ناوه‌ندی رۆشنبیریی کورد/ ئوسترالیا تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت عوسمان پرۆتیستۆ ده‌کات:

  

 




ئه‌وه‌ی له‌ کوردستانی باشوور رووده‌دات به‌ هیچ پێوه‌رێکی ئینسانیی قبووڵناکرێت، ئه‌و ئه‌مه‌که‌ی هه‌ردووک به‌شی ده‌سه‌ڵات له‌ سلێمانی و له‌ هه‌ولێر خستویانه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ بچووککردنه‌وه‌ی مه‌ودای ئازادییه‌کان، بۆ له‌قاڵبدان و گه‌مارۆدانی ده‌زگاکانی میدیا و بێده‌نگکردنیان ده‌رباره‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و هه‌ڕاجکردنه‌ به‌پلانه‌ی سامانی نه‌ته‌وه‌یی‌‌ ده‌کرێت.
هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌ ئاستی داوای یاسایی و په‌لاماری جه‌سته‌یی نه‌ماوه‌ته‌وه‌، هه‌رله‌دوای تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سۆران مامه‌ حه‌مه‌ و بێده‌نگبوونی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان لێی ئه‌وا ئه‌مجاره‌ رۆژنامه‌نووس و قوتابی زانکۆ سه‌رده‌شت عوسمان به‌رۆژی روناک ده‌فڕێندرێ و ئه‌شکه‌نجه ‌ده‌درێ و دواتر ده‌کوژرێت و لاشه‌که‌ی له‌ موسڵ فڕێده‌درێت.
چۆنێتی پلاندانان و به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی کارێکی وه‌ها پێویستی به‌چه‌ند گڵۆپێکی سه‌وزی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی هه‌ولێر هه‌یه‌، جێگای گومانه‌ که‌ چۆن ئه‌م کوره‌ 23 ساڵه‌ فڕێندراو گیاندرایه‌ موسڵ! هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستی فڕێدانی لاشه‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه که‌ ئۆباڵی لێکۆڵینه‌وه‌ی تاوانه‌که‌ بخه‌نه‌ ملی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌دوور له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی ئاساییش و پاراستن.
ئێمه‌ له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیری کورد/ ئوسترالیا ئه‌م کاره ترسنۆکانه‌ وتیرۆریستییه‌ پرۆتێستۆ ده‌که‌ین، ئۆباڵه‌که‌شی ده‌خه‌ینه‌ ملی ئه‌و ده‌زگا ئه‌منییانه‌‌ی له‌ هه‌ولێر به‌کارن. میلله‌تانی دونیا شانازی به‌ ئازادیی رۆژنامه‌نوسانییان ده‌که‌ن و، کاتێکیش سه‌رۆکه‌کانییان ده‌که‌ونه‌ به‌ر تانه‌ و ره‌خنه‌ ئه‌وا قابوڵکردنی سه‌رۆک بۆ ئه‌و بۆچونه‌ جیاوازانه‌ وه‌ک گه‌وره‌ییه‌ک ده‌بینرێت له‌سه‌رۆکه‌وه‌، له‌ وڵاتانی پێشکه‌وتوی دونیا هیچ که‌س له‌سه‌ر ره‌خنه‌ و له‌سه‌ر وتارێکی پر میتافۆر که‌ باسی کچی سه‌رۆک بکات، ناکوژرێت.
جارێکی تر ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ هه‌موو ئه‌و ده‌نگه‌ ئازادیخوازانه‌ی‌‌ جیهان و ده‌ڵێین ده‌بێت ئه‌م هێرشه‌ به‌ربه‌رییه‌ له‌شوێنێکا بوه‌ستێت دژ به‌ رۆژنامه‌نوسانی ئازادی کوردستان.

ناوه‌ندی رۆشنبیری کورد/ ئوسترالیا
سیدنی

 

           

 

12/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com