ئێمە هەموومان سەردەشتین، سەردەشت نەك وەك جەستەیەكی
ساردەوەبوو بەڵكو وەكو ناوێك كە سومبلی ململانێی ووشەو
گوللەو قەڵەمی بوێروخۆراگر، سەردەشت وەك قەڵەمێكی
تری ستەم لێكرراو وەك سومبلی غەدرلەبوونو جورئەت، وەك
سەرئەنجامی خەمساردیو بێ باكی دەسەڵاتدارانی
كوردستان وەكو واتایەكی زەقی بوونی تیرۆرو كۆنەپەرستی
لەم هەرێمە، سەردەشت وەك قەڵەمی میللەتێكی
جینۆسایدكراو، بۆیە بەسەربەرزییەوە دەتوانین بڵێین
ئێمە هەموومان سەردەشتین، لەبەرئەوەی قەڵەم كوژان
ریسواترینو ترسنۆكترین سیستەمو بوونەوەرن، ئێمە
هەمومان سەردەشتین بۆ ئەوەی بەدنیا بڵێن چیدی ئەو
بوونەوەرە بێدەنگانە نین كە جارێكی تر لەسایەی
بێدەنگیدا وەك میگەل ئەنفالمان بكەن، دەمانەوێ خەیاڵی
ستەمكارانە شكست پێبێنین، لەهەقیقەتیشدا ستەمكار
شكستخواردووە، بەو واتایەی ئەوكاتەی كاتێك تیرۆر دەكاو
خۆی بەسەركەوتوو دەزانێت لەهەموو كات دۆڕاوترە، چما
ترسنۆكی لەتیرۆر زیاتر چیە؟ ئەوان بەنیازن بمانكوژنو
تیرۆرو تڕۆمان بكەن، ئێمەش بەنیازین نیازو رەفتاریان
ریسواو ریسواتر بكەین، بۆیە دەڵێین: بێدەنگ نابین
بابفەرموون لەوان گوللەو لەئێمەش ووشە، بزانین دوارۆژ
كێ ریسوا دەكاو كێ سەركەوتن بەدەست دەهێنێ..؟
ئەگەر بەلۆژیكی تیرۆرستان سەردەشتو سۆرانو قەڵەمە
بوێرەكان شایستەی ژیان نەبنو قابیلی كوشتن بن، ئەوا
ئێمەش هەموومان لەكوشتنو تیرۆر بێباكین، چونكە بۆ
ئێمە چەندە ژیان گرنگ بێت هێشتا ئازادیمان لەلا
گرنگترە بۆیە مردنمان لەپێناوی ئازادیدا پێ باشترە لە
ژیانێك كە بەملكەچی بەرێوەبچێ ، من نازانم كێ
تاوانبارە لەكوشتنی سەردەشت بەڵام هەموومان
بەرپرسیارین لەژیانو سەلامەتیو ئابڕوی یەكتری..
بەتایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانو وەزیری ناوخۆو
هێزە ئەمنیەكانی هەرێم ..بەرپرسی یەكەمن ، چ
شەرمەزارییەكە لەناو هەراو غەڵبەغەڵبی پروپاگەندەی
ئازادیو مافی مرۆڤدا هاوڵاتی بڕفێندرێو بكوژرێ ..؟
خوێندكاران بەترسودڵەراوكێوە بچنە زانكۆ منداڵان
بترسن ..؟ ئەمە چ درۆیەكی گەورەیە بەناوی ئازادیو
مافی مرۆڤەوە دەكرێ..؟ بەواتا زۆر سادەوساكارەكەی
ئازادی ئەوەیە هەموومان قسەبكەین، هەموومان خاوەنی
خۆمانو كەرامەتی خۆمان بین هەموومان ژیانو كەرامەتو
ئاسایشمان پاریزراوبێت بەڵام كە ئەمانە نەبوون ..
ناچارین كاربۆ بەدەستهێنانیان بكەین، ناچارین دەست
بەلۆجیكی ژیانەوە بگرینو تێبكۆشین بۆ ئەوەی ئازادی
بەدەستبهێنین بۆئەوەی رێز بۆ قسەو قەڵەمو ووشە
بگێرینەوە.
|