نه‌فره‌ت له‌گولله‌ , سڵاو له‌ وشه‌

  

پێشڕه‌و حه‌مید




له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵی حكومه‌ته‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی دا تادێت ئازادیه‌كانی تاكی كوردی زیاتر پێشێل ده‌كرێت و ئیهانه‌كردن و ڕفاندن و كوشتن له‌په‌ره‌سه‌ندنی زیاتر دایه‌ به‌بێ‌ به‌ به‌دواداچون و لێپرسینه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی لیژنه‌ی كوشتنی پیاوه‌ گرگنه‌كانی خۆیان ؟! كوشتنی هاوپیشه‌ و هاوڕێمان ( سه‌رده‌شت عوسمان ) ی گه‌نجی جوانه‌مه‌رگ , سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی لاوازی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌رده‌خات و ڕفاندو كوشتنی ناوه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ڕۆشنبیران و لغاو دان و ده‌م كوت كردنی ئه‌دیبان و نوسه‌ران , ئاسایشی هه‌رێم ده‌خاته‌ ژێرپرسیاره‌وه‌و حكومه‌تیش بیباكانه‌ لیپرسینه‌وه‌ و به‌دوادا چون بۆ ئه‌و پرسه‌ هه‌ستیارانه‌ ناكات و تادێت ئه‌و ئه‌زمونه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی شانازی پێوه‌ده‌كات و به‌نمونه‌یه‌كی جوان وینای ده‌كات له‌ ڕۆژهه‌ڵاـی ناوه‌ڕاستدا ده‌رواته‌ خانه‌ی خه‌ونێكی خۆشی منداڵدانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و له‌دیدی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ جیاوتر له‌ خه‌ڵكانی بارگاوی بیرده‌كه‌نه‌وه‌ , وه‌ك ماڵه‌ باجینه‌ شوناسی پێده‌به‌خشن .
ڕفاندن و دواتر تیرۆركردنی ( سه‌رده‌شت عوسمان ) به‌هه‌ر بیانویه‌ك بێت حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگائه‌منیه‌كانی لێی به‌رپرسیارن و ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌ , ئایا ئه‌نجام دانی كارێكی تیرۆریستی له‌ناوجه‌رگه‌ی پایته‌ختی كوردستاندا مانای لاوازی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌ یان لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان خۆیان به‌شێك بون له‌ سه‌رخستنی پلانی ڕفاندن و كوشتنی ( سه‌رده‌شت عوسمان ) ؟ ئایا بكوژانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و لیژنه‌یه‌ن كه‌ سه‌رده‌شت عوسمانیان تیرۆركرد , یان لیژنه‌یكی جیاوازترن و له‌كوردستان خه‌ڵك ده‌رفێنن و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌یان كوژن و حكومه‌تی هه‌رێم بێ ده‌سه‌ڵاتانه‌ لێان ده‌ڕوانیت .
به‌هه‌ربیانویه‌ك كوشتنی مرۆڤ لادانه‌ له‌ به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانی مرۆڤایه‌تی و دروستكردنی جه‌هه‌نمێكه‌ بۆ نێو ژیانی تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵگاو یه‌كه‌مین ئه‌ركی ئه‌خلاقیی و ویژدانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌دواداچونی خێرا ئه‌نجام بدات و به‌بێ‌ سازشكردن تاوانباران به‌خڵك بناسێنێت و ڕاپێچی دادگایان بكات .
ئێمه‌ وه‌ك ڕۆژنامه‌نوسانی شاری ده‌ربه‌ندیخان سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ئه‌و گه‌نجه‌ خۆین گه‌رمه‌ی هاوڕێ و هاوپیشه‌مان , داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگائه‌منیه‌كان ده‌كه‌ین كه‌هه‌وڵی شلگێڕانه‌ی خۆیان بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمان , چونكه‌ ئێستا ئه‌وان له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین تاقی كردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی پیشه‌ی خۆیاندانن كه‌ دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارن و دابین كردنی هێمن و ئاسایشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی .


زیندو بوونه‌وه‌ی لیژنه‌كانی كوشتن
ئاسایشی كوردستان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌

هێشتاكه‌ بكوژانی ڕۆژنامه‌نووس( سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌)و (عبدالستار شریف( ئاشكرا نه‌كراون و ڕاده‌ستی به‌رده‌م یاسا نه‌كراون و حكومه‌تی هه‌رێم له‌و پێناوه‌دا هه‌وڵی شلگێرانه‌ی نه‌داوه‌ بۆ ڕاگرتنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ به‌ پیلانێكی ڕێكخراو كار بۆ كوشتنی به‌رده‌وامی ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌كات ، كه‌ جیاواز تر له‌ خه‌ڵكانی بارگاوی بوو له‌سه‌ر پرسه‌ گشتی یه‌كانی كۆمه‌ڵگا دێته‌ قسه‌ كردن .
ڕفاندن و دواتر تیرۆركردنی ڕۆژنامه‌ نووسی گه‌نج ( سه‌رده‌شت عوسمان) جگه‌ له‌وه‌ی ڕه‌وشی هێمنی كوردستان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، سه‌رتای زیندو كردنه‌وه‌ی لیژنه‌كانی كوشتنه‌و حكومه‌تی هه‌رێم به‌لاواز له‌ به‌رده‌م ئه‌وپیلانه‌ ڕێكخراوه‌دا ناچاری خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌كات و سه‌رله‌نوێ‌ ئیراده‌ی بیری تاریك په‌رستانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ فراوان تر ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ی دونیا جیاواز تر وێنا ده‌كه‌ن بۆ خۆشنودی كۆمه‌ڵگا.
ئیهانه‌ كردن و كوشتن و ڕفاندنی ڕۆژنامه‌ نوسان له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵی هه‌رێم دا، ته‌واوی دام و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م گومانی بێ‌ ده‌سه‌ڵاتی و بێ‌ باكیانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی هاوڵاتیانی كوردستان .
ئێمه‌ وه‌ك ڕۆژنامه‌ نوسانی شاری ده‌ربه‌ندیخان به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كار بۆ كوشتنی ووشه‌ی ئازاد ده‌كات ،هاوكات هیچ هه‌وڵێك له‌و جۆره‌ كرداره‌ دژ به‌ ،به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانی مرۆڤ ئێمه‌ له‌ كاركردن خاو ناكاته‌وه‌و هه‌موو ئیهانه‌وڕفاندنێك و كوشتنێكی له‌و چه‌شنه‌ زیاتر هانده‌رمان ده‌بێت بۆ به‌رده‌وام بوون .
نه‌فرت له‌ گولله‌
سڵاو بۆ ووشه‌ی ئازاد

به‌واژووی
1-حسین له‌تیف
2-سابیر عزیز
3-عه‌تا حسێن
4-علی حمه‌ صالح
5-پێشڕه‌و حمید
6-ئه‌نور محمد
7-تاهیر تۆفیق
8-هێمن محمود
9-سیوان مجید

 7/5/2010
ده‌ربه‌ندیخان




 

           

 

08/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com