مه‌مله‌که‌تی چه‌ک و گوله‌ و شمشێر و تیرۆر

  

مه‌هدی خالید خه‌مبار




جاران ، له‌ دوێنیه‌کی نزیکدا ... له‌ سه‌ر زۆر شت ده‌موچاوه‌کانمان ده‌بونه‌ دیوار و به‌ تفی دوژمنه‌کانمان سواخ ده‌دران ! گوێچکه‌کانمان ، به‌ ده‌یان جنێوی سارد و سڕ هه‌ڵده‌ئاخێنران ، هه‌ندێ کاتیش شه‌ق و بۆکس و پاڵ پێوه‌نانیش ڕۆژانه‌ که‌سایه‌تیمانیان هه‌تک ده‌کرد ! ڕومان له‌ هه‌ر بازاڕێک ، کتێبخانه‌یه‌ک ، شه‌قامێک ، گه‌ڕه‌کێک ده‌کرد ، دوامان ده‌که‌وتن .. ڕێگه‌یان پێ ده‌گرتین .. کاکه‌ هه‌ویته‌ک ؟ وله‌ک ویاک .. حه‌یوان .. ڕۆژانه‌ ئه‌م ووشانه‌ بوبون به‌ خۆراکی مێشک و هه‌ستمان !
! سبه‌ینان سه‌ری کاسمان هه‌ڵده‌گرت و به‌ نیازی سه‌ردانی براده‌رێک ، ماڵه‌ خزمێک ماڵمان به‌ جێ ده‌هێشت ، نه‌ماتده‌توانی بڕیار له‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بده‌ین .. که‌ ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵه‌کانیشمان کاتژمێره‌کانی شه‌ومان به‌ په‌نجه‌ هه‌ژمار ده‌کرد و له‌ گه‌ڵ هه‌ر ده‌نگی گمه‌گم و چرپه‌ چرپێکدا ، ئێدی به‌ دڵه‌ پڕ ناسۆره‌کانمان ده‌گوت ئه‌وه‌ گه‌له‌ گورگی مه‌رگه‌ و وا دێن و‌ ده‌تکه‌نه‌‌ نێچیری خۆیان و جارێکی تر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئامێزی خێزان به‌ جاو نابینیته‌وه‌ ..
ئه‌و ژیانه‌ ... ئه‌و ڕۆژگاره‌ قه‌ده‌ر وابوو ، ڕۆژانه‌ ده‌یان کوڕ و کچ و پیاو و ژنی تێکۆشه‌ر ڕاپێچی گرتوخانه‌کان ده‌کران ، سه‌دان ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌ ، به‌ هۆی کوردبونه‌وه‌ په‌تی سێداره‌یان له‌ گه‌ردن ده‌کرا ! ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ی ئه‌و ڕۆژگاره‌ ، به‌ هه‌موو ژان و ئه‌شکه‌نجه‌ و سه‌ختی و ناله‌باریه‌کانیه‌وه‌ قبوڵمان بوو ! چونکه‌ له‌ دوژمن هه‌ر ئه‌وانه‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرا ! خۆمان ئه‌و ژیانه‌مان هه‌ڵبژاردبوو ، زۆرێک له‌ ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌کانمان ، به‌ خوێنی گه‌شیان داکۆکیان له‌ گه‌ل و ووڵاته‌که‌مان ده‌کرد ، سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یان له‌ دوژمنان گرتبو ، پێشمه‌رگایه‌تییان هه‌ڵبژارد بوو ، ئه‌وانه‌شی که‌ گرتوخانه‌کان بوه‌ ماڵ و سه‌نگه‌ری مقاوه‌مه‌یان ، به‌ گیانی له‌ خۆبورده‌یی و هوره‌ به‌رزیه‌وه‌ ڕوبه‌روی ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازاره‌کان ده‌بونه‌وه‌ ، ئه‌وانه‌شی که‌ بڕیاری مه‌رگیان به‌ سه‌ردا سه‌پێنرا ، به‌ سرودی ( ئه‌ی ڕه‌قیب ) و ( ڕێگای خه‌باتمان چه‌نده‌ سه‌خت و دوربێت ) به‌ره‌و په‌تی سێداره‌ به‌ڕیده‌که‌وتن ، ئه‌وانه‌شمان که‌ خامه‌کانمان ، خوێنی کوردایه‌تی مه‌ره‌که‌بی بوو ، نه‌کڕابوون .. نه‌دۆڕابون ، به‌و خامانه‌ به‌ دوژمنمان ده‌گوت ، به‌ گرتن و کوشتن و وێرانکاری ، میلله‌تێکتان پێ له‌ ناو نابرێت ! ژیان و تێکۆشان له‌ پێناوی ژیاندا به‌رده‌وام ده‌بن !
