هۆڵده‌رلین ,شاعیری شاعیره‌كان
 

  

عومه‌ر جه‌لال


یۆهان كریستیان فردریك هۆڵده‌رلین, یه‌كێكه‌ له‌ شاعیره‌ مه‌زنه‌كانی ئه‌ڵمانیا و به‌یه‌كێك له‌وناوانه‌ دێت كه‌ له‌گه‌ڵ ناوی (گۆته‌ ورێلكه‌ و جۆرج تراكل ),ئه‌م شاعیره‌ له‌شاری چكۆلانه‌ی (لاوڤینی) نزیك كه‌ناری رووباری(نیكار) له‌دایك ده‌بێت له‌ 20ی مارسی1770 , له‌دوای دوو ساڵ باوكی ده‌مرێت و هه‌ر به‌دوو ساڵ دواتر دایكی شوو ده‌كاته‌وه‌ ,له‌ چوارده‌ ساڵیی ده‌ست ده‌كات به‌نووسینی شیعر و پاشتر له‌ ساڵی 1788 په‌یوه‌ندی ده‌كات ئه‌نیستیتۆی (تۆپینگن) و پێنج ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌له‌سه‌ر داوای دایكی بۆ فێربوونی خوداناسیی وپه‌روه‌رده‌یه‌كی ئایینیانه‌ی مه‌سیحیانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ دایكی چاوه‌رێی ئومێدی ئه‌وه‌ی لێده‌كات له‌ ئاینده‌دا ببێته‌ كه‌سێكی ئاینیی مه‌سیحی و وه‌ك ئامۆژگار و كه‌سایه‌تیی نێو كه‌نیسه‌ ,به‌ڵام ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌ێته‌وه‌ ,وه‌ڕسبوونی خۆی له‌و خوێنده‌ نیشان ده‌دات و ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌ ساڵی 1791هاوڕێتی په‌یدا ده‌كات له‌ نێوان( هیگڵ و شیلیینگ) كه‌ سرووتی ئاینیی ئه‌و شوێنه‌ وه‌ك زیندان یان وه‌ك گۆڕێك پێناسه‌ ده‌كه‌ن و ئیدی لێره‌وه‌ رووه‌و شیعر هه‌نگاو ده‌نێت,هه‌ست ده‌كات دڵنیایه‌ له‌ شیعره‌كانی بڕیاری بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانی ده‌دات بۆ یه‌كه‌م جار وبه‌ پێچه‌وانه‌ی ویستی دایكییه‌وه‌ كه‌ حه‌زی ده‌كرد له‌ كه‌نیسه‌ كار بكات ,بۆ هه‌وڵی كاركردن ده‌چێته‌ ماڵی (یاكوب گۆنتارد) بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌ی تایبه‌ت به‌ منداڵه‌كانی ,به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ده‌ركردنی بدات له‌و ماڵه‌ ,عاشقبوونیه‌تی به‌ خێزانی (یاكوب گۆنتارد) كه‌ ناوی (سۆزێت گۆنتارد)ه‌ ,ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ وای لێده‌كات كه‌ نازناوی (دیوتیما) بۆ ئه‌و ئافره‌ته‌ هه‌ڵبژێرێت به‌تایبه‌ت له‌ رۆمانی (هایپریۆن).
دواتر له‌ ساڵی 1798 و 1800 كار ده‌كات له‌سه‌ر شانۆیی (مردنی ئه‌مپیدۆكلیس) ,ئه‌م ژنه‌ به‌ته‌واوی هۆڵده‌رلین تووشی سه‌رسامی ده‌كات و ته‌نانه‌ت جارێكیان ده‌نووسێت (ئه‌مه‌ یۆنانییه‌) چونكه‌ وه‌ك یۆنانییه‌كان جوانه‌ و له‌دوایشدا له‌ كۆتایی سێبته‌مبه‌ری 1798 ئه‌وێ به‌جێده‌هێڵێت و تا دواین بینی ئه‌و ژنه‌ له‌ ساڵی 00 18 ده‌بێت به‌ڵام كاریگه‌ری مردنی سۆزێت له‌ سالًی 1802 ده‌بێت, هه‌ست ده‌كات خۆشه‌ویستێكی گه‌وره‌ی له‌ده‌ست داوه‌ و ده‌نووسێت (سۆزێت نموونه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ناژێت),دیاره‌ تێكچوونی دۆخی ده‌روونی و نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ ره‌شبینی و بێئومێدبوونی له‌ژیان به‌هۆی مه‌رگی (سۆزێت) ده‌بێت.



