* ئه‌م قسانه‌ی به نیازم لێره بیانكه‌م، پێشتر
له گۆشه و نووسینی جیاجیادا دركاندوومن. زۆر قسه
و نووسینمان له‌سه‌ر سیستمی په‌روه‌رده و هه‌نگاوه‌كانی
گۆڕان له‌و بواره‌شدا له‌م گۆڤار و له‌و رۆژنامه‌دا
كردن، ئێستا زۆر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه چوونه
سه‌ر ئه‌م جۆره بابه‌تانه به‌لای منه‌وه زیاتر
خۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ن و ئه‌وه‌نده‌ی سوودی ده‌روونی
بۆ خۆم هه‌یه هیچ سوودێك به‌وانه ناگه‌یه‌نێ كه
بابه‌تی له‌م جۆره له ناكاو و له پڕ ده‌كه‌ن به
بڕیار و راشی ده‌گه‌یه‌نن. راگه‌یاندن و به‌بڕیاركردنی
پڕۆژه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی وه‌ك ریفۆرمی زانكۆكان
موفاجه‌ئه‌یه‌كی داهێنه‌رانه نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی
شۆكێكه و ئه‌م جۆره چاره‌سه‌ره‌ش كه له دنیای
سیاسه‌ت و ستراتیژی سیاسی‌دا پێی ده‌ڵێن(چاره‌سه‌ر
له‌رێی شۆك) ئه‌وه‌نده‌ی بۆ سیاسه‌ت و شه‌ڕی
دبلۆماسی و ته‌نانه‌ت عه‌سكه‌ریش گونجاوه نیو ئه‌وه‌نده
و بگره زۆر كه‌متریش له‌وه بۆ بواره‌كانی مه‌عریفه
و خوێندنی باڵا و زانكۆكان ده‌گونجێت ، ئه‌م شێوه
خۆ مشه‌وه‌شكردنه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كاره‌ساته
سرووشتییه‌كان ده‌شێن به‌ڵام بۆ كاره‌ساتێك كه به‌سه‌ر
زانكۆكان و خوێندن به هه‌موو پله و ئاسته‌كانییه‌وه
هاتووه ناشێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی له‌م
شێوه‌یه له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی سست و كیسه‌ڵیانه‌ی كۆمه‌ڵگه
هاتووه و ده‌بێ هه‌میشه په‌نجه‌مان له‌سه‌ر
بڕگه به بڕگه‌ی ئه‌م جووڵه‌یه بێت، به‌ده‌ر له‌مه
مشه‌وه‌شبوونێكی له‌م بابه‌ته زیاتر له بانگه‌شه‌یه‌كی
سیاسی و حزبی ده‌چێ و سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌نده‌ی
خزمه‌تی شتی تر ده‌كا نیو ئه‌وه‌نده و بگره هیچ
خزمه‌تێكی زانكۆكان و خوێندن تیایاندا ناكات. به‌رزكردنه‌وه‌ی
به‌ردی گه‌وره‌ی ئاوه‌ها به‌بێ خۆ راهێنان و
پڕۆڤه‌یه‌كی زۆر و وه‌رزشێكی له پێشینه كاریگه‌ری
له‌سه‌ر بڕبڕاگه و هاوسه‌نگییه‌كانی جه‌سته‌ی
سیستمه‌كه به‌جێ ده‌هێڵێ و زیانێكی گه‌وره كه
ده‌كرێ ناویان بنێین به زیانی نه‌ته‌وه‌یی به
گه‌له‌كه‌مان و ئاراسته‌ی جووله‌ی له هه‌لومه‌رجێكی
وه‌ها ناسكدا بگه‌یه‌نن.
* لێره‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م و ئه‌مجاره‌یان
قسه‌كانم سه‌باره‌ت به چه‌مكی (سه‌ربه‌خۆبوون) و
(گۆڕان)ی سیستمه له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵادا.
ئه‌م دوو چه‌مكه ئه‌وه‌نده هه‌ڵده‌گرن وه‌ك كێشه‌یه‌كی
سیاسی گه‌وره ته‌ماشایان بكرێ و زیاتر له بابه‌تی
بوودجه و ململانێ له‌سه‌ر گرتنه خۆی ئه‌و ته‌ره‌ف
و ئه‌م ته‌ره‌ف هه‌ڵسه‌نگێنرێن.
سه‌ربه‌خۆبوون چه‌مكێكه له‌وه ئاڵۆزتره به‌بڕیاری
زاتی و سه‌رپێیی و تا ئاستێك سیاسی ئاراسته بكرێ،
چوونه نێو فه‌زای ئیشكردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی پڕۆسه‌یه‌كی
ئه‌وتۆیه ده‌بێ ئاماده‌گی هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی
ناومان هێنان له‌و كه‌س یا لایه‌نانه‌دا هه‌بێ كه
له خۆیان راده‌بینن ئه‌ركێكی له‌و بابه‌ته كه
ده‌كرێ ناوی بنێین نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌ڵبگرن.
زۆر دڵخۆش بووین به‌وه‌ی كه به‌ڕێز وه‌زیری
خوێندنی باڵا له زیاد له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ
ئه‌هلی ئه‌كادیمی وڵاته‌كه‌مان و زۆر له ده‌زگاكانی
راگه‌یاندن باسی ستراتیژی گۆڕین و نوێكردنه‌وه‌ی
سیستمی هه‌ڵسووڕانی زانكۆكان و شێوازی خوێندنی
باڵای ده‌كرد و ته‌نانه‌ت من له یه‌كێك له
كۆبوونه‌وه‌كانیدا پشتیوانی وه‌ها ستراتیژێكم
رووبه‌ڕوو گه‌یانده خودی به‌ڕێزیان. ئیشكردن له
پێناوی گۆڕین به‌و ئاراسته‌یه‌ی بمانگه‌یه‌نێته
ئاستێك سه‌رمان پێی به‌رز بێت كێ هه‌یه دڵی پێی
خۆش نه‌بێت؟ ته‌نها ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه دۆگمییانه هه‌ر له جێگه‌ی
خۆیان بمێننه‌وه و له هه‌موو هاوكێشه‌یه‌كدا
رێژه‌ی نه‌گۆڕ بن، به‌ڵام كاتێك یه‌كه‌م هه‌نگاوی
ئه‌م پڕۆسێسه له‌گه‌ڵ حیكمه‌تی زانستی گۆڕان نایه‌ته‌وه
ئه‌وا ترسێك له كۆی پڕۆسێسه‌كه ده‌كه‌وێته
گیانی ئه‌وانه‌ی به راست له خه‌می جووڵه‌ی
سرووشتی و ئاسایی گۆڕاندان.
* ده‌سه‌ڵات به تێگه‌یشتنه هه‌ره نوێیه‌كه‌ی به
بڕی جیاجیا دابه‌شی سه‌ر هه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كانی
كۆمه‌ڵگه بووه، به‌و مانایه‌ی كه‌سه‌كان له‌لای
خۆیان و گروپ و ئۆرگانه‌كان له‌لای خۆیان به‌شیان
له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان
كۆمه‌ڵگه به‌ڕێوه ده‌بات هه‌یه. ئه‌م دابه‌شبوونی
ده‌سه‌ڵاته رێك موماره‌سه‌یه‌كی دینامیكیانه‌یه
و جووڵه‌یه‌كی جه‌ده‌لیانه‌ی هێزه له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا.
به‌ڵام كه كه‌سێك ده‌بینی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر
خۆیشیدا نییه ئه‌وه جۆرێك له خه‌ساندن و په‌راوێز
كردنی تاكه‌كانه له‌و مافه‌ی كه پێویسته هه‌یبێ
یا ئه‌وه‌تا خودی ئه‌و كه‌سه مازۆخییانه ژیاوه
و گه‌شه‌ی كردووه و هه‌میشه حه‌ز به‌وه ده‌كا
به‌ركار بێ نه‌ك بكه‌ر. كاتێ كه هه‌ر
ئۆرگانێكیش له ده‌سه‌ڵاتی سرووشتی و شه‌رعی خۆی
بێبه‌ش ده‌بێت ئه‌وا هه‌وڵێكی توتالیتارییانه‌یه
مه‌به‌ست له پشتی چوونه نێو ورده‌كارییه‌كانی
تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر كه‌س و گروپێكه و كۆكردنه‌وه‌ی
هێزه له‌لای سه‌نته‌رێكی دیاری ده‌سه‌ڵات و
لادانه له پرنسیپی دابه‌شكردنی دیموكراسییانه‌ی
هێز و ده‌سه‌ڵات.
هه‌میشه ئه‌وانه‌ی بێبه‌شن له ده‌سه‌ڵات هه‌ست
به نیگه‌رانی و سته‌م ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر
مازۆخیش بن، چوون له بنچینه‌دا مازۆخییه‌ت
ستراتیژێكی نه‌ستییانه‌یه و كه‌سه‌كان بۆ مانه‌وه
و به‌رگریكردن له خۆیان ده‌یگرنه به‌ر و به‌رده‌وام
خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینن ئه‌وانیش جۆرێك له ده‌سه‌ڵاتیان
هه‌بێ كه په‌یوه‌سته به كاروباری خۆیانه‌وه.
له وڵاتی ئێمه‌دا هیچ دابه‌شكردنێك ناچێته
چوارچێوه‌ی دابه‌شكردنی دیموكراسییانه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات،
هه‌ر بۆیه توخمی (هێز) هه‌میشه به‌پێی دابه‌شبوونێكی
ره‌مه‌كییانه‌یه و كێ زیاتری لا بێ ئه‌و به‌هێزتره.
ئه‌م هاوكێشه ناهاوسه‌نگه له نێوان ئۆرگانه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا باوه و رۆچووه‌ته نێو هه‌ناوی
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و له‌و ده‌ستوورانه‌ش ره‌نگ ده‌داته‌وه
كه ده‌بن به مه‌رجه‌عی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت.
هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه ده‌بینین (زانكۆ) وه‌ك
ئۆرگانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عریفی له مێژه هه‌ستی
به‌وه كردووه كه بنده‌ستی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی و
كه‌س و ئۆرگانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت
ئاینیش ده‌ستی تێوه‌رده‌ده‌ن و هه‌ڵیده‌سوڕێنن. به‌ڵام
مازۆخییه‌تی زانكۆ ئه‌وه‌نده به‌هێز بووه خودی
خۆی به‌وه رازی نه‌بووه له‌و حاڵه‌ته رزگاری
بكه‌ی چوون چێژی زۆری له‌و باره ناله‌باره وه‌رگرتووه.
ده‌نگی كز‌و نه‌رم هه‌بوون له ناوه‌وه‌ی زانكۆ ئه‌و
په‌یوه‌سته‌گییه تونده‌یان پێ سته‌م بووه به‌ڵام
له‌نێو دۆخی زه‌وتكردنی ئیراده‌ی مه‌عریفیدا كه‌س
گوێی بۆ نه‌گرتوون، له‌وانه‌شه و رێك واشه كه
عه‌قڵه‌كانی نێو زانكۆ سوودی تایبه‌ت و زاتییان له‌و
بازاڕه ره‌شه‌ی مه‌عریفه وه‌رگرتووه و خۆشیان
پێیان باش بووه هه‌روا بمێنێته‌وه.
چوون له بنچینه‌دا ئه‌وان (22/7) بوون و هه‌ر
بارێكی دیكه‌یان له قازانجدا نه‌بووه. ته‌نانه‌ت
زۆربه‌یان به پێی پرنسیپه ئه‌كادیمی و زانستییه‌كانیش
نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته و سیاسه‌تی ( وه‌لاْ
) له‌جیاتی (ئه‌داْ ) له وێی داناون و هه‌ر ئه‌م
سیاسه‌ته‌ش له‌وێی هێشتوونه‌ته‌وه، كه‌سانی له‌م
جۆره به مانه‌وه‌یان له نێو زانكۆ تا ئه‌به‌د
نابن به ئه‌كادیمی و بگره له زانكۆ سه‌نگه‌رێكی
ئه‌ستووری له شكان نه‌هاتوویان دامه‌زراندووه به
راست و چه‌پ گورزی خۆیان راده‌وه‌شێنن. زۆربه‌ی عه‌قله‌كانی
ئێستا له نێو زانكۆكانی هه‌رێمه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ
خۆمان وه‌زیفه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن تا ئه‌و
ئاسته له‌نێو كلاسیكییاتی ئه‌كادیمی و دۆگماتیزمی
فیكریدا رۆچوونه دووچاری ته‌وه‌زه‌لیی جه‌سته‌یی
و هزریی بوونه‌ته‌وه، به زه‌حمه‌ت ده‌توانی به‌ره‌و
ئه‌رك و كارێكی په‌یوه‌ست به زانكۆ بیانجوولێنی.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای رێبازه‌كانی خوێندن و هه‌موو ئه‌م
سه‌رچاوانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان له‌وه‌ته‌ی زانكۆكان
دامه‌زراون گۆڕانییان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و له
حاڵه‌تی دابڕانێكی ته‌واو بوونه له‌گه‌ڵ هه‌ر
شتێكی نوێی و هاوڕێ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه زانستی و
ته‌كنۆلۆژییه‌كان نه‌ڕۆیشتووه و نایه‌نه‌وه. سه‌ره‌ڕای
هه‌موو ئه‌مانه میتۆده‌كانی خوێندنی قۆناغی
ئاماده‌یی كه ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بووه
پێیاندا بچێته‌وه دیسانه‌وه به پێوه‌نده
كلاسیكییه‌كانه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و هه‌رچی مه‌رجی
په‌روه‌رده‌یی و زانستی و فیزیكی و هزریی هه‌یه
تیایاندا نییه، چوون له بنچینه‌دا ئه‌وێ ئه‌م
شوێنه‌یه كه‌ره‌سته خاوه‌كانی زانكۆكانمان فه‌راهه‌م
ده‌كات. كه‌واته ئه‌م رێنیسانسه زانستی و ئه‌كادیمییه
ده‌بێ له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ته‌نانه‌ت به‌ر
له سه‌ره‌تاییش سه‌ره‌تا بگرێ و ئه‌گه‌ر بشڵێن
ئه‌ی ئه‌وه نییه بۆ دوو ساڵ ده‌چێ سیستمی نوێی
خوێندن له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده جێ به‌جێ ده‌كرێ
ده‌ڵێین: هه‌قه هه‌موو لایه‌كمان هه‌رچی زووه به
هانای قوتابییه‌كانمانه‌وه بچین تا زیاتر نوقمی
غوربه‌تی هزریی و په‌روه‌رده‌یی نه‌بوون. سیستمی
په‌روه‌رده و فێركردن جه‌سته و روحێكی له‌یه‌ك
دابڕاو نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پرۆسێسێكه هه‌ر له
ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییه‌وه تاك وه‌ك تێكرده Input
له باوه‌ش ده‌گرێ و له‌گه‌ڵ خۆی تا له زانكۆش
ده‌رده‌چێ و ده‌بێ به ده‌ركرده Output ده‌یبات.
بۆیه هه‌ر ده‌ستكارییه‌كی ئه‌م سیستمه كاریگه‌ری
به‌سه‌ر ته‌واوی پڕۆسه‌كه ده‌بێت و ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه
له‌گه‌ڵ قۆناغێكیش به‌ته‌نها بكرێت ئه‌وا ده‌بێ
هه‌ر هه‌موو سیستمه‌كه له‌به‌رچاو بگیرێت.
كاتێك كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بڕیاری گۆڕینی
سیستمی په‌روه‌رده‌ی دا‌و به‌بێ كۆنگره و بێ
پرسكردن به وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی
رۆشنبیری و چه‌ند وه‌زاره‌تێكی تر ملی پێوه نا
پێشبینی شكستمان بۆ كرد، چوون ئه‌م هه‌نگاوه‌مان
به‌ته‌نها به وه‌زیفه‌ی ئه‌و نه‌ده‌زانی. ئێستاش
كه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له ناكاو وه‌ها
بڕیارێك سه‌باره‌ت به رێنیسانسی مه‌عریفی و ئه‌كادیمی
ده‌دات، له‌سه‌ر هه‌مان ئاوازی وه‌زاره‌تی
په‌روه‌رده ده‌ژه‌نێ و ئه‌گه‌ر سوور بێ له‌سه‌ر
بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی خۆی پێموایه هه‌مان ئاینده
چاوه‌ڕێی ده‌كات كه ئومێد ده‌كه‌م پڕۆژه‌ی
خوێندنی باڵامان له جییاتی كۆسپی بێته پێش به
ته‌كانه‌وه به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت.
هه‌نگاوه‌كانی به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ
سه‌ربه‌خۆبوونی دارایی له جێی خۆیه‌تی، چوون تا
ئێستا په‌یوه‌ستبوونی مالی زانكۆ به
ره‌زامه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه
ئازادییه‌كانی به ته‌نها له بڕیاری دارایی سه‌لب
ناكات به‌ڵكو وای لێده‌كات بڕیاری ئه‌كادیمیشی پێ
نه‌درێت و به ئازادی نه‌توانێ په‌یوه‌ندییه‌كانی
خۆی بۆ ئه‌ملا و ئه‌ولا رابكێشێت و هه‌میشه چاوی
له ده‌ستی خاوه‌ن پاره‌كانه و له ژێر ره‌حمه‌تی
ئه‌واندایه. ئه‌م جۆره هه‌وڵانه بنچینه و
ژێرخانن بۆ بڕیاره ئه‌كادیمی و پێداچوونه‌وه به
سیستمی مه‌نهه‌جی زانكۆكان، هه‌ر بۆیه یه‌كسه‌ر
چوونه سه‌ر رووحی سیستم و ورده‌كارییه‌كانی
خوێندن و وه‌رگێڕانی هه‌یكه‌ل و بونیادی ئه‌م
سیستمه چاو پۆشینه له‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه من
پێموایه له سه‌ر جه‌سته‌ی سیستم وه‌دیار
كه‌وتوون و بۆ چاره‌سه‌ركردنیشی هه‌ر ده‌بێ
شوێنه‌واره‌كانی له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته
نه‌هێڵین دواتر رووبكه‌ینه رووح و ده‌روونی سیستم
و ئه‌م جه‌وهه‌ره شێواوه رزگار بكه‌ین، چونكه
به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم ئه‌م نه‌خۆشیانه‌ی ئێستا
تووشی زانكۆكان و خوێندنی باڵا تیایاندا بوونه
كاریگه‌رییه جه‌سته‌ییه‌كانن له روح و جه‌سته
وه‌دیاركه‌وتوون، هه‌ربۆیه له
چاره‌سه‌ركردنیشیدا ده‌بێ ده‌رمانی برین و
ئازاره جه‌سته‌ییه‌كان بكه‌ین به‌ڵكو له‌و
حاڵه‌ته ئایدزییه رزگار ببن.
چه‌ند قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر پرۆژه به‌بڕیاربووه‌كه‌ی
وه‌زاره‌ت
له سه‌ره‌تای پڕۆژه له‌سه‌ره‌وه بڕیار
له‌سه‌ردراوه‌كه‌یدا و له بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی
زانكۆكاندا به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بێده‌سه‌ڵاتیی زانكۆ به‌م
رسته‌یه ده‌ستپێده‌كات: ئه‌م پڕۆژه‌یه له
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت بڕیاری له‌سه‌ر دراوه و
له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش په‌سه‌ند بووه،
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌نها قسه له‌سه‌ركردنی
ورده‌كارییه‌كانه له لایه‌ن كۆلیژ و زانكۆكان.
ئایا وه‌ها ده‌ستپێكێك له‌خۆیدا زیاتر
به‌ستنه‌وه‌ی زانكۆكان نییه به بڕیاره‌كانی
سه‌ره‌وه و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی قسه‌كردن نییه
له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌خۆیی و كوشتنی
سه‌ربه‌خۆیی نییه به‌ر له‌دایكبوونی؟ زانكۆیه‌كان
هه‌روه‌ك زاناكان ده‌ڵێن ده‌بێ له ناوه‌وه‌ی
خۆیاندا خۆیان بگۆڕن و به‌شدار بن له
چاره‌سه‌ركردنی خۆیان هه‌روه‌ك كارڵ رۆجه‌رز له
یارمه‌تیدانی كه‌سه ناهاوسه‌نگ و نه‌خۆشه‌كاندا
ئه‌وه‌ی پێ باشه چوون پێیوایه زۆربه‌ی
چاره‌سه‌ر لای نه‌خۆش خۆیه‌تی و ئه‌مه‌ش له
بنچینه‌دا گه‌ڕانی كه‌سه ناهاوسه‌نگه‌كه‌یه
به‌دوای وجوودی خۆی كه له بنچینه‌دا ونیكردووه،
له‌وه‌ته‌ی به‌ڕێز وه‌زیریش ئه‌م پۆسته‌ی
وه‌رگرتووه زۆربه‌ی قسه‌كانی له‌سه‌ر چه‌مكی
سه‌ربه‌خۆیی زانكۆكانه، ئه‌ی ده‌بێ حیكمه‌ت له
سه‌ره‌تایه‌كی وه‌ها ترسناك چی بێ؟ ئه‌گه‌ر
ته‌نها هه‌ڵه‌یه‌ك بێ له‌نێوان ناونیشان و
ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌دا قوت بوبێته‌وه ئه‌وا
ته‌واوی بابه‌ت به‌م سه‌ره‌تایه شلوێ بووه و
ده‌بێ بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستپێكه
له‌سه‌رچاوه‌وه لێڵیه‌كه نه‌هێڵرێ و هه‌موو
ئه‌و ناكۆكییانه‌ی ناوه‌وه بژار بكرێن و هه‌وڵ
بدرێ ته‌واوی بابه‌ته‌كه له‌گه‌ڵ چه‌مكی
سه‌ربه‌خۆییدا بگونجێنرێ.
ئه‌وه‌ی له خه‌می سه‌ربه‌خۆیی زانكۆكاندایه
ده‌بێ كه‌سێك بێ له ناوه‌وه‌ی خۆیدا ئازاد بێ
و ته‌واو له ماناكانی ئازادی تێ‌بگا و بزانێ
قسه‌كردن له سه‌ربه‌خۆیی كه‌س و گروپه‌كان
یه‌كه‌م هه‌نگاو دانی هه‌موو ئه‌و مافانه‌یه به‌و
به‌رامبه‌رانه‌ی ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆبن و
له‌مه‌ودوا خۆیان به‌ته‌نها به‌ڵام به هاوكاری
ده‌ره‌وه‌ی خۆیان به‌ره‌و كه‌سایه‌تی ئازادی
خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆیان بچن، چوون ته‌نانه‌ت
یاساكانیش هه‌روه‌ك مۆنتسیكۆش پێیوایه ده‌بێ له
گه‌ڵاڵه‌كردن و دانانیاندا ره‌چاوی ئاستی ئازادی
تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ژینگه‌ی جوگرافی و
كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییان بكرێت. ئێمه
هه‌موومان حه‌زمان له ئازادی هه‌یه، به‌ڵام
ئه‌گه‌ر هه‌بن نه‌یانه‌وێ ئازاد بن ئه‌وا به
تۆبزی ناتوانین ئازادییان بكه‌ین تاوه‌كو ئه‌و
حه‌زه له بنچینه‌دا لای خۆیان نه‌چێنین.
زانكۆكان كه‌مییان قسه له‌سه‌ر ئازادی
نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌شیان هه‌ر بۆ
ئیستیهلاك بووبێ ئه‌وا ئێستا با ته‌واوی
ئازادییان هه‌بێ و هه‌موو بوارێكی ئازادكردنی
خۆیان بۆ بڕه‌خسێ و لێیان بگه‌ڕێین بزانین
چیده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر له‌نێو ئازادی‌دا نه‌یانتوانی
بگه‌نه ئاسته باشه‌كانی پێشكه‌وتن ئه‌وسا
ده‌كرێ رای دیكه‌مان هه‌بێ، چوون له بنچینه‌دا
ئازادی به‌هێزترین فاكته‌ری به‌رهه‌م و
وه‌به‌رهێنانه.
پێكهێنانی سینات بۆ هه‌ر زانكۆیه‌ك تاوه‌كو هه‌رچی
په‌یوه‌سته به زانكۆكانه‌وه له‌ده‌ست خۆیان
بێ، هه‌نگاوێكی هه‌ره مۆدێرنی مامه‌ڵه‌كردنی
زانستیانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م دامه‌زراوه
مه‌عریفیه‌دا، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ سینات سه‌نته‌ری
سه‌ره‌كی بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به زانكۆكانمان بێ
ئه‌وا هه‌رگیز نه‌ده‌بوایه له یه‌كه‌م بڕیاری
چاره‌نووسسازی وه‌ك سه‌ربه‌خۆكردنیاندا لێیان
تێپه‌ڕین و خه‌ڵكی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان
قسه له‌سه‌ر چاره‌نووسیان بكات . ئه‌م سیناته
هه‌روه‌ك جه‌نابی وه‌زیر ئاماژه‌ی بۆ كردووه
پێكهاتوویه‌كه له پڕۆفیسۆر و
یاریده‌ده‌ره‌كانیان و پله زانستییه‌كانی دیكه
له زانكۆدا و له‌مه‌ولا به پێی ئه‌م پڕۆژه‌یه
هه‌موو بڕیاره‌كان له‌وێوه ده‌رده‌چن، هه‌ر له
گواستنه‌وه و دامه‌زراندنه‌وه بگره تاوه‌كو
په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمی و ئیدارییه‌كان و
ورده‌واڵه‌كانی دیكه و ئه‌و سیناته‌یه ده‌سه‌ڵات
ده‌گرێته ده‌ست و به‌م شێوه‌یه‌ش وه‌زاره‌ت سه‌ری
سووك ده‌بێ و ده‌په‌ڕژێته سه‌ر ستراتیژییات و
سیاسه‌ته‌كانی تایبه‌ت به داڕشتنی پلان و
رێكخستنی كارووباره گشتییه‌كان. هه‌روه‌ك وتمان
ئۆرگانێكی له‌م شێوه‌یه دانی ده‌سه‌ڵاته به
زانكۆكانمان نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی بۆیان ، چوون هه‌ر
له بنچینه‌دا زانكۆكانمان هیچ جۆره
ده‌سه‌ڵاتێكیان نه‌بووه تاوه‌كو ئێستا بۆیان
بگێڕینه‌وه.
به‌ڵام كاتێك كه له‌پڕو ناكاو بڕیارێك ده‌گاته
كۆلیژه‌كان و ته‌نها بواری ئه‌وه‌یان بۆ
ده‌هێڵێته‌وه قسه له ورده‌كارییه‌كان بكه‌ن،
ئه‌وا گومانێك لای كه‌سی عاقڵ درووست ده‌بێ
به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (سلام علیك) ی یه‌كه‌م
گۆچانه‌كه‌ی نیشان داین له‌جییاتی گێزه‌ره‌كه
ئه‌مه‌یان ده‌بێ موویه‌كی تێدا بێت، هه‌ر بۆیه
له بری متمانه ترس بوو به میوانی ئه‌هلی زانكۆ،
ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌بووایه هه‌رچییه‌ك بێ و
هه‌ر چۆنێك بووبێ رۆڵی زانكۆكانمان له هه‌موو
بواره‌كانی په‌یوه‌ست به ژیانی كورده‌واری
له‌به‌رچاو گیرابایه و كاتێك كه ریزبه‌ندی زانكۆ
هه‌ره باشه‌كانی دنیا له سه‌ر لاپه‌ره‌كانی
ئه‌نته‌رنێت ده‌بینین یه‌كسه‌ر هێڵێكی راست و
چه‌وت به‌سه‌ر زانكۆكاندا نه‌هێنین و بكه‌وینه
سزادانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ریزی ده‌رچووه‌كان
نه‌بووه.
خۆبه‌راوردكردن به خۆرئاوا
ئه‌وروپییه‌كان تا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌مڕۆ مێژووی
هه‌ر له رێنیسانسه‌وه تاوه‌كوو ئێستایان له‌پشت
بووه و ئه‌م قۆناغبه‌ندییه‌ی ئه‌وانیش زۆر
سیستماتیكییانه هاتووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش
بچینه ئه‌م ریزبه‌ندییه‌وه، ده‌بێ سه‌ره‌تا
كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆمان له‌گه‌ڵ مۆدێرنه و
تا ئێستاش نه‌چوونه نێویه‌وه له رووه سیاسی و
ئابووری و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هزرییه‌وه
له‌به‌رچاو بگرین و ئاسته‌كانی گه‌شه‌ی هه‌موو
ئه‌م بوارانه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆشمان له‌یاد بێت.
بوون به ئه‌وروپی چیتر پێوه‌ری شارستانیبوونی
ئێمه و هیچ نه‌ته‌وه و گرووپێكی دیكه‌ی ئاده‌می
نییه له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا، هه‌ر
نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆی
هه‌یه و له نێو بازنه‌ی شارستانییه‌تێكی جودا دا
گه‌شه‌ی كردووه، ئه‌م بۆچوونه له لایه‌ن
بیریاره هه‌ره گه‌وره ئه‌وروپییه‌كانی وه‌ك
شپینگله‌ر و توینبی و زۆرانی دیكه‌ش سه‌لمێنراوه
و ئه‌م دووه گه‌یشتنه ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی چیتر
(ئه‌وانی) ئه‌وروپی و خۆرئاوایی به شارستانییه‌تی
خۆیان و ئاینده‌ی ئه‌م شارستانییه‌ته گه‌شبین
نه‌بن و ته‌نانه‌ت كه‌سی دیكه‌ی وه‌ك فڕۆیدیش
هه‌بوون پێیانوابوو مه‌ده‌نییه‌ت بریتی نییه له
كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای كه‌سێك و یۆنگیش له
هه‌ڵسه‌نگاندنی شارستانییه‌تی خۆیاندا هه‌میشه
باسی له قه‌یرانی رووح كردووه له نێو
شارستانییه‌تی خۆرئاوادا.
زانكۆكانی ئه‌وروپا و خۆرئاوا ره‌نگدانه‌وه‌ی
ئاستی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و سیاسی و
ئابووری و هزری ئه‌وێن و مه‌عریفه‌ی زانكۆكانی
ئه‌وێ به‌پێی پلانی داواكارانییه‌تی و هه‌ربۆیه
ئه‌وه‌ی له‌وێ به‌رهه‌م دێ یه‌كسه‌ر ده‌چێته
بواری سوود و مه‌نفه‌عه‌تی كه‌س و
كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه و بێ خاوه‌ن نامێنێته‌وه.
به‌ڵام لای ئێمه زانكۆكان به‌پێی پلانی
دیراسه‌كراو نین و بازاڕی مه‌عریفه‌ی كوردی و
دامه‌زراوه‌ی زانكۆكان هیچیان ئاگایان له‌یه‌كتر
نییه و نه زانكۆ بۆ كۆمه‌ڵگه و نه كۆمه‌ڵگه
بۆ زانكۆ له‌كاردان. ئه‌م نه‌خۆشی و ده‌كرێ بڵێین
شه‌پڕه‌یه هه‌ر به‌ته‌نها له زانكۆكانی نه‌داوه
به‌ڵكو ئۆرگانه جیاجیاكانی دیكه‌ش هه‌روه‌ك فڕۆم
ده‌ڵێ له‌به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان نامۆن و به‌دوا
دۆزینه‌وه‌ی مانا ناگه‌ڕێن بۆ ژیانی خۆیان به‌قه‌د
ئه‌وه‌ی له‌دوای بێ مانایی ڕاده‌كه‌ن. ئه‌وه‌تا
بیناو ئاپارتمانسازیی بێگانه ته‌واو جێگه‌ی به
هونه‌ری بیناسازی كورده‌واری له‌ق كردووه و
ده‌یان گوندی ئینگلیزی له نێو شاره‌كانی خۆمان
دروست ده‌كه‌ین بێ ئه‌وه‌ی بزانین فیكری پشت ئه‌م
ته‌رزه هونه‌ره چییه و ئایا بیناسازی ئێمه‌ش
ناكرێ له فۆڕمی دیكه‌ی نوێتردا
سه‌رهه‌ڵبداته‌وه؟ ئایا فۆڕم و نه‌خشه‌ی
ته‌لارسازی خۆرئاوایی رێك گواستنه‌وه‌ی وێنه و
نه‌خشه‌كانی ئه‌وێ نین بۆ سه‌رزه‌مینی خۆمان و
ونكردنی وێنه و فۆڕمه ره‌سه‌نه‌كانی كولتوری
ته‌لارسازی كورده‌واری نین؟ ئایا ئه‌مه
ته‌سلیمبوون نییه به‌و هێزانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی
خۆمانه‌وه دێن و داننان نییه به‌وه‌ی هه‌رگیز
ناتوانین خۆیان له به‌رامبه‌ر بگرین؟ ئایا ئه‌م
له‌به‌رگرتنه‌وه‌یه به ئینگلیزی و ئیتالی و
ئیسپانی و ئه‌ڵمانی و توركی و ئه‌مریكیكردنی
كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان و تووڕ هه‌ڵدانی پاڕادایمه
كوردییه‌كان نییه؟ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و
ئابووری وڵاتی ئێمه فیكری بۆ ئه‌وه چووبێ كه
گواستنه‌وه‌ی وێنه و نه‌خشه‌كانی ته‌لارسازی
خۆرئاوا بۆ وڵاتی خۆمان هه‌مان سیاسه‌تی
سائیدكردنی دۆلار و گرنگیدانی زیاد له پێویست
نییه به زمانی ئینگلیزی و زمانه‌كانی دیكه‌ی
غه‌یره كوردی له‌و سۆنگه‌یه‌ی كه زمانه‌كه‌ی
خۆمان له‌و ئاسته نییه ته‌نانه‌ت له بواری
لێكۆڵینه‌وه له بابه‌ته‌كانی ئه‌ده‌ب و زمانی
كوردیشدا توێژینه‌وه‌ی پێبكرێت چجای بواره‌كانی
تر؟.
ئه‌م دیارده‌یه له‌لایه‌ن هێزه
خۆرئاواییه‌كانه‌وه ئاراسته و ستراتیژی
په‌خشكردنی فۆڕم و گه‌وهه‌ری شارستانییه‌تی خۆیانی
له پشته و له لایه‌ن هه‌ندێك زلهێزی
ئیقلیمیشه‌وه مه‌به‌ستێكی ستراتیژی دوور مه‌ودای
دیراسه‌كراوی له پشته و پێیانوایه ئه‌وانیش
له‌و ئاسته‌ن شه‌ڕی كولتووری خۆرئاوا بكه‌ن و هه‌ر
بۆیه‌ش ده‌یانه‌وێ ئه‌و مه‌یدانه چیتر با بۆ
خۆرئاوا چۆل نه‌بێ و له به‌رامبه‌ر لاوازی و
ته‌سلیمبوونی كولتووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری
كورده‌كان با ئه‌م ده‌رده ئه‌وانیش نه‌گرێته‌وه
و هه‌ر نه‌بێ كاریگه‌ری خۆیان بخه‌نه
سه‌رزه‌مینه‌كه. ئه‌م شێوه
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه لاوازترین میكانیزمی
مامه‌ڵه‌یه بۆ ژیان و تا ئاستێكی زۆر ده‌ست له
خۆ شووشتن و ملكه‌چییه‌كی بێ قه‌ید و شه‌رتی لێ
ده‌بینرێ.
فه‌رهه‌نگ و كولتووریش ئه‌وه‌نده‌ی كه‌وتنه ژێر
كاریگه‌ریی تایپه هزرییه بێگانه‌كانی خۆرئاوا و
خۆرهه‌ڵاتی پێوه دیاره نیو ئه‌وه‌نده
دامه‌زراوه كولتوورییه‌كانمان به به‌رهه‌مهێنانی
مه‌عریفه‌ی نوێی كوردییه‌وه خه‌ریك نین. زۆربه‌ی
هه‌ره زۆری ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌زگا
كولتوورییه‌كان چاپی ده‌كه‌ن یا ئه‌وه‌تا
وه‌رگێڕانی هزری خۆرئاوایین یا جۆره نووسینێكن
له ئاستی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و به‌كاربه‌ره
كولتوورییه‌كانمان نین و سه‌ره‌ڕای هه‌موو
ئه‌مانه‌ش زۆر به‌كه‌می مانا له نێو ئه‌م
ده‌قانه‌دا ده‌دۆزیته‌وه. له‌پاڵ ئه‌مه‌ش
خه‌ریكه دابڕانێكی گه‌وره له نێوان هزری
راسته‌قینه و ده‌ركه‌وته فیكری و
ماتریاڵییه‌كانی مۆدێرنیته له وڵاتی خۆماندا
ده‌بینین ئه‌مه‌ش له خۆیدا شیزۆفرینیایه‌كی
وجودییه له كه‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ی داوه
و پێویستی به‌وه‌یه جارێ به‌ر له هه‌موو شتێك
ئه‌م لاشه و رووحه له هۆش خۆی چووه وه‌ئاگا
بهێنینه‌وه و دواتر هه‌وڵ بده‌ین له شۆكه‌كانی
ده‌وروبه‌ر دووری بخه‌ینه‌وه. فه‌زای كولتووریمان
پڕی بووه له گۆرانیبێژ و سه‌ماكه‌ر و
كۆنسێرته‌وان و یادی مردووان و بۆنه‌ی رێزلێنان و
شتی له‌م بابه‌تانه و كه‌م كه‌س و لایه‌نی ره‌سمی
و ناڕه‌سمی وه‌ها ده‌بینی به‌جیددی ئیش له‌سه‌ر
كولتوور بكا و به فه‌زایه‌كی وای بزانێ كه
پێویسته هه‌میشه وه‌به‌رهێنانی له بواره‌كانی
فه‌رهه‌نگ و هزر تیادا بكرێ.
بواری په‌روه‌رده‌ییشمان به رێژه‌یه‌كی زۆر
په‌یوه‌ندی به راستییه كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی
و به‌هایی و ئیتنیكی و به‌ر له‌وانه‌ش فه‌لسه‌فه‌ی
كۆمه‌ڵگه‌وه پچڕاوه و هه‌ر بۆیه‌ش به‌یه‌ك
نه‌چوونێكی زۆر له نێوان عه‌قڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی
سیستم و ناوه‌وه‌ی سیستم هه‌ست پێده‌كه‌ین.
ئه‌گه‌ر سووكه ئاماژه‌یه‌كیش به شاده‌ماری
ئابووری سرووشتی سه‌رزه‌مینه‌كه‌ی خۆمان بده‌ین
كه كشتووكاڵه، ئه‌وا هه‌قه هه‌موومان له
سرووتێكی ماته‌مینیدا به كوڵ بۆی بگرین و
ناوه‌ناوه‌ش شاباش به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا بده‌ین كه
ئاروێ و شووتی و سێ‌و و خورما و ماست و ترێی
ئێرانی و پرته‌قاڵ و هه‌نجیر و فروتی و كشمیشی
توركی و ته‌ماته و په‌تاته و ئاروێی ئوردنی و
....تاد مان له‌و رێیه دوورانه‌وه بۆ ده‌هێنن و
به حوكمه‌ته‌كه‌ی خۆشمان بڵێین : ده‌ك خوا
سه‌لامه‌تت بكا ده‌بێ كه‌ی ئه‌و حوكمه‌ت هه‌بێ
بتوانی له گه‌ڵ وه‌به‌رهێنانت له بواری نه‌وت
ئه‌وه‌نده‌شت بایه‌خ به‌و سامانه سرووشتییه
له‌بن نه‌هاتووه دابایه؟ خۆ كشتووكاڵ ته‌نها
گه‌ڕانه‌وه بۆ لادێ و درووستكردنی پاڵنه‌ری
چوونه‌وه ئه‌وێی له‌نێو خودی تاكه‌كان پێده‌وێ و
ئێستاش زه‌مه‌ن له‌وه‌ی تێپه‌ڕاندوه مۆدێل مۆدێلی
كۆچكردن بێ له لادێوه بۆ شار به‌ڵكو ئه‌م
پڕۆسه‌یه پێچه‌وانه بۆته‌وه و ئه‌گه‌ر بتوانین
رووح بخه‌ینه به‌ر ئه‌م جۆره تێزه و به كرده‌ی
بكه‌ین ئه‌وا كشتووكاڵ له نه‌وت تێده‌په‌ڕێنین و
نه كۆمپانیاكان و نه ئه‌وه‌نده وه‌جوابهاتنی
شه‌هرستانیش سه‌ری ده‌هێشاندین.
له بواری ئابووریشه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی وته
به‌ناوبانگه‌كه‌ی سه‌ر زاری خه‌ڵك به فیعلی به
كردار بووه كه ده‌یووت(چیتان ده‌وێ ئه‌ی
میلله‌ت نان و ...ئیسراحه‌ت) ئه‌وه‌نده به‌لای
سیستمی ئابووری و شێوازێكی گونجاو بۆ ئیداره و
هه‌ڵسوڕانی بازاڕدا ناچن. بازاڕه‌كان زیاتر
دابینكه‌ری لایه‌نه ئیستیهلاكییه‌كانی هاوڵاتیانن
و له لایه‌ك وتێل و مۆتێل و له لایه‌كی تر
چێشتخانه و ئینجا سووپه‌ر ماركێت له ئه‌وجی
هه‌ڕمێنیانه. ئه‌م بینینه زیاتر راكردنه له
دوای شێوازی به‌رهه‌مهێنانی به‌رخۆری و له‌و
روانگه‌یه‌وه سه‌یری كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ین گوایا
هه‌ر له دوای تێركردنی غه‌ریزه
ئاژه‌ڵیه‌كانییه‌تی. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وه‌ك
كۆمه‌ڵگه و وه‌ك كیانێك ده‌ركه‌وین نابێ چیتر
وێنه راسته‌قینه‌كانی خۆمان دیار نه‌بێ و هه‌ر
له لێڵیدا بژین.
زانكۆكان ئا لێره‌دا رۆڵیان وه‌دیار ده‌كه‌وێ و
ئه‌وانن ده‌بێ سیما بنچینه‌ییه‌كانی فۆڕم و ئینجا
گه‌وهه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مان بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان
بناسێنن، ئایا ئه‌مانه تا ئێستا كراون؟ زانكۆ له
كوێی دیراسه‌كردنی سۆسیۆلۆژیای كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه
و له هونه‌ری ته‌لارسازیدا گه‌یشتۆته كوێ و له
سایكۆلۆژیادا له چ ئاستێكه و له بازاڕدا
له‌گه‌ڵ چ سیستمێك‌دا هاوڕێیه و له مه‌عریفه‌ی
پزیشكیدا له كوێیه و له دیراساتی كولتووریدا چ
ده‌كا و چ ناكا و له بواره‌كانی تریشدا تا كوێی
بردووه؟.
ئێمه كه دنیایه‌ك ره‌خنه و گله‌ییمان له
سیستمه كۆنه‌كه‌مانه دنیایه‌كی دیكه‌شمان گله‌یی
له‌و سیستمه‌یه كه به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا
له ده‌ره‌وه بۆی قه‌رز كردووین و
به‌به‌رمانه‌وه گه‌وره‌یه و ده‌بێ
ده‌ستكارییه‌كی ته‌واوی بكه‌ین تاوه‌كو
به‌باڵامانه‌وه فیت ده‌رچێ.
وه‌زیری خوێندنی باڵا به شوور و حه‌ماسێكی زۆر
شۆڕشگێڕانه‌وه هاتۆته‌وه مه‌یدانه‌كه و
دڵسۆزییه‌كی جوانی پێوه دیاره، به‌ڵام ئیشكردن
له سه‌ر گرفتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كێشه‌ی مه‌عریفه
و خوێندنی باڵا له وڵاتی خۆمان نه‌فه‌سێكی دوور و
درێژی توێژه‌رانه‌ی پێ ده‌وێ و یه‌كه‌م هه‌نگاو
ده‌بوایه كێشه‌كه‌ی دیاركردبایه و ئینجا
گه‌مارۆی دابایه و رۆجه‌رزانه گوێی له خاوه‌ن
كێشه‌كان كه زانكۆكانن گرتبایه. حه‌ماسی
شۆڕشگێڕانه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌ی
مه‌عریفه لادانێكی توندڕه‌وانه‌یه له
چاره‌سه‌ری مه‌نتیقی و ناچاركردنی نه‌خۆشه‌كه‌یه
كه زانكۆیه به خواردنی ده‌رمانێكی ئه‌وتۆ كه
گرفته لاوه‌كییه‌كان(ساید دیفێكت)ی زاڵ ده‌بن
به‌سه‌ر ئه‌سڵی نه‌خۆشییه‌كه و دواتر زیانه‌كانی
له قازانجه‌كانی زیاتر ده‌بن. میكانیزمه
تونده‌كانی كه ئێستا له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زانكۆ
ده‌یبینین، شێوازێكی مامه‌ڵه‌ی پاتریاركیانه‌یه و
بینینی زانكۆیه وه‌ك منداڵێك كه هیچ بوارێكی بۆ
نه‌ماوه‌ته‌وه ئه‌وه نه‌بێ كه هه‌ر ده‌بێ
گوێڕایه‌ڵی باوكی بێ و قسه له قسه‌ی ئه‌ودا
نه‌كات، هه‌ڵبه‌ته سایكۆلۆژیای ئه‌م جۆره
منداڵه له ئاینده‌دا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له
باوك و مێژووش شایه‌تی زۆر له وانه‌یه كه
له‌گه‌ڵ زۆر بۆهێنانی باوك هه‌ڵناكه‌ن و دواتر لێی
یاخی ده‌بن، خۆپیشاندانه‌كانی قوتابیانی
دواناوه‌ندییه‌كانی سلێمانی و به‌شێك له هه‌ولێر
له مانگی نیسانی 2010 له هه‌مبه‌ر هه‌ڵه‌كانی
سیستمی په‌روه‌رده‌یی و شێوازه دیراسه
نه‌كراوه‌كه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ره‌نجامێكی
سرووشتی و ئاسایی حیسابنه‌كردن بوو بۆ چه‌ند
فاكته‌رێكی گرنگی كاریگه‌ر له سیستمی په‌روه‌رده
و فێربوون له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی خۆماندا.
پێكهێنانی گووتارێكی په‌روه‌رده‌یی و مه‌عریفی
بگونجێ له‌گه‌ڵ ئاستی گه‌شه‌ی مه‌عریفی له
دنیادا وه‌ك پڕۆسه‌ی موتوربه‌كردنی رووه‌كێك یا
میوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كێكی تر وایه و هه‌میشه
رووه‌كی موتوربه‌كراو كه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یه
ده‌بێ به بنچینه و ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ بۆمان
بێته به‌رهه‌م و لێی بخۆین پێیه‌وه ده‌لكێنرێت.
كه‌چی لای ئێمه پێچه‌وانه‌ی لێهاتۆته‌وه و
بابه‌تی موتوربه‌كه هه‌ڵده‌كێشین و ئه‌وی تری
قه‌رزكراوی ده‌خه‌ینه شوێن و ئه‌م پڕۆسێسه‌ش
كردارێكی نه‌زۆكه و به مردوویی له‌دایكبوونه.
قسه له‌سه‌ر خوێندنی باڵا
له‌باره‌ی خوێندنی باڵاشه‌وه به تایبه‌ت
(دكتۆرا) دیسانه‌وه ده‌یڵێینه‌وه كه به‌ڕاست
وه‌ك به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا ئاماژه‌ی بۆ
كردووه پێویستی به گۆڕین نه‌ك پێداچوونه‌وه
هه‌یه، به‌ڵام خۆ هه‌ر جۆره جووڵاندنێكی ئه‌م
سیستم و ئه‌م شێوازه كۆنه ئاگاییه‌كی
هه‌ستیارانه‌ی ده‌وێ و هه‌میشه ده‌بێ ئه‌و
لایه‌نه‌ی گۆڕان له‌و بواره ئه‌نجام ده‌دات له
بناغه و دینگه بنچینه‌ییه‌كان ئاگادار بێت
نه‌وه‌كا ریسه‌كه ببێته‌وه خوری و بچێته خانه‌ی
ریفۆرم له سه‌ره‌وه و هه‌مووی به‌سه‌ر یه‌كتردا
بڕوخێت. وا پێده‌چێ و هه‌رواش دیاره كه به‌ڕێز
وه‌زیری خوێندنی باڵا ده‌یه‌وێ به ته‌نها ئه‌م
قورساییه زۆره به‌رزكاته‌وه و داوای یارمه‌تی و
هه‌ره‌وه‌زی له كه‌س نه‌كردووه، مه‌گه‌ر نا له
مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌له‌فه هه‌ستیاره‌ی
مه‌عریفه‌دا كه خوێندنی باڵایه بۆچی به فه‌رمان
و ئه‌مری وه‌زاری ده‌جووڵێته‌وه و ته‌نها پرسه
گورگانێی بۆ مامۆستا و شاره‌زایانی نێو زانكۆكان
هێشتۆته‌وه؟.
به‌ر له هه‌موو شتێك ئه‌گه‌ر زه‌مه‌نی
حه‌تمیگه‌راییش له زه‌مه‌نی ئێستادا له فیكر و
مه‌عریفه‌ی هاوچه‌رخدا به‌سه‌رچووبێت ئه‌وا
به‌ڕه‌هایی من باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه كه
پاتركیاركیانه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه
پرسێك كه پرسی گشتی كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه بن
كۆتاییه‌كه‌ی ماڵوێرانكه‌رانه‌یه و ئه‌نجامه‌كان
هه‌میشه به پێچه‌وانه ده‌كه‌ونه‌وه، چوون
هێزێكی ئه‌وتۆ بتوانێ له پانتاییه‌كی زۆردا
وجوودی خۆی بسه‌لمێنێ ده‌بێ هه‌رچی هه‌لومه‌رجی
خودی و بابه‌تی هه‌یه بسازێنێ و ئه‌م
تێڕوانینه‌ش بینینێكی زانستیانه و تا ئاستێكی زۆر
فیزیكیانه‌یه بۆ پڕۆسێسی گۆڕان نه‌ك بینینێكی
سیاسیانه. له‌و بڕگه هه‌ستیاره‌ی خوێندندا
به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا یه‌كسه‌ر هاتۆته
سه‌ر دكتۆرا و بڕوانامه‌كانی دبلۆمی باڵا و
ماسته‌ری ئه‌وه‌نده به‌گرنگ نه‌زانیوه و
بواردوونی یا به مانایه‌كی تر دبلۆماسیانه
تێیپه‌ڕاندوون، ئه‌مه له كاتێكدا هه‌میشه
سه‌ره‌تاكان پێویستیان به بناغه و بنچینه‌ی
پته‌و هه‌یه.
مه‌رجه‌كانی خوێندن له دكتۆرا ئه‌گه‌ر مه‌رجی
زانستی و ئه‌كادیمی شوێنی تریش بن ئه‌وا بێ
گه‌ڕانه‌وه بۆ پاشخانێكی كه‌ڵه‌كه بووی ئه‌و
سیستمه‌ی خۆمان زیاتر وه‌ك مه‌رجی سایكۆلۆژی یا
روونتر بڵێین مه‌رجی سیاسی و مه‌عریفه‌ی
ده‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی كوردی به دیار ده‌كه‌ون،
چوون نابێ هیچ كاتێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه
ئه‌وه مه‌عریفه‌ی كوردی و ئاستی پێگه‌یشتنیه‌تی
ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێ.
پێداچوونه‌وه و گۆڕینی سیستم سه‌ره‌تا له
به‌كالۆریۆسه‌وه ده‌ست پێده‌كا و ئه‌وه ئه‌م
قۆناغه‌یه به ته‌واوی بۆته فشه و پڕۆگرامی
خوێندن تیایدا ناچێته ژێر باری هیچ سیستم و
سه‌نته‌رێك و مامۆستاكان به هه‌وه‌سی خۆیان
گێره‌ی تیادا ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌م جۆره
به‌ڕه‌ڵاییه‌ش قوتابیان تا ئاستێكی زۆر له‌گه‌ڵ
ئه‌م ئاراسته سلبیه‌دان و هه‌ولێر وته‌نی له
خوایان ده‌وێ، خۆ هه‌ر نه‌بێ له سیستمی خوێندنی
باڵادا و له ماوه‌ی كۆرسه‌كان رێگا به هیچ
مامۆستایه‌ك یا قوتابیه‌ك نه‌دراوه له‌سه‌ر
پانزه هه‌فته‌كه‌ی هه‌ر یه‌كه له دوو كۆرسه‌كه
موساوه‌مه بكات. ئه‌گه‌رچی كه‌موكوڕیه‌كی زۆر له
سیستمی خوێندنی باڵا له زانكۆكانی ئێمه هه‌ن،
كه زیاتریش له شێوازی وه‌رگرتنی قوتابیان و
دابینكردنی كادیر و مامۆستا و پسپۆڕان و پڕۆگرام و
بوونی سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه و سه‌رچاوه‌ی
پێویست و فه‌راهه‌مكردنی هه‌ل و مه‌رجی له‌باری
توێژینه‌وه ده‌گیرسێنه‌وه، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ست
نین به مه‌رجه‌كانی پێشكه‌شكردن و فه‌راهه‌م
بوونیان له قوتابی و هاتووچۆی توێژه‌ر له نێوان
ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات‌دا و چه‌ندین مه‌رجی
دیكه كه به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا وه‌ك بڕیار
سه‌پاندوونی.
ئه‌م سیستمه‌ی به‌ڕێز وه‌زیر خستییه به‌رده‌م
ئه‌هلی زانكۆكان و له رێگه‌ی هه‌ندێ له
چاوپێكه‌وتنه رۆژنامه‌وانی و
ته‌له‌فزیۆنییه‌كانیه‌وه گه‌یاندیه خه‌ڵكیش
ئه‌وه‌نده‌ی قورسایی ده‌خاته سه‌ر ئه‌و
قوتابیانه‌ی له‌مه‌ولا ده‌یانه‌وێ بێنه نێو
پڕۆسه‌كه‌وه هیچ ئاماژه‌یه‌كی ئه‌وتۆی به
ده‌سته‌ی ئێستای وانه‌وتنه‌وه له زانكۆكان و
پێداچوونه‌وه‌یه‌كی جیددی به پڕۆگرامه‌كانی
خوێندن تیادا نییه و به‌ڕێزیان پێیوایه سیستمی
نوێ ده‌بێ هه‌ر كه‌سه كۆنه‌كان بیڵێنه‌وه و
نێوه‌رۆكی پڕۆگرام كه رووحی سیستمی خوێندنه و
هه‌ر ئه‌و نێوه‌رۆكه سیمبولیكیه‌یه كاتێك كه
زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ خۆمان
ده‌یبه‌ینه‌وه نێو دامه‌زراوه جیاجیاكانی
كۆمه‌ڵگه ئه‌وه‌نده قورسایی نه‌دراوه‌تێ.
ئه‌مه‌ش گرتنی لایه‌ك و به‌ردانی لایه‌كی تری
تیادا وه‌دیار ده‌كه‌وێ و له‌نگی به‌رنامه‌كه ئا
لێره‌وه هاوسه‌نگی سیستم ده‌خاته مه‌ترسی
به‌سه‌ریه‌كدا رووخانی زۆربه‌ی
ستراتیژییه‌ته‌كه‌ی.
به هه‌قی ده‌زانین و پێمانوایه ئه‌ركی سه‌ر شانی
میدیا و رۆشنفكرانیشه قسه‌ی جیددی له‌سه‌ر
ئه‌كادیمیا و دامه‌زراوه‌كانی بكه‌ن و به گفتوگۆی
گه‌رم و گوڕ بابه‌ته‌كه بێننه نێو په‌یوه‌ندییه
گشتییه‌كان و پێیان وا نه‌بێ ئه‌مه به‌ته‌نها
ئیشی براده‌رانی سه‌ره‌وه‌ی خوێندنی باڵایه.
|