ئاراستەیەک بۆ وزەی سێکسی لە کوردستان
 

  

نووسینی: د. نەزەند بەگیخانی-
 زانکۆی بریستڵ



"ئەمڕۆ گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ژیانێکی مرۆڤانە لە جیهان وزەی ئەتۆمی نیە، بەڵکو وزەی سێکسیە". ئەم رستەیە هی زانایەکی ئەمریکیە، دکتۆر جۆن رۆک، کە لە ساڵی 1954 لە کاتی راگەیاندنی یەکەمین حەبی مەنع درکاندی. ئەم قسەیە ئەگەر لە زەمەنێکی دیکە و بۆ واقیعێکی جیاواز وترا بێت، ئەوە ئه‌مڕۆ بۆ واقیعی کوردستان واتادارە.

بە رای پسپۆڕانی بواری تەندروستی، ئه‌مڕۆ کوردستان مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدزی لێدەکرێت 1. هەروەها بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی زانکۆی بریستڵ کە ماوەی ساڵ و نیوێکە لەسەر بنچینەی چاوپێکەتن و توێژینەوە ی مەیدانی خەریکی لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیە دەربارەی توندوتیژی و تاوانەکانی نامووسپەرستی لە کوردستانی عێراق، یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی لەم دەڤەرە بریتیە لە نەبوونی پەروەردە و هۆشیاری سێکسی 2. گومانی تێدانیە کە مەترسی کوشندە بۆ سەر تەندروستی و روودانی توندوتیژیی رۆژانە دەبنە مایەی پشێوی و نائارامی و کارەسات بۆ تاک و سەرجەم کۆمەڵگە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەم مەسەلەیە بە جدی وەربگیڕێت و شێلگیرانە کاری لەسەر بکرێت.

پەروەردەی سێکسی بریتیە لە داڕشتنی پرۆگرامی بەرنامەڕێژ و زانستیانە لە لایەن پسپۆڕانەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی رای گشتی دەربارەی سێکچوالیتێی مرۆڤ لەسەر هەموو ئاستێکدا: لە رووی بایۆلۆژی و ناسینی جه‌سته‌ و پێویستیه‌کانی، له‌ رووی پەیوەندی و کردەی سێکسی لە نێوان مرۆڤەکان؛ پیتاندن و منداڵنانەوە، رێکخستنی پیتاندن (reproduction regulation ) و مەنعکردنی سکپڕی، پلانی خێزانی (family planning)، پرۆسەی تێکەڵبوون و لێپرسراویەتی و توانای کەسەکان لە دروستکردنی پەیوەندیی دروست لە رووی فیزیکی و سۆز و عاتیفەوە، ئازادیی تاک و سەربەخۆیی لە بڕیاردان لەسەر ژیان و دوارۆژ و لە پەیوەندی و پێکەوەژیان بە پێی حەزی مرۆڤ و لەسەر بنچینەی رێز لە مافی بەرامبەر، چۆنیەتیی دروستکردنی منداڵ و نەوەنانەوە، ئاسوودەیی عەقڵی و فیزیکی و خۆپاراستن لە نەخۆشیە پەیوەندیدارەکان بە سێکسەوە تا برەودان بە کولتوری لێبوردن و بەخشندەیی و قبوڵکردنی جیاوازی و ره‌فتاری سێکسی جیاواز.

