لەدواى تیرۆرى سەردەشتەوە کوردستان وەک پێشتر نامینێ!
 
نادیە محمود


مێژوو ئەو پاڵەوانانە دروستى دەکات، کە ترسیان لەمەرگ نییە. سەردەشت، مێژوویەکى نوێى دروست کرد. هەزاران کەس هاتنە سەر شەقام بۆئەوەى بڵێن" ئێمە هەموومان سەردەشتین"! خۆپیشاندان هەموو شوێنێکى لە کوردستانى عێراق و لەدەرەوەى ولات گرتەوە و سەدان کەسیش وێنەى سەردەشتیان لەپایتەختى ولاتانى دنیا بەرزکردەوە و دەیان کۆرو سمینار بەسترا و جەماوەرى کوردستانیش داواى دەست لەکار کێشانەوەى وەزیرى ناوخۆیان کرد.
بەو هۆیەوە کە ئێمە لەسەردەمى جەنگەڵدا دەژین، ئەوە ڕاستییەکى ئازاردەرە، کەدەبێ بەناچارى خوین بڕژێ و زیندوەکان ببنە قوربانى، بەرلەوەى هەزاران کەس مشتەکانى خۆیان بەرزکەنەوە، تا هەڕەشەى بکوژان ڕابگرن و دزه‌کان دەست لەتاوانەکانیان هەڵگرن!. ناچاریە و دەبێ سەردەشت تیرۆر بکرێ تا جەماوەر بۆ خواستى ئازادى ببزوێ! ناچاریە و پێویستە، تا ڕەوڕەوى مێژوو بەسەر جەستەى زیندووى پاڵەواناندا بەرەوپێشەوە بڕوات!
سەردەشت مێژوویەکى بەقەڵەم و بەژیان و خەونەکانى دروست کرد.. مێژووش ئەوانە دروستى دەکەن کەخەونیان هەیە.
بەرزانى خوایەک نییە ولەوانەیە وه‌ک کەسێکى"عەوام" بیر لەکچەکانى بکاتەوە.
سەردەشت خەونى بەدانەوەى پاداشت بەدایک وباوکیەوە دەبینى. وەفادارى کوڕێک بۆ باوکێکى ماندوو کەڕۆژێک لەڕۆژان خەباتکاربووە و ئەویش خەونى بەڕزگارى لەستەمکێشی، لەدەست ناسیونالیزمى عەرەبى دەبینى، تا وولاتێکى سەربەخۆ بێتە کایەوە کەچى ستەمکێشى چینایەتى کوردانە بەبەرگ و زمانى کوردیەوە وبەبێ ڕەتوش و هەڵخەڵەتاندنى نەتەوەیى، شوێنى گرتۆتەوە.
سەردەشت خەونى بەیارمەتى دانى براکەیەوە دەبینى کەدەرچووى زانکۆیە و ئەویش وەک سەدان هەزار لاواى تر، ئارەزوى سەفەرى بۆ هەندەران هەیە و خەون بەژیانى ئەوروپاوە دەبینێ. سەردەشت خەونى بەیارمەتى دانى خوشکەکەیەوە دەبینى تا ئەو ژیانە ببینێ کەلەپشتى دەرگاى داخراوى ماڵەکەیانەوەیە، خەونى بەیارمەتیدانى دایکیەوە دەبینى کەگەڕان بەدواى چارەسەرکردنى نەخۆشیەکانیدا، زەحمەتێکى هەر ڕۆژە بوو. بەهەق خەونەکانى سەردەشت سادە و واقعیى بوون، ئەو تەواوى چیرۆکەکەى بۆگێڕاینەوە، چیرۆکى سەرتاپاى ژیان، چیرۆکى کۆمەڵگایەک کە هاولاتیانى لاوى ئیشێک نادۆزنەوە مەگەر ئەوەى بەزەیى وچاوى خواوەند پێیان ببەخشێ، وەیا لەخێزانى "خواوەند"دا لەدایک بووبن هەروەک ئەوەى سەردەشت ناوى لێناوە. کۆمەڵگایەک کەبیمەى خانەنشینى و فرسەتى کارى تیا نادۆزرێتەوە و ژنانى تیا سەرکوێر دەکرێ.
