ستایشه‌ زه‌رده‌کانی ئه‌و دیوی دڵم
 

  

عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی




سوپاس، ئه‌ی کۆتره‌ خوێن شیرینه‌کانی ته‌نهایی
که‌ ساتێ هێلانه‌کانی ته‌نهایتان چۆڵ نه‌کرد و
به‌سه‌ر گومه‌زی بێتاقه‌تیه‌کانمه‌وه‌
له‌ قه‌شه‌نگترین زکردا، به‌ وجودی منه‌وه‌ حاڵتان ده‌گرت و
له‌ شه‌کره‌ خه‌ویشدا،بنێشته‌ تاڵی خه‌مێکیان ده‌جوی و
له‌سه‌ر چرپا خۆڵه‌مێشیه‌که‌ی ده‌مه‌و به‌یان،
به‌ ته‌نیشت پوش و په‌ڵای چاوه‌ڕوانیمه‌وه‌
خه‌وتان به‌ سپیایی پێکه‌نینه‌کانه‌وه‌ ده‌بینی
سوپاس ئه‌ی خـــــه‌م....
تۆ له‌ زستانی بێده‌نگیما،
خۆت هه‌ڵئه‌کێشا له‌ چه‌قه‌ی دانما و
له‌ پاییزی گریانما
له‌ باوه‌شی گه‌ڵایه‌کی ڕه‌شپۆشدا ده‌تخه‌واندم و
له‌ به‌هاری سه‌رسپی بوونمدا
سپیترین چه‌پکه‌ مووت پێشکه‌ش کردم و
له‌ گه‌رمه‌ی هاوینی پیریما
سێبه‌ره‌کانت به‌ سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ توانه‌وه‌
سوپاس ئه‌ی ته‌رزه‌‌ ڕه‌شه‌کانی بێداری،
که‌ به‌ په‌نجه‌ نه‌رمه‌کانتان
دوا گێلاسی ئارامیتان ده‌وه‌راند و
له‌گه‌ڵ پێكێ له‌ سورایی نیگا شکاوه‌کان
چاوتان ده‌دام له‌ بێژنگی سه‌رخۆشی و
به‌ ده‌م مۆسیقای ئازاره‌کانه‌وه‌
هه‌موو ئێواره‌یه‌ک،
ڕۆحمتان به‌ نیوه‌گیانی ده‌هێنایه‌وه‌ جه‌سته‌م!
سوپاس، ئه‌ی عه‌شق
که‌ هه‌موو به‌یانیه‌ك،
به‌ ده‌نگی چۆله‌که‌کانی ده‌بڕان
به‌خه‌به‌رت ده‌هێنام و
ده‌ست و ده‌مت به‌ فێنکترین خه‌یاڵ ده‌شۆردم و
سه‌وزترین هیوات له‌به‌ر ده‌کردم و
به‌ خامۆش ترین ڕێگادا،
به‌سه‌ر توله‌ڕێگاکانی خۆردا
به‌یانی باشت له‌ گوڵه‌ دڵ شکاوه‌کان ده‌کرد و
ده‌تگه‌یاندمه‌ قوتابخانه‌ی خۆشه‌ویستی و
له‌ پۆلی یه‌ک ،
له‌ ماچه‌وه‌ فێری ئه‌لف و بێی ئه‌وینت ده‌کردم...
سوپاس ئه‌ی مه‌رگ
که‌ هه‌موو ئیواره‌یه‌ك،
نه‌رمه‌ پیاسه‌ت به‌ شه‌قامی ڕۆحما ده‌کرد و
له‌ گیرفانی مردنا ده‌ستی منت ده‌گوشی و
شه‌وان له‌سه‌ر نه‌رمه‌ ڕانی چیرۆکه‌کانت ڕاتده‌ژه‌ندم و
له‌ خه‌ونیشا، له‌ به‌ر پێی ترسه‌دا
سه‌ری په‌پوله‌ت پێ سه‌رده‌بڕیم و
له‌ به‌ر ماڵی له‌ خۆچونیشدا
دڵی نه‌عنات پێ ڕه‌جم ده‌کردم..
سوپاس، ئه‌ی دڕکه‌ جه‌لاده‌کانی خه‌یاڵ
که‌ نه‌تانهێشت ،
گوڵه‌ کچێک به‌ سێبه‌رێکی سووره‌وه‌ و
به‌ حیجابێکی زه‌رده‌وه‌
له‌ گوڵدانێکی په‌مه‌یی دا
