دیاره هیچ گومانێک له‌وه‌دا نیه ، که هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک
له‌هه‌ر زه‌مان و مه‌کانێکدا بێت ، کاتێک شه‌پۆڵه‌کانی
/ جه‌ور و سته‌م و دڕنده‌یی ، ترس و تۆقاندن و کوشتن و
بڕین ، کاره نا مرۆڤایه‌تیه‌کانی به ئه‌وپه‌ڕی ده‌گات
، ئه‌مه شتێک نیه جگه له‌وه‌ی / که ئه‌مه زه‌نگێکی
ئاشکرایه بۆ بێ ئیراده‌یی و لاوازی و بوونی عه‌یب
وعار و باوه‌ڕبه‌خۆنه‌بوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته یان
نزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له مه‌رگ ، یان به‌رینتر
بوونه‌وه‌ی قڵشتی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه ، یان
زیاتر بێده‌ربه‌ست بوونی ده‌سه‌ڵاته به‌رامبه‌ر ژیان
و ئاینده و چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگه ..! له‌لایه‌کیتر ،
هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک به‌رپرسه له پاراستنی ژیان و
ئاسایشی هاووڵاتیانی خۆی ، کاتێک ژیانی هه‌ر تاکێک یان
ته‌واوی گۆمه‌ڵگه ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسیه‌وه ، ئه‌وا
بێ هیچ شک و گومانێک به‌رپرسیارێتیه‌که ده‌که‌وێته
ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات .. ده‌سه‌ڵات بیه‌وێ یان نا ، مرۆڤ
پیرۆزترین و به‌به‌هاترین بوونه‌وه‌ره ، هیچ شتێک له‌سه‌رووی
پیرۆزیه‌کانی مرۆڤه‌وه نیه . له وڵاته پپێشکه‌وتوو
و مۆدێنه‌کان لایه‌نی که‌م مرۆڤه‌کان ژیانێکی ئاسایش و
ئارامیان بۆ دابینکراوه ، ماڵه‌کان و زانکۆکان و
شوێنه گشتیه‌کان شوێنێکی ئارامن بۆیان ..! که‌س له‌سه‌ر
نووسینێک و ڕه‌خنه‌یه‌ک و ناڕفێندرێ و ناکوژرێت ..!
مرۆڤه‌کان ئه‌وپه‌ڕی ئازادن ، له نووسین و قسه‌کردن و
ده‌ربڕینی ڕوئیاکانیان ، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستان
ڕووده‌دات مایه‌ی ئه‌وپه‌ڕی خه‌م و تووڕه‌یی و شه‌رمه‌زاری
و نائومێدییه ..! کوشتنی " سه‌رده‌شت عوسمانی "
خوێندکار و لاو ، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسیش هه‌مان ئه‌ومانایه‌ی
هه‌یه که له‌سه‌ره‌وه‌دا باسمان کرد .. وه بێده‌نگبوونی
ده‌سه‌ڵات و بێده‌ربه‌ستی پێشاندان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م
کاره دڕه‌نده‌یی و نامرۆڤانه‌یه ، له‌لایه‌ک پرسیار
و گومانه‌کان زیاتر ده‌کاتن و له‌لایه‌کی تر ، بێبه‌هابوون
و نا به‌رپرسیارێتی ئه‌م ده‌سه‌لاته پێشان ده‌دات .