ئای چ ده‌ورانێکه‌ ، بێکه‌س و ناڵی و قانع و حاجی و ئه‌حمه‌دی خانی و شێخ مارف و هتد ! ئه‌وه‌تا ووڵاته‌که‌تان ئازاده‌ و پۆستاڵی به‌عس گڵاوی ناکات ! ئه‌وه‌تا ووڵاته‌که‌تان بۆته‌ ئه‌و به‌هه‌شته‌ جوان و ڕازاوه‌یه‌ی که‌ خواپه‌رستان بۆ ئه‌به‌دی تیا وێستگه‌ ده‌گرن ! ئه‌وه‌تا له‌م سه‌ری ووڵاته‌که‌تانه‌وه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی ته‌نانه‌ت مه‌لێکیش له‌ خه‌و ناکه‌ن ! خه‌وی شیعرێک نازڕێنن ! له‌م سه‌ری ووڵاته‌وه‌ تا ئه‌و سه‌ری ، هه‌موی گوڵه‌ نه‌رگز و مێخه‌کن ! ڕێ به‌ هیچ که‌سێک نادرێ چڵێکیان لێ بقرتێنن ! نازانم .. گه‌وره‌کانم .. گوێتان لێیه‌ ؟ چ ده‌هۆڵ و زوڕنایه‌ک لێ ده‌درێت و چۆن گه‌نجانی ووڵات قه‌تار قه‌تار ده‌ستی یه‌کیان گرتوه‌ و شایی و لۆغانی عاشقانه‌ ! گه‌وره‌کانم ده‌وه‌رنه‌وه‌ ، ئێوه‌ش بۆ ژێر ئه‌م داری ئازادیه‌ی تا توانیتان شیعرتان بۆی ووت .. ئێوه‌ش ئه‌و کات وه‌کو ئێمه‌ .. ڕوی به‌رماڵتان نه‌کرده‌ بت !
گه‌وره‌کانم لێم ببورن ! ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم .. له‌ سه‌ر تا خوار .. له‌ خوار تا ژور ... هه‌موی درۆن ! ده‌خیلتان بم ! نه‌که‌ن بگڕێنه‌وه‌ بۆ ناو شار !
گه‌وره‌کانم ! چ سه‌یرێکه‌
ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نفال جێ ماوه‌ ، ده‌ڵێت مه‌خابن جێ ماوم .. منیان لییان جیا کرده‌وه‌ ! ئه‌وه‌ی گرته‌ی گرتخانه‌ بوه‌ .. په‌تی له‌ مل نه‌کردوه‌ ، تف له‌ ته‌مه‌نی خۆی ده‌کات ! ده‌ڵێت بۆچی من تێکۆشام ؟ چیم وه‌ پێش هات ! ئه‌وه‌ی ژه‌هر نه‌یکوشتوه‌ ! ئێستا به‌ قه‌د هه‌موو دونیا ، له‌ مانه‌وه‌ی په‌شیمانه‌ ! به‌ قه‌د هه‌موو قژه‌کانیان ، ویژدانیان پڕ ئاخ و ژانه‌ !!
گه‌وره‌کانم ... ! زۆر بمبورن
منیش کوڕی شه‌هیدێکم ... ده‌ڵێم خۆزگا ! هه‌ر له‌ ته‌مه‌ن 6 ساڵێوه‌ ، کاتێ باوکم شه‌هید کرا ... منیش له‌ ته‌ک باوکمه‌وه‌ مێشکم ده‌پژا !