له‌ په‌نجه‌ره‌ خاڵیه‌کانی دڵمه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌ستی بگری
سوپاس، که‌ ئه‌وه‌نده‌ چه‌قین به‌ سینه‌ی حه‌قیقه‌ته‌کانما
تا هه‌مووتان بوونه(‌ موو)ی خه‌یاڵ و
‌ چوارمێخه‌ی ڕه‌شه‌ پونگڵه‌کانی دڵتان کێشا
سوپاس ئه‌ی ژیان..
که‌ له‌ بازاڕه‌کانی هیچدا منت به‌ گرانترین نرخ فرۆشت!!
سوپـــــاس،که‌ دووچه‌رخه‌ کۆنه‌ تۆزاویه‌که‌ی مناڵیت
له‌ خه‌ونه‌کانم ‌سه‌نده‌وه‌ و خۆت سواری بوویت و
له‌ سه‌وزه‌ڵانی که‌ڵه‌هه‌زی ته‌مه‌نمه‌وه‌ به‌ دواته‌وه‌ بووم
تا دوا نزا و پاڕانه‌وه‌ی،
چناره‌ پیره‌کانی چاوه‌ڕوانیم له‌ ئاسمان و
له‌ ناو بۆسۆی دڵم و قرچه‌ی ئه‌م قه‌سیده‌شدا
هێشتا بۆنێکیشم پێوه‌ نه‌کردی..
ئاخر بۆ؟ ده‌می چه‌قۆی گله‌ییم له‌ ملی ژیان بگرم و
بۆ پارچه‌کانی حورمه‌تی نیشتمانه‌که‌م
ناو هه‌گبه‌ شڕه‌که‌ی ژیان بگه‌ڕیم..
خۆ به‌ شوێن پێی خاڵخاڵۆکه‌ کوژراوه‌کانیشدا,
چاوه‌کانم لێکه‌وت ‌
هه‌ر نه‌گه‌شتمه‌ سه‌ر تاوانه‌کانی ژیان و
له‌ ناو ڕه‌نگی که‌نه‌سمه‌کانیشدا وێل بووم و
هه‌ر نه‌گه‌شتمه‌ ئاوه‌دانی
ئیتر بۆچی؟ تۆڕی ڕقم له‌م زه‌لکاوه‌ بنێمه‌وه‌ و
دوعا بۆ گرتنی مشتێ که‌ف بکه‌م و
به‌ په‌نجه‌ بزماراویه‌کانم
ناو له‌پی ‌ ژیان داکوتم..
لێره‌،له‌م مه‌مله‌که‌تی پاکانه‌ و ته‌ریقیه‌دا
ژیان خنکا، له‌ ده‌ریای سوورهه‌ڵگه‌راندا
له‌ یه‌كێ له‌ باخه‌کانی مناڵیدا،
له‌ سه‌رابه‌کانی پێش ‌ به‌هه‌شت و
له‌ عه‌ده‌مه‌کانی پاش گوڵدا
هه‌موو په‌پوله‌کان ڕاسب بوون
گه‌ڕانه‌وه‌ ناو که‌لاوه‌ چۆڵه‌کانی گه‌نجی و
له‌وێ تازه‌ به‌ تازه‌ فێری ته‌ون ده‌بن له‌گه‌ڵ جاڵجاڵۆکه‌کاندا
لێره‌.... له‌ بازبازێن به‌سه‌ر جه‌نازه‌ی گوڵ و ژندا
له‌ گه‌ڕان به‌ شوێن ئه‌دره‌سی کانییه‌کی به‌هه‌شتیدا
ژیان له‌ کۆڵه‌پشتی قه‌ره‌جێك که‌وته‌خوار و
هه‌لا هه‌لا بووووووو!!
لێره‌ ...له‌ دیوه‌خانی قه‌یره‌ قسه‌ و
له‌ هه‌رزانترین مه‌زادی ئینسان فرۆشتن دا
له‌ سه‌وزترین وه‌رزی سه‌وزه‌ ووشه‌دا
ده‌نوکی که‌نه‌سمه‌کان کول بوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌ سپیه‌که‌یان و
هه‌ر نه‌یانتوانی ژیان بهێننه‌وه‌ قسه‌!!
سه‌یره‌....!!
که‌ ڕۆح له‌ هه‌رچوار وه‌ر‌زی فڕینا
هه‌ر په‌ڕه‌سێلکه‌یه‌کی ته‌ڕ بێ ،
به‌ ناو ته‌له‌ دڕکینه‌کانی ژیاندا و
دڵ گه‌ڵایه‌کی گوناه بار بێ
