كوشتنی سه‌رده‌شته‌كان
 

  

پشكۆ ئه‌مین




پاش زیاد له‌ هه‌ژده‌ ساڵ له‌بانگاوازی به‌رقه‌راری ئاسایش و گوێزانه‌وه ‌و دابه‌شكردنی دیموكراسێتی به‌عێراقدا، پاش ١٨ ساڵ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكی كورد بۆ ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی، مافی مرۆڤ، مافه‌كانی تاكه‌كان له‌م هه‌رێمه‌دا‌ ! دوێنێ له پایته‌ختی ‌كوردستاندا، له‌به‌رده‌م حه‌ره‌م و شه‌ره‌فی هه‌مووماندا، له‌به‌رده‌م حه‌ره‌می زانكۆدا، له‌به‌ر چاوی گه‌شی حیزبدا، له‌ ژێر په‌رچه‌می دروشمه‌ چاو زه‌قه‌كاندا به‌رزانكۆدا، له‌ نزیك دام و ده‌ستگای ته‌نفیزیدا، له‌به‌رده‌م وه‌زیر و وه‌زاره‌تی ناوخۆ دا، له‌به‌رده‌می كۆلیژی زماندا كه‌ راگره‌كه‌ی بێزمانه‌! له‌به‌رده‌م پاره‌گای زرێڤانیدا كه‌ ته‌نها هی حیزبن و حیزب ناسن!له‌به‌رده‌م پاراستن و ئاسایشدا، له‌ به‌رده‌م سه‌د و ئه‌وه‌نده‌ په‌رله‌منتاری بێ جورئه‌تدا له‌برده‌م ..له‌به‌رده‌م ..چاوی خواو چاوی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك گشت سفاره‌ته‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپادا زه‌رده‌شت عوسمانی كورد، زه‌رده‌شتی خوێندكار، زه‌رده‌شتی رۆژنامه‌نووسی بێسه‌ندیكای ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵ، به‌ ڕۆژی رووناك له‌به‌رده‌می ئاپوره‌ی قوتابیاندا، به‌لێدان و ئیهانه‌ كردن ئه‌رفێنرێت و پاش دوو رۆژ لاشه‌ پیرۆزه‌كه‌ی له‌ موسڵ فڕێده‌ده‌رێت، ئه‌مه‌ چ واتایه‌ك ده‌به‌خشێت و چیمان پێده‌ڵێت، پێمان ده‌ڵێت ئه‌و هات و هواری به‌رقه‌راریه‌ی ئاسایش راست نه‌بوو، دیموكراسێتی كورستان هه‌ر زۆر درۆ بوو! ئاخر له‌وڵاتێكدا كه‌ مرۆڤ وه‌ك جگه‌ره‌یه‌ك وابێت به‌ده‌می ده‌ستگاكانی ئاسایش و حیزبه‌وه‌ هه‌ركاتێك بیانه‌ێت یان ده‌یكێشن یان فرێی ده‌ده‌ن، دیموكراسیه‌تله‌چ كونێكه‌وه‌ دیاره‌ ، چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێت!جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئازادی ودیموكراسیه‌ت ته‌نها بۆ كۆمه‌ڵێك پۆلیس ‌و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌‌! له‌وڵاتی نه‌هامه‌تیدا له‌ كوردستانی نائومێده‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌موو شتێك له‌ خزمه‌ت سه‌رۆكدایه ‌و له‌پاش سه‌رۆكیش حیزبه‌ گیان دێت! خاك و نه‌ته‌وه‌ش له‌وێ قڕه‌یه‌! ئای له‌م نه‌هامه‌تیه‌ گه‌وره‌یه‌!
بۆیه‌ وه‌ك ده‌یبینن ئه‌وا ئێستا به‌هۆی تاوانه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانه‌وه‌، ‌رۆشنبیران و خه‌ڵكانی وڵاتی ئێمه‌ رووه‌ و هه‌ڵچوون و توڕه‌یی ده‌چن! وا ئه‌م هه‌ڵچوون و توڕه‌ییه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ بزوتنه‌وه‌یكی جه‌ماوه‌ری كه‌ تیایدا‌ داواكاری بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد و یه‌كسان ده‌كرێت! ئاپورای خه‌ڵك بریاریان داوه‌ بێده‌نگ نه‌بن و ده‌نگیان زوڵاڵتركه‌ن له‌پێناو بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات و پێشێل كردنی ئازادی و ئه‌و هه‌موو ملیار دۆلاره‌ی سه‌رنگوم كراوه‌، بێده‌نگ نابن تا ده‌سه‌ڵاتی نوستوو و په‌ڕله‌مانی كه‌ڕ به‌خه‌به‌ردێت، بكوژانی وشه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن ،كۆڵ نا‌ده‌ن له‌ خه‌بات