جێگای داخە، لەبەر نەزانی و دواکەتوویی، هەروەها لەبەر سەرداریەتیی مزگەوت و گرنگیدانی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسی و رۆشنبیریش تەنها بە سیاسەتەوە (سیاسەت لە ئاستێکی لۆکالی و حیزبیدا) ، پەروەردە و هۆشیاری سێکسی لە کۆمەڵگەی ئێمە نەک هەر گرنگی پێنەدراوە، بەڵکو بە واتایەکی جیا و وەکو "ناحەز" و "عه‌یبه‌" لێکدراوەتەوە. لە ئەنجامدا چەشنی وشەی "سێکس" وەکو تابو مامەڵەی لەگەڵ کراوە و لە ژیانی سیاسی و گشتی و ئاشکرای خەڵک وەدەرنراوە. ئه‌مه‌ لە کاتێکدا، سێکس ئەمڕۆ لە کوردستان ئامادەییەکی زۆری لە شوێنە گشتیەکاندا هەیە؛ لە دانیشتن و نوکتە و باسەکانی سەرمێز سێکس بابەتی سەرەکیی قسەوباسەکانە. ئەم ئامادەییە، لە یەک کاتدا گوزارەیە لە هێزی سەرکوتکردن و چەپاندن و نەبوونی ئازادی و راددەی کۆنترۆلی گروپ بەسەر تاکدا، لە هەمان کاتیشدا تینوویەتی و پەرۆشی و هەوڵی خەڵکە بۆ شکاندنی تابو و حەرامەکان. بەڵام ئەم پەرۆشی و هەوڵانە بە هاندەر و پاڵپشتی عەقلی ئاراستەناکرێن و ستراتیژیەتێکی دیاریکراویان نیە؛ بەڵکو لێرەدا رەفتار و پەیوەندیەکان بە غەریزە بەڕێوەدەچن، واتە بە هێزێک لە دەرەوەی بیر و ئەزموون و شارستانیەت. لەم بارودۆخەدا، سێکس لە ژێرەوە بە شاراوەیی و نەشارەزایی و بە هەڵە مومارەسە دەکرێت و دەبێتە مایەی نەخۆشی و توندوتیژی و کارەسات لەناو کۆمەڵگە. ئا لێرەدا کردەی سێکسی چ لە چوارچێوەی هاوسەرگیری و چ لە دەرەوەی هاوسەرگیری لە نێوان کچ و کوڕە عاشقەکان یا ژن و پیاوە دۆستدارەکان، یا نەسرۆکان (هۆمۆسێکچوالەکان)، بە شێوازێکی رەمەکی و دڕندانە ئەنجام دەدرێت و سەرەنجامی زۆر قورس و توندوتیژ و مەترسی نەخۆشی کوشندەی لێدەکەوێتەوە. جگە لەمە، تینوویەتی بۆ سێکس و نەبوونی پەروەردە و هۆشیاری سێکسی هاوتا لەگەڵ هێزی چەپاندن و کۆنترۆلی گروپە کۆنەخواز و سەرکوتکەرەکان، هانده‌رن بۆ روودانی کردەوەی نامرۆڤانەی وەکو دەستدرێژیی باوکان بۆ سەر کچەکانیان 3، منداڵبازی، سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵ، هتد. جگە لەمانەش، بەشێکی زۆری پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێمە لەگەڵ لەشفرۆشان سێکس دەکەن، ئەمەش نەک هەر لە ناوەوەی وڵات بەڵکو لە دەرەوەش. لە راستیدا به‌شێكی پیاوانی کورد بۆ کردەی سێکسی لەگەڵ لەشفرۆشان سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن؛ ئەو پیاوانە کاتێ دەگەنە وڵاتانی بیانی، چ رۆژئاوایی چ ناوچەیی وەکو سوریا و ئوردن و لوبنان و هتد، ئەوە لە جیاتی سەردانیکردنی مۆزەخانە و شوێنەوارە شارستانی و رۆشنبیریەکان، یەکەم شوێن کە رووی تێدەکەن سێکس شۆپ و مەلها و خانەی لەشفرۆشانە. ئەمەش مەودایەکی دیکەی هۆشیاری و پەروەردەیی پیاوانی ئێمە لەمەڕ سێکس دەردەخات کە تا ئاستێکی زۆر نزمە. ژنانیش وەکو توخمی لاوازکراو و بێدەسەڵاتکراوی کۆمەڵگە چەشنی ئامرازێکی چێژوه‌رگرتن بۆ تێرکردنی ئەو حەزە بەکاردەهێنرێن و لە پیاوەکان ناهۆشیارتر و بێدەرەتانترن.