گه‌وره‌کانم ! ئه‌زانن بۆ ؟ چون ئه‌م ڕۆژگاره‌م نابینی ... له‌م وڵاتی خۆشه‌ویستی و حه‌یران و خه‌نده‌ و ژوانه‌.. به‌ به‌رچاوی دیوان و ڕۆحی ئێوه‌وه‌ .. به‌ به‌رچاوی هه‌موو چاوه‌کان و ئاوێنه‌ی ویژدانه‌کانه‌وه‌ ، به‌ به‌ر چاوی ماف و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری و یاسا و رێسا و پاشای عه‌رش و قورش و پێغه‌مبه‌ره‌کانی سه‌رده‌مه‌وه‌ ، به‌ پێش چاوی هه‌موو مزگه‌وت و کڵێسا و لالش و ئاوێستا و قورئان و ئینجیل و ته‌ورات و زه‌بور و هه‌موو کتابه‌ پیرۆز و هه‌موو جاڕنامه‌کانی مافی مرۆڤ و شێخ و مه‌لا و مرید و پیاوچاکان و له‌ پشت کێلی .. گۆڕی شه‌هیده‌کانه‌وه‌ ، کچان و ژنان و ئافره‌تان هه‌تک ده‌کرێن ! ده‌کرێنه‌ خۆراکی حه‌ز و ویستی هه‌وس بازه‌کان و پاش تێر بوون و دامرکانه‌وه‌ی کڵپه‌ی ئاره‌زوه‌کانیان ! ئه‌وسا له‌ خاچ ده‌درێن .. ده‌سوتێنرێن .. گوله‌ و بلۆک باران ده‌کرێن !
ئه‌وه‌تا گه‌وره‌کانم ! ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی به‌عس نه‌یتوانی بیانشکێنێت ، ئه‌و شاده‌ماره‌ له‌ دزێوی په‌ستانه‌ی که‌ نه‌یتوانی بیوه‌ستێنێت ، ئه‌وه‌تا له‌ گۆڕه‌پانی شاری بێ پاسه‌واندا ده‌یانشکێنن و په‌تی مردنیان ده‌خه‌نه‌ گه‌رده‌ن ! ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو کون و که‌له‌به‌رێکی وڵاته‌که‌ماندا ، تاژی مه‌رگ به‌ردراوه‌ته‌ ده‌شتایی ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌کان ! هه‌سته‌ هه‌قبێژه‌کان و ڕاوی نێچیری قه‌ڵه‌مه‌کان ده‌که‌ن و دیانخنکێنن ! ده‌ڵێن نه‌با گه‌رای دژه‌ بێ یاسای و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ ڕوی ناشرینیه‌کان و توڕه‌یی و نا له‌ گێڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی و بێ ویژدانی و گیرفانه‌ پێچاوپێچه‌کانیان دابنه‌ن و وه‌کو کوله‌ ئه‌و مه‌زرا پڕ له‌ خێر و به‌ره‌که‌ته‌یان لێ بخوات ! و بکه‌ونه‌ سه‌ر ساجی عه‌لی و کۆتا به‌ کێڵگه‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕیسواییان بێت !
ئای گه‌وره‌کانم .... ده‌یان ساڵه‌ هه‌موو ئه‌و چاوه‌گه‌شانه‌ی که‌ ئه‌نفال و کیمیاباران و کوشتن و مردن و سوتان و گرتوخانه‌ و په‌تی سێداره‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ لێکیانی نا و دوا سه‌فه‌ری بینی پێ کردن و مه‌دالیای شه‌هید بون و نه‌مریانی کرده‌ گه‌رده‌ن ! هه‌م ئه‌م ژماره‌ چاوانه‌ی که‌ دوای ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌سات و شه‌ونخونی و خه‌بات و ماندوبون و به‌ره‌نگاری و کوردایه‌تی کردنه‌ی که‌ ماوینه‌ته‌وه‌ ، ڕه‌نجمان بۆ به‌رگرتنی ئه‌م جۆره‌ی داری ئازادی دا !
ئای خودایه‌ ! ئه‌مه‌ ج دارێکی ئازادیه‌ که‌ له‌ ژێریدا ، ئه‌وه‌ی ویژدان شه‌رمی لێ ده‌کات بکرێت ، ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی قیزی لێ ده‌کاته‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت ! به‌ڵام خوایه‌ هه‌رچی جوانیه‌کان هه‌ن وون ده‌کرێن ، هه‌رچی خۆشه‌ویستیکه‌ک هه‌یه‌ زه‌وت ده‌کرێ ، جێژوانه‌کان بۆن سۆ و کڕوزیان لێ هه‌ڵده‌سێ ! ئه‌وه‌تا هه‌رزمانێ .. که‌ بخوازێ به‌ ئازادی بپه‌یڤێت و به‌ڕوی زۆرداری و سته‌م و تیرۆر و تۆقاندن و چاوسورکردنه‌وه‌ و خه‌فه‌کردنی سه‌ربه‌ستیه‌کان و شمشێر و چه‌ک دا هه‌ڵبشاخێت و بته‌قێته‌وه‌ له‌ پشتی گوێوه‌ ده‌ریان ده‌هێنن ! ئه‌وه‌تا شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کانی تاریکستان و ئه‌شکه‌وته‌کانی نه‌زانی ، ده‌یانه‌ێت به‌ بای باڵه‌ ڕه‌شه‌کانیان ده‌یانه‌وێت مۆم و چرای پێشکه‌وتن و شارستانیت بکوژێننه‌وه‌ تا هه‌مومان به‌ره‌و سه‌رده‌مه‌ ته‌لخ و ئه‌موسته‌چاو و بێ ئومێدیه‌کان ببه‌نه‌وه‌ !