له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا! له‌ پێناو دروستكردنی وڵاتێكدا كه‌ هه‌موو مرۆڤاكان تیایدا به ‌ئازادی و بێترس بیروڕای خۆیان ده‌ربڕن! بڕیاریان داوه‌ كه‌ چیتر گوێ به‌ ده‌زگاكانی پاراستن و ئاسایش نه‌ده‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت مرۆڤه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ئاره‌زووی خۆیان خیێر و بێره‌كه‌ی ده‌خۆن و یاری به‌ چاره‌نوسیشیان ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت وه‌ك عه‌بد بین! ئه‌وان رێگه‌ ناده‌ن و نایانه‌وێت ئێمه‌ی مرۆڤ له‌سه‌رمافه‌ مه‌ده‌نیه‌كانمان له‌سه‌رمافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان به‌ده‌نگ بێین! ده‌یانه‌وێت كه‌ ئێمه‌ كه‌ڕبین، لاڵ بین، كوێربین، باسی هیچ نه‌هامه‌تیه‌ك هیچ ده‌رده‌سه‌رێك نه‌كه‌ین كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ماندا رووده‌دات! ئه‌وه‌ خه‌ونێكه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌وان ده‌یبینن!‌ ئێمه‌ی ئازادیخواز، ئێمه‌ی داواكه‌رانی بیری سه‌ربه‌ست، ئێمه‌ی هه‌ڵگرانی بیری چاك و ووته‌ی چاك و كرده‌وه‌ی چاك له‌ ئاته‌شگه‌كه‌ی زه‌رده‌شته‌وه‌ هاتووین و بووینه‌ته‌ مۆته‌كه‌ی تاڵی خه‌ونی شه‌وانی سوریان و سواری كۆڵه‌كه‌ی سنگیان بووین و داوای خوێنی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و كیمیاوی بارانیان لێده‌كه‌ین، ئه‌وه‌تا هاواری ئێمه‌‌ گوێی دنیای پڕكردوه‌، پێیان ده‌ڵێین كوا ئه‌و ئازادیه‌ی به‌ڵێنتاندا؟ كوا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان؟ گشتان فرۆشت بۆ شه‌وی سوری خۆشیتان، پێیان ده‌ڵێین ئێوه‌ی دوژمنانی ئازادی و بیری رووناك ده‌بێت روو له‌ ئاهورا بكه‌ن و تۆبه‌بكه‌ن له‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردتاندا هێناوه‌! ئه‌و شوێن و كورسیه‌ی كه‌ ئێوه ‌له‌سه‌ری دانیشتوون به‌رهه‌می خه‌باتی ئێمه ‌و باب و باپیرانمانه‌ به‌خوێنی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان دروست بوه‌!
پێیان ده‌ڵێین ئێمه‌ گه‌واڵه‌ هه‌وره‌كه‌ی هاوینه‌ی ئێوه‌ نین ته‌نها كه‌مه‌ گرمه‌ گرمێك بكه‌ین، ئیتر دانامركێینه‌وه‌ تابه‌هه‌ق نه‌گه‌ین! ئیتر به‌قسه‌كانتان دڵخۆش نابین، سه‌ر بۆ وه‌عد و به‌ڵینه‌كانتان ناله‌قێنین. ! ئیتر رێگه‌ ناده‌ین وه‌ك شتومه‌ك بازرگانیمان پێوه‌ بكه‌ن ئه‌ی چاو چنۆكینه‌!
(نه‌ شاریش جێده‌هێڵین و نه‌سكاڵاش لای جه‌لاده‌كان تۆمارده‌كه‌ین و نه‌ ئه‌مه‌ش دوا وشه‌مان ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی دوای ئێمه‌ ته‌واوكه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ن،ته‌واوكه‌ری ئه‌م وێنه‌ و چیرۆكه‌ن) یه‌ك یه‌كتری ته‌واو ده‌كات! ئه‌م چیرۆكی جه‌وسانه‌وه‌ و ده‌م داخستنه‌ ده‌بێت ته‌واو بێت، ئێمه‌ی گه‌ل لێتان بێزارین، ئێمه‌ ‌لێزمه‌ی بارانێكی پڕ له‌ژانین، عاشقان و شه‌یدایانی ئازادیین، خه‌ون به‌گوڵه‌ گه‌نم و مناڵانی پێخاوسی ئه‌نفال و شه‌هیدانه‌وه‌ ده‌بینین! خه‌ون به‌ وڵاتێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆوه‌ ده‌بینین!كه‌ تیایدا گشت (سه‌رده‌شتێ)ك و (سۆران)ێك و (دوعا)یه‌ك به‌ئاره‌زووی خۆی به‌ مافه‌كانی خۆی بگات له‌و وڵاته‌دا هیچ جه‌لادێكی بیركوێر نه‌بێت رێگه‌ی ئازادی لێبگرێت و به ‌بلۆك سه‌ری پانكاته‌وه‌ و به‌فیشه‌ك ناوده‌می داخات! رێگه ‌نه‌دات نه‌به‌زه‌كانی وڵاته‌كه‌م به‌ئاره‌زووی خۆی گۆرانی ‌بچڕێت!ئه‌وه‌تا به‌برچاوی هه‌مو دنیای نوستوه‌وه‌ له‌پیناو هه‌مان ئامنجدا و بۆ ئازادی ( شیرین و فه‌رزاد و فه‌رهاد و عه‌لی) شم وه‌ك زه‌رده‌ست شه‌هیده‌كرێن و هه‌ڵئه‌واسرێن !