گومانه‌کان لێره‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه که تاوانه‌که‌ی
ئه‌مجاره ، به ئاشکرا و هێنده دڕندانه و هێنده
هیستریکانه و هێنده نا مرۆڤانه‌یه ، وا پێده‌چێت /
مرۆڤکوژه‌کان و بکه‌ره‌کانی مه‌رگی" سه‌رده‌شت "،
هێنده به‌هێز و باڵاده‌ست بن ، ده‌سه‌ڵاته‌کانیان له‌سه‌رووی
ده‌سه‌ڵاتی زانکۆکان و بازگه‌کان و چه‌ته و ڕێگر و ته‌نانه‌ت
ئه‌هریمه‌نه‌کانیش بووبێت ..! بۆیه دۆزینه‌وه و
ئاشکرا کردنیان کارێکی هێنده ئاسان نیه .. یان به
بڕوای من خۆ خه‌ریککردن به دۆزینه‌وه و ئاشکراکردنی
مرۆڤکوژه‌کانی ڕاسته‌قینه شتێك نیه جگه له چاوه‌ڕوانکردنی
هاتنی گۆدۆ و هیچی تر ..! لێره‌دا پرسیارێک له ده‌سه‌ڵاتی
کوردی ئه‌وه‌یه ، ئایا بۆ هه‌ر نووسه‌ر و قه‌ڵه‌مێکی
ئازاد ، گه‌ر ئاماده‌ی ملکه‌چی و ده‌سته‌مۆیی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی
نه‌بێت ، یان ده‌بێت په‌راوێز بخرێت ، یان دژایه‌تی
بکرێت ، یان له هه‌وڵی شکاندنی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی دا ده‌بن
..! به‌ڵام تاوانه‌که‌ی ئه‌مجاره جیاوازه ، بکوژه‌کان
هه‌رکه‌سێک بن ، له جیاتی شکاندنی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی " سه‌رده‌شت
" ، من پێموایه شووشه‌ی چاویڵکه‌کانی خۆیان شکاند ..!
یان ده‌هۆڵی دیموکراسیه‌ت و نیشتیمانپه‌روه‌رێتیه‌که‌ی
خۆیان دڕاند ..! به‌ڵام مرۆڤکوژه‌کان بۆ ده‌بێت به چه‌ند
نووسینێک و چه‌ند وشه‌یه‌کی ئه‌م لاوه خوێنگه‌رمه ،
تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه هیستریا بیانگرێت ، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه
هاوسه‌نگی خۆیان له ده‌ست بده‌ن ، بیر له هه‌ڕه‌شه
و کۆتایی هێنانی ژیانی بکه‌نه‌وه ..! ئایا ده‌بێت چ
شه‌هامه‌تێک له کوشتنی ئه‌م خوێندکاره گه‌نجه دا هه‌بووبێت
..؟! ئه‌م لاوه خوێنگه‌رمه که خاوه‌نی قه‌ڵه‌مێکی
ئازا و چاونه‌ترس بوو ، دڵی لێوان‌لێو بوو له عه‌شق و
ئازادی و هیوا بوون به ژیانێکی باشتر و سکۆڵار و مه‌ده‌نی
.. هه‌موو نووسینه‌کانی ئه‌م خوێنکاره ئازیزه‌مان جگه
له خه‌ونێکی گه‌نجانه و جگه له باسکردنی ئومێد و
خواستێکی گه‌نجانه ، جگه له باسکردنی حه‌قیقه‌ته‌کانی
جوانی و حه‌قیقه‌ته‌کانی ژیان ، شتێکی تر نه‌بوون ..!