لە نەبوونی هۆشیاری و پەروەردەی سێکسیدا، هەروەها بە هۆی راددەی چەپاندن و سەرکوتکردن و نەبوونی ئاووهەوایەکی ئازاد بۆ دەربڕینی حەز و ئارەزووەکان، یەکێ لەو ئامرازانەی کە بۆتە رێنیشاندەر و چەشنی رێنومایی سێکسی لە کوردستان بەکاردەهێنرێت، فیلمی رووتە (فیلمی پۆرنۆ). فیلمە رووتەکانیش ئەوە نین کە بە ستایلێکی هونەری و جوان بەرهەم هێنرابن و بە پێی پێوەری مافی به‌رهه‌مهێنه‌ر هەناردە کرابن بۆ کوردستان؛ ئەو فیلمانەی کە کوردستان بۆتە بازاڕیان، فیلمی بازرگانیی سادە و ئەماتۆر و بێکەڵکن کە خەڵک بەرەو چەواشەکاری و دڕندەیی و نەخۆشی دەبەن. بە دیار ئەو جۆرە فیلمانەوە، پیاوانی ئێمە ئالوش دەبن و بۆ خۆ بەتاڵکردنەوەش هەموو رێگایەک دەگرنە بەر، لەم پرۆسەیەشدا هیچ پێوەرێکی خۆپاراستن و بەرگریکردن بەکارناهێنن.

جگە لەمە، شێوازی سێکس کردن، هەروەک چاوپێکەوتنمان لەگەل کۆمەڵێک ژن دەریدەخات، شێوازێکی وەحشەتناک به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ و پیاوان لە ژن و عەشیقەکانیان داوا دەکەن - یا "هەڕەشەیان" لێدەکەن - تا چەشنی ئەکتەری فیلمە رووتە بازاڕیەکان سێکسیان لەگەڵ بکەن بە بێ هیچ پێوەرێکی خۆپاراستن و پاک و خاوێنی. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بوترێ که‌ ئه‌مڕۆ لە کوردستان ژمارەیەک پیاو هەن لە دەرەوەی هاوسەرگیری عەشیقەیەک یا دووان و سیانیان هەیە؛ ئەم جۆرە پیاوانە لەوانەیە لە ماوەی هەفتەیەک لەگەل دوو سێ ژنی جیاواز کردەی سێکسی بەم شێوازە ئەنجام بدەن. چاوپێکەتنمان لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنان ئەوە دەسەلمێنێ کە ژنەکانیش لەبەر نەبوونی هۆشیاری و لەبەر لاوازیی و لە ترسی ئەوەی کە پیاوەکە لێی هەڵنەگەرێتەوە و بەجێی نەهێڵێت، ئەو سیناریۆیە دەگێڕن: "وەڵڵا من حەز لەم بەزمە ناکەم، بەڵام دەیکەم بۆ راگرتنی دڵی پیاوەکەم تا وازم لێنەهێنێ. ئەدی ئەگەر وازم لێبێنی روو لە کوێ بکەم!" ئەمە وتەی تەنها ژنێک نیە، بەڵکو هی چەندەها ژنی بێدەرەتان و دەستەمۆکراو و قوربانیی عەقلیەتی پیاوسالاری و نەزانی و دواکەوتووییە کە لە ژێر زەبر و هەڕەشە و بێ چێژوەرگرتن تەسلیمی حەزی دڕندانەی سێکسی ئەو جۆرە پیاوانە دەبن.