له‌به‌رده‌م دادگای زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌که‌ی ژیاندا و
چاو هه‌ر به‌ژنی هه‌نارێك بێ،
له‌به‌ر ئاوێنه‌ شکاوه‌که‌ی ژیاندا و
هه‌ناسه‌ش دڕكێکی ده‌مه‌زه‌رد کراو بێ
له‌ گه‌رووی ناسکی ژیاندا،
ئیتر من بۆ به‌ بانگردێنی مننه‌ت
ژێر پێێ شه‌ق بردووی ژیان بدورمه‌وه‌و
ئه‌ویش له‌ ناو خه‌ونه‌ لیمۆیه‌کاندا
ده‌می بۆ گێلاسی ستایشێکم بکاته‌وه‌
ئه‌و زوو لێره‌وه‌ تێپه‌ڕی....
بوخچه‌که‌ی پڕ بوو، له‌ لۆکه‌ و خوێنی هه‌نار،
تا جێ چنگی پشیله‌ توڕه‌کانی شه‌ڕ تیمار کاته‌وه‌
ئه‌و هات و حیجابێکی کرد بۆ باران،
تا له‌سه‌ر به‌رماڵه‌ شینه‌که‌ی ئاسمان
نوێژ له‌ پشتی ده‌ریاوه‌‌ ب‌کات
ئه‌و هات و دۆمه‌ڵانی سه‌وزی،
بۆ سه‌ری هه‌موو بنجه‌ گیایه‌ک دووری
ئه‌و هات و ناونیشانی خۆی دایه‌ هه‌موو هه‌نیسکه‌کان
ئه‌و لێره‌وه‌ ڕابووری و باره‌که‌ی په‌پووله‌ بوو،
ئه‌و چاوه‌کانی به‌ هه‌نگوین ڕه‌شتبوو
ئه‌و کلیلی هه‌موو ڕه‌ز و، ڕه‌شه‌ ترێکانی حه‌وشه‌ی ئاینده‌ی پێبوو
ئه‌ و هات کاتژمێره‌ خێراکه‌ی ده‌ستی ته‌مه‌ن،
بگێڕێته‌وه‌ سه‌عات پانزه‌ و
به‌ده‌م چیرۆکی لێبووردنه‌وه‌ ‌ بیخه‌وێنێ
ئه‌و هات ته‌وێڵی لۆچاوی گه‌ڕه‌که‌کانی مناڵی
پڕکاته‌وه‌ له‌ نه‌مام
به‌ڵام جه‌خار...!!!
لێره‌ په‌ڕ وپۆیان هه‌لاج کرد و
کردیانه‌وه‌ به‌ په‌توو
ده‌ستیان له‌ ته‌نیشت بۆنێکی خنکاوه‌وه‌ ناشت
هه‌ر لێره‌ ده‌ستی هێنا به‌سه‌ری جوانیدا و
ئیتر سه‌ری جوانیش تووکی نه‌کرد!!
لێره‌ له‌ کراسه‌که‌ی مردنیان ئاڵاند
هه‌ر لێره‌ش کرا به‌ جواترین مه‌نجه‌نیق.
شه‌وانه‌ کلک و باڵی ریشۆڵه‌کانی ئه‌مه‌لی تیا ئه‌کزێ
شه‌وانه‌ پشتی ئازادی تیا ئوتوو ئه‌درێ
شه‌وانه‌ له‌شی کاڵه‌ به‌ڕووی تیا ئه‌برژێ
شه‌وانه‌ سه‌ر ده‌ستی ناسکه‌ هه‌رمێێ تیا داخ ئه‌کرێ
شه‌وانه‌ ئه‌شکی سووری پشکۆکانی تیا ئه‌کرێ به‌ مه‌زه‌ی چاو
شه‌وانه‌ شینه‌ شه‌ره‌فی نیشتمانی تیا ئه‌دۆڕی
ئۆففف نیشتمان......
تۆ هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ی ژیان
کچه‌ گێلاس و کوڕه‌ ماسیت هه‌بوو
تۆ هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و
باوکه‌ خۆر و دایکه‌ ده‌ریات هه‌بوو
تۆ هه‌زار ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و
حیله‌ی ئه‌سپ و باخی سه‌وزی به‌ختت هه‌بوو
که‌چی ئێستا بێ ناسنامه‌
بێ په‌ساپۆرت
بێ پێڵاو.و.. بێ ناونیشان
