆلیس و ئاسایشی کۆلێژه‌که‌ خوێندکار و نوسه‌ر سه‌رده‌شت عوسمان،به‌بێ هیچ ئاگاداری کردنه‌وه‌یه‌ک ده‌گرن و به‌زۆر ده‌یخه‌نه‌ ناو سه‌یاره‌یه‌ک‌، پاش دوو رۆژ ته‌رمه‌که‌ی له‌سه‌ر ‌یه‌کێک له‌ شه‌قامه‌کانی ناو‌ شاری موصل ده‌دۆزرێته‌وه‌.

ئه‌م کاره‌ نائینسانیه‌ی که‌ له‌به‌رامبه‌ر سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌نجام دراوه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ره‌رای ته‌بلیغاتی سه‌باره‌ت به‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و دیموکراسی له‌ هه‌رێمی کوردستان‌ هیچ واقعیه‌تێکی نیه‌، له‌ چه‌ند سالی رابردوو له‌ژێر ده‌سه‌لاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چه‌‌ندین رۆژنامه‌نووس هه‌لسوراوی سیاسی و کرێکاری،لاوان و ژنان هه‌ره‌شه‌یان لێکراوه‌ و یان تیرۆر کراون،تاکو ئێستا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کرده‌وه‌ کۆنه‌په‌رست و نامرۆڤایه‌تیه‌ هیچ هه‌نگاوێکی جدی هه‌لنه‌گرتووه،به‌لکو به‌جۆرێک پشتیوانی و هاوکاری هێزه‌کۆنه‌په‌رسته‌کان بووه‌‌.

کۆمه‌لانی خه‌لکی کوردستان ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ هه‌قی ئازادی و دیموکراسیان هه‌یه‌ که‌ هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر دزی و گه‌نده‌لی و بنه‌ماله و ‌حیزب و ده‌سه‌لاتی میلیشیایی نه‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌ چه‌ند سالی رابردوو به‌ بیانوی جۆراو جۆر تیرۆر کراون تاوانه‌که‌یان ئه‌وه‌بووه‌ له‌دژی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی و هێزی میلیشایی حیزبه‌کان بێده‌نگ نه‌بوون،هه‌ولیان داوه‌ ئه‌و راستی و واقعیه‌ته‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌لایه‌تیه‌ی له‌ کوردستان له‌ژێر ده‌سه‌لاتی یه‌کێتی و پارتی ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ کۆمه‌لانی خه‌لکی کو‌ردستان ئاشکرا بکه‌ن.

کوشتن و تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمانیش ته‌نها ئه‌وه‌بوو که‌ له‌دژی گه‌نده‌لی و نایه‌کسانی و به‌تالان بردنی سه‌روه‌تو سامانی هه‌رێمی کوردستان ناره‌زایه‌تی ده‌رده‌بری و ماهیه‌ت و ناوه‌رۆکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌م هێزانه‌ بۆ کۆمه‌لانی خه‌لک ئاشکرا ده‌کرد.

ئێمه‌ وێرای ئیدانه‌ کردنی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان به‌رپرسیاره‌تی ئه‌م کرده‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاکو ئێستا ده‌سه‌لاتی سیاسی و ئابووری له‌ژێر ده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دایه‌،حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رپرسه‌ له‌ پاراستن و دابین کردنی ئه‌من و ئاساش بۆ هه‌موو خه‌لکی کوردستان.

هه‌روه‌ها ئێمه‌ وێرای سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماله‌و هاورێیانی سه‌رده‌شت عوسمان داوا له‌ هه‌موو که‌سانی ئازادی خواز و رۆژنامه‌نووسان ده‌که‌ین که ‌چیتر بێده‌نگ نه‌بن له‌به‌رامبه‌‌ر تیرۆر راونانی هه‌سوراوانی سیاسی و رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی کوردستان. ده‌نگی ناره‌زایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر‌ کاری تیرۆریستی و نه‌بونی ئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌رببرن.

کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ کرێکارانی عێراق
7/5/2010





 

           

 

08/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com