ئه‌ی هاوپیشه‌ قه‌ڵه‌م سوره‌که‌م زه‌رده‌شت گیان !
تۆش وه‌ک ئه‌و هه‌موو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ جه‌سورانه‌ی که‌ به‌ خوێن باجی له‌که‌دار نه‌بون و هه‌ق بێژی و نه‌دۆڕانیان دا ، خۆت به‌ شانازیه‌وه‌ گه‌یانده‌ ئه‌و کاروانه‌ و ڕۆژنامه‌کانتان به‌ ڕو زه‌ردی به‌ جێ نه‌هێشت ! به‌ سپیتان نه‌گوت ڕه‌ش و به‌ ڕه‌شتان نه‌گوت سپی ! به‌ڵکو وه‌ک خۆی نیشانی ئێمه‌تان دا ... ووشه‌کانتان له‌ ئاوی زێڕی پیا هه‌ڵکوتن و پله‌ و پایه‌ هه‌ڵنه‌کێشا و له‌ جلی ڕه‌نگاوڕه‌نگی درۆ و به‌شان و باڵ هه‌ڵدانتان نه‌پێچا !
گوڵم زه‌رده‌شت ... دڵنیابه‌ نه‌ تۆ دوا سوار چاکی قوربانیه‌کانی ئه‌م ڕێگا پیرۆزه‌ ده‌بیت و نه‌ هاوڕێ و هاوپیشه‌کانیشت ده‌ست به‌رداری ئه‌و کاروانه‌ ده‌بن و لێ ده‌گه‌ڕێن ڕێبازه‌ پیرۆزه‌که‌تان بێ که‌س و بێ پشتیوان بمێنێته‌وه‌ .. لێ ناگه‌ڕێین خوێنه‌ گه‌شه‌کانی خامه‌کانتان و دڵتان هه‌روا به‌ ئاسانی له‌ بیری هیزر و هه‌ست و ویژدانمان بچێته‌وه‌ .
به‌ڵام تکا ... سه‌دان تکا ! ئه‌وا ده‌ڕۆیی ، لێگه‌ڕێ با ئه‌و مێشکه‌ پڕ جه‌نجاڵه‌ت له‌ ئامێزی ویژدان به‌رزی و سه‌روه‌ریدا ... تێر .. تێر بنوێ ... پشو به‌و جه‌سته‌ شه‌ته‌ک و ئه‌نجن ئه‌نجنه‌ی ڕۆحت به‌ !
تکا ... تکا .... کاتێ ده‌ڕۆی .. بۆم سه‌فه‌ره‌ ! ته‌نها خواحافیزی ده‌که‌ین ... ماڵ ئاوایی دوا جاریه‌ ! له‌م دوره‌وه‌ ... چه‌پکێ گوڵی خۆشه‌ویستی و به‌رزه‌فڕی .. له‌ سه‌ر سینگ و دڵه‌ گه‌وره‌که‌ت داده‌نه‌ین !
سه‌فه‌رت خێر ... به‌ره‌و ژیانی ئه‌به‌دی ! به‌ره‌و باوه‌شی سه‌روه‌ری ... پشودانی یه‌کجاره‌کی !
نه‌که‌ی به‌ خه‌م ... بۆ ئێمه‌ی دوای سه‌فه‌ره‌که‌ت .. ناخی که‌یلی خۆت بکێڵی ! دوا تکاشم ... کاتێ ده‌ڕۆی ... دڵه‌ پڕ خۆشه‌ویستیه‌که‌ و خامه‌ سوره‌که‌ی گیرفانی .. کراسه‌ سپیه‌که‌ت جێ بهێڵه‌ !


m.zerdeshti@gmail.com

 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com