وه‌ك و با، خۆت ده‌خزێنیته‌ گیانی دوا دره‌خت و
هیچیان گه‌ڵای نیگایه‌کت ناده‌نێ
وه‌ك و باران، ده‌ده‌ی له‌ ده‌رگای هه‌موو په‌ڵه‌یه‌ك و
هیچیان گفتی ژێرپێی گوڵه‌ جۆیه‌کت ناده‌نێ
وه‌ك شه‌هیدێ، خوێنت به‌سه‌ر کتێبه‌کانا هاژه‌ ده‌کاو
هیچیان کفنی ووشه‌یه‌کت ناده‌نێ
کۆڵانه‌کانت پێش ئه‌وه‌ی خه‌می زه‌ردیان هه‌ڵوه‌رێ
تابوتێك له‌ قور به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌
باوه‌شی بۆ شه‌هوه‌تیان گرتۆته‌وه‌
سێوه‌کانت به‌ په‌ڵه‌کانی ده‌موچاویانه‌وه‌
شوو فرۆش کران
هه‌موو ئێوا‌ره‌ پرته‌قاڵیه‌کانت
ووشك بوونه‌وه‌و له‌ به‌رداشی شه‌ودا کوتران و
کران به‌ تاتو..
هه‌موو چراکانت به‌ چاویلکه‌کانیانه‌وه‌‌
له‌ گه‌ڕه‌کێکی ڕه‌شپۆشدا
به‌ په‌تی گڕه‌ بڕسکاوه‌کانی خۆیان هه‌ڵواسران
ده‌ریا خڕه‌ی دێ له‌ ووشکی و
شه‌قام چرپه‌ی دێ له‌ چۆڵی و
دڵ قوڵپه‌ی دێ له‌ بێ دڵی و
ژیانیش پژمینی دێ له‌ ترسا
نه‌ ڕێواسێک بڕی وه‌رزی مزری ده‌کات و
نه‌ ووشه‌یه‌کی هه‌ناری، له‌ پاییزه‌ ڕسته‌یه‌کدا مێخۆش ده‌بێ
نه‌ زارۆکێ ده‌ستی ده‌گات به‌ جۆلانه‌ی ژیربوونه‌وه‌ و
نه‌ ئاوازێک پرس به‌ ته‌لی که‌مانچه‌یه‌ك ده‌کات
نه‌ شه‌رابێ بانگه‌واز بۆ خه‌یاڵه‌ وونبوه‌کان ده‌کات و
نه‌ په‌نجه‌ره‌یه‌ک تاقه‌تی ماوه‌ گوێ له‌ درۆکانی (با) بگرێ
ته‌نها مه‌رگ له‌ سه‌ر پێێ خۆی وه‌ستاوه‌
دوگمه‌کانی تا خوار کردۆته‌وه‌و
به‌نه‌علێکی پوشین و سیگارێکی چروده‌وه‌
به‌ کڵاوێکی سپی وبه‌ کابۆیه‌کی ته‌سکه‌وه‌
به‌ هه‌وادا پیاسه‌ ده‌کا
ده‌رگای هه‌موو هه‌ناسه‌کان کراوه‌یه‌ له‌به‌ر بۆنیا
ئه‌و هاوخه‌می نیشتمان و
هاوشێوه‌ی منه‌ و
هاوده‌نگی پێکه‌نینه‌ و
هاوڕه‌نگی بارانه‌ و
هاوڕێگای دره‌خته‌کانه‌ ....
که‌چی هه‌ر به‌ ته‌نهایی ده‌گه‌ڕێ
ئه‌ترســــــم..........
ڕه‌زنی ئێوارانی پڕ نه‌کردبێ له‌ فیشه‌ك و
له‌ بن سێبه‌ری دارێکی بوغزاویدا
ژیان لێێ تێکبچێت و له‌ که‌مینی خه‌مێکا
له‌جیاتی ئێمه‌ ده‌رمانخواردی کا و
دوایش خۆی بکوژێ...
ئێمه‌ش له‌ ته‌نهایدا به‌ پێوه‌ ببینه‌ شه‌خته‌و
له‌ نێوانیان ببینه‌ جوانترین ( بت) و
چیتر نه‌ ژیان و نه‌ مه‌رگ
نه‌مانڕوخێنن.





عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
زستانی 2010 ده‌ربه‌ن


 

           

 

16/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com