هەندێ کەس ئەو بارودۆخەی کوردستان بە "ئازادی" و "کرانەوە" دەزانن و مەلاکانیش وەکو"بەرەڵڵایی و بەدرەوشتی" ناوی دەبەن. لە راستیدا ئەمەی لە کوردستان روودەدات نەک هەر ئازادی نیە، بەڵکو گوزارەیەکی ترسناکە لە راددەی نەزانی و ناهۆشیاری و وێرانی و ترۆماتیزمی کۆمەڵگە کە تایبەتمەندیی مێژوویی و کولتوری هەلگرتووە. واتە کۆمەڵگەی کوردی بە شێوازێکی تەدریجی و وەکو پرۆسەیەکی پێشکەوتن و ئارامی و تێپەڕاندنی زوڵم و دواکەوتوویی نەگەیشتۆتە ئەم قۆناغەی ئێستا. بەڵکو بە هۆی هەندێ هۆکاری دەرەکی وەکو داگیرکردنی بێگانە و هەروەها لە رێگای تەکنۆلۆژیای مۆدێرنەوە (ساتەلایت، ئینەرنێت، مۆبایل) و بەسەریدا سەپێندراوە. دیارە برینە ساڕێژنەبووەکانی کۆمەڵگەی کورد لە ئەنجامی ئەنفال و شەڕە نەبڕاوەکان بوونەتە هۆی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی بونیادی کۆمەڵگە و وێرانبوونی مرۆڤ لە کوردستان. نەبوونی سیستەمێکی کارای پەروەردە و بەڕێوەبردنیش لە وڵات بارودۆخەکەی زیاتر بەرەو ئاڵۆزی و ترسناکی بردووە. کاتێ لە رۆژئاوا لە دوای شەڕی جیهانی دووەم خەڵک بۆ رزگاربوون لە وێرانیەکانی جەنگ و سەرکوتکاری دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی لە ساڵانی شەستەکان شۆڕشی کولتوریان هەڵگیرساند، ئەوە بە خەبات و ئیرادە و هۆشیاریەوە جۆرێک لە ئازادیی سێکسیان بەرقەرار کرد. دواتر دەسەڵاتی سیاسی لە جیاتی بەرەوڕووبوونەوە و لێدانی ئەو ئازادیە، پرۆگرامی پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی سێکسی داڕشت بۆ بەرچاوڕوونی خەڵک و پاراستنیان لە نەخۆشی و توندوتیژی. ئەمڕۆ ئەم پرۆگرامانە بەشێكن لە سیستەمی پەروەردە ی وڵاتانی رۆژئاوا. لە کوردستانیش پێویستە ئەم مەسەلەیە چیتر چاوپۆشی لێنەکرێت و وەکو ئەولەویەت بهێنرێتە پێشەوە و ستراتیژیەتی ئاراستەکردن و پلانی کاری بۆ دابڕێژرێت. لەم بارودۆخەی کوردستاندا کە رەگی لە ناو شاراوەیی و نهێنیدا داکوتاوە، درۆ و خیانەت و توندوتیژی و ترس و تۆقان و ئینکاری کردن خاسیەتی زاڵی پەیوەندیی نێوان مرۆڤه‌کانن، نێوان ژن و پیاو و کچ و کوڕانن. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، ئەو پەیوەندیانە زۆرکەم لە چوارچێوەی خۆشەویستیدا ئەنجام دەدرێن کە خەڵک لە کوردستان بە قەد ئازادی پێویستی پێی هەیە. جگە لە کچ و کوڕە عاشق و نامورادەکان، ئەو ژن و پیاوانەی ئەمڕۆ لە کوردستان به‌م شێوازه‌ ده‌ژین، به‌هۆی کۆمه‌ڵێک هۆکاری مێژوویی و کولتوری، تینوو و ماندو و پەرێشان و وێرانن. پیاوان لە رێگای پارە و دەسەڵات و سامانەوە ئەو تینوویەتی و وێرانبوونەی خۆیان دەڕەوێننەوە و لە رێگای سێکسکردنەوە - یا کڕینی سێکسەوە - دەیانەوێ ئاسوودەیی بدۆزنەوە. ئەو ئافرەتانەی کە دەچنە ژێر رکێفی ئەو جۆرە پیاوانەوە، لە دەرەوەی نائومێدی و فەراغ و چەپان و تینوویەتی و وێرانیدا، بە دوای ئەمنیەت و سۆز و خۆشەویستیدا دەگەڕێن. بە دوای باوەشێکی ئارام بۆ فراژووبوونی رۆحی و جەستەیی. بەڵام نە ژنەکان و نه‌ پیاوەکان بەو ئارامی و فراژووبوونە ناگەن و بە هۆی نەبوونی هۆشیاری و پەروەردەشەوە مافی یەکتری پێشێڵ دەکەن. له‌مه‌ش ترسناکتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ لەبەرئەوەی عەقلیەتی گشتی گەشەی نەکردووە، ئەوە ژنه‌کان بەرەوڕووی توندوتیژیی عاتیفی و سایکۆلۆژی و فیزیکی دەبنەوە. کاتێ کار دەگاتە ئاستی سکپڕی و نەمانی پەردەی کچێنی، لە بەر نائومێدی و پەرۆشی و ترس و تۆقان لە ئابڕووچوون، کچەکانمان هانا بۆ خۆسووتان و خۆکوشتن دەبەن. یا ریسوا دەکرێن و بە دەستی خێزان و کۆمەڵگە (دەستی برا و باوک و ئامۆزا و مێرد و عەشیرەت، هتد) دەکوژێن. خۆ ئەوانەی کە کەمێک هۆشیاریان هەیە و دەیانەوێ کۆرپەکە لەباربەرن یا پەردەی کچێنی (ئەو درۆیە گەورەیەی کە شەڕەفی پیاوانی کۆمەڵگە دواکەوتووەکانە و هەزاران هەزار ژنی لە پێناو کوژراوە) دروست بکەنەوە، ئەوە خۆیان دەخەنە بەردەستی کەسانی نەشارەزا و لە ژووری تاریک و نهێنی بە بێ بوونی ئامرازە سەرەکیەکانی نەشتەرگەری ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە. ئەگەر له‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌که‌ش رزگاریان بێ، ئەوە بۆ هەتا هەتایە برینێکی گەورەی دەروونی و جەستەیی لەناو خۆیان هەڵدەگرن کە ژیانیان تاڵ و دوارۆژیان تاریک دەکات.