بۆ ده‌بێت مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م نووسینه ئاساییانه
بکوژرێت ..؟! بۆ ده‌بێت یان ته‌سلیم به مه‌رگ بین و
یان قه‌ڵه‌مه‌کانمان فڕێبده‌ین و قوڕقاپی لێبکه‌ین و
نقه‌مان لێوه نه‌یه‌ت ..؟! بۆ ده‌بێت له‌سه‌ر
باسکردنی ڕاستیه‌کان ، به‌یانکردنی حال و گوزه‌ران و
موعاناته‌کانمان ، گه‌ڕه‌ک و شه‌قامه‌کان سوور بکه‌ن
به خوێنمان و ماڵه‌کانیشمان پڕ بکه‌ن له ترس و نیگه‌رانی
..؟! چ شه‌رمه‌زاریه‌که ئه‌م ئافاته ..!! بۆ ده‌بێت
ئێمه نامورادترین و به‌دبه‌ختترین مرۆڤی سه‌ر ئه‌م
ڕووی زه‌مینه بین ..؟! چ قه‌ده‌رێکه ئه‌م چاره‌نووسه
ڕه‌شه‌ی ئێمه ..؟! پرسیار ئه‌وه‌یه ، ئایا مه‌رگی ئه‌م
ئازیزه‌شمان به ده‌ردی مه‌رگی ئازیزه‌کانی ترمان
ناچێت ..؟! ئایا ئه‌مجاره‌ش به سیناریۆیه‌کی گاڵته‌جاڕانه
خۆڵ نا‌که‌نه چاومان ..؟! ئایا ئه‌مجاره‌ش به
هاتوهاواری نێو گومبه‌ز و مزگه‌وته‌کان به‌لاڕێماندا
نابه‌ن ..؟! ئایا ئه‌مجاره‌ش به‌دیار سه‌ره‌داوه‌کان
باوه‌شک ناده‌ین و نا چینه‌وه نێو باوه‌شی خه‌وه
قووڵه‌کانمان ..؟! به کوشتنی هه‌ر مرۆڤێک و شکاندنی
هه‌ر قه‌ڵه‌مێکی ئازاد ، ئایا به بێده‌نگبوونی قه‌ڵه‌مه‌کانیتر
، به‌های قه‌ڵه‌م و مه‌عریفه ناکه‌وێته ژێر پر‌سیاره‌وه
..؟! که مرۆڤ له به‌ها مرۆییه‌کانی داشۆرا و ژیانیش
بوو به جه‌نگه‌ڵستانێکی تاریک ، ئایا نووسین و
داهێنان چ مانایه‌کیان ده‌مێنێ ..؟! ئایا مه‌عریفه و
سه‌فسه‌ته‌بازی و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ش نابنه شتێکی
توڕه‌هات و بێ‌مانا ..؟! ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه بیر
له ژیان و ئاینده‌مان بکه‌ینه‌وه .. کاتی ئه‌وه
هاتووه خه‌ونه‌کانی مرۆڤه گیانبه‌ختکردووه‌کانمان
بهێنینه دی .. کاتی ئه‌وه هاتووه قوتابیانی زانکۆ ،
هاوڕێ و هاوخه‌مه‌کانی سه‌رده‌شت بیر له‌وه بکه‌نه‌وه
( له جیاتی جانتاکانیان ، ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست ..!
) ، هه‌موومان له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین قوتابیانی
زانکۆ ، هاوڕێیان و هاوخه‌مه‌کانی سه‌رده‌شت له‌پال
وانه‌کانی ماتماتیک و زمانه‌وانی و .. وانه‌کانی عه‌شق
و ئازادی و ژیانیشمان بۆ بڵێنه‌وه ..! کاتی ئه‌وه
هاتووه هه‌ر هه‌موومان ، یان ته‌سلیم به مه‌رگ بین ،
یان وه‌ک و مرۆڤ ئازاد و سه‌رفراز بژین ..! ئێستا ماڵه‌کانمان
، گه‌ڕه‌که‌کانمان ، زانکۆکانمان له جیاتی ترس و نیگه‌رانی
، داوای ژیان و ئارامیمان لێده‌که‌ن ..! ئێستا شه‌قامه‌کان
تێنوون بۆ ڕاسان و هاواره‌کانی ئێمه ..! ده‌با هه‌موومان
پێکه‌وه به‌ڕێکه‌وین ، به‌ره‌و کاروانسه‌را و دوامه‌نزڵگه‌کانی
ئومێد و خه‌ونه‌کانمان ..! ده‌ی ده‌با هه‌ر هه‌موومان
به‌ڕێکه‌وین ، ژیان له‌سه‌ر پشکۆکانی ئاگر له چاوه‌ڕوانیمان
سروود ده‌ڵێ ..! ده‌ی ده‌با هه‌ر هه‌موومان پێکه‌وه
به‌ڕیکه‌وین ، ده‌ی ده‌ی ده‌ی ..!
11ی ئایاری 2010
|