بێ تاوان نیین
 

  

کوێستان داودی

١١/٥/٢٠١٠

لە سپیدەی ڕۆژێکدا کە گوایا خودا پشووی تێدا دەدات، پەتی مەرگ لە گەردنتان جەڕێندرا و هەر ئاوا بە ئاسانیی بە داردا کران. تەنها هەر خۆتان دەزانن ساتەوەختەکانی پێش مەرگتان چۆن بە سەر بردووە.
خۆشەویستان و هاوڕێیان و دۆستانتان هەموو پێکەوە هەر وەک لە خەوی مەرگ ڕاپەریبن پڕ بە دەنگ هاوار دەکەن “ئێوە بێ تاوان بوون”.
هەموویان، وەک بەوری لە بێشەدا گیرخواردوو، بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە بە ڕاست و چەپ و سەر و خوارەوەدا هەلدەزنن. هەموو لە هەڵپەی خۆبزوواندنی بێهوودەدا وزەیان لێ چۆڕاوە. نە نەڕەی حەسرەت دەگاتە گوێی خوداکان و نە ناڵەی برینی ناسۆر.
هەموو ئەوانەی خۆشتانیان گەرەکە بەرامبەر بە یەک وێستاون و لەگەڵ “شیرین گیان مەچۆ” گۆرانی “ئێوە بێ تاوان بوون” دەچڕن.
بەڵام من دەزانم ئێوە بێ تاوان نیین. پەتی مەرگ هەر ئاوا لە خۆ ڕا ناکرێتە گەردنی کەس. کەسانی بێ تاوان لە نیوەشەوێکدا کە نیوەی دونیا لە شیرین خەودایە، بە پاڵ و بە ڕاکێشان و بە دەم جوێن و پێکەنینی گاڵتەجاڕەوە، بەرگی ژینیان لەبەر دا ناکەندرێت.
ئێوە بێگومان تاوانبارن.
مەگەر لە خاکێکی داگیرکراودا لەدایک نەبوون؟ مەگەر لەدایکبووی نەتەوەیەکی بندەست نیین؟ مەگەر کورد نیین؟ مەگەر خەتای خۆتان نییە کە کوردن؟ مەگەر نەتاندەتوانی پێش وەخت بەر لەدایکبوون ئەرزەوحاڵێکتان بۆ خوداکان بنووسیایە کە بە کورد لەدایک نەبن؟
ئێوە بێگومان تاوانبارن!
کە کوردیش بوون بۆ حاڵی نەبوون کە ئاساییە زمانتان قەدەخە بێت، کە چارەنووسی بێکاریی و نەخوێندەواریی قبوڵ بکەن، کە بە بەشی خوداکانی داگیرکەر ڕازی بن؟ بۆ حاڵی نەبوون کە داوای مافی مرۆڤ بۆ کورد بە مەرگ تاوانەکەی دەدرێتەوە؟ کە داوای مافی دیموکراسی و شارۆمەندی و ئازادیی ئاخافتن و کۆبوونەوە و میتینگتان بۆ کورد دەکرد نەتان دەزانی باجی مەرگی لە سەرە؟
ئێوە بێگومان تاوانبارن!
تاوانبارن کە تینووی ئازادیی بوون، کە چاو لە رێی ژیانێکی ئازاد بوون، کە پێتان خۆش بوو هاوسایە و هاوگەڕەک و هاوشار و هاووڵاتتان وەکو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئایا تاوانی لەوە گەورەتر هەیە؟
هاورێیانم، ئەزیزانم، ئێوە بێگومان تاوانبار بوون.
داگیرکەر، وەکو کەڵەشێری باڕ، ڕۆژ تا ئێوارێ بە سێبەری پۆپنەی خۆیدا دەخوێنێت. و سەرمەستی ڕەنگ و دەنگی خۆی، هیچ جۆرە رەنگ و دەنگێکی دیکەی قبوڵ نییە. داگیرکەر وەکو ماری ژەهراوی هیچ پێچێک بێ مەبەست بە خۆی نادات، و وەکو ئاژەڵی دڕندە کەڕی سێمفۆنیای بۆنی خوێنە.
خۆشەویستانم، بێگومان تەرمی تاوانباران نادرێنەوە. تاوانباران چۆن دەبێت لە باوەشی خۆشەویستان و یارانی خۆیاندا لەشیان ئاونگی ژیانی لێ هەلوەرێت؟ کەنگێ قەرار بووە کێلیان وەک گەردنی خۆیان ڕوو لە ئاسمان و ئاسۆ، بڵند بێت؟
خۆشەویستانم، بێگومان تەرمی تاوانباران نادرێتەوە.
هاوڕێیانی تاوانبار، لە ناو پانتایی خەیاڵی ڕۆژگارمدا گۆڕی بێ ئەژمار هەن کە لەسەر هەنسکی وەک دوا لەرەی دەنگتان هەڵم چنیون. کێلی سەر ئەو گۆڕانە پەڕەی گوڵی ئەرخەوانن، خاک خوێنی گەرم و ڕێژنەی بارانیش بەستەی ئاوازێکی شادی دڵمە، ئا لەوێدا دەتانپارێزم. نە دەستی داگیرکەر و نە خوداکانیشیان ناتانگاتێ.
ئا لەوێدا، دەست لە ناو دەستی ملوێن لە تاوانبارانی وەکو ئێوەدا، پێکەوە شان لەیەک هەڵسوو لە هەڵپەڕکێی دووبارەلەدایکبوونەوەی ئێوەداین.
ڕەشبەڵەکێکی چەند خۆشە، گۆڤەند و بەزم و هەرایەکی چەند شیرینە کە فەرزاد و عەلی و ئیحسان و شیرین و فەرهادەکان سەرچۆپیان لێ گرتووە. تەرمەکان با بۆ ئەوان بێت کە چەهچەهەی حەزرەتی نەمری ڕۆحتان بۆ ژیانێکی ئازاد دەخوێنێت.
تاوانبار بوون، هاوڕێیانم، تاوانبار بوون، کە ئێستا تەرمی پڕ ژیانی ئازادتان وەک خۆری ناو ئاڵای وڵاتەکەم گەرم و پرشنگدارە.


 

           

 

18/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com