لە بارودۆخێکی ئاوادا و کاتێ کۆمه‌ڵگه‌ بە هێزی غەریزە رەفتار دەکات و دەسەڵاتی سیاسیش ستراتیژیەت و پرۆگرامی پێویست و گونجاوی نیە بۆ ئاراستەکردن و چاککردنی ئەو بارودۆخە، ئەوە مزگەوت دەبێتە هێزی زاڵ و رابەری کۆمەڵگە. مزگەوتیش لە رێگای سەرکوتکردن و ریسواکردنی ئازادی بە ناوی بەڕەڵلایی و بەدرەفتاری و به‌دره‌وشتیه‌وە خەڵک چەواشە دەکات و کۆمەڵ بەرەو دواکەوتوویی و نابەخشندەیی و توندڕەوی رادەدات. هەستکردن بە گوناهیش کە مەلاکان لە رێگای گوتارە نەشاز و پڕ لە نەزانیەکانیان برەوی پێدەدەن، کچ و کوڕێکی زۆر بەرەو نەخۆشیی دەروونی وەکو خۆخواردنەوە و خەمۆکی تا ئاستی خۆکوشتن دەبات.

پێویستە چی بکرێت؟

بەرنامەڕێژیی پرۆگرامی پەروەردە و هۆشیاری سێکسی لە هەموو وڵاتاندا، جگە له‌ هه‌ندێ وڵاتی ئه‌فریقی و جیهانی سێیه‌م کە شەڕ و هەژاری لێیاندا زاڵە 4، ئەرکی دەسەڵاتی سیاسیە. ئەرکی جێبەجێکردنی پرۆگرامەکەش دەکەوێتە ئەستۆی گه‌وره‌کان، ئه‌ستۆی دایکان و باوکان، مامۆستای قوتابخانەکان لە هەموو قوناغەکاندا، کارمەند و بەرپرسە حکومیەکانی ناو دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی وەزارەت و دامودەزگاکانی تەندروستی و پەروەردە و رێکخراوە مەدەنیە ناوخۆ و نێودەوڵەتیەکان و میدیای بیسترا و بینراو و نووسراو. ئەمڕۆ لە کوردستاندا لەسەر ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵگەی بەناو مەدەنیش، هەموو توانایەک خراوەتە گەڕ بۆ خۆسەپاندن و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و بەرەورووبوونەوە و لێدان و سەرکۆنەکردنی یەکتری، بەڵام لە هیچ لایەکەوە هەوڵی جدی نەدراوە بۆ ئاراستەکردنی پەروەردەیەکی سێکسی دروست و زانستی، بۆ رزگارکردنی کۆمەڵگە لەو عەقلیەتە دواکه‌توو و چه‌وسێنه‌ره‌وه‌ی کە مرۆڤەکان بەرەو نەخۆشی و رووخان و مەترسی کوشنده‌ دەبات. تاکە هێزێک کە تا ئێستا ئەم مەسەلەیەی ئاراستەکردبێ هێزە ئیسلامیەکانن، بەڵام دیارە ئەوهێزە ئیسلامیانە مەسەلەکە لە بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆژیای ترسناکی خۆیان بەکاردەهێنن و هەفتانە لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی "بەڕەڵڵایی و بەدرەوشتی" لە مینبەری مزگەوتەکانەوە هێرش دەکەنە سەر ژن و ئازادی و مافی مرۆڤ. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بە بێ مساوەمەکردن ئەولەویەت نەداتە ئەو مەسەلانە و کۆمەڵگەی مەدەنیش شێلگیرانە هاوکاری نەکات، ئەوە گرفتەکان تەشەنە دەکەن تا ئاستێک کە رێگەگرتن و بەرەنگاربوونەوەیان له‌ داهاتوو زۆر سەخت دەبێت. وزه‌ی مرۆیی زۆر له‌ وزه‌ی نه‌وت و گاز گرنگتره‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ و سه‌روه‌ریی وڵات، بۆیە پێویسته‌ بە هەمان ئاستی باڵا گرنگی پێبدرێ.



کۆتایی

تێبینی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی هاوڵاتی، ژمارە 630، رۆژی یەکشەممە، 23/ 05/ 2010، ل7 بڵاوبۆتەوە.


پەراوێز:

1.    1-  بڕوانە: ئارا ئیبراهیم، "لە کوردستان مەترسی زیادبوونی ئایدز دەکرێت"، هاوڵاتی، ژمارە 624، 2/ 5/ 2010،  هەروەها " پزیشكێك، مه‌ترسییه‌كانی‌ ته‌شه‌نه‌كردنی‌ ئایدز له‌ كوردستان ده‌خاته‌ڕوو"، وێبسایتی هاوڵاتی، 4/ 5/ 2010. www.hawlati.info

 

2. بۆ ئاگاداری ئەم وتارە بەشێک نیە لەو لێکۆڵینەوەیە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بڕیارە لە کۆتایی ئیمساڵدا رابگەیەنرێ. 

3  . ئەگەر سەیری رۆژنامە ئەهلیەکانی کوردستان بکەین دەبینین هەواڵی دەستدرێژیی باوک بۆ سەر کچەکانیان کەم نین. ئەوە لە کاتێکدا، بەهۆی ترس و گومان و هێزی ئینکاریکردن و تۆتاندن هەموو ئەوەی کە رۆژانە لە کۆمەڵگەی ئێمە روودەدات نابیسترێ و پەردەپۆشی لێدەکرێ.

4. لە وڵاتە ئەفریقیە هەژارەکاندا کە ئاستی نەخوێندەواری زۆر نزمە، دەزگا نێودەوڵەتیەکانی وەکو WHO  ئەو پرۆگرامانە دادەڕێژن و بەێوەیان دەبەن.  بەڵام ئەمڕۆ کوردستان خاوەن سامانێکی زۆرە و پێویستە بە هاوکاری پسپۆران خۆی بەم ئەرکە هەڵبستێت.

           

 

24/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com