بانگه‌وازێك له‌ لێژنه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی دۆكیۆمێنت و كتێب و كتێبخانه‌
 

  

 




قه‌ڵه‌مدۆستان، كتێب په‌روه‌ران
ئه‌كادیمیای كوردی، هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستبوونییه‌وه‌، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه‌، كه‌ چۆن بتواندرێ‌ هه‌رچی ئه‌و كتێب‌و ده‌ستنووس و به‌ڵگه‌نامه‌و دۆكیۆمێنت و وێنه‌ی كۆن و شوێنه‌وارو كه‌سایه‌تییه‌كانی كوردستان له‌هه‌ر قوژبنێكی ئه‌و دنیایه‌دا هه‌بێ‌ به‌مه‌به‌ستی پاراستن و پۆلێنكردن و پاككردنه‌وه‌یان و له‌پاشان له‌دوو توێی ئه‌و كارانه‌دا چه‌ند كتێبێك چاپبكرێت و بخرێنه‌ به‌رده‌ستی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست..
نووسه‌ران و بنه‌ماڵه‌ كتێب په‌روه‌ره‌كان
میلله‌تی كورد به‌درێژایی مێژوو تووشی چه‌ندین ده‌رده‌سه‌ری و ماڵوێرانی و له‌ نێوبردن و جینۆساید بۆته‌وه‌، دوژمنان هه‌ر زوو وێنه‌كان، ده‌ستنووسه‌كان و كتێبخانه‌كانیان یا سوتاوه‌ یا به‌تاڵانیان بردووه‌، پاش 414 ساڵ، مێژوونووسی كورد، شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی كتێبی شه‌ره‌فنامه‌ی نووسیوه‌و به‌ چاپی گه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانیش، ته‌نیا ئه‌و كتێبه‌ مایه‌وه‌و ئه‌مڕۆ میلله‌تی كورد له‌ هه‌ركوێیه‌كی ئه‌و دنیایه‌دا بژیێت، شانازی پێوه‌ ده‌كات و سوودی لێوه‌رده‌گرێ‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر گرنگیشه‌ بۆ مێژوونووسان و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزه‌ بۆ ناحه‌زانی كورد.
بۆیه‌ هه‌ر له‌و پێودانگه‌وه‌، لێژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌كادیمیای كوردی، سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌و پاراستن و بوژانه‌وه‌ی كتێب و كتێبخانه‌ كه‌سی و دۆكیۆمێنته‌كان ده‌كات، ده‌خوازێ‌ و به‌هه‌ر شێوازێك بێت ده‌ستیان بكه‌وێت، دڵنیاشتان ده‌كاته‌وه‌ مافی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ پارێزراو ده‌بێ‌ له‌ هێنانی هه‌ر نووسین و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك و به‌نووسراوی ڕه‌سمیش ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌.
ئه‌و لێژنه‌یه‌ بڕیاری داوه‌ له‌ هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی ناوه‌وه‌ی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بگه‌ڕێ‌، وه‌كو شوێنه‌وارناسه‌كان كنه‌و پشكنین بكات، تابتوانێ‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بۆ ڕای گشتی هه‌رچی ده‌ستكه‌وتووه‌ و دۆزراوه‌ته‌وه‌ نیشانی ئێوه‌ی خۆشه‌ویستی بدات.
به‌ڵكو ئه‌و لێژنه‌یه‌ به‌وه‌ش ناوه‌ستێ‌، ده‌چێته‌ شوێنه‌ دووره‌كانه‌وه‌، سۆراغی ئه‌و نووسین و وێنه‌و دۆكیۆمێنتانه‌ ده‌كات كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ مێژووی باب و باپیرانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.. ئینجا با لێكۆڵه‌ره‌وانی كوردستان ده‌ست و بازووی زێرینی لێهه‌ڵكه‌ن و نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بنووسن، چونكه‌ له‌ ئێمه‌وه‌ بۆ ئێوه‌یه‌و له‌ ئێوه‌شه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ی نوێ‌ و بۆ پاشه‌ڕۆژی گه‌لی كوردستانه‌.
به‌رز و پیرۆز بێ‌ ئه‌و كارانه‌ی له‌ پێناو خزمه‌تكردن و دۆزینه‌وه‌ی مێژووی كلتووری نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌درێ‌. كه‌ سه‌دان ساڵه‌ خه‌باتی بۆ ده‌كات.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌توانن پێوه‌ندی به‌و ئیمه‌یل و ژمارانه‌وه‌ بكه‌ن
kurdistanacademy@yahoo.com
kurdishacademy@yahoo.com
0750 4544842
2234501
2234502
ئه‌كادیمیای كوردی
لێژنه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی دۆكیۆمێنت و كتێب و كتێبخانه‌
هه‌ولێر 2/5/2010

 

           

 

18/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com