قه‌یرانی ئابوری یۆنان
شوێنێک بۆ ته‌قینه‌وه‌ی قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری به‌ڕووی وولاتانی تردا!
 

  

نوری به‌شیر
n.bashir3@ukonline.co.uk


 
قه‌یرانێک که ئه‌مڕۆ یه‌خه‌ی به‌ دنیای سه‌رمایه‌داری گرتووه،‌ ‌هیچ ‌ووڵاتێک نه‌یتوانی ئینکاری لێبکات، ئێستاش پاش دوو ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌دا‌ دامینه‌ی قووڵترو فراوانتر بۆته‌وه‌ و ده‌ستی ناوه‌ته‌ هه‌ناوی ده‌وڵه‌تی یۆنان و ترسی خستۆته‌ به‌رده‌م سه‌رجه‌م ووڵاتانی ئه‌ورپای نێوه‌ند‌ی یۆرۆوه‌. رووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابرووی یۆنان و ‌هه‌وڵه‌کانی ده‌وڵه‌تی یۆنان بۆ شکاندنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ به‌سه‌ر کرێکاراندا و فراونکردنه‌وه‌ی بێکاری وکه‌مکردنه‌وه‌ی کرێ و بڕینی زۆرێک له‌خزمه‌تگوزاریه‌کان و...یه‌کێک له‌ده‌رکه‌وته‌کانیه‌تی. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ فراوانبونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیه‌ کرێکاری و جه‌ماوه‌ریه‌کان که‌سه‌رتاسه‌ری یۆنانی گرتۆته‌وه‌و مانگرتنه‌ سه‌راسه‌ریه‌کان که‌زۆڕێک له‌ تۆڕی‌ ڕێگاوبانی ناخۆ و هه‌وایی بۆ یۆنان و ده‌ره‌وه‌ و به‌نده‌ره‌ ئاویه‌کانی به‌ستوه‌ و فرۆشگاکانی توشی داخستن کردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک توندو تیژیی لێکه‌وتۆته‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت ترسێکی گه‌وره‌ی لێنیشتووه‌. به‌تایبه‌تی که‌ زیانه‌کانی ئه‌م ناره‌زایه‌تییانه‌، باری مه‌سره‌فێکی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. ‌ جورج پاپاندرۆی سه‌رۆ‌ک وه‌زیرانی یۆنان له‌په‌رله‌ماندا هاوار ده‌کات که‌ توندوتیژی چاره‌ی ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ ناکات، ده‌وڵه‌ت هیچ ڕیگایه‌کی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ جگه‌له‌وه‌ی که‌هانا بۆ وولاتانی ئه‌وروپای یه‌گرتوو به‌رێت و ڕاگه‌یه‌نێت‌ هه‌لومه‌رج به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات و واش بڕوات نرخی یۆرۆش تابێت مل به‌ره‌و دابه‌زین ده‌نێت.
ئه‌وه‌ی جێگای ترس و نیگه‌رانی ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داریییه‌، به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی وولاتانی یۆرۆ، که‌ئه‌م قه‌یرانه‌ ‌ ته‌نها به‌یۆنانه‌وه‌ ناوه‌ستێ، به‌ڵکو تادێت دامێنی فراوانتر ده‌بێته‌وه‌ و پیده‌چێت هه‌موو ئه‌و وولاتانه‌ بگرێته‌وه‌ که‌یۆرۆ دراوی سه‌ره‌کییانه‌ وپابه‌ندن به‌ ئابوری و بازاڕی ئه‌ورپای یه‌گرتوووه‌وه‌. ئه‌م فراوان بونه‌وه‌یه‌ش هه‌رئێستا سه‌ره‌تاکانی خه‌ریکه‌ ئیسپانیا و پورته‌گال ده‌گرێته‌وه‌و ترسی ده‌رچونیشی هه‌یه‌ بۆ وولاتانێکی تر، به‌تایبه‌تی به‌هۆی هاتنه‌ خواره‌وه‌ی نرخی ڕۆژبه‌ڕۆژی یۆرۆ له‌بازاڕه‌کانی جیهاندا.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌و کاریگه‌رییه‌کانیدا سه‌رانی شانزه‌ وولاتی ئه‌ندامی ناوچه‌‌ی یۆرۆ، له‌‌یه‌که‌مین هه‌نگاوداو له‌کۆبونه‌وه‌ی خۆیاندا بڕیاری کۆمه‌کی خێرایان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌ڕێژه‌ی 145 ملیارد دۆلار بڕیاردا و مقداری 500 ملیار یۆرۆیان بۆ ووڵاتانی ئه‌ندام داناوه‌ که‌یه‌که‌میان ئێستا بۆ یۆنانه‌. ئه‌م کۆمه‌که‌ی یۆنان به‌ئامانجی ڕێگرتنه‌ به‌م قه‌یرانه‌و کاریگه‌رییه‌کانی به‌ئاڕاسته‌ی ‌فراوانبوونه‌وه‌ی بۆ سه‌رجه‌م وولاتانی تر.
ئه‌م هه‌لومه‌رجانه‌ش سه‌رانی سه‌رمایه‌دای و ده‌وڵه‌ته‌کانی هێناوه‌ته‌ سه‌ر دانانی پلان و قسه‌و باسی سه‌رانی وه‌ک ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و سه‌رۆکی ئه‌مریکا، باراک ئۆباما ، له‌ڕێره‌وی جیاوازدا ده‌بیستێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕۆشنه‌ و له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی پلانه‌کاندایه‌، کۆمه‌ککردنی ده‌وڵه‌تی یۆنانه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌و وه‌زعه‌ی که‌ تێی که‌وتووه‌. مه‌رجی سه‌ره‌کیش بۆ کۆمه‌که‌کان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی کۆمه‌ککه‌ره‌وه‌ ده‌ستبردنی ده‌سه‌لاتدارانی یۆنانه‌ به‌ سیاسه‌تی ڕیفۆرمه‌کردنی ئابووری ولات که‌خۆی به‌مانای توندکردنه‌وه‌ی هێرشی زیاتره‌ بۆ ‌سه‌ر چینی کرێکاری ئه‌م وولاته. تاله‌م ڕێگایه‌وه‌ سیسته‌می سه‌مایه‌داری وده‌وڵه‌ته‌کانی له‌ترسی شۆڕش وراپه‌ڕینی کرێکاران وخه‌ڵکی هه‌ژار وبرسی به‌دور ڕابگرن. ئه‌مه‌یه‌ کارنامه‌ی سه‌رمایاداری بۆ دنیای ئه‌مڕۆ.


 

           

 

16/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com