دوای به‌جێهێشتنی ماڵی (گۆنتارد) یه‌كسه‌ر ده‌چێته‌ ماڵی هاورێی ئازیزی (سانكلیر) له‌ (هامبۆرغ ) دوو ساڵ كار ده‌كات له‌ 1798 تا 1800 به‌ بواری رۆشنبیرییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك ئازاری دابڕانی (سۆزیتی) كه‌م بكاته‌وه‌ ,هه‌ر له‌وێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ته‌واو كردنی چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ بواری جوانناسی و فه‌لسه‌فه‌,بۆ گه‌یشتن و به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی و پاره‌ په‌یداكردن بڕیاری دامه‌زراندنی گۆڤاری (ئیدۆنا) ده‌دات به‌ڵام ئه‌میش ته‌واو ناكات و به‌رده‌وام نابێت ,هه‌ست ده‌كات دۆخی مادیی به‌ره‌و خراپبوون ده‌ڕوات له‌ ساڵی 1800 به‌ تێكشكاوی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ده‌نووسێت (ئه‌م كه‌ش و هه‌وایه‌ بۆ شاعیره‌كان نا شیاوه‌ ) له‌ سالی 1801 به‌ته‌واوه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای دایكی و به‌ كۆمه‌ڵێك شكست و تێكشكانی ده‌روونییه‌وه‌ .
دواتر له‌ته‌مه‌نی32 ساڵیدا له‌ ماڵی قونسلی هامبۆرگ بۆ به‌خێوكردن و وتنه‌وه‌ی وانه‌ به‌ منداڵه‌كانی و له‌وێیش به‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ دیسانه‌وه‌ .
به‌ته‌واوه‌تی له‌ ساڵی 1804 باری ده‌روونی دیسانه‌وه‌ به‌ره‌و ترسناكی ده‌ڕوات و( سایكلیر)ی هاوڕێی ده‌یباته‌ ماڵی خۆی له‌ هامبۆرگ و هه‌تا مردنی هاوكاری ده‌كات بۆ هێوركردنه‌وی ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونییه‌ی تێیكه‌وتووه‌ ,لێره‌وه‌ هۆڵده‌رلین به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات و دۆخی ده‌روونیی به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات ئه‌ویش
تێستی بۆ ده‌كات وای به‌باش ده‌زانێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونیی بمێنێته‌وه‌ ,دواتر به‌ره‌و باشتربوون ده‌ڕوات و له‌ سالی 1806 له‌ (تۆبنگن ) ده‌مێنێته‌و هه‌تا كۆچ ده‌كات,له‌ساڵی 1843 ,له‌گه‌ڕه‌كێك نیشته‌جێ ده‌بێت له‌ شێوه‌ی قه‌ڵا ده‌بێت له‌ژووریكی ته‌نیا و به‌ته‌نیایی ده‌ژێت.
ئیدی له‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌نیدا زۆر به‌ بێده‌نگی ده‌ژێت و هه‌ندی كورته‌ شیعر ده‌نووسێت به‌ نێوی (قه‌سیده‌كانی شێتیی ).
هه‌ر له‌و ژووره‌ ته‌نیایه‌دا زۆرێك له‌ شاعیرو خوێنه‌ره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن و سه‌رسام ده‌بن پێی , یه‌كێك له‌وانه‌ (نیچه‌) ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی ده‌نووسێت (شاعیرێكی به‌نرخه‌ لای من) زۆر له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت , جگه‌ له‌وه‌ش (هایدگه‌ر) ی فه‌یله‌سوف له‌و كاتانه‌ی له‌ زانكۆ لێكچه‌ر ده‌ڵێته‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جار بۆ قوتابییه‌كان باسی مه‌زنی (هۆڵده‌رلین)یان بۆ ده‌كات و ته‌نانه‌ت ده‌نووسێت (شاعیری شاعیره‌كان) یان ئاینده‌ی شاعیری ئه‌لمَانییه‌كان
هۆڵده‌رلین به‌و شاعیره‌ ناسرابوو كه‌نیوه‌ی ته‌مه‌نی به‌ شێتیی بردووه‌ته‌سه‌ر و به‌هه‌موو ته‌مه‌نی 73 ساڵ ژیاوه‌و پتر له‌ 40 ساڵ له‌ دۆخیی ده‌روونیی شكستخواردوبووه‌ و به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م جودا ده‌كاته‌وه‌ له‌ شاعیره‌كانی دیكه‌ی هاوته‌مه‌نی خۆی به‌تایبه‌ت (نیچه‌) به‌و دۆخه‌ ده‌روونییه‌ و وه‌ڕسییه‌وه‌ شیعری به‌به‌رده‌وام نووسیوه‌ و ته‌نانه‌ت به‌مردنی به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك شیعری نووسیوه‌ و فه‌رامۆشی نه‌كردووه‌. كاریگه‌ربوونی به‌سرووشت له‌شیعره‌كانی هۆڵده‌رلین دا ده‌بینرێت به‌تایبه‌ت شوێنی له‌دایك بوونی و مردنی كه‌ رووباری (نیكار) ه‌,ئه‌م شاعیره‌ مه‌زنه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا له‌ ئه‌ڵمانیا وه‌ك شاعیره‌كانی دی رێزی لێ نه‌گیراو ژیانی له‌ ئاواره‌یی و سه‌رگه‌ردانیی و نه‌خۆشیدا به‌سه‌ربردووه‌ ,دواتر له‌ 7 ی مایۆی 1843 له‌ (تۆپینگ) كۆچ ده‌كات و له‌دوای خۆی نهێنیگه‌لێكی برده‌ ژێر گڵَه‌وه‌ و هه‌ر له‌نزیك ئه‌و رووباره‌ی كه‌ ناوی (نیكار)ه‌ له‌ دایك ده‌بێت و ده‌مرێت , زۆرێك له‌ شیعره‌كانی سروشت تێیدا باڵاده‌سته‌ و هه‌ر له‌ به‌كارهێنانی ناوی وه‌رزه‌كانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ دره‌خت و رووبارو باران سه‌راپای شیعری ئه‌م شاعیره‌ داگیر ده‌كه‌ن.

omerjelal@yahoo.com


له‌ژماره‌ (583)ی هه‌فته‌نامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ رۆژی 13/5/2010بڵاوبووه‌ته‌وه‌.


ژێده‌ر :
www.aawsat.com
www.ahewar.org
www.jehat.com





 

           

 

28/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com