قه‌ڵه‌مێكی مه‌له‌وان, به گڵاسێک بارووت خنکا
قه‌ڵه‌مێكی سك پڕ، حه‌ربه‌یه‌کی ژه‌نگاوی
سه‌ری تێ کرد و کۆژه‌ڵێ ووشه‌ی سه‌ربڕی..
قه‌ڵه‌مێك له نێو په‌نجه‌ی ئازادی‌دا له خاج درا
قه‌ڵه‌مێك به‌به‌رچاوی هه‌زاران کتێبه‌وه و
له ماڵی کتێبیشا هه‌ڵواسرا
قه‌ڵه‌مێك له جه‌نگ له‌گه‌ڵ تاریکیدا
به زیندووی به دیل گیرا و
به دوای ترسه‌وه ڕاکێشرا
قه‌ڵه‌مێک…له پشته‌وه شه‌هید کرا و
چاوی ڕۆژنامه‌کانی پڕ کرد له دێڕ
دڵی کتێبه‌کانی سوور سوور کرد له ووشه
هزری شه‌قامه‌کان فڕین بۆ ئاسمان
ده‌ستی باخه‌کان،که‌وتنه ناو خه‌نه‌ی پرسه
له که‌لاوه‌یه‌که‌وه، خه‌م پردی به‌ست تا کۆشکی سپی
به‌سه‌ر ئه‌م پرده‌دا…گریانی چۆله‌که‌و
سنگ کوتانی( با) و فرمێسکی گه‌ڵا
به قژڕنین گه‌شتنه پایته‌خت
پایته‌ختی خه‌ونه‌کانی سه‌رده‌شت و
پایته‌ختی سه‌مفۆنیا ئارامه‌کان
پایته‌ختی پێکه‌نینه پڕ نووره‌کانی سه‌رده‌شت و
پایته‌ختی داڕمانی نیازه ڕزیوه‌کانی هۆلاکۆ
پایته‌ختی زمان بڕینی سه‌رده‌شت
خۆ له‌وێدا، ده‌یان زمانی به‌ردین و
زمانی سی مه‌تری هه‌بوو…
خۆ له پێش قه‌ڵه‌مه‌که‌ی سه‌ده‌شته‌وه
ده‌یان تفه‌نگی ژه‌نگاوی و
تفه‌نگی دوخێن پساو هه‌بوون
خۆ له‌وێدا.. له پاڵ هه‌رزه‌کاری سه‌رده‌شتا
ده‌یان پیره داری بێبه‌ر هه‌بوون
خۆ له‌وێدا
له پشت دیوه‌خانی خه‌یاڵه سه‌و‌زه‌کانی سه‌رده‌شتا
ده‌یان ئه‌فسه‌ره‌ی پله ئه‌نفال هه‌بوون
خۆ له‌وێدا
له ته‌نیشت ژیانی سه‌رده‌شته‌وه
ده‌یان مردووی به‌ش زیندو و
ده‌یان کوفر و مولحه‌د هه‌بوون
بۆ به ته‌نها؟؟؟
قه‌ڵه‌م بوو به فیشه‌ک و لێوی سه‌رده‌شت به نیشانه؟؟
ئاخر زه‌نگ، له پشتیه‌وه نوێژ ده‌کرێ، نه‌ك کوشتن ..
ئاخر زه‌نگ ،له سکیا زارۆکی ئا‌رامی هه‌ڵده‌گرێ،
نه‌ك پشیله‌ی سه‌ره‌ڕۆیی
ئاخر زه‌نگ،له قوتابخانه‌کانا
تینوێتی مناڵه‌کانمان به ئاو ده‌شۆرێ و
برسێتیان به پێکه‌نین ته‌ڕ ده‌کات
نه‌ك قه‌ڵه‌مه‌کانمان بباته، سه‌ر گۆڕی ووشه
ئاخر زانکۆ، باخی هزره، نه‌ك بیابانی خوێن
ئاخر ئه‌م پایته‌خته، سه‌نگه‌ری قه‌ڵه‌م و
دورگه‌ی ڕه‌فاهیه‌ت و
به‌هه‌شتی ژیانه..ژیان،. نه‌ك مردن!!!
ئاخر به‌رپشتێنی کتێبه‌کان، سه‌یرانگای قه‌ڵه‌مه نه‌ك
حه‌ربه.
ئاخر ناوچاوی قه‌ڵه‌م، مه‌نزڵگای لێوه ، نه‌ك
گولـــــله..
ئاخر ماڵی قه‌ڵه‌م لێبووردنه، نه‌ك .گـــــــۆڕ..
ئاخر دڵی قه‌ڵه‌م، ژووانی نیشتمان و چرایه
نه‌ك کوانووی یه‌کتر برژاندن...
هه‌ڵلوشینی خوێنی سه‌رده‌شت
هه‌ڵدانی حه‌رامترین پێکی کوفره،
هه‌ڵکه‌ندنی چاوی سه‌رده‌شت
هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کانه..
دروومان کردنی ده‌می قه‌ڵه‌م، ده‌می سه‌رده‌شت،
چنینی ته‌ونه به ئاگر،،
دڵی قه‌ڵه‌م، لێوان لێوه له مره‌که‌بی بڕوا
چاوی قه‌ڵه‌م، لێوان لێوه له نیگای سپی
جه‌سته‌ی قه‌ڵه‌م،لێوان لێوه له نازنازی خوێن
ڕۆحی قه‌ڵه‌م،پڕه له حیکایه‌تی به‌هه‌شتی و
به‌هه‌شتیش پڕه خه‌ونی ئه‌و....
ڕۆحی قه‌ڵه‌م، ڕۆحی سه‌رده‌شت، وه‌ك و لیمۆ
ئیمه پڕین له زه‌ردی ئه‌وان و
ئه‌وانیش پڕن له ته‌ڕیی ئێمه
وه‌ک شانه هه‌نگێ
ئێمه پڕین له شیله‌ی ئه‌وان و
ئه‌وانیش نوقمن له تامی ئێمه
وه‌ك هه‌نارێ، ئه‌وان پڕن له سووری ئێمه و
ئێمه‌ش هه‌ر پڕین و تا بێ پڕتریش ده‌بین
له ئازاری هه‌ڵوه‌رین و
له پاییزه مه‌رگی ئه‌وان...
ده‌لێگه‌ڕێن..با هه‌موومان ته‌مه‌ن بده‌ین به قه‌ڵه‌م
و
مه‌رگ بده‌ینه‌وه به ژیان
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
14.05.2010 ده‌ربه‌ن
|