ئێوه‌ ئه‌ی دوژمنانی ئازادی و بیری رووناك روو له‌ ئاهورا بكه‌ن و تۆبه‌ بكه‌ن له‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردتاندا هێناوه‌! باش بزانن كه‌ ئێمه‌ی عاشق خه‌ڵكانی بازاری عكاظ نین وشه‌كانمان بفرۆشین به‌ گه‌ڵا و ده‌فته‌رو ئه‌رزه‌!یان شاعیرانی سه‌رده‌می عه‌باسی نین تا به‌سه‌ر جوانیی جاریاكانتاندا شیعر هه‌ڵده‌ین و باسی جوانی و خێرایی ئه‌سپه‌كانتان و تفه‌نگه‌كانتان بكه‌ین!
ئێمه‌ بڕوامان به‌ سه‌ركه‌و‌تنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌یه‌ و كاری بۆ ده‌كه‌ین و ناترسێین له‌ نۆكه‌ر و له‌ جه‌لادانی داگیركه‌ر. خه‌ونه‌كانمان‌ هیواكانمان هه‌ر به‌رده‌گرێت! ده‌بێت ئێوه‌ش باش بزانین كه‌ ئێمه‌، ئێمه‌ی گه‌ل ئێمه‌ی زۆرینه‌ نه‌ ئه‌مرین و نه ‌له‌ناو ده‌چین چونكه‌ ئێمه‌ ملیۆنانین و له‌سه‌ر هه‌قین! رێگه‌ی راستیمان گرتۆته‌ به‌ر و هه‌نگاوه‌كانیشمان به‌ره‌ و خۆر و، به‌ره‌ و ئازادیی ملێونانه‌! پێتان ده‌ڵێین گوێمان لێبگرن، گوێ له‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌تان بگرن، ئێمه‌ دژین‌ به‌ چه‌وساندنه‌وه‌! دژین به‌ پۆل پۆل كردن و جیاوه‌زی دروستكردنه‌ی كه‌ ده‌كرێت له‌ به‌ینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا به‌ناوی حیزبی بوونه‌وه‌ ،
خه‌ڵكی ولاته‌كه‌م ئیتر ناترسین و سڵتان لێناكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌راستی ده‌زانین ده‌یڵێن نه‌تفه‌نگه‌كانتان نه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانتان نه‌زیندانه‌كانتان نامان ترسێنن! یه‌كێكمان شه‌هید ده‌كه‌ن ده‌یانی ترمان لێتان راست ده‌بێته‌وه‌، هاوارده‌كات دوژمنی چه‌وساندنه‌وه‌ین، ده‌مان داناخه‌ین دژین به‌گه‌نده‌ڵی، نا بۆ عیراقچێتیتان،نا بۆ دزینی سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان! نا بۆ دژایه‌تی كردنی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری نا بۆ داخستنی ده‌می مرۆڤ، نا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وره‌وه‌ی مێژو له‌لایه‌ن مه‌لا كۆنه‌په‌رسته‌كانه‌وه‌! به‌ڵێ بۆ وشه‌ی جوان و پیرۆز! به‌ڵی بۆ كوردستانێكی ئازاد و یه‌كسان! كه‌تیایدا مرۆڤ به‌ری ره‌نجی خۆی بخوات نه‌ك سه‌روه‌ت و سامانی كورد بدزێت!
ئێوه‌ش ئه‌ی زه‌رده‌شته‌كانم چاوه‌كانتان لێكنێن دڵنیابن كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌تان هه‌ر برده‌وام ده‌بیت په‌یامه‌كانتان ته‌واو ده‌كات،منیش ئه‌مه‌ی لێره‌وه‌ ده‌ینووسم، بۆ گشتانه‌ و بۆهه‌مو شه‌هیدێكی وڵاته‌كه‌مه‌، بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ دوێنی به‌فه‌رمانی ئاخونه‌كان له‌ ئێراندا له‌سه‌ر كوردبوون هه‌ڵواسرانو شه‌هیدكران،بۆ ئه‌و گه‌ریلایانه‌ی كه‌ له‌پێناوی ئازادیی مرۆڤی كورددا خه‌بات ده‌كات دژ به‌ دوژمنانی ئازادی. و سه‌رفرازی .


پشكۆ ئه‌مین
شتووتگارت – 2010-05-11


 

           

 

20/05/2010

 

goran@dengekan.com

 

dengekan@yahoo.com