خەونەکانى سەردەشت تەواوى قوناغێکى مێژووییمان بەهەموو گەندەڵى و ڕاو وڕوتیەکانیەوە، بەشاردنەوەى ژنان لەماڵدا، بەخوێن ڕیژى و کوشتارى "سەرکردەکان"ەوە بۆ دەگێڕێتەوە. قوناغێک کەباوکى سەردەشت شان بەشانى ئەم"خواوەندانە" لەپێناو ئازادیدا جەنگا ودەستى لەهەموو خزمەتێکى خۆى هەڵگرت وکاتێکیش گەلاى سەوز وەک باران بەسەر دەسەلاتداراندا بارى خەڵکى لاى ڕاستى خۆیان مایە پوچکرد، چونکە ئەمانە تەنها هەقیان بەمایە پوچکردنى خەڵکى لاى ڕاستیى خۆیانەوە هەیە. بەلام لەمەدا نەک بەرزانى بەتەنها خۆى، بەڵکو هەموو ئەو سەرکردانەى کەسەنگەریان لەخەباتى شاخەوە گوێزایەوە بۆ خەباتى بانکەکان و بەخوێنى خەڵک بوونە عیفریت، بەشدارن.
خەونەکانى سەردەشت کەلەسێ ووتاردا بونەتە بەڵگە، لیستى خواستەکانى تەواوى کۆمەڵگاى لەخۆگرتووە، کۆمەڵگایەک کە بەدواى بیمەى خانە نشینى و فرسەتى کار بۆ بێکاران و بیمەى تەندروستى بۆ نەخۆشانى بەسالاچوودا وێڵە. ئەمانەش ئارەزووەکانى نەوەیەکى لاوە کەبەرگرى دەکەن ودەیانەوێت ژنان ئازاد بن! بۆچوونەکانى سەردەشت ڕۆشن و هەست پێکراوە و خەونەکانیشى تا ئەوپەڕى مەعقول و بەویژدانانەیە!
سەردەشتى خەوناوى بەئازادى نوسى وبەڕووخسارى ئاشکرایەوە بەنێو شەقامەکاندا دەڕۆیشت چونکە زۆر بەسادەیى ئەو نوێنەرەوەى خواستەکانى هەموو خەڵک بوو. بەلام دوژمنانى سەردەشت کەبەچەک پارێزراو بوون و لەشوێنگەى میلیارات ملیار دۆلاردا دەژین، سەردەشتیان کوشت و ڕووخسارى خۆشیان شاردەوە. چونکە هەقیقەتى خۆیان دەزانى: هەرچۆنێک حکومەتەکەیان بڵێت کەلیژنەى لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەى بکوژان پێکدەهێنین، بەلام دزان و بکوژان هەر خۆیانن ! بەدڵنیاییەوە هەوڵى بکوژان هەرئێستا لەشاردا بۆ ڕاگرتنى وەزعەکەیە ونەهیچى تر.
پێدەچێت دەرسێک کەتائێستا بکوژان وەریان نەگرتبێت ئەوەیە کەبەشەریەت لەبیرى ناچێتەوە، هەروەک چۆن کەجیڤارا مرد بەلام هەزاران جیڤاراى مەترسیدار تر زیندووە، خەڵکى کوردستان نەک هەرتەنها سەردەشتیان لەبیرناچێتەوە بەڵکو ئیتر وەک پێشوو تر نابن. چونکە ئەوان پەیامى خۆیان بەخۆین نوسیوە و ڕاوەستانیان لەسەر زەوى ڕەق هەڵناکێشرێ، چونکە خەڵکى کوردستان هیچیان بۆ نەماوەتەوە، نەکار نەشوێنى حەوانەوە نە کەمێک دەرمان و نە کەرامەتى ئینسانی!
خەڵکى کوردستان لەڕووداوى تیرۆرى سەردەشتدا پەیامى ڕۆشنى خۆیان لەناوخۆ و هەموو شوێنێکى ئەم دنیایەدا بەدەستەوە دا، ئەوان ئیلهامیان وەرگرت و ئەو دەرسەى لێفێربوون، کەنایانەوێت نموونەى ئەم ڕووداوە بۆجارێکى تر دووبارە ببێتەوە.
کوردستان ئیتر بەدواى تیرۆرى سەردەشتدا وەک پێشوو تر نابێت، ئەوان بەڕاستگۆییەوە ووتیان" بێدەنگ نابین و تیرۆر نامان ترسینێ" ووتیان"بەڵێن بەخوێنەکەت سەردەشت کەئێمە کاروانەکەت درێژە پێدەدەین"، چیرۆکێک کەبەرزانى خاڵى کۆتاییەکەى دانانێ، بەڵکو جەماوەرى وەدەنگ هاتوو دەینوسێتەوە !


 

